خەونی بچووكەكان.. منداڵانی ئاوارە بە ئومێدی گەڕانەوە رۆژ دەكەنەوە

01-06-2017 10:54
موسڵ، 29-5-2017، منداڵێك لە كەمپی خازر بەفرۆشتنی شەربەت هاوكاری خێزانەكەی دەكات. فۆتۆ: فەرمان سادق.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

هیواكانی بەرا ئیبراهیم، زۆر بچوك‌و سادە بوون، ئەو تەنیا دەیەوێت بگەڕێتەوە گەڕەكەكەی خۆی، تا لەوێ‌ جارێكیتر هاوڕێكانی ببینێتەوە‌و پێكەوە یاری بكەن.

 

هەرچەندە تەمەنی ئەو كچە ئاوارەیە تەنیا نۆ ساڵە، وەكو كەسێكی گەورە بە دەبەی گەورە ئاوی خواردنەوەی بۆ خێمەكەیان دەگواستەوە، هەر لەشوێنی دابەشكردنی ئاوەكەش سێ‌ كچ بوون بە هاوڕێی، بەڵام هێشتا ئەوە حەزەكانی پڕناكاتەوە.

 

منداڵانی ناوچەكانی شەڕ‌و ململانێ‌ سەربازییەكان لە عێراق، گەورەترین قوربانین‌و بەردەوامیش جێی نیگەرانی ڕێكخراوە مرۆییەكانن، ئەوان بەتەواوی لە دنیای منداڵی دابڕاون‌و كەمترین زانیارییان لە بارەی ڕۆژی جیهانی تایبەت بەخۆیان هەیە.

 

1-6ی هەموو ساڵێك، لە عێراق‌و چەندین وڵاتی جیهان ڕۆژی جیهانی منداڵانە، ئەوەش بەپێی بڕیارێكی كۆنفرانسی جیهانیی بۆ مافەكانی منداڵان كە لە ساڵی 1925 لە سویسرا بەسترا.

 

 

 موسڵ، 29-5-2017، بەرا ئیبراهیم دەستی لە كەمەری داناوە‌و جلێكی نەخشێنراو بە گوڵی لەبەردایە. فۆتۆ: فەرمان سادق.

 

بەرا ئیبراهیم، لە موسڵەوە ئاوارەی كەمپی خازر بووە‌و هیچ شوێنێكی یاریكردن شك نابات، بۆیە بە (كەركوك ناو)ی وت"تاكەئاواتم ئەوەیە بگەڕێمەوە خوێندنگەو بەهاوڕێكانم شادبمەوە."

 

كەمپی خازر، دەكەوێتە دواسنوری نەینەوا بەڕوی هەولێر‌و زیاتر لە حەوت مانگە كراوەتەوە، 35 هەزار كەسی تێدا نیشتەجێیە‌و لەو ژمارەیەش، نزیكەی 13 هەزاریان لە منداڵ‌و مێردمنداڵ پێكهاتوون.

 

ڕەعەد(12 ساڵ)، ڕۆژانە لە كەمپەكە هاوكاری باوكی دەكات بۆ فرۆشتنی شتومەك، ئەوەش وایكردووە نەتوانێت زۆر كاتی بۆ یاری هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا یاریگا وەرزشییەكە لەوەوە دوورە‌و لە كۆتایی كەمپەكەدایە.

 

"هیچ هاوڕێیەكم لەناو كەمپدا نیە، جگە لەهاوڕێكانی قوتابخانە، بەڵام بیری هاوڕێیانی گەڕەك‌و یاری تۆپی پێی دەكەم" ڕەعەد بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

 

لە كەمپی خازر یەك گۆڕەپانی یاری تۆپی پێ‌ هەیە، هیچ شوێنێكی تر یان یارییەكی تری منداڵانی تێدانیە.

 

 

موسڵ، 29-5-2017، منداڵانی كەمپی خازر شوێنی یاریكردن‌و كاتبەسەربردنیان نییە. فۆتۆ: فەرمان سادق.

 

عەبیر ئەحمەد (9 ساڵ)، بە دڵگرانیەوە لەبەردەم خێمەكەیاندا وەستابوو، ئەو لەگەڵ خێزانەكەی حەوت مانگ لەمەوبەر ئاوارەبون‌و باوكیی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراوە، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش.

