لە ئاگردا دەرچون و لە كۆمەڵگادا دەسوتێن

بەسەرهاتی ئەو كچانەی بەهۆی سوتانەوە خۆیان زیندانی كردووە
02-05-2019 07:48
وێنەكە وەرگیراوەو كوردستان نییە.


پەرەگراف- دیمەن ئیسماعیل


وەك زیندانییەك خۆی دێتە بەرچاو، زۆرترین كاتەكانی لە ماڵەوەیەو بەدەگمەن دەچێتە دەرەوە، ترسی هەیە خەڵك بە بینینی تانەی لێبدەن و ئازارەكانی زیاتر بكەن.

كانی كچێكی 25 ساڵە، بەڵام گەورەتر لە تەمەنی خۆی دەردەكەوێت و زۆربەی كاتەكانیشی لەنێو بیركردنەوەدایە، ئەو ئێستا بەدەست دوو ئازارەوە دەناڵێنێت، یەكێكیان سوتاوی و ئەویتریانە كۆمەڵگایە.

"بریا هەر ئەوكاتەی بەشێك لە جەستەم سوتا، هەموو جەستەم سوتابایە"، كانی لەتاو مەینەتییەكانی وادەڵێت، چونكە برینەكانی جەستەی بونەتە جێی قسەی خەڵك و لەڕووی دەرونییشەوە ماندوویان كردووە.

ئەو كچەی دانیشتوی گەرمیان، وەك بۆ پەرەگراف باسیكرد، ساڵێك لەمەوبەر لەكاتی چێشتلێناندا غاز پێیدا تەقیوەتەوە و بەشێك لە جەستەی سوتاوە، كە پێوەی دیارە و نەشتەرگەری جوانكاری نەكردووە، تا بگەڕێتەوە دۆخی بەر لە ڕووداوەكە.

"بەهۆی سوتاوییەكەمەوە زۆربەی خەڵك سڵم لێدەكەنەوە، تەنانەت منداڵان كاتێك دەمبینن لێم دەترسن"، هەموو قسەیەكی خەڵك بۆ كانی لەسەر سوتاوییەكەی، بۆ ئەو جارێكیتر گەڕانەوەیە بۆ ئەو ڕوداوە و مردنێكی لەسەرخۆیە، بۆیە پێی باشترە لە ماڵەوە بێت و نەچێتە دەرەوە.

كانی لە سەرەتای گەنجێتیدایە، خەمێكی گەورەتری داهاتووی ژیانیەتی، چونكە تەنانەت ناتوانێت بیر لە هاوسەرگیریش بكاتەوە.

ئەو كێشانەی ڕوبەڕوی ئەو كچە بووەتەوە، ژیانی ڕۆژانەی دەیان كەسی ترە لە هەرێمی كوردستان، كە بەهەر هۆكارێك بوبێت بەشێك لە جەستەیان سوتاوە و ڕوبەڕوی تانەی كۆمەڵگا بونەتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار یان ڕێكخراوەكان بەڕێگەی جیاواز یاخود نەشتەرگەری جوانكاریی هاوكارییان بكەن لە دوبارە دەستپێكردنەوەی ژیانی ئاسایی.

هلند گەنجێكی تەمەن 18 ساڵە، دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ڕێگادا بەرەو سەردانی هاوڕێیەكی توشی ڕوداوی هاتوچۆ بووە، بەهۆیەوە ئاگر لە بەشێكی جەستەی بەربووە و سوتاوی گەیشتووەتە ڕوخساریشی.

"منداڵان لە بینینم دەترسان، خەڵك بەجۆرێكی تر سەیریان دەكردم، بۆیە نەمتوانی بەردەوام بم لە خوێندنەكەم و وازم لە ئاواتەكەیشم هێنا" هلند، بە گریانەوە ئەو قسانەی بۆ پەرەگراف كرد.

لەنێو ئەو كچ و ژنانەی سوتاون، چیرۆكی پێچەوانەی كانی و هلند-یش هەیە، كەم نین ئەوانەی دوبارە هەستانەوە و بەبێ گوێدانە قسەی خەڵك، نەك ژیانێكی ئاسایی بەڵكو بەرەو سەركەوتنی گەورەش ڕۆیشتون.

ئەسمەر، ناوی خوازراوی كچێكی 30 ساڵی خەڵكی گەرمیانە و لەبەر كێشەی كۆمەڵایەتی خۆی سوتاندووە، سەرباری پەشیمانی زۆر لەو كارە و دوای ئەوەی بۆ زیاتر لە ساڵێك ماڵەكەی لە خۆی كرد بە زیندان، بەڵام دواجار لەو گرێ دەرونییە هاتە دەرەوە.

"ئێستا تێكەڵ بە خەڵك دەبم، كاردەكەم، ئەركی ماڵەوەش لەسەر منە و من بەڕێوەی دەبەم" ئەسمەر وای وت، دوای ئەوەی بڕیاریدا ڕوبەڕوی هەموو ئاستەنگەكان ببێتەوە.

ئەوەی هاوكاریی كچان و ژنانی ڕزگاربوی ئاگر و سوتاوی دەكات، جگە لە هۆشیاریی كۆمەڵگا و گۆڕینی تێڕوانینی خەڵك، هێزی ڕوبەڕوبونەوە و توانای خۆیانە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەكان.

هاوكار كەریم، توێژەری كۆمەڵایەتی، لە باسی كاریگەری سوتاوی بەسەر قوربانییەكەوە، بە پەرەگراف-ی وت "بەهۆی سوتانی ڕوخساریانەوە، ئەو كەسانە هەست بەكەمیی دەكەن، تێكەڵ بە خەڵك نابن و گۆشەگیر دەبن، متمانەش لەدەستدەدەن و واز لەئامانج و ئاواتەكانیان دەهێنن".

كۆمەڵگا بەشێك لە تاوانی بەردەكەوێت لەبارەی قوربانییانی سوتاوی، "كۆمەڵگا بەچاوێكی تر سەیری ئەو كەسانە دەكات و ڕێزیان لێناگرێت"، لەبارەی چارەسەری كێشەی ئەو كەسانە، هاوكار كەریم وتی "پێویستە لەگەڵ كەسانێكدا هاوڕێیەتی بكەن كە متمانە و هێزیان پێبدات نەك بیانڕوخێنێت".

ڕوداوەكانی سوتاوی لە هەرێمی كوردستان كەمیكردوە، لە ساڵی ڕابردودا 139 حاڵەتی سوتان و 107 خۆسوتان هەبووە، لەكاتێكدا ساڵی 2017 سوتان 202 حاڵەت و خۆسوتان 122 حاڵەت بووە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.

شەیما جەمال، لێپرسراوی كۆمەڵەی ئافرەتان دەڵێت، ئەوان سیمینار و كۆبونەوەی هۆشیارییان ڕێكخستووە بۆ ئەو كچانەی دورەپەرێزن لە خەڵك، بە ئامانجی هاندانیان تا تێكەڵ بە كۆمەڵگا ببنەوە، بەڵام لەڕوی ماددییەوە هاوكاریی نەكراون.

شەیما لە بارەی هاوكاریی بۆ قوربانیانی سوتاوی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاریی، بۆ پەرەگراف وتی "بەهۆی فرەحزبی، كاركردن بە شێوازێكی پەرت و بڵاو، هیچ شوێنێك ئەو كارەی نەكردووە و دەستی هاوكاری ڕێكخراوەكان لەو ڕووەوە دیار نەبووە".