چۆن خۆت دەپارێزیت لە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لە كوردستان‌و جیهان؟

04-02-2020 09:54
پشكنینی نەخۆشيی شێرپەنجەی مەمك.

پەرەگراف

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجەیەو بەربڵاوترین جۆر شێرپەنجەی مەمكە لە كوردستان‌و جیهان، پەرەگراف لە زاری "دایكی شێرپەنجە"وە زانیاریی ورد لەبارەی ئەو جۆرەی شێرپەنجە دەخاتە ڕوو، بەتایبەت خۆپشكنین‌و خۆپاراستن.

ئامارەكانی ساڵی ڕابردووی شێرپەنجە لە كوردستان 6 هەزارو 934 حاڵەت بووەو زۆرترینیان شێرپەنجەی مەمك بووە كە هەزارو 513 كەس بوون، 591 یان كۆڵۆن‌و 520 یان سییەكان بووە.

پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە كە بە باوكی شێرپەنجە ناسراوەو لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی چارەسەری تووشبووان دەكات، دەڵێت، شێرپەنجەی مەمەك لە سەدا 80یان چاكدەبنەوە‌و كۆڵۆن سەدا 60یان، بەڵام سییەكان لە سەدا 20یان چاكدەبنەوەو جگەرەكێشان بە هۆكاری سەرەكیی‌و بڕیاری خۆكوشتن ناودەبات.

چۆن خۆت لە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە دەپارێزیت؟ پەرەگراف وەڵامی ئەم پرسیارە بە وردیی لە زاری د.هاژە عەبدوڵا پسپۆڕی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمەك دەخاتە ڕوو كە بە "دایكی شێرپەنجە" ناسراوەو لەگەڵ ئەنوەر شێخەدا پێكەوە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی چارەسەری نەخۆشەكان دەكەن.

"دایمە بە خەڵك دەڵێم، وەرزش بكەن خۆ پارەی تێناچێت، هیچ نەبێت لەمسەری كۆڵانەكەتانەوە تا ئەوسەری كۆڵان بە خێرایی بڕۆن بەڕێدا ڕۆژانە بۆماوەی نیو سەعات" ئەمە وتەی د.هاژەیە بۆ خەڵك وەك ڕێگایەك بۆ خۆپاراستن لە توش بوون بەو نەخۆشییە، ئەو پزیشكە پسپۆڕە لە سیمینارێكدا كە پەرەگراف ئامادەی بوو بە وردیی تیشكی خستەسەر شێرپەنجەی مەمەك‌و چۆنێتی خۆپاراستن‌و چارەسەركردن.

شێرپەنجەی مەمك ناساغییەكە كە خانەكانی مەمك گەشە دەكەن بەبێ كۆنتڕۆڵ كردنیان‌و چەندین جۆری جیاوازی هەیە، باوترین جۆری شێرپەنجەی پلۆكەو كەناڵە(دوو بەشی سەرەكی مەمكن)، شێرپەنجەی مەمك دەتوانێت بڵاوببێتەوە لە دەرەوەی مەمك لە ڕێگەی دەماری خوێن‌و لیمفە دەمارەكان.

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پێشبینی دەكات تووشبوون بە شێرپەنجە تاوەكو ساڵی 2040 بە ڕێژەی لە سەدا 81 زیاد بكات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی كە خاوەنی داهاتی كەم‌و سیستەمێكی تەندروستیی لاوازن. لە ساڵی 2018دا ڕێكخراوەكە 18 ملیۆن و 100 هەزار كەیسی تووشبوون بە شێرپەنجەی لە جیهاندا تۆماركردووە و پێشبینی دەكات تاوەكو ساڵی 2040 ئەو ژمارەیە بگاتە 29 بۆ 37 ملیۆن تووشبوو.

د.هاژە ئاماژە بەوە دەكات، لەگەڵ ئەوەی ژنان زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمەك دەبن، بەڵام پیاوانیش بەهەمان شێوە توشی ئەو نەخۆشییە دەبن‌و نەخۆشی پیاو هەبووە لە نەخۆشخانەی هیوا.

نەخۆشییەكە چوار پلەی هەیە، نمرە چوار قورسترینیانە‌و ئەوانەی حاڵەتەكەیان دەبێتە نمرە چوار، لەسەدا 27یان ماوەیەكی زۆر دەژین، ئەوەش پێچەوانەی شێرپەنجەكانی دیكەیە، بۆنمونە؛ شێرپەنجەی پەنكریاس لە ماوەی 6 مانگدا كەسی توشبوو دەكوژێت، بەڵام توشبووانی شێرپەنجەی مەمك زۆربەیان زۆر دەژین یاخود چاك دەبنەوە، بەتایبەت ئەگەر زوو پێی بزانرێت‌و چارەسەر بكرێت بەرلەوەی تەشەنە بكات.

تەمەن ڕۆڵی هەیە لە توشبوون بەو نەخۆشییە، ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان 40 ساڵە لە 250 ئافرەت یەك دانەیان توش دەبێت، بەڵام ئەوانەی 60 ساڵن لە 27 ئافرەت دانەیەكیان توش دەبێت.

وەك د.هاژە باسیكرد، سوڕی مانگانە پێش تەمەنی 12 ساڵی‌و هەروەها بەردەوام بوونی سوڕی مانگانە دوای 50 ساڵ، خواردنی حەبی مەنع، گۆشتی سورو خواردنەوەی كحولی، زیادبوونی كێشی لەش‌و وەرزش نەكردن، ئەگەرەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاتر دەكەن.

"وەرزش زۆر گرنگە، بەردەوام ببێتە خوو و ڕەوشتی ڕۆژانە، لانیكەم هەفتەی 4 كاتژمێر. ئەوانەی توش بوون‌و چارەسەری كیمایی وەردەگرن هەر یەكەم ڕۆژ پێیاندەڵێم لە ئەمڕۆوە دەستبكە بە وەرزش، وەرزش پێش توشبوون‌و دوای توشبوون‌و كاتی چارەسەر گرنگە" ئەو پزیشكە پسپۆڕە وا دەڵێت، وتیشی"لەسەدا 5 بۆ 10ی نەخۆشەكان ئەگەری هەیە بەشێوەی بۆ ماوە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەبێت، واتە زۆرینەی زۆری خەڵك خۆی هۆكارە بۆ توشبوون".

نیشانەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكە

بوونی گرێ‌و كیس لە مەمك‌و بنباڵ یەكێكە لە دیارترین نیشانەكان، بەڵام هەموو گرێ‌و كیسێك نا، چونكە زۆربەیان ئاسایین بەتایبەت لە كچانی گەنجدا، ئەگەر هەست بە گرێ كرا، دەبێت ئەو كەسە سەردانی پزیشك بكات، تاوەكو دیاریی بكرێت گرێكە ئاساییە یان نا.

د. هاژە لەكاتی پێشكەشكردنی سیمینارەكەیدا. وێنە؛ پەرەگراف.

د.هاژە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ زۆرێك لەو خانمانەی دوچاری نەخۆشییەكە بوون، بە سەدان نەخۆشی ئەو پزیشكە پسپۆڕە دوای وەرگرتنی چارەسەر چاكبوونەتەوە، ئەو وتی"مرۆڤ پێش ئەوەی توش ببێت لە قۆناغێكدایە پێی دەڵێن گواستنەوە(ئینتیقالی) ئەگەر لەو قۆناغە بە نەخۆشییەكە بزانرێت لەسەدا 95 چاك دەبێتەوە".

ئەو پزیشكە پسپۆڕە بە گرنگی دەزانێت، هەموو ئافرەتێك لە 20 ساڵییەوە مانگی جارێك خۆی پشكنین بۆ خۆی بكات، باشترین كاتیش 5 ڕۆژ دوای سوڕی مانگانەیە، ئەوانەی سوڕی مانگانەیان تەواو بووە هەموو یەكی مانگێك بكەنە ڕۆژی خۆپشكنین.

هەروەها هەموو ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵ دەبێت ئەشیعەیەكی مەمك بگرێت كە پێی دەوترێت (مامۆگرافی)، لە چەند نەخۆشخانەیەكی سلێمانی ئەو پشكنینە هەیە.

خانمان چۆن خۆیان بپشكنن مانگی جارێك؟

بۆ پشكنینی مانگانە پێویست بە سەردانی پزیشك ناكات، بەمجۆرە:

دەستت بەرزبكەرەوەو قۆڵت نزم بكەرەوەو دواتر كەمێك شانت بەرزبكەرەوەو دەست بخەرە كەلەكەت، بەهێواشی بە هەردوولادا بسوڕێ سەرنجی گۆڕانكارییەكانی سنگت بدە، (سەرنجی قەبارەو شێوە – گۆی مەمكت – شێوەی ڕەنگی پێست) ئەگەر گۆڕانكارییەكی نائاساییت بەدی كرد، وەك؛ گۆڕانی قەبارەی مەمك، سووربونەوەی مەمك یان گۆڕانی ڕەنگی پێست، ئاوسانی مەمك، گرێ یاخود بەناوداچوونی گۆی مەمك یان لاربوونەوەی گۆی مەمك‌و ناڕێك وەستانی مەمك. ئەوا سەردانی پزیشك بكە تا بزانرێت ئەو گۆڕانكارییە ئاساییە یان نا.