 

ئەو كچە زۆر بە بێتاقەتییەوە قسەی بۆ (كەركوك ناو) دەكرد‌و دەیوت"بیری باوكم دەكەم، حەز دەكەم بچینە هەولێر"، ئەو ماڵی پورێكی لەشاری هەولێرە‌و وتی "پارەمان نیە شتی یاری بكڕین، ئەمەوێت بگەڕێینەوە هەولێر‌و لەوێ بچین بۆ شاری یاری."

 

تائێستاش سەدان منداڵ، لە ناوچەكانی شەڕ لە مەترسیدان‌و هەزارانی تر لەكاتی ئاوارەبووندا ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە، بەشێكی زۆریش لە برسێتیدا تووشی وشكبوونەوە‌و بەدخۆراكی بوون.

 

تیبە شەعبان (9 ساڵ)، هاوڕێی عەبیرە‌و ڕۆژانە بە خۆڵ‌و كەلوپەلی بەكارنەهاتوو یاری دەكات، ئەو داوای كەلوپەلی منداڵانەی دەكرد، بە خەندە باسی لە حەزی خۆی دەكرد تا بگەڕێتەوە موسڵ‌و هاوپۆلەكانی ببینێتەوە.

 

 

موسڵ، 29-5-2017، عومەر عیدان پەلەی بوو موبەریدەكە زوو بباتەوە ماڵەوە‌و بۆ ئێوارە ئامادەبێت. فۆتۆ: فەرمان سادق.

 

ئەوەی كەمپی خازر لە كەمپەكانی تر جیادەكاتەوە، ڕووباری ناوچەكەیە، بۆیە منداڵان‌و گەنجانی ئاوارە لەوەزری گەرما‌ بەهۆی نەبونی كارەباوە، زوو زوو بۆ خۆفێنككردنەوە‌و مەلە ڕوی تێدەكەن.

 

عومەر عیدان (12 ساڵ)، ڕۆژانە لەگەڵ هاوڕێكانی دەچێتە سەر ڕوباری خازر‌و بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵام جلوبەرگی مەلەمان نیە، هیچمان نیە"، ئەو حەزەكانی خۆی نەشاردەوە بەوەی"هیوادارم بگەڕێینەوە موسڵ، زۆر بیری قوتابخانەو هاوڕێكانم دەكەم."

 

كاتێك عومەر ئەو قسانەی دەكرد، فێنككەرەوە (موبەڕیدە)یەكی لەسەر پشتی عەرەبانەكەی بەستبوو، دەیویست بگەڕێتەوە ماڵەوە‌و ئێوارە لەگەڵ هەڵكردنی كارەبای مۆلیدە، شەوێكی فێنك بەڕێبكەن.

 

بەهۆی نەبوونی كارەبای نیشتمانیەوە، ڕۆژانە لە ڕێگەی مۆلیدەوە كارەبا لە كاتژمێر شەشی ئێوارە تا دوانزەی شەو دەدرێت بەئاوارەكانی كەمپی خازر.

 

 

موسڵ، 29-5-2017، ساڵح فەیاز بە دەم پاڵنانی عەرەبانەكەوە لەگەڵ هاوڕێیەكی قسە دەكات. فۆتۆ: فەرمان سادق.

 

بەشێك لەمنداڵانی كەمپ، رۆژانە كاردەكەن‌و هەندێكیشیان، زۆرترین كاتیان لە شوێنی دابەشكردنی هاوكارییەكانن، تا زوو لە گەیشتنی خۆراك‌و پێداویستی تر ئاگاداربن.

 

ساڵح فەواز (13 ساڵ)، پارچەیەك سەهۆڵی كردبووە عەرەبانەوەو پەلەی بوو پێش توانەوەی بگاتە خێمەكە، دەیوت تائێستا بەشداری هیچ بۆنەیەكی نەكردووە تایبەت بێت بە ڕۆژی جیهانی منداڵان.

 

"پێش هاتنی داعش بۆ موسڵ جگە لەخوێندن لەگەڵ هاوڕێكانم دووگۆڵی‌و یاری دیكەمان دەكرد، بەڵام دواتر هەموو شتێك گۆڕرا، ئێستا لەكەمپ هیچ شتێك نیە" ساڵح بە كورتی ئەوەندەی بە (كەركوك ناو) وت.

 

لە حەوت مانگی ڕابردووی شەڕی نەینەوا، نزیكەی 800 هەزار كەس ئاوارەبوون‌و زۆرینەیان لەبەری ڕاستی موسڵەوە هەڵاتوون، سەرباری كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری چەپی شارەكە‌و زۆرینەی ناوچەكانی تر، هێشتا زیاتر لە نیوەی ئاوارەكان لە كەمپدا ماونەتەوە.