"ناتوانن ڕاوچییەكیش دەستگیر بكەن"؛ پۆلیسی دارستانی خانەقین لە زێدی خۆی بۆتە میوان

05-08-2020 05:08
دیمەنێك لە شاری خانەقین.

پەرەگراف

پۆلیسی دارستانی خانەقین، لە دوای لێكەوتەكانی ڕیفراندۆمەوە دەسەڵات و چالاكیی لە ناوچەكەی خۆیدا نەماوە، تەنانەت ناتوانێت ڕاوچییەكی ئاژەڵیش دەستگیربكات.

ئەو هێزە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیانن، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، تەنیا وەك ناو ماونەتەوەو دەسەڵاتیان لە قەزاكەدا نییە، كە ئێستا دۆسیەی ئەمنی بەدەست هێزە عێراقییەكانەوەیە.

"چالاكییان كەمە و تەنانەت ئەگەر ڕاوچیش هەبێت ناتوانن بیگرن" سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی مافی لێدوانی نییە، دەڵێت، پۆلیسی دارستانی خانەقین ئەگەر بە بەرچاویانەوە دار ببڕدرێتەوە یان ڕاو بكرێت، ناتوانن هیچ ئیجرائاتێك بكەن، "چونكە ڕێگایان پێ نادرێت و دەڵێن ئێوە سەر بە هەرێمن نابێت لەم سنورە چالاكیتان هەبێت".

پۆلیسی دارستانی خانەقین 30 كارمەندی هەیە، ئەركی پاراستنی ژینگە و ڕاوەدونانی ڕاوچی و پاراستنی ئاژەڵی كێوییە.

قەزای خانەقین و ناوچەكانی جێناكۆك، لە ئۆكتۆبەری 2017ـەوە پێشمەرگەی تێدا نەماو كەوتنە دەستی هێزە عێراقییەكان، كاتێك هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەهۆی لێكەوتەكانی ڕیفراندۆمەوە پەیوەندییەكانیان گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

سەرچاوەكە وتی "زیاتر لە 10 ساڵە ئەو هێزە ڕەوانەی گوندی مەلارەحمان لە نزیك خانەقین كراون، بەڵام چەند ساڵێكە شوێنی ئەوان زۆر مەترسیدارە، بەهۆی كردەوەكانی داعش و گروپە چەكدارەكانی ترەوە".

لە ناوچەكانی خانەقین مانگانە چەندین كردەوەی توندوتیژی تۆماردەكرێن.

"پێویستە لەبری پۆلیسی دارستان؛ پێشمەرگە بهێنرێتە ئەو گوندە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە كوردەكانی ئەو سنورە بكەن" سەرچاوەكە وای وت.

هەروەها وتی "لەو سنورە پێشتر خەڵك كوژراوە، شەوانە تەقە دەكرێت و لەم ماوەی ڕابردوودا داعش لە چەند شوێنێك ئاڵایان هەڵكردبوو، جگە لە داعش حەشدی شەعبیش مەترسییە بۆ سەر كوردەكانی ئەو ناوچەیە".

ئەو گوندەی بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقینی تێدایە چەند ماڵێكی كوردی تێدایە و هەڕەشەی گروپە چەكدارەكانیان لەسەرە، ئەو هێزەش وەك پشتیوانییەك بۆ ئەو ماڵانە هێڵراونەتەوە.

لێپرسراوانی پۆلیسی دارستان، ڕەتیدەكەنەوە چالاكییان لەو سنورەدا نەبێت، لەكاتێكدا زۆرجار وێنە و ڤیدیۆی ڕاوكردنی ئاژەڵی كێوی لەو ناوچانەی خانەقین بڵاودەكرێنەوە و كەمترین كەسیش دەستگیردەكرێن.

موقەدەم ئەركان ڕەحمان، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین بۆ پەرەگراف وتی "بەشی پۆلیسی خانەقین لەو سنورە زۆر گرنگە، چونكە تاكە هێزی كوردین، بەپێچەوانەوە ژمارەیەكی زۆر چالاكیمان هەبووە و ئامارەكانیش لە بەڕێوەبەرایەتین".

موقەدەم ئەركان دەڵێت، كۆمەڵێك پێداویستی و داواكارییان هەیە لەوانە ئۆتۆمبیل و بەنزین و چەك، "بەڵام چالاكیمان هەر هەبووە بەتایبەت لەسنوری بنكەكانی خۆمان و گوندەكانی میرخاس و سەوزبڵاخ و شوێنەكانی تر".

دوای چەند ساڵێك لە ناكۆكی، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق، لە هەفتەكانی ڕابردودا بڕیاریاندا بە پێكهێنانی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و گۆڕینەوەی زانیاری و هاوكاری یەكتری لە خانەقین و ناوچەكانی تر.

مەلازم سەركەوت ڕەحیم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بۆ پەرەگراف وتی "بەشی دارستانی خانەقین یەكێكە لە بنكە چالاكەكان، بەڵام دەربارەی هۆكاری مانەوەی ئەو بەشە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم ئەوەیان بابەتێكی ئەمنییە و ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان نامانەوێت هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدەین".

خانەقین بەپێی دەستور ناوچەیەكی جێناكۆكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵام هێشتا دیارنیە كەی چارەنوسی حوكمڕانی یەكلادەكرێتەوە.