هەروەها وەك د.هاژە وتی، لەپی دەست بەكاردەهێنیت بۆ شێلانی گۆی مەمك‌و سنگت بە شێوەیەكی بازنەیی، ئەگەر هەستت بە گرێ كرد پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت(هەموو گرێیەك شێرپەنجە نییەو زۆربەی گرێكان بەتایبەت لە كچانی گەنجدا ئاسایین، بەڵام دەبێت پزیشك بیپشكنێت بۆ ئەوەی دیاریی بكات) بۆ بوونی گرێی بنباڵیش بەهەمان شێوە.

پاشان زەخت بخەرەسەر مەمكت، سەرنج بدە ئەگەر خوێن یان شلەیەكی زەردباوی لێهات ئەوا سەردانی پزیشك بكە. هەندێكجاریش پشت ئێشە لە ئافرەتاندا نیشانەیەكە بۆ شێرپەنجەی مەمك بەبێ دەركەوتنی نیشانەكانی دیكە.

شێرپەنجەكە ئەگەر بگاتە نیو سانتیم بۆ یەك سانتیم ئەوكات لە پشكنین دەردەكەوێت، ئەوكاتەش مانای وایە ئەو پڕۆسەی دروستبوونی شێرپەنجەیە 5 بۆ 7 ساڵە دەستیپێكردووە، د.هاژە بۆ پەرەگراف وتی"لەبەرئەوە ئەگەر وەرزش بكرێت‌و گرنگی بە خواردن بدرێت، ڕێگرییەكی باشە لە دروست نەبوون‌و تووش نەبوون بە شێرپەنجە، چونكە نەخۆشییەكە بە یەك بازدان دروست نابێت‌و پڕۆسەیەكە ماوەیەكی پێدەچێت".

بە پێچەوانەی كلتوری كۆمەڵگای كوردی، د.هاژە دەڵێت، هەڵەیە بە نەخۆش نەوترێت كە تووشی شێرپەنجە بووە، "لە ئەمەریكا توێژینەوە كراوە ئەوانەی پێیان دەوترێت زۆرتر دەژین‌و باشتر چارەسەرەكان كاریگەریی لەسەریان دەبێت".

دەربارەی نەخۆشخانەی هیوا، د.هاژە ئەوەی خستەڕوو، هیوا باشترین دەرمانەكانی دونیای هەیەو دوای ماوەیەكی كەم لە دەرچوونی نوێترین دەرمان لە ئەمەریكاوە دەگاتە لای ئەوان.

"شێرپەنجە بە بن گوێی هەر یەكێكمانەوەیەو دەبێت بزانین چۆن تووش دەبین‌و چۆن خۆمان بپارێزین"، ئەمە لە كۆتا قسەكانی سیمینارەكەی ئەو پسپۆڕەی شێرپەنجە بوو، لەگەڵ تەئكید كردنەوە لە وەرزش كردن‌و گرنگیدان بە خواردنی تەندروست، هەروەها دوركەوتنەوە لە گۆشتی سورو چەوریی، لەگەڵ زۆر خواردنی سەوزەو میوە.

پزیشكەكانی نەخۆشحانەی هیوا لە سلێمانی هەروەك د.هاژە، كەسیان عەیادەی تایبەتیان نییە‌و خۆیان یەكلایی كردووەتەوە بۆ نەخۆشخانەكە، ئەوان یەكەم گروپن لە سەرتاسەری عێراق ئەو بڕیارەیانداوەو جێبەجێیان كردووە، نەخۆشخانەكە ناوبانگێكی باشی هەیە بۆ چارەسەركردنی توشبووانی شێرپەنجە لە عێراق.

بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی نەخۆشخانەی هیواو ئاستی پێشكەوتن‌و چارەسەر لە نەخۆشخانەكە، بینەری ئەم گفتوگۆیەی ئەمڕۆی(4-2-2020) پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە بن لە كەناڵی ڕووداو.