كچە خوێندكارێكی ئاوارە لە لوتكەدا

12-06-2017 03:03
كەركوك/ ورود عەلا حسێن، كچە خوێندكارێكی ئاوارە لە كەركوك پلەی یەكەمی بەدەستهێنا لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشەمی سەرەتایی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

مەینەتییەكانی خێزانەكەی عەلا حسێن، "خۆشاردنەوە لەژێر دەسەڵاتی داعش‌و هەڵاتن لە شەوێكی درەنگدا"و ئێستاش ئاوارەیی، ڕێگرییان نەكرد لەوەی، ورود، كچە 13 ساڵانەكەی بە تەواوی بێبەش بێت لە خوێندن. هەرچەندە ئامادەنەبوو لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بخوێنێت، بەڵام ئەو ئێستا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.

 

خێزانەكەی ورود ساڵی ڕابردوو قەزای حەویجەیان لە باشووری خۆرئاوای كەركوك جێهێشت، كە سێ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی داعشدایەو ئاوارەی كەركوك بوون.

 

وازهێنانی ورود لە خوێندن

 

ساڵی 2015 ورود وازی لە خوێندن هێنا لە قەزای حەویجەی بن دەستی داعش، دوای ئەوەی باوكی هەستی بە مەترسی كرد لەسەر ژیانیان‌و پێكەوە ئەو بڕیارەیاندا، بەڵام هەفتەی ڕابردوو بۆ ئەو ڕۆژێكی تایبەت بوو، كاتێك ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشەمی سەرەتایی بڵاوكرایەوەو لە تەواوی وانەكاندا 100 لە 100ی وەرگرتووە.

 

دوای فراوانبوونی دەسەڵاتی داعش لە حەویجەو گۆڕینی سیستمی خوێندن، عەلا حسێنی باوكی ورود ناچاربوو كچەكەی لە خوێندن دەربهێنێت‌و قەزای حەویجەیان بۆ گوندێكی دوورەدەستی هەمان قەزا جێهێشت.

 

 

كەركوك/ ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ورود 100 لە 100 لە تەواوی وانەكان.

 

عەلا بە (كەركوك ناو)ی وت"لە ناوەندی حەویجە دەژیاین، بەڵام بارودۆخ زۆر خراپ بوو، كچەكەم لە خوێندنگە دەركردو بەرەو گوندی تارقییە ڕۆیشتین بۆ ئەوەی ژیانمان پارێزراوبێت."

 

لە شوباتی 2016دا، دۆخی ژیانیان لەو گوندە تا دەهات خراپتر دەبوو، باوكی عەلا دەگێڕێتەوە"لە ۷ی شوباتدا لەگەڵ چەند كەسێك ڕێككەوتین كە بە 300 دۆلار ڕزگارمان بكات بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق."

 

شەوێكی درەنگ عەلا حسێن كە خۆی مامۆستای وانەی ئینگلیزییە لەگەڵ خێزانەكەی دەگەنە بەرزاییەكانی حەمرین‌و لەوێوە بۆ ناحیەی عەلەم لە پارێزگای سەڵاحەدین، پاشان بەهۆی نزیكی حەویجە لە كەركوك‌و بوونی خزم و كەسوكاریان لەوێ بڕیاردەدەن بچنە كەركوك.

 

ورود دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنگە

 

ورود ساڵی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی بە كەركوك، لەگەڵ باوكی دەچنە خوێندنگەیەك‌و لە پۆلی پێنجی سەرەتایی دەست بە خوێندن دەكاتەوە.

 

هەفتەی ڕابردوو كاتێك ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشەمی سەرەتایی ڕادەگەیەنرێت، لە هەموو وانەكاندا 100 لە 100 دەهێنێت.

 

ئەو كچە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاواتم ئەوەیە لە داهاتوودا بچمە زانكۆو وەك باوكم بڕوانامەی بەرز بەدەستبهێنم."

 

كەركوك زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی حەویجەو بەشێك لە پارێزگاكانی تری لە خۆگرتووەو زۆرێك لەو ئاوارانە دوای گەیشتنیان بە كەركوك دەستیان بە خوێندن كردەوە.

 

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك، ئەمڕۆ دووشەممە 12-6 لە كۆبوونەوەی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی كەركوك، پیرۆزبایی لە ورود عەلا حسێن كردو وتی"سەلماندی هاوڵاتییانی كەركوك سەرەڕای بارودۆخی سەخت‌و ناهەموار سەركەوتن بەدەستدەهێنن."

 

عەلا حسێن وتی "ورود كچێكی زیرەكەو ڕۆژانە حەوت كاتژمێرم بۆ تەرخانكردووە بۆ ئەوەی بخوێنێت و فێربێت."

 

نمرەكەی ورود دڵی ئەو خێزانە ئاوارەیەی خۆشكردووە كە لە خانوویەكی كرێدا لە كەركوك دەژین.