دادە نەرمین؛ خەمی چوار خێزانی لەكۆڵ ناوە

23-02-2019 10:01
دادە نەرمین، لەناو بازاڕی كەلار. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف- دیمەن ئیسماعیل


عەبایەكی ڕەشی لەسەریەوە تا پێیەكانی بەخۆیەوە پێچاوە، لەسەر پلیكانەی بەردەم بازاڕێكدا بە كمۆڵەیی دانیشتووە و دەستەكانی لەسەر قاچی چەپیەتی، زووزوو دەنكەكانی تەزبیحەكەی بەدوای یەكتریدا دەجوڵێنێت و چاوەكانیشی بەنیمچەداخراوی بۆ شمەكەكانی بەردەمی دەڕوانێ.

لەسەر ڕاخەرێكی كەمتر لە دوو مەتری، لە خوار قاچەكانییەوەو لەسەر كۆنكرێتی خوار شۆستەكەدا، شاحینەی مۆبایل و هەندێ وردەواڵەی ماڵ و چەند بەرماڵێكی داناوە، تا یەك دوو پارچەی لێ بفرۆشێت.

نەرمین مەحمود، لە نێو بازاڕی كەلار بە دادە نەرمین ناوی دەهێنن، ژنێكی تەمەن 59 ساڵی دانیشتوی ئەو قەزایەی پارێزگای سلێمانییە و زیاتر لە چوار ساڵە، بە فرۆشتنی ئەو وردەواڵانەوە سەرقاڵە.

ئەو بژێوی تەنیا خێزانێكی لە ئەستۆدا نیە، بووەتە خەمخۆری خانەوادەیەكی گەورە؛ لە ماڵ و منداڵی خۆیی و براژن و كوڕیەوە تا منداڵی كچەكانیشی بەرپرسیارێتییان هەڵدەگرێت.

"ماوەی 25 ساڵە هاوسەرەكەم لەدەستداوە، نۆ منداڵی لە دوای خۆی بەجێهێشت، سێ كوڕ و شەش كچ" دادە نەرمین بۆ پەرەگراف وای وت.

ژیانئاوایی هاوسەرەكەی، سەرەتای بارێكی گران و قورس بوو بۆ نەرمین، ئەو هەم دایك هەم باوك بوو، تا نۆ منداڵ پەروەردە و بەخێو بكات.

"بۆ ئەوەی ئەوان گەورە بكەم چەندین كارم كردووە، كارگوزاریی، فرۆشتنی نۆكاو و شیرینیم كردووە."

هەموو قسەیەكی پڕاوپڕ بوو لە خەمێكی گەورەتر، هەناسەی درێژ و بەردەوامیی هەڵدەكێشا، بۆ هەر قۆناغێكی ژیانی چیرۆكێكی تراژیدی پێ بوو.

"دوان لەكچەكانم مێردەكانیان لەدەستداوە، خۆیان و منداڵەكانیان؛ بە هەردووكیان 10 منداڵیان هەیە، بەرپرسیارێتی هەموویان كەوتۆتە سەرشانی من، بۆیە بەو تەمەنەوە كاردەكەم بەڵكو هیچ نەبێ منداڵەكان خوێندنەكەیان تەواو بكەن."

ئەو جێیە چەند مەترییەی دادە نەرمین لێی دادەنیشێت، شوێنێكی كاتییە بۆ كاسبیەكەی، شارەوانی كەلار ڕێی پێداوە، هەندێكجار كوڕی كچەكانی لەگەڵ خۆیدا دەبات، تا هاوكاریی بكەن.

ئەو ماوەیەی پەیامنێری پەرەگراف لە نزیكی دادە نەرمین بوو، پرسیاری لە چەند كەسێكی ئەو بازاڕە كرد، بەوتەی ئەوان، هەرچییەكیان بوێت و لای ئەو هەبێت، دەیكڕن و ناچنە شوێنی تر.

كوڕێكی ئەو ژنە گەرمیانییە، لە ژێر كاریگەری شەڕی عێراق و ئێراندا لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا توشی نەخۆشی دەرونی بووە، دوای چەندین ساڵ لە خزمەتكردنی، كاتێك بۆ كارێك چووەتە بەغداو چاوی لەسەری نەماوە، كوڕەكەی لە ماڵ چووەتە دەرەوە و لە سەرمادا ڕەقبووەتەوە.

"كوڕێكی ترم بەهۆی ئاگرەوە لە ماڵەكەیاندا هاوسەرەكەیی و دوو منداڵەكەی لەدەستدا"، دادە نەرمین خۆیشی نەخۆشی دڵی لەگەڵدایە.

بەو بارە خراپەی داراییەوە، ئەو ژنە كرێچییە‌و سێ مانگە پارەی نەداوە و هیچ موچەیەكی نییە، پێشتریش خەڵك هاوكارییان كردووە بەپێی توانا.

نەرمین هەر بەدوای كێشەی خێزانەكەی خۆیەوە نیە، خەمی برا و كەسە نزیكەكانیشی لەكۆڵ ناوە، "منداڵەكانی براكەشم بەرپرسیارێتییان هاتووەتە لای من، چونكە براژنەكەم كۆچی دواییكردووە و براكەشم فیشەك لە مێشكی ماوەتەوە و بەهۆی كەمئەندامییەوە، توانای كاركردنی نییە".