بەختیار عەلی: من تەنها لەو شوێنەدا هەم كە وشەكانم بۆی دەفڕن

06-10-2020 08:22
بەختیار عەلی، نووسەرو ڕۆماننووس. وێنەكە لە پەیجی نووسەر لە فەیسبوك وەرگیراوە.

دیمانەساز: سۆنیا گالەر
لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

ئەم دیمانەیە لەگەڵ نووسەرو ڕۆماننووسی ناوداری كورد لە بنەڕەتدا بە زمانی ئەڵمانی ئەنجامدراوە و دواتر كراوە بە زمانی ئینگلیزی. ماڵپەڕی پەرەگراف لە سەرچاوە ئینگلیزییەكەوە كردوویەتی بە كوردی.

ساڵانێكی زۆرە بەختیار عەلی لەناو كوردەكاندا نووسەرێكی ناودارە. لە ئەڵمانیا پاش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا) ناوبانگی پەیدا كرد. لەم دواییانەدا ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەكان)، دووەمین ڕۆمانی بەختیار عەلی بە زمانی ئەڵمانی، بڵاو كرایەوە.

پرسیار: ئێوە لە وتاری "ئەفسانەی ئەورووپای بەهەشت"دا دەنووسن كە "یادەوەری لەو شوێنەی لێی لەدایك بووە دەمێنێتەوە". ئێوە لە ساڵی ١٩٦٦ دا لە كوردستانی عێراق لەدایك بوون. ئایا كوردستان وەك بێشكەی یادەوەرییەكان و توانای داهێنانی هونەریت ماوەتەوە؟

بەختیار عەلی: یادەوەرییەكانمان دەتوانن ئازارمان بدەن و نەخۆشمان بخەن. نووسین یارمەتیم دەدات تا یادەوەرییەكانم تا ئاستێكی دیاریكراو بە ناكەسی بكەم و زیاتر وەك ئەزموونی گشتیی كۆی نەوەیەك مامەڵەی لەگەڵدا بكەم. لە ڕووی بابەت و ناوەڕۆكەوە، لە ڕۆژهەڵات و لە كوردستاندا ماومەتەوە، ئەمەش تەنها لەبەرئەوە نییە كە ڕۆژهەڵات كەرەستەی ئەدەبیی بەهێزمان دەداتێ، بەڵكو لەبەرئەوەی خەڵكی ئەوێ لە مەترسیدان: بیری تووندڕەوی و كینەی سیاسی ئەم بەشەی جیهانیان وێران كردووە. ئێمەی نووسەران و ڕۆشنبیران داوای ئەوەمان لێ دەكرێت ڕووبەڕووی ئەم پێشهاتانە ببینەوە.

پرسیار: تۆ لە هەمان وتاردا دەربارەی هێزی بەرهەمهێنەری هەڵهاتن دەنووسیت. ئێوە چۆن ئەو هێزە لە ڕووی هوونەرییەوە دروێنە دەكەن؟

بەختیار عەلی: هەڵهاتن یارمەتیمان دەدات تا ڕێكخستنە "ئاسایی"ـەكەی جیهانەكەمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و دابەشكردنی ناسیۆنالیستانەی جیهان –كە سەرەڕای پڕۆسەی بەجیهانیبوون هێشتا بەردەوامە- وەك شتێكی نائینسانی ببینین. هەڵهاتن دەكرێت هۆكارێكی باش بێت تا زیاتر و زیاتر خۆمان لە ناسیۆنالیزم ئازاد بكەین. یارمەتیمان دەدات تا دونیابینییەكی گەردوونیی نوێ دروست بكەین، دونیابینییەك كە هیچ پەیوەندییەكی بە بەجیهانیبوون بەمانا ئابوورییەكەیەوە نییە. لە بنەڕەتدا، ناتوانرێت هەڵهاتن لە هونەر جیا بكرێتەوە، چوونكە هونەر لە خۆیدا شێوەیەكی هەڵهاتنە. تەنها لە هونەردایە دەتوانرێت ئەم بەها گەردوونیانە، كە لە هەڵهاتنەوە لەدایك بوون، پێكەوە كۆ بكرێنەوە.

پرسیار: تۆ دەبوو لە ساڵانی ١٩٩٠ـكاندا كوردستان جێ بهێڵیت. بۆچی ئەوێت جێ هێشت و ئێستا هەستت بەرامبەر كوردستان چۆنە؟

بەختیار عەلی: من ئامادەكاری گۆڤاری فەلسەفیی (ئازادی) بووم. چالاكییەكانی من وەك ڕۆژنامەوان و نووسەرێك زۆر كەسایەتیی سیاسییان تووڕە كرد. لە ساڵی ١٩٩٤ دا، شەڕێكی ناوخۆی خوێناوی لە باكووری عێراق هەڵگیرسا. من و هاوڕێكانم لە گۆڤارەكەدا لەژێر فشارێكی تونددا بووین. بەردەوام لە لایەنە جیاوازەكانەوە هەڕەشەمان پێ دەگەیشت؛ چیتر نەماندەتوانی لە وڵاتدا بمێنینەوە. من ستایشی ئیرادە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم. ئەم سیفەتانە هاوكاری خەڵك بوون تا ساتە زۆر سەختەكان تێپەڕێنن. من قینم لە هەموو سیاسییەكانە، بەڵام هێشتا ڕیزێكی زۆرم بۆ خەڵكەكەی ئەوێ هەیە.

پرسیار: چی وای لێ كردیت دەست بدەیتە نووسین؟

بەختیار عەلی: من دەنووسم تا كۆتوبەندەكانی واقیع تێك بشكێنم. من دەنووسم تا مانای ئازادی لە وەهمە سیاسییەكان ڕزگار بكەم. هەستكردن بە ئازادی و شەڕكردن بۆ ئەو ئازادییە بەبێ ئەوەی لە واقیعدا لە ڕووی سیاسییەوە چالاك بم یەكێك بووە لە ئامانجەكانی پیشەی من وەك نووسەرێك.

پرسیار: ئێوە بۆ زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین. كەچی بۆ یەكەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ دا یەكێك لە ڕۆمانەكانت وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئەڵمانی. بەر لەو كاتە، ئایا ئەو كەسانەی لە ئەڵمانیا تۆیان دەناسی دەیانزانی تۆ هونەرمەندیت؟

بەختیار عەلی: من هەر لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە لای كوردەكان ناسراوم. بەڵام هەتا ئەم دواییانە، هەرگیز نەمدەتوانی لە ئەڵمانیا وەك نووسەرێك خۆم بناسێنم. مۆسیقارەكان و وێنەكێشەكان دەتوانن لە هەر شوێنێك و لە هەر كاتێكدا نیشانی بدەن كە هونەرمەندن. وەلێ وەك نووسەرێك، من تەنها لەو شوێنانەدا زیندووم كە وشەكانم دەژین و هەناسە دەدەن و بۆی دەفڕن. من تەنها لەو جێگایەم كە زمانەكەم دەنگ دەداتەوە. زمانەكەم ناسنامەی نەتەوەییم نییە، بەڵكو پێشمەرجی بوونی منە وەك نووسەرێك.

پرسیار: بۆ كوردەكانی عێراق و سوریا و توركیا تۆ نووسەرێكی ڕێزلێگیراویت. ئایا پێتان وایە خوێنەرانی كورد و خوێنەرانی ئەڵمانی جیاوازتر دەخوێننەوە؟

بەختیار عەلی: بە شێوەیەكی گشتی خوێنەرانی كورد بە شێوازێكی سیاسی تێكست لێك دەدەنەوە؛ بە گوێرەی لایەنداریی سیاسیی نووسەر، یان وەك شەیتانێك یان وەك پێغەمبەرێك دەتبینن. ئەوەش زۆر بێزارم دەكات، چوونكە تێكست دەبێت بەبێ پێشداوەریی سیاسی بخوێنرێتەوە. لێرەش، هەندێك لە خوێنەرانی ئەورووپی ناتوانن خۆیان لە وێنەی هەزار و یەك شەوە ئازاد بكەن. كلتووری ڕۆژهەڵاتی زۆرجار كورت دەكرێتەوە بۆ دوو ڕەهەند، هەزار و یەك شەوە و ئیسلامگەرایی، ئەوەش هیچ پەیوەندییەكی بە واقیعەوە نییە. بەداخەوە، زۆرێك لە خوێنەرانی ڕۆژئاوایی هۆشیارییەكی كەمیان بە ڕۆژهەڵات و مێژووەكەی هەیە. كەمیی زانیاریی هەمیشە ترسناكە و وا دەكات پەیوەندی دروستكردن سەخت بێت.

پرسیار: هەردوو ئەو ڕۆمانەی كە وەرگێڕدراون بۆ ئەڵمانی لەلایەن تیمێكی دوو كەسییەوە وەرگێڕدراون. ئەوە چۆن ڕووی دا؟

بەختیار عەلی: بۆ پێشەوا فەتاح و ڕاوێژ سەلیم وەرگێڕانی تێكسەتەكانی من خولیایەكی گەورەیە: لە ڕیشەی ئەم پڕۆسەیەدا ڕۆحیەتی خۆڕاگری، ڕۆحیەتی خەباتێكی نەبڕاوە بوونی هەیە. هیچ كامیان هیچ ئومێدكیان نەبوو كە وەرگێڕانەكە هەرگیز بڵاو بكرێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بێ ماندووبوون كاریان لەسەر دەكرد. لە قۆناغی دووەمدا، ئوتە كانتێرا لانگ و هانس ئولریخ مولەر شویفەر هاتنە ناو پڕۆسەكەوە. ئەوان هەموو كاری پێداچوونەوەكانیان دەكرد. ئەم وەرگێڕانانە بەرهەمی باوەڕ و ئەوینێكی قووڵن بۆ ئەدەب.

پرسیار: دەبێت چی بكرێت تا ئەدەبی زمانی كوردی ئاوڕی زیاتری لێ بدرێتەوە؟

بەختیار عەلی: ئێمە پێویستمان بە كاری كلتووری و وەرگێڕانی زیاترە. كەس یارمەتیمان نادات گەر خۆمان یارمەتی خۆمان نەدەین. خۆپیشاندانی سەر شەقام و ڕاوەشاندنی ئاڵا بەس نین. ئێمە دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵی قوربانی بوەستین.

پرسیار: گەر سەیری وڵاتی زێدت بكەین، دەبینین شتێكی كەم هەیە جێگای گەشبینی بێت. پێت وایە چارەیەكی سیاسی بۆ دۆخی كورد هەیە؟

بەختیار عەلی: بەبێ بوونی دیموكراسییەكی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتدا، هیچ چارەیەكی سیاسی بۆ كوردەكان لەئارادا نابێت. دیكتاتۆرەكان حەزیان بە جیهانێكی ئارام نییە. دەوڵەتە سەربازییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە كەسێكە ڕقیان لێی بێت، ئەوان كوردیان وەك دوژمنی هەمیشەیی خۆیان داناوە. ئەوان سوود لەم دۆخە وەردەگرن. لە ڕۆژهەڵاتدا فاشیزم پەیوەنیدارە بە ناسیۆنالیزمەوە. بەبێ سەركەوتن بەسەر ناسیۆنالیزمدا، هیچ گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە نایەتە ئاراوە.

پرسیار: ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەكان) سروودێكە لە ستایشی هێزی چیرۆكخوانیدا. ئایا ئێوە كەسێكی ئومێدگەران؟ هونەر دەتوانێت مرۆڤایەتی ڕزگار بكات؟

بەختیار عەلی: هونەر دەتوانێت هاوكارمان بێت تا دووبارە ئەو شتە بدۆزینەوە كە چەپێنراوە. ئەوەش هێزە مەزنەكەیەتی. ناتوانیت بەبێ بەرەنگاری بیر لە خۆرهەڵات بكەیتەوە. بەڵام سەرڕێخستنی بەرەنگاری بەبێ ڕشتنی خوێن و بڵاوكردنەوەی ترس ئاسان نییە. هونەر شێوەیەكی ئاشتییانەی بەرەنگاری و ڕزگارییە. بە دڵنیاییەوە، من لێرەدا مەبەستم ڕزگارییەكی مەسیحی یان ڕزگارییەكی مێژویی بە مانا ماركسییەكەی نییە. من وەك پڕۆسەیەكی ڕۆژانە بیر لە ڕزگاری دەكەمەوە: ڕزگاركردنی ئەوین، بەهاكان، ژیان. هونەر هاوكارە بۆ ئەوەی توانای بەرەنگاری بە زیندویی و بەهێزی لەناو ئێمەدا بمێنێتەوە.