"لەهەركوێبیت لەگەڵتام"؛ پڕۆژەیەك لە منداڵانی كوردی بەریتانیاوە بۆ هەرێمی كوردستان

03-03-2021 12:55
هاوكاریی كۆكراوەی منداڵانی پڕۆژەكە.

پەرەگراف- تارا عەزیز

ئۆفێلیای تەمەن ١٢ ساڵ و هاوڕێكانی ماوەی شەش مانگ كار دەكەن لە پڕۆژەی "لەهەركوێبیت لەگەڵتام" بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی‌ بۆ منداڵانی هەژار و بێسەرپەرشت لە كوردستان.

ئەوان پارەی دەغیلەكانیان كردووە بە سەرچاوەیەكی دارایی و هاوكاری بۆ منداڵانی هەژارو بێسەرپەرشت، چالاكیی ئەو منداڵە كوردانەی شاری بێرمینگهام، لەلایەن پڕۆژەی مێخەك و پڕۆژەی كۆمەكەوە ئامادەسازیی بۆ كراوە. سەرپەرشتیاران و ئەندامانی هەردوو پڕۆژەكە بە خۆبەخشی كار بۆ خزمەتكردنی كوردان دەكەن لە شاری بێرمینگهام و هەروەها لە كوردستانیش.

لازۆ ئازاد، دایكی ئۆفێلیایەو یەكێكە لە دامەزرێنەران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی مێخەك، بۆ پەرەگراف وتی "گرنگ ئەوە نییە منداڵەكانی ئێمە لەكوێن‌و لە كوێ لە دایك دەبن، گرنگ ئەوەیە هەموومان لە خەمی یەكدابین‌و هاوكاریی یەكتر بكەین. من بۆ ئەم پڕۆژەیە لە كچەكەی خۆمەوە دەستمپێكرد. چونكە باوەڕم وایە بۆ ئەم جۆرە كارانە و بۆ زۆر شتی تریش پێویستە لە خۆمانەوە دەستپێبكەین دواتر داوا لە كەسانیتر بكەین هاوكاریمان بكەن".

سەرەتای دەسپێكی ئەم چالاكییە

پڕۆژەی مێخەك هەستا بە ئامادەكردنی دەغیلەكان و هەروەها گەیاندنی بیرۆكە و پاكیجەكان بە منداڵانی دیكە لە ڕێگەی باوانیانەوە تا بەشداریی تێدا بكەن، ئەم چالاكییە هەوڵ‌و ماندووبوونێكی زۆری ویستووە، بەتایبەت بە هۆكاری ئەوەی لەو ماوەیەدا بەریتانیا قەدەغەی گشتیی هاتووچۆو پەیوەندییەكانی ڕاگەیاندبوو بەهۆی كۆرۆناوە، بەمەش زۆربەی پەیوەندییەكان لەڕێی ئینتەرنێت و تەلەفونەوە بەڕێوەچوون. بەڵام هەردوو پرۆژەكە هەموو هەوڵێكیان دا تاكو ئەم چالاكییە بەڕێوە بچێت و ئەو منداڵانەی خۆیان ناونووس كردبوو پاكیجەكانیان پێبگات.

مانگی حەوتی ٢٠٢٠ ئەم چالاكییەی كۆمەڵێك منداڵی كورد لە شاری بێرمینگهام دەستی پێكرد. پرۆژەی مێخەك لە ڕێگەی دابینكردنی ١٢ پاكێجی دڵخواز و سەرنجراكێشەوە بۆ منداڵان سەرەتای ئەم چالاكییەیان خستە ئەستۆ خۆیان و بەسەر دوانزە خێزانی كوردا دابەشكران. هەر پاكێجێك پێكهاتبوو لە دەغیلەیەكی دروستكراو لە كارتۆنی سپی و كەرەستەی جوانكاریی و ڕازاندنەوە بۆئەوەی منداڵەكان خۆیان دەغیلەكانیان بە خواستی خۆیان بنەخشێنن، هاوكات لە پاكێجەكەدا نامەی ڕوونكردنەوە سەبارەت بە ئامانجی چالاكییەكە بۆ دایك و باوكی منداڵەكان ئامادەكرابوون.

پڕۆژەی مێخەك بۆ ئامادەكردنی ئەم پاكیجە سوودمەند بووە لە هاوكاری و سەرنجی ئۆفێلیا و واران كە هەردووكیان دوو منداڵی لەدایكبووی شاری بێرمینگهامن.

"پڕۆژەی مێخەك بۆ هەموو ئەوكارانەی كە بۆ منداڵان كردوویانە بۆیان گرنگ بووە بەشداری و ڕاوبۆچوونی منداڵەكان وەربگرن هەر لەسەرەتای ئامادەكارییەكانییەوە بۆ چالاكییەكان چونكە بێگومان من پێم وایە منداڵەكان زۆر لە ئێمە داهێنەرترن و جوانبینترن، ئەوان خەیاڵیان تەنراوە بە پرسیار و گەڕان بە دوای نەزانراوەكاندا، بۆیە پێویستە بۆ هەموو شتێك كە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە سەرنج و بۆچوونیان بزانین" لازۆ ئازاد وای وت.

دایكی ئۆفیلیا ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج لەو چالاكییە تەنها كۆكردنەوەی پارە نەبووە، بەڵكو فێركردنی ڕۆحی بەخشین و بەشكردن و چاندنی هەستی هاوكاری و خۆشەویستی بووە لە ناخی منداڵانی كورددا كە زۆربەیان لە دایكبووی تاراوگەن و ئەو شوێنەی لێی لە دایكبوون بە نیشتیمانی خۆیانی دەزانن، "دەكرێت ئەگەر بە وریایی و بەرپرسیارێتییەوە پەروەردەیان نەكەین نەك تەنیا نەیانەوێت فێری زمانی كوردی بن بەڵكو، خۆشەویستیشیان بۆ نیشتیمانی باوانیان نامێنێت".

"زۆرێك لە منداڵانی ئێرە بەهۆی درووستنەكردنی كەش و هەوا و دەرفەتی گونجاوی منداڵان و تایبەت بە خۆیان زۆربەیان لە زمانی كوردی تۆراون، تەنانەت زۆر جار حەزیان لێنییە بۆ سەردانیش بگەڕێنەوە بۆ كوردستان. ئەم چالاكییە و هاوشێوەكانی هەوڵێكن بۆ درووستكردنی خۆشەویستیی لە دڵیاندا بۆ زمان و خاكی باوانیان" لازۆ وای وت.

ئەو چالاكییە، بەدەر لە منداڵەكان، بۆ دایك و باوكە كوردەكان زۆر جێی خۆشحاڵیی و تامەزرۆیی بووە، هەر بۆیە زۆرێك لە و منداڵانەی بۆ ئەم چالاكییە پێڕانەگەیشتوون كە بەشداربن داوایان كردووە ئاگادار بكرێنەوە تا بەشداریی بكەن لە چالاكییتری هاوشێوەدا.

پشتیوان محەمەد، یەكێك لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی كۆمەك لە شاری بێرمینگهام ئەوە دەخاتەڕوو، بە ماوەی كەمتر لە شەش مانگ منداڵەكان، زیاتر لە ٦٠٠ دۆلاریان كۆكردووەتەوە‌و لەئێستادا پارەكە گەیشتووەتە كوردستان.

"پارەكەمان ناردۆتەوە بۆ هەولێر لەوێ ستافەكانمان بڕیاریانداوە كۆمەكی ژمارەیەك منداڵی هەژار و بێسەرپەرشتی پێ بكەن" پشتیوان بۆ پەرەگراف وای وت.

سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، سەرنجێكی ووردیان خستووەتەسەر ئەوەی هەموو ئەو بڕە پارەیە بۆ دابینكردنی پێویستی سەرەكیی ژمارەیەك منداڵ تەرخان بكرێت.

"لەنێوان هەردوو پڕۆژەكە متمانەیەكی زۆر هەیەو دڵنیاین لە دڵسۆزیی هەموو ئەندامەكان لە گەیاندنی هاوكارییەكە" لازۆ ئازاد وای وت.

چالاكییەكەی ئەو كوردانەی تاراوگە، ئامانجێكی ژینگە پارێزیی و پەروەردەییشی بۆ منداڵەكان لەخۆ گرتووە.

لازۆ وتی "هەموو ئایدیاكانی ئێمە لە دەوری ئەوەدا كۆبووەتەوە چۆن ژینگە بپارێزین، چۆن بەرخۆریی نەكەین، چۆن وابكەین دەرفەت درووست بكەین بۆ منداڵەكان خەیاڵی داهێنەرانەی خۆیان هەبێت، چۆن وابكەین ئەوانیش حەزیان بەم جۆرە كارانە بێت، دەمانەوێت فێریان بكەین كە دونیا ئەوەیە كە لە واقعدا هەیە نەك ئەوەی كە لە یارییەكان و شاشەكاندا هەیە".

وتیشی "پێویستە منداڵەكان فێربكرێن كە پێویست نییە هەموو پارەی رۆژانەكەیان خەرج بكەن، ڕەنگە لە ئێستادا لێی تێنەگەن، بەڵام ڕۆژێك تێدەگەن ئەوەی كە تۆ دڵی منداڵیكی تر خۆش بكەیت زۆر لە كڕینی یارییەكی تازە گرنگترە".

هەنگاوی داهاتوو

بڕیاروابوو هەردوو پڕۆژەی مێخەك و كۆمەك ئامادەكاریی بكەن بۆ سازدانی ئاهەنگێك بۆ منداڵانی بەشداربووی ئەم چالاكییە هاوبەشە كە تیایدا بڕوانامە و دیارییان پێ ببەخشرێت و سوپاسیان بكەن بۆ ئەو هەوڵە گرنگەی داویانە بۆ هاوكاری منداڵانی كورد لە كوردستان، بەڵام بەهۆی درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆو پەیوەندییەكان لە بەریتانیا شێوازی ئاهەنگەكە گۆڕدراوە بە ئامادەكردنی دیاری و بڕوانامەی پێزانین.

پڕۆژەی كۆمەك پڕۆژەیەكی هاوكاری و چاكەخوازییەو ئامانج لێی كۆمەكی هەژاران و منداڵانی بێ سەرپەرشتە لە كوردستان، پڕۆژەی مێخەكیش ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن لازۆ ئازادو سروە عوسمان دامەزراوە، بە ئامانجی درووستكردنی دەرفەت و هاوكاریكردنی ژنان و منداڵانی كوردی بێرمینگهام و دەوروبەری.

"زۆر گرنگە بەلامانەوە بەردەوام بین لە كاری لەم جۆرە بۆ منداڵ و لەگەڵ منداڵان، مەرج نییە لە هەمان فۆرمدا، بەڵام بە شێوازێكی نوێ و ئایدیای نوێوە، نامانەوێ منداڵەكان بێزاربن بۆیە بە هاوكاری خۆیان دەرفەتی لەم جۆرەیان بۆ درووست دەكەین".

هەموو منداڵە بەشداربووەكان خۆشحاڵن بەوەی توانیویانە سنوورەكان ببڕن و هاوكارییەكانیان بگەیەنرێنە كوردستان بۆ ئەومنداڵانەی پێویستییان بە هاوكاریكردن و بەخشینە.

"مناڵەكان زۆریان پێخۆشبوو كە دەیانتوانی هاوكاری منداڵانی دیكە بكەن، ئەوەی پێویستە باسبكرێت ئەوەیە كە ئەوان وەكو گەورەكان نین داوا بكەن و بