قوربانییانی دەرەوەی زیندان؛ چیرۆكی ئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان حوكمدراون

30-06-2019 07:24
وێنەكە هەرێمی كوردستان نییەو وەرگیراوە.


پەرەگراف – دیمەن ئیسماعیل

بوشرا 12 ساڵە دوور لە هاوسەرەكەی دەژی، بە ئومێدی ئەوەوەیە ئەو ڕۆژە بێت و منداڵەكانی باوكیان ببینن، خۆیشی لە قسەوقسەڵۆكی خەڵك ڕزگاری بێت.

هاوسەرەكەی بوشرا لە زیندانی مەعەسكەر سەلامە لە سلێمانی، لە دەرەوەی شیشەكانی ئەو گرتوخانەیە، ژیانێكی پڕ لە مەینەتی بۆ ژن و منداڵەكانی بە جێماوە.

"پیاوەكەم بەبێ تاوان دەستگیركرا، ئەوە 12 ساڵە منداڵەكانم لە نازی باوكیان بێبەشن، تانەی كۆمەڵگاش لەولاوە بوەستێت"، بوشرا قاسم تەمەن 30 ساڵ بۆ پەرەگراف وای وت.

"پیاوەكەم پاسەوانی خانوو بوو، شەوێك داوایانكرد پاسەوانی خانویەك بكات بەبێ ئەوەی بزانێت كەسێك لەو خانووە بەستراوەتەوە و دەستبەسەرە، .. دواتر تاوانەكە بەسەر ئەودا ساغبووەوە و بە 15 ساڵ زیندانی حوكمدرا".

بوشرا دایكی سێ منداڵە، یەكێك لە منداڵەكانی خاوەن پێداویستی تایبەتە و خێرخوازان هاوكاری دەكەن لە بژێوی ژیانیدا.

ئەو ژنە دەڵێت "خەڵك پێمدەڵێن پیاوەكەت ئەگەر تاوانبار نەبوایە بۆ دەستگیردەكرا، بەردەوام ئەم قسەم پێ دەوترێتەوە و ئازارم دەدەن".

سەدان ژن و منداڵی تری وەك خێزانەكەی بوشرا، بەهۆی زیندانی هاوسەر و كەسە نزیكەكانیانەوە، ڕوبەڕوی ژیانێكی كولەمەرگی بونەتەوە.

"مێردەكەم یەكەم جارە كاری ماددەی هۆشبەر بكات و دەستگیركرا، ئێمەش بە منداڵەوە دەربەدەری بەر دەرگای باوك و ماڵە خەزور بوین" هاوژین وای وت.

هاوژین بەكر (35 ساڵ)، هاوسەرەكەی لەسەر قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان بە شەش ساڵ زیندانی حوكمدراوە و لە زیندانەكانی كرماشان دەستبەسەرە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی خێزان لە گەرمیان 14 ژن هاوسەرەكانیان لە زیندانە، لە نێویاندا هاوژین، كە دووجار دەبنە قوربانی، یەكێكیان بەهۆی ڕەتكردنەوەیان لەلایەن كۆمەڵگە و ئەویتر لەڕوی پەروەردەی منداڵ و بژێوییەوە.

پەروین جومعە (38 ساڵ)، سێ منداڵی هەیە و 11 ساڵە دوور لە هاوسەرەكەی پەروەردەیان دەكات، چونكە كاتێك هاوسەرەكەی پۆلیس بووە تۆمەتبارێك لەژێر بەرپرسیارێتی ئەودا ڕفێنراوە، بۆیە حوكمی 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەوەی برینەكانی ئەوان بە سوێ تر دەكات، مامەڵەی خەڵكە بەرانبەریان، وەك پەروین وتی "كوڕەكەم جارێك لە كۆڵان لەگەل یەكێك لەمنداڵە دراوسێكان شەڕی كردوە كەچی پێیانوتوە تا دەبیتە 20 ساڵ باوكت هەر لە زیندان دەبێت و ئازاد ناكرێت، ئەوەش زۆر كاریگەری لەسەر كوڕەكەم هەبوو".

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، كە لە شوباتی ئەمساڵ بڵاوكرایەوە، سێ هەزار و 450 سزادراو لە هەرێم هەن.

هەر لەو ئامارانەدا هاتووە كە 794 سزادراو لە چاكسازییەكانی هەرێم مۆڵەتی گەڕانەوە بۆ نێو خێزانەكانیان پێدراوە ئەوەش بە كاتیی و بەپێی مەرج.

محەمەد سادق، تەمەنی تەنیا 10 ساڵە و بایی ئەوەندە باوكی نەبینیوە شێوەی لەبەرچاوی بمێنێت، چونكە چەندین ساڵە لە زینداندایە، ئەو دەگریا كاتێك بۆ پەرەگراف وتی "زۆر بیری باوكم دەكەم"، ئەوەی زیاتر نیگەرانی كردبوو ئەوەیە "لەناو هاوڕێكانم توانجم لێدەدەن و دەڵێن باوكی تۆ لە زیندانە تۆ باوكت نییە".

قورسیی ژیان و بژێوی، زۆرێك لەو ژنانەی ناچاركردووە كە هاوسەرەكانیان زیندانییە بگەڕێنەوە ماڵی باوكیان یان بچنە ماڵە خەزوران.

هاوار كەریم، توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ پەرەگراف وتی "ژنان لەناچاریدا لەوەها بارودۆخێكدا لەكۆمەڵگەیەكی وەك كوردستان پەنا دەبەنە بەر ماڵە باوان یان ماڵی باوكی هاوسەریان، بەشێك لەوان بەچاوی بێزاری و مایەی شورەیی سەیریان دەكەن، بۆیە ژن لە زیندانێكی گەورەتردایە كە جیاوازی نیە لە زیندانی مێردەكەی".

"تاوەكو مێردەكانیان ئازاد دەبن، ئەم ژنانە لەژێر فشارێكی دەرونی سەختدا ژیان بەڕێدەكەن".

بەشێكی زۆر لەو زیندانییانەی ژن و منداڵیان هەیە، حكومەتی هەرێم هاوكارییەكی دارایی مانگانەی پێداون، بەڵام ئەوەش چەند ساڵێكە بڕدراوە.

فواد سدیق، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كە وەزارەتەكەیان سەرپەرشتی چاكسازییەكان دەكات بۆ پەرەگراف وتی "لە دوای شەڕی داعش توانای پێدانی موچەمان نەما بۆ ئەو ژنانە، بەڵام هەوڵدەدەین كاتێك ڕەوشی ئابوری باشتر بوو موچەكەیان بۆ خەرج بكەینەوە".

لە هەرێمی كوردستان سێ لێبوردنی گشتی دەركراوە، ئەوانیش لە ساڵانی 2007، 2012 و كۆتاجار لە كۆتایی 2017دا، كە زیاتر لە دوو هەزار كەس لێی سودمەند بون و لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار زیندانی ئازادكراون و گەڕانەوە نێو خێزان و كەسوكاریان، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان.