حكومەت بڕی هاوكارییەكان دەشارێتەوە؛ سەرمایەدار و خێرخوازان نیوەی جەنگی كۆرۆنایان كرد

28-10-2020 04:58
نەخۆشخانەی ئاسا لە سلێمانی لەلایەن سەرمایەدارانەوە دروستكرا.

پەرەگراف- دێكان عەلی

نیوەی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرمایەدارانەوە دروستكران، تەندروستی جیهانیش زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار هاوكاری كردووە و حكومەتی هەرێم 28 ملیاری خەرجكردووە.

ئەگەر سەرمایەدار و خێرخوازان دەستی هاوكارییان بۆ كەرتی تەندروستی درێژنەكردایە جەنگی حكومەت بەرامبەر كۆرۆنا سەختتر دەبوو، ئەوان لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەكەدا پشتی حكومەتیان گرت.

هەر كە ئەو پەتا جیهانییە گەیشتە هەرێمی كوردستان، سەرمایەدارەكان بە دروستكردنی نەخۆشخانە، دابینكردنی دەرمان، ئۆكسجین، بڕێكی كەمیش پارە، كۆمەكی حكومەتیان كرد.

خێری سەرمایەدار و خێرخوازەكان تینویەتی حكومەتیان نەشكاند، سەرەڕای درێژەكێشانی قەیرانی دارایی، حكومەت بودجەی تایبەتی تەرخانكرد، بەو حاڵەشەوە پێناچێت كەرتی تەندروستی لە تاقیكردنەوەی كۆرۆنادا دەربچێت.

سەرمایەداران چۆن هاوكارییان كرد

لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆڤید 19دا، چەندین نەخۆشخانە لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە نەخۆشانی كۆرۆنا لەلایەن خێرخوازانەوە دروستكران.

لەوانە؛ نەخۆشخانەی (ئاسا)، لە شاری سلێمانی، نەخۆشخانەی (ئیماراتی) لەپارێزگای هەولێر، نەخۆشخانەی (قەڵا) لەئیدارەی گەرمیان، نەخۆشخانەی (وەفا) لەپارێزگای هەڵەبجە، نەخۆشخانەی (بێشكان) لەقەزای دەربەندیخان، نەخۆشخانەی نەخۆشیە گوازراوەكان لە ڕاپەڕین ملیار دیناری لەلایەن خێرخوازانەوە تێدا خەرجكراو تەواو نەكرا، دواتر هاوسەرۆكی یەكێتی تەواوكردنی گرتە ئەستۆ.

سەرمایەداران حاجی عابید هەورامی‌و ئاسۆ بامۆكی یارمەتی تەندروستی هەڵەبجەیاندا، بەبڕی 700 هەزار دۆلار نەخۆشخانەی وەفایان بە سەرجەم ئامێر و پێداویستیە پزیشكییەكانەوە لە ماوەی 19 ڕۆژدا دروستكرد.

هەورامی بە پەرەگرافی وت "چەندین مانگ هاوكاریمان كردووەو مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەكەمان دابین كردووە و پشت بەخوا بەردەوامیش دەبین لە هاوكاری و كۆمەككردنی خەڵكی پارێزگاكەو بە ئەركی خۆمانی دەزانین لەم دۆخە قورسە هاوكاری نەخۆشەكان و نەخۆشخانەكە بكەین".

جگە لە دروستكردنی ئەو نەخۆشخانانە سەرمایەداران بە دەرمان، ئۆكسجین‌و پارە هاوكاری كەرتی تەندروستیان كردووە، بۆ زانینی بڕی هاوكارییەكە پەرەگراف پەیوەندی بە بەرپرسانی وەزارتی تەندروستی، لیژنەكانی تەندروستی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان كرد هیچیان ئاماری تەواویان لە بەردەست نەبوو.

لە بەشێك لە قەزاكان لیژنە بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری پێكهێنرا، لە سەیدسادق كێشەیەك ڕوویداو خێرخوازێك دوای ئەوەی بەڕەزامەندی خۆی بڕی 10 هەزار دۆلاری بەخشییە نەخۆشخانەی كۆرۆنا، بەڵام داوای پارەكەی كردەوەو بڕی 10 هەزار دۆلارەكەی بۆ گەڕێندرایەوە، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی "گەندەڵی لە خەرجكردنی پارەكەدا كراوە"، بەڵام ئیدارەی شارەكە ئەوەیان ڕەتكردەوە.

جگە لە سەرمایەدار و خێرخوازانی ناوخۆیی، بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دووجار هاوكاری وەزارەتی تەندروستی كردووە بڕی هاوكارییەكە زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاری پێداویستی تەندروستی وەك؛ خۆپارێزی كەسی و ئامێری هەناسەدان و موغەزی و زۆر شتی دیكە بووە.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، بۆ پەرەگراف وتی: حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی خۆی داوە بەهاوكاری خێرخوازان و ڕێكخراوەكانی ناوخۆیی و جیهانی و كونسوڵی وڵاتان لە هەرێم، تا بەباشترین شێوە ڕێگری بكات لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە.

وتیشی "لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتاكە چەند نەخۆشخانەیەك لە پارێزگاو شارەكانی هەرێمی كوردستان دروستكران زۆرینەو تەنانەت لە هەندێكیان سەرجەم ئامێر و پێداویستییە پزیشكییەكان، لەلایەن خێرخوازانی شارەكانەوە دابینكران"، بەبێ‌ ئەوەی ئامادەبێت لەمڕووەوە ئاماری ورد ئاشكرا بكات.

هاوكات سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ئەوان ئامارو داتایان لەبەردەستدا نییە تا بەدیاریكراوی بڵێن لە حەوت مانگی ڕابردوودا ئەوەندە خەرجكراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

زێباری، ستایشی سەرمایەداران دەكات بۆ هاوكارییەكانیان، بەڵام وتی "وەكو لیژنەكەمان بڕی هاوكارییە مادییەكە نازانین، بەڵام بە دابینكردنی ئامێر هاوكارییان كردووە".

لە سەروبەندی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كەمپینی "بەیەكەوە بەهێزترین" بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری و بەخشین ڕاگەیاند.

كەمپینەكە 17/3/2020 ڕاگەیەندراو تا سەرەتای مانگی چوار بڕی 18 ملیۆن و 183 هەزار و 175 دۆلار كۆكرایەوە، ئەوەش بەپێی ئەو لیستی هاوپێچەی سەرپەرشتیارانی كەمپینەكە بڵاویانكردەوە.

پەرەگراف پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنانەوە كرد كە بۆ كەمپینەكە دانرابوون، یەكێكیان داخرا بوو، ئەوی دیكەشیان وەڵامی پەیوەندییەكەی دایەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئامادەنەبوو زانیاریی بە پەرەگراف بدات لەسەر ماوەی كەمپینەكەو ئەو بڕە پارەیەی كە كۆكراوەتەوە.

هەر لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، ڕۆژی 1-4-2020 جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوو مانگی خۆیان ببەخشن.

حكومەت چی كرد؟

كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە بەرەو پێشچوونی بەخۆوە بینیوەو نەخۆشخانە و سەنتەری مۆدێرن و پێشكەوتوو كراونەتەوە، بەڵام خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە تایبەت لە كەرتی گشتیدا بە دڵی هاوڵاتیان نین.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی چەند نەخۆشخانەیەكی حكومی تەرخانكرد بۆ چارەسەری تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە.

هەولێر؛ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا، نەخۆشخانەكانی پێشمەرگە‌، ئیماراتی ‌و ڕزگاری.

سلێمانی؛ نەخۆشخانەكانی جمهوری، شەهید ئاسۆ، شەهید هێمن، شەهید تاهیر والی بەگ

دهۆك؛ ئازادی، نەخۆشخانەی سووتان و جوانكاری، نەخۆشخانەی كاڤین و نەخۆشخانەی لالاڤ.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆڤید 19 نرخی نەوتیش دابەزی بەوەش داهاتی حكومەتی هەرێم بە تەواوەتی كەمیكرد و توانای دابینكردنی موچە و بەشێك لە خەرجیەكانی نەما.

بەڵام بەدوو شێوە خەرجی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تەرخانكرد؛

*مانگانە 6 ملیار دینار بۆ فەرمانگە تەندروستییەكان و 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی خەرج كراوە، 70%ی خەرجییەكانیش بۆ بەرەنگاری و چارەسەری كۆرۆنا بووە.

*جۆری دووەمی خەرجییەكان لە بودجەی فریاگوزاریی بووە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە تەرخان كراوە و ئەویش تا ئێستا 28 ملیار دینار خەرج كراوە، بەم ڕێژەیە:

شاری سلێمانی٪43

شاری هەولێر٪34

شاری دهۆك٪23

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت "دابەشكردنەكە لەسەر بنەمای ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشییەكە بووە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیش بە دوو جار تەنیا 5 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی كوردستان خەرجكردووە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، لە ئاستی هاوكارییەكان و بودجەی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا ڕازییە.

لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە زیاتر لە 7 هەزار تێست بۆ دەستنیشانكردنی كۆرۆنا دەكرێت و تا 27ی ئۆكتۆبەر زیاتر لە 621 هەزار پشكنین لە 28 تاقیگەی گشتی و تایبەت كراون.

زیاتر لە 3 هەزارو 400 بوتڵی پلازما وەرگیراوە بۆ بەكارهێنان بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا كە لە نێوان پارێزگاكان ئاڵوگۆڕكراوە. هەر بوتڵێكی پلازما بڕی زیاتر لە 400 هەزار دینار خەرجیی پێویستە.
تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە 28/10/2020، لە هەرێمی كوردستان 73 هەزار و 49 كەس توشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 41 هەزار و 573 كەس چاكبونەتەوە و 2 هەزار و 388 توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

كاری فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكومەت لە هەرێم لە چوارچێوەی سیستمی ئەلكترۆنیدا ڕێكنەخراون، دەرگای حكومەتیش بەڕووی زۆربەی ڕۆژنامەنوساندا بۆ داتاو ئامار داخراوە.

ئەو هۆكارەو ناشەفافییەتی حكومەت، سەرجەم هەوڵەكانی دوو هەفتەی پەرەگرافی بێ‌ ئاكام كرد بۆ زانینی بڕی هاوكاری و چۆنیەتی خەرجكردنی هاوكاری و كۆمەكی سەرمایەدار و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بۆ تەندروستی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنادا.

پەرەگراف لەڕێی مۆبایلەوە پەیوەندی كرد بە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، دوو ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، نوسینگەی وەزیری تەندروستی، وتەبێژی حكومەت، بەشێكیان وەڵامیاندایەوە، بەڵام هیچیان داتایان لا نەبوو لەسەر بڕی هاوكاری خێرخوازان و وتەبێژی فەرمیی حكومەتیش وەڵامی نەدایەوە.

دێكان عەلی، ئەم بنكۆڵكارییەی ئامادە كردووە لە چوارچێوەی خولێكی ڕاهێنانی چڕی ڕۆژنامەوانیی ماڵپەڕی پەرەگراف كە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتی دارایی كردووە.