منداڵێك لە باوكێكی داعش، دایكە ئێزدییەكەی دەخاتە بەردەم بژاردەیەكی سەخت

29-10-2018 07:04
منداڵێكی تەمەن 4 ساڵ لە خانەی بێسەرپەرشتانی شێخان كاڵەك دەخوات، لە ساڵی 2014وە باوكی‌و چوار لە خزمە نزیكەكانی بێسەرو شوێنن. وێنە؛ ئەی پی.

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

ژنێكی ئێزدی سەرەڕای ڕزگاربوونی لە دەستی چەكدارانی داعش، ئێستا لە بەردەم بژاردەیەكی سەختدایە، لەگەڵ خێزانەكەیدا ڕووبكاتە ئوسترالیاو منداڵەكەی-كە باوكی چەكدارێكی داعش بووە- جێبهێڵێت، یاخود لەگەڵ منداڵەكەیدا بژی و دەستبەرداری خێزانەكەی ببێت.

 

چیرۆكی تراژیدیی ژنانی ئێزدی بەردەوامەو سەرەڕای ڕزگاركردنی بەشێكیان لە دەستی چەكدارانی داعش، بەڵام ژیانی ئەوان لەناو خێزان و كۆمەڵگاكەی خۆیاندا دوچاری ئاستەنگی و سەختییەكەی زۆر بووەتەوە.

 

دایكی ماریا، ژنێكی ئێزدی تەمەن 26 ساڵە، خێزانەكەی لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ئەوەی بەرەو ئوسترالیا كۆچ بكەن و ژیانێكی نوێ دوای كارەساتی شەنگال دەستپێبكەن. ئەو هەرچەندە بەپەرۆشە لەگەڵ خێزانەكەیدا بڕوات، بەڵام كەسێك هەیە ناتوانێت بەجێی بهێڵێت، ئەویش كچە دوو ساڵانەكەیەتی بەناوی ماریا، كە باوكەكەی چەكدارێكی داعش بووە و لەشەڕدا كوژراوە.

 

دایكی ماریا دەزانێت كە خێزانەكەی هەرگیز رێگەی نادەن كچەكەی لەگەڵ خۆیدا ببات، ئەوان تەنانەت ناشزانن كە ئەم خاوەنی منداڵێكە. تەنها كەسێك بەو حاڵەتە دەزانێت مامێكی ژنەكەیە، كە منداڵەكەی لە دایكی وەرگرتووەتەوەو بردوویەتییە خانەیەكی بێسەرپەرشتان لە شاری بەغداد، ئەویش دوای ئەوەی ژنەكە ساڵی رابردوو لەدەستی داعش رزگار كرا.

 

"هەموو جارێك دڵم خەریكە لە سینگم دێتە دەرەوە كە بیر لە جێهێشتنی منداڵەكەم دەكەمەوە، ئەو بەشێكە لە من، بەڵام نازانم چی بكەم" دایكی ماریا لە كەمپێكی پەنابەرانی ئێزدیەكانەوە لە هەرێمی كوردستان وای بە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس وتوو. ژنەكە نەیتوانیوە ناوی تەواوەتی خۆی ئاشكرا بكات "لەترسی" ئەوەی خێزانەكەی و كۆمەڵگا بیناسنەوە.

 

منداڵێكی تەمەن 5 ساڵ كە باوكی لە دەستداوە بەهۆی چەكدارانی داعشەوە، یاری بە مۆبایل دەكات لە خانەی بێسەرپەرشتانی شێخان. وێنە؛ ئەی پی. 

 

دایكی ماریا لە مانگی ئابی 2014 لەگەڵ هەزاران ژنی دیكەی ئێزدیدا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە دیل گیرا كاتێك قەزای شەنگال كە زێدی سەرەكیی ئێزدییەكانە لەلایەن ئەو چەكدارانەوە داگیركرا. دواتر دایكی ماریا لەلایەن چەكدارێكی داعشەوە كە ئەم تەنها زانیویەتی ناسناوەكەی "ئەبو توراب"ـە، وەك سەبایا براوەتە سوریا.

 

ئەبو توراب لە شەڕێكدا لە ساڵی2015 كوژراوە، دواتر دایكی ماریا بە هەزار و 800 دۆلار فرۆشراوە بە چەكدارێكی دیكەی داعش كە كەسێكی عێراقی بووە بەناوی ئەحمەد محەمەد، ئەویش ژنە ئێزدیەكەی بردووە بۆ موسڵ و لەوێ لەگەڵ ژنی یەكەمی چەكدارەكە و منداڵەكانی ژیاوە. دوای ماوەیەكی كەم كچێكی لێ بووەو ناوی ناوە ماریا، دواتر چەكدارەكەی داعش(باوكی ماریا) كوژراوە.

 

دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، دایكی ماریا هاوشانی سەدان ژنی ئێزدی ئازادكرا، مامی یەكەم كەس دەبێت كە دەیبینێت و دەزانێت منداڵێكی هەیە. لە نەخۆشخانە دایكی ماریا لەلایەن مامیەوە ڕازی دەكرێت بەوەی منداڵەكەی پێ بدات و هەر كات باری تەندروستی جێگیربووەوە، منداڵەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

 

"ئەگەر بمزانیایە دەیەوێت منداڵەكەم ببات بۆ خانەی بێسەرپەرشتان هەرگیز نەمدەدایە" دایكی ماریا وادەڵێت و لەو كاتەوە تەنها یەك جار كچەكەی بینیوەتەوە كاتێك سەردانی بەغدای كردووە ماوەی دوو ڕۆژ لای ماوەتەوە، "ئەو نەیناسیمەوە، بەڵام من ناسیمەوە، چۆن دەكرێت نەیناسمەوە، ئەو پارچەیەكە لە من."

 

خدر دۆمڵی چالاكوانی بواری ئێزدییەكان دانبەوەدا دەنێت دوای ڕووداوەكانی شەنگال پێویستە هەندێك چاكسازی لە داب و نەریتی ئێزدیەكان بكرێت و نەرمیی زیاتر بەرامبەر ئەو ژنانە پیشان بدرێت كە لەدەستی داعش ڕزگاركراون.

 

ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە ڕووی تیۆرییەوە ئەو دایكانە دەتوانن منداڵەكانیان ببەنەوە ناو كۆمەڵگا، بەڵام توشی فشارێكی زۆر دەبنەوە لەلایەن خێزان و دراوسێكانیانەوە.

 

 

جلوبەرگی كچێكی ئێزدی دوای ئەوەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراوەو كراوە بە كەنیزەك.

 

"تەنانەت بۆ دایكەكەش سەختە منداڵێك بهێنێت و لەناو ئێمەدا بژی لەكاتێكدا ئەگەری ئەوەی هەیە لەسەر دەستی باوكە داعشەكەی سەدانی وەك ئێمە كوژرابن لەنێویاندا كەسانی نزیكی دایكەكە خۆیشی" خدر دۆمڵی وادەڵێت.

 

بەشێكی زۆری ئێزدییەكان بە گرنگی دەزانن پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بكرێت لەكاتێكدا ئەوان شەڕ لە پێناو مانەوەدا دەكەن. پێش ساڵی 2014 ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراقدا بە 700 هەزار هاوڵاتی دەخەمڵێندرا، لەدوای كارەساتەكەی شەنگالیش باوەڕوایە لەسەدا 15ی ئێزدییەكان زێدی خۆیان بەرەو وڵاتێكی ڕۆژئاوا بەجێهێشتبێت، نیوەشیان لە عێراقدا ماون كە لە كەمپی ئاوارەكان ژیان بەسەر دەبەن. دەوروبەری 3 هەزار ئێزدیش تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، شارەزایانیش پێیانوایە سێیەكی ئەو ژمارەیە تا ئێستا لە ژیاندا مابن.