شوێنەوارەكانی كوردستان تاڵان دەكرێن؛ حكومەت دەستی بە "مافیاكان" ناگات

26-07-2019 04:56
كاركردن لە شوێنەوارێكی پارێزگای دهۆك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارو زانكۆیەكی ئەڵمانی.


پەرەگراف – سەنگەر سالار

زۆرێك لە شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان، دەستی تاڵانی و دزینی پێگەیشتووە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی سەخت و دوورن لە چاودێری هێزە ئەمنییەكان.

سەرباری دادوبێدادی شارەزایان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی شوێنەوار بەهۆی بازرگانی نایاسایی و تاڵانییەوە، بەڵام كەمترین كەس لەدەرەنجامی ئەو كردەوانەدا دەستگیركراون و خراونەتە زیندانەوە، هۆكاری ئەوەش بۆ لاوازی یاساكان دەگەڕێندرێتەوە.

ئاودێر لوقمان، شوێنەوارناسە و نمونەی زۆری لایە لە ڕوداوەكانی زیادەڕۆی و تێكدانی ناوچە شوێنەوارییەكان، یەكێك لەوانە گەلی دانیال-ە لە نێوان گوندی شوش و قەسرۆك لە قەزای ئاكرێ، كاتێك لەلایەن گروپێكی چەكدارییەوە هەوڵی دەرهێنانی شوێنەوارێك دراوە و خەڵكی گوندەكە پێیانزانیووە و بەرەو ڕویان ڕۆیشتون، چەكدارەكان هەڵاتون.

"چەكدارەكان بەر لەوەی هەڵبێن تەقەیان لە خەڵكەكە كردووە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسیش هیچ كام لەو كەسانە دەستگیرنەكراون".

بەوتەی ئاودێر، لە دوو ساڵی ڕابردودا هەڵدانەوەی ناوچە شوێنەوارییەكان زیادیكردووە، ئەو ناوچە شوێنەوارییانەی گوماندەكرێت پارچەی گرانبەهایان تێدابێت هەڵدەدرێنەوە، یان دەتەقێنرێنەوە و پارچەكانی دەردەهێنرێن.

"لەلایەن قاچاخچییەكانەوە بە شێوەیەكی قاچاخ مامەڵە بە پارچە شوێنەوارییەكانەوە دەكرێت، ڕەوانەی توركیا و ئێران دەكرێن، لەوێشەوە بەرەو وڵاتە ئەوروپییەكان، یاخود لە مۆزەخانەكانی ئێران و توركیا بە ناوی پارچەی شوێنەواری خۆیانەوە تۆماری دەكەن و باسی شوێنە ئەسڵییەكەی ناكەن" ئاودێر وای وت.

هەرێمی كوردستان، لە ناوچەی میزۆپۆتامیای دەوڵەمەند بە شوێنەواردا هەڵكەوتووە و چاوی زۆر لە سەرە، زیاتر لە شەش هەزار ناوچەی شوێنەواری هەیە، كە هێشتا هەمویان تۆمارنەكراون.

كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "دەستدرێژی بۆ سەر ناوچە شوێنەوارییەكان و تاڵانكردنیان، لەلایەن مافیای شوێنەوار و دز و بازرگانانی شوێنەوارەوە ئەنجامدەدرێن، بەشێكیشی لەلایەن خەڵكی ئاساییەوەیە".

لایەنە پەیوەندیدارەكانی شوێنەوار، داوای هێزێكی تایبەت بە پاراستنی ئەو ناوچانەیان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەڵام تائێستا ئەو داواكارییە جێبەجێ نەكراوە.

كەیفی مستەفا دەڵێت، بەدەمەوەهاتنی پرسی شوێنەوار و پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەكان، زۆر پێویستە، چونكە شوێنەوار شتێكە دووبارە نابێتەوە و بە دەستكاریی ناوچەیەكی شوێنەواری، مێژوی ئەو ناوچەیە دەسڕێتەوە.

هەروەها گلەیی لە لاوازی یاسا بەركارەكان هەبوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تاڵانكردنی شوێنەوار و سزادانی تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە.

هەرێمی كوردستان، كار بە یاسای شوێنەواری ژمارە 59ی ساڵی 1936ی هەمواركراوی ساڵی 1975ی عێراق دەكات، لە كاتێكدا عێراق ئێستا كار بە یاسای ژمارە 55ی ساڵی 2002 دەكات.

بەپێی ئەو یاسایەی هەرێم كاری پێدەكات، ئەوانەی پارچەی شوێنەواری دەدزن، یان لای خۆیان دەیهڵێنەوە، یاخود بازرگانی پێوەدەكەن لەگەڵ ئەوانەی دەستكاری ناوچەی شوێنەواری دەكەن و زیانی پێدەگەیەنن سزاكانیان جیاوازە و لە هیچیاندا ناگاتە 10 ساڵ زیندانی.

بەڵام لە یاسا بەركارەكەی عێراقدا، سزاكان قورستر كراون، لە چەند مانگ زیندانییەوە تێیدایە تا دەگاتە هەتاهەتایی و لەسێدارەدان.

شوان هەورامی، شوێنەوارناس پێیوایە هۆكارەكانی زیادبونی دەستكاریكردنی ناوچە شوێنەوارییەكان زۆرن، بەڵام گرنگترینیان خراپیی باری ئابووریی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە، "خەڵكی هەوڵدەدات لەم ڕێگەیەوە پارە پەیدا بكات".

كەمی و دوورەدەستیی دەزگا ئەمنییەكان لە ناوچە شوێنەوارییەكانەوە، هۆكارێكی ترە بەبڕوای شوان هەورامی و لەوەشدا، قاچاخچییەكان سوود وەردەگرن، جگە لە لاوازیی ڕۆشنبیریی خەڵك بەرانبەر شوێنەوار و گرنگیی پاراستنی.

ئەو شوێنەوارناسە بە پەرەگراف-ی وت "لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لەلایەن هێزی چەكدارییەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر ناوچە شوێنەوارییەكان، ناوچەكان كەوتونەتە شوێنی سەخت و شاخاوییەوە، ئەمەش لەبەر دوورییان لە ئاوەدانیی‌و درەنگ دەستگەیشتنی دەزگا ئەمنییەكانە، لەكاتێكدا ناوچە شاخاوییەكان گەلێك شوێنەواری گرنگی وەك مەزارگەی پادشا و كۆشك و قەڵا و تەلاری سەربازییان لەسەر دروست كراوە، كە شتی بەنرخیان تێدایە".

بەپێی بەدواداچونی شوێنەوارناسان، دەستكاریكردن و هەوڵی تاڵانی، زۆربەی ناوچە شوێنەوارییەكانی گرتووەتەوە بەبێ جیاوازی.

گردێك لە قەزای سەیدسادق كە شوێنەوارەو لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هەڵكەندراوە. وێنە؛ تایبەت بە پەرەگراف.

لە ماوەی ڕابردودا، هێزێكی چەكدار چونەتەسەر قەڵای سەنگی سیاو لە ناوچەی هەورامان، ئەوەش وەك ئاودێر لوقمانی شوێنەوارناس باسیكرد، زیاتر لە پەنجا چەكدار بوون و لە شەوێكدا بەشێكی قەڵاكەیان تەقاندووەتەوە.

هەروەها باسی لەوەكرد لە ناوچەیەكی تر چاڵی قووڵ هەڵكەندراوە بەسەر گرد و تەپۆڵكەكانەوە، بەتایبەت گرد و تەپۆڵكەكانی سەر بە قەزای سەیدسادق، كە لە هەندێكیاندا چاڵ هەڵكەندراوە زیاتر لە پێنج مەترە.

دۆسیەی دەستكاری سەنگی سیاو لە هەورامان، وەك دۆسیەیەك چووەتە دادگا، بەڵام كەس بەهۆیەوە دەستگیرنەكراوە.

كاروان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەڵەبجە بۆ پەرەگراف وتی "سكاڵامان لەسەر دەستكاریكردنی ناوچەی شوێنەواریی سەنگی سیاو تۆمار كردووە و كەیسەكە لە دادگا بە كراوەیی ماوە، بەڵام تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێك دەستگیرنەكراوە، ئێمە نازانین ئەو كەسانە كێ‌ بوون كە دەستدرێژییان كردووەتە سەر ناوچە شوێنەوارییەكە".

گردێك لە قەزای سەیدسادق كە شوێنەوارەو لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هەڵكەندراوە. وێنە؛ تایبەت بە پەرەگراف.

زیاتر لە 200 ناوچەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەیە، تا ئێستا 150 ناوچەیان تۆماركراون.

ئاودێر لوقمان، چەند نمونەیەكی دیكەی لە دەستكاری ناوچە شوێنەوارییەكان باسكرد، لە نێویاندا هەوڵی تەقاندنەوەی ئەشكەوتی هەڵامەتا لە چیای زاوا بەرامبەر دهۆك، هەڵكەندنی كڵێسەی مەسیحییەكان لە گوندێكی نزیك ئاكرێ و هەڵدانەوەی گۆڕستانێكی كۆن لە باوەنوری گەرمیان.

ئەو شوێنەوارناسە ئاماژەی بە ڕوداوێكی تر كرد لە ناحیەی ناڵپارێزی پێنجوێن، ئەویش هەڵكەندنی ناوچەیەك بووە لە گوندی یاسەماڵ لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە بە حەفارە، بەڵام دواتر هەڵاتون.

هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز لەسەر ئەو ڕوداوە بە پەرەگراف-ی وت "لە ناوەڕاستی ئایاری 2017 لە ناوچەی یاسەماڵ لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە ئاگاداركراوینەتەوە، پاش ئەوەی چووینە شوێنەكە، چەكدارەكان هەڵاتبوون و دوو ئامێری سووتاویان لە شوێنەكەدا بەجێمابوو".

"هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی دەڵێت ئەو ناوچەیە شوێنەواری نییە، بەڵام ئێمە پێداگریمان كرد كە ناوچەیەكی شوێنەوارییە".

هێمن دەڵێت ئەوان ڕێكاری یاسایی خۆیان گرتەبەر و چاوەڕێن سەرووی خۆیشیان ڕێكاری پێویست بگرنەبەر و تۆمەتباران دەستگیر بكەن، چونكە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو دیاردەیە وەك ئەو وتی، پێویستی بە ئیرادەیەكی یەكگرتوو هەیە.

هەرچەندە ڕوداوەكانی دەستكاریكردنی ناوچە شوێنەوارییەكان زیادیانكردووە، بەڵام سزادان و دادگایی لەسەر ئەو دۆسیەیە دەرەنجامەكانی دیارنیە.

هێمن نانەكەلی، بەڕێوەبەری چاكسازیی گەورانی هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "تائێستا هیچ كەسێك لای ئێمە زیندانی نەكراوە كە بە تۆمەتی دزین یاخود دەستكاریكردنی ناوچەی شوێنەواری سزا درابێت"، ئاماژەی بەوەدا كە چەندین ساڵە هیچ كەسێك بە تاوانی پەیوەست بە شوێنەوار ڕەوانەی چاكسازییەكەی ئەوان نەكراوە.