پەرەگراف - هەڤاڵ زەنگەنە
ئەو دەمەوئێوارەیە كزەبایەكی هەبوو، بەشێكی زۆری دوكەڵ و گازی كیمیایی بۆمبەكانی لەگەڵ خۆیدا بەرەو ڕۆژهەڵاتی گوندەكە دەبرد، ئەوەش دەرفەتی دا بە خەڵكێكی زۆر لەو مەرگە حەتمییە خۆیان ڕزگار بكەن، بەڵام ڕزگاربونێكی كاتیی.
خێزانەكەی خەلیل، لە نێو ئەو خەڵكەدا بون كە بەرەو خۆرئاوای گوندەكەیان و پێچەوانەی ئاڕاستەی كزەبایەكەوە ڕۆیشتن، بۆیە گازی كیمیاییان بەرنەكەوت و لەگەڵ نزیكەی 300 كەسی تردا، خۆیان گەیاندە ئەشكەوتێكی ناوچەكە.
ئەو ڕۆژە، 3ی ئایاری 1988 بوو، مەرگەسات و تاوانەكانی بەعس گەیشتبووە هەردوو گوندی گۆپتەپە و عەسكەر.
"سەرەتا هیچ شتێكی نائاسایی نەبوو، هاوشێوەی ڕۆژەكانی تر دەستمان بە كاركردن كرد، بەڵام وردە وردە دەمانبینی هێزی عەسكەری لە شاخی كلكەسماق كە دەوێتە بەرامبەری گوندەكە كۆدەكرێتەوە، لەدەوربەری نیوەڕۆدا زانیاریی گەیشت كە بەعس هێرشدەكات"، خەلیل محەمەد (58 ساڵ)بۆ پەرەگراف وای وت.
"خەڵكی گوندەكە دەمەوئێوارە شپرزەبون، شمەكیان دەشاردەوە لە چەمەكان، ئێوارە كاتێك خەڵك گەڕایەوە ناو گوند، شەش فڕۆكە، پێنج بۆ شەش خولەك بە ئاسماندا سوڕانەوە، ئیتر دەستیان كرد بە بۆردومان و سێ بۆمبیان بەسەر گوندی گۆپتەپەدا بەردایەوە".
ماڵی خەلیل دەكەوتە خۆرئاوای گوندەكەوە، ئەو كزبایەی گازی كیمیاییەكەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی گوندەكە برد دەرفەتی ڕەخساند تا هەڵبێن، بەڵام خەڵكی تر و لە نێویاندا برا و باوكی، هەر لەوێدا بە كیمیایی كۆچی دواییان كرد.
تا درەنگانی شەوی ئەو ڕۆژە، لەگەڵ خەڵكانی تر لە ئەشكەوتەكەدا بون، ئەوانەی لەوێ مانەوە لە مەرگی یەكەمی بەعس ڕزگاریان بوو، بەڵام هەر ئەوەندە نەبوو، مەرگەساتێكی تر لە دەرەوەی ئەشكەوتەكە چاوەڕێیان بوو.
مۆنۆمێنتی شەهیدانی گوندی عەسكەر
بەعس دوای كیمیاییەكە، ڕاستەوخۆ پڕۆسەی ئەنفالی لە گوندەكانی گۆپتەپە و عەسكەر دەستپێكرد، كە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بەناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵن.
درەنگانێكی ئەو شەوە، خەلیل و خێزانەكەیو خەڵكانی تر بەرەو تەقتەق بەڕێكەوتن، لە قەسرۆك پشویان دا و دواتر چونەتە گوندی سەرچنار، چونكە نەیانتوانیوە لە ڕوبارەكە بپەڕنەوە بەهۆی منداڵەكانەوە، لەو گوندەش ئەشكەوتێكیان دۆزیوەتەوە و پێنج شەو ماونەتەوە.
لەو چەند ڕۆژەدا، سوپای عێراقی گەیشتووەتە ئەشكەوتەكەو خێزانەكانیان دەستگیركردووە، خەلیل و ژمارەیەك لە پیاوەكان هەڵاتون سەرباری تەقەی سوپا، لەڕێگەدا جاشەكانیان بینیوە و پێیانوتون جارێكیتر خێزانەكانیان نابیننەوە.
گۆڕستانی شەهیدانی كیمياییبارانی گوندی گۆپتەپە
دوای كۆتایی پڕۆسەی ئەنفال بە شەش مانگ، بەشێك لە ئەنفالكراوان گەڕانەوە، لەنێویاندا دایكی خەلیل، بەڵام بەهۆی ئازاری لەدەستدانی منداڵ و هاوسەر و زیندانی نوگرەسەلمانەوە، لە ماوەیەكی كەمدا نەخۆشكەوت و ئەویش گیانی سپارد.
خەلیل خۆی لەو دوو مەرگەی بەعس ڕزگاری بوو، بەڵام جگە لە كۆچی باوك و برایەكی بە كیمیایی، هەریەك لە هاوسەر، كوڕێكی چوار ساڵان، دوو كچی كە یەكێكیان دوو ساڵ و ئەویتر سێ مانگ بوو، برایەكی بە خێزانیی ئەنفالكران و نەیانی بینییەوە.
حكومەتی عێراقی لە ساڵی 1988 دا بە هەشت قۆناغ و لە شەش ناوچەی جیاوازی كوردستان پرَۆسەی ئەنفالی دژ بە گەلی كورد ئەنجام دا و تیایدا 182 هەزار هاوڵاتی كوردی ئەنفالكرد كە لە مانگی شوبات دەستی پێكرد و لە مانگی ئەیلول كۆتایی پێهات.
گۆڕستانی شەهیدانی كیمياییبارانی گوندی گۆپتەپە
قۆناغی چوارەمی ئەنفال، لە 3ی ئایار بۆ 15ی ئایاری خایاند، لەو قۆناغەدا گوندەكانی گۆپتەپە و عەسكەر بەركەوتن و كیمیاییبارانیش كران، تا سوپا بە تەواوی هەردوو گوندەكەی خاپور كرد.
سەلمان ڕەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە چەمچەماڵ بۆ پەرەگراف وتی "گوندی گۆپتەپە لە كیمیاباراندا 105 شەهیدی هەیە، هاوكات 380 هاوڵاتی لەو گوندە ئەنفالكراون و 19 شەهیدی سەنگەریشان هەیە، لە گوندی عەسكەریش هەشت كەس بە كیمیایی شەهید بوون لەگەڵ 201 ئەنفالكراو و 210 شەهیدی سەنگەریان هەیە".
بەركەوتوانی كیمیایی لە گۆپتەپە و عەسكەر، كەسیان لە ژیاندا نەماون، دوایەمیان مستەفا قادر بوو، كە لە تەمەنی 45 ساڵیدا لە شوباتی 2016دا گیانی سپارد، دوای ئەوەی 28 ساڵ بەدەست ئازارەوە ناڵاندی.
بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێت، دوو مۆنۆمێنت لە هەردوو گوندەكەدا دروستكران و ساڵانە یاددەكرێنەوە، كەسوكاری قوربانییان لە زەوی و خانوو و موچە سودمەند بون، بەشێك لە منداڵەكانیان لەسەر ئەركی حكومەت لە زانكۆ ئەهلیەكاندا دەخوێنن، ئەوەش وەك خزمەتگوزاریی بۆ هەموو ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون.
پەیكەری هاوار لە مەزاری شەهیدانی كیمیاییبارانی گوندی گۆپتەپە