فریای كچانی ئێزیدی بكەون لەناو كەمپەكاندا

13-01-2021 08:00
نه‌ینه‌وا، 2018، ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت له‌ كاتی سه‌ردانی گۆڕی كه‌سوكار و ئازیزانیان له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

پەرەگراف- كەركوك ناو

هەر كە كارەبا بڕا، تاریكی باڵی بەسەر خێمەكەدا كێشا، ئەحلام خێرۆ كە تەمەنی تەنیا (15ساڵ) بوو، چووە حەمامی ماڵەكەیان و دەرگای لەخۆی داخست، ئیتر ئەو بەهیچ شێوەیەك بەپێی خۆی نەگەڕایەوە و چووە پاڵ ئەو چیرۆكە تراژیدیانەی كە شەش ساڵە لەناو خێوەتی ئاوارەكاندا دوبارە و دوبارە دەبنەوە.

ئەحلام خێرۆ لە 4ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، لەناو حەمامێكی بچوكی ماڵەكەیاندا لە كۆمەڵگەی شاریا لە دهۆك كە تایبەتە بە ئاوارە ئێزیدییەكان بە هەڵواسراوی تەرمەكەی دەرهێنرایە دەرەوە، ئەوەش بووە چوارەم ژن و كچی ئێزیدی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا گیانیانلەدەستداوە بە هۆكاری "كوشتن و خۆخنكاندن بە پەت".

سادق خێرۆ، برای ئەحلام كە هەمان ئێوارە پێكەوە نانیان خواردووە و وەك خۆی دەڵێت "هەمووان لە ماڵەوە دڵخۆشبوین"، وتی "خوشكەكەم هیچ نیشانەیەكی خەمۆكی نەبوو، دوای نانخواردنی ئێوارە كارەبا بڕا و لە ماوەی چارەكە سەعاتێكدا چووە حەمام و نەگەڕایەوە".

"یەكەم كەس كە بانگی ئەحلامی كرد دایكم بوو، هەر ئەویش دەرگای حەمامی كردەوە و بینی ئەحلام پەتێك بە ملیەوەیە و خنكاوە"، سادق وتیشی "هەمومان توشی شۆك بوین، ئێستاش باوەڕناكەم ئەحلام چۆن خۆی خنكاندووە!".

ئه‌سمه‌هان (20 ساڵ) لای راستی وێنەكە، لەگەڵ ئەحلام خێرۆ (15ساڵ) لای چەپ، هەردوكیان لە هەفتەی یەكەمی ئەمساڵ لەناو كەمپی ئاوارەكاندا بە پەت خنكان.

پۆلیسی دهۆك مۆبایلی ئەحلامی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ لێكۆڵینەوە و هێشتا هیچ رونكردنەوەیەكی نەبووە لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان.

بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی شنگال – لە پارێزگای دهۆك جێگیربون- لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ەوە 250 ئێزیدی لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت گیانیانلەدەستداوە كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون.

بەڵام ئامارەكانی سەرەتای ئەمساڵ مەترسیدارتر دەردەكەون، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێدا، پێنج كەس بە فیشەك و خنكان بە پەت مردون، كە چواریان لە رەگەزی مێ بون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رێكخراوی داك بۆ گەشەپێدان كە لەناو كەمپەكاندا كاردەكەن.

سادق خێرۆ لەبارەی ئەو روداوەی بەسەر ئەواندا هاتووە، وتی "لەوانەیە زۆر كەس بڵێن كەسوكاری زانیاریی دەشارنەوە، سوێند بەخوا هیچ شتێك نازانین و لەناو كۆمەڵگەش هەست بە شەرمەزاریی دەكەین".

بەڵام وتی "مانگێك پێش ئێستا ئەحلام فەیسبوكەكەی داخست، بەڵام هیچی بە ئێمە نەوتووە لەسەر داخستنی فەیسبوكەكەیی و مۆبایلەكەی ئێستا لای پۆلیسە... ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایی پۆلیسی دهۆكین".

بورهان حەجی عەلی، بەڕێوەبەری كارگێڕی لە قایمقامیەتی شنگال، وتی "بارودۆخی ئاوارەكان لە هەموو رویەكەوە بەرەو خراپبون دەڕوات و ئامارەكانی كوشتن و خۆكوشتن زۆرن لەناو كەمپەكاندا، بۆیە پێویستە بە زوترین كات رێكخراوەكان و دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن".

"بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پێویستە هەلی كار بۆ ئاوارەكان دابینبكرێت و هەندێك سەنتەری دەرونی لەناو كەمپەكاندا بكرێنەوە تا بەردەوام چارەسەری ئەو كەسانە بكەن كە نەخۆشی دەرونییان هەیه،‌ یان هەوڵدەدەن لەبەر هەر هۆكارێك پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن"، بورهان حەجی عەلی وایوت.

دهۆك/ كەمپی ئاوارەكانی كەبەرتوو كە زۆرینەیان ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز

هێشتا زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی ئێزیدی كە زۆرینەیان لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكن نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بە هۆكاری جیاجیا لە نێویاندا هۆكاری ئەمنی، دوو ئیدارەیی و نەبونی خزمەتگوزاریی.

سوزان سەفەر، بەڕێوەبەری رێكخراوی داك بۆ گەشەپێدان وتی "سوشیاڵ میدیا و دەزگا راگەیاندنەكانی رۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕن لە زیادبونی حاڵەتەكان، هەر حاڵەتێك روبدات بە وێنە و زانیاریی بڵاویدەكەنەوە، ئەمە دەبێتە هاندەر بۆ ئەوانەی نیازی خۆ خنكاندنیان هەیە، هەركاتێك حاڵەتێك دروستبێت ئێمە دەزانین دوای ئەوە چەند كەسێكی دیكە خۆیان دەخنكێنن".

حكومەتی عیراق لە كۆتایی 2020 زۆرینەی كەمپەكانی داخست، تەنیا ئەوانەی هەرێمی كوردستان نەبێت كە بەپێی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەمێننەوە تا ئاوارەكان خۆیان بڕیاردەدەن.

سوزان پێیوایە بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ داخستنی كەمپەكان "هەنگاوێكی خراپ" بووە و كاریگەری لەسەر "زیادبونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن" هەبووە لەناو كەمپەكاندا.

"بەهۆی ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراقەوە، زۆرینەی رێكخراوە نیودەوڵەتییەكان لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك كشانەوە و هاوكارییەكانیان راگرت، حكومەتیش كەمپەكانی زۆر پشتگوێخستووە و سەنتەرەكانی دەرونی لە زۆربەی كەمپەكان نەماون، لەكاتێكدا پێشتر لەیەك كەمپ سێ تا چوار سەنتەری دەرونی هەبون"، سوزان سەفەر وای وت.

هەروەها وتی "دەیانجار هاوارمان كردووە‌ دۆخی شنگال جیاوازە لەگەڵ ناوچەكانی تر و ئاوارە ئێزیدییەكان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان... پێویستە بەردەوام خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان دابینبكرێن و بیر لە فەراهەمكردنی دەرفەتی كار بكرێتەوە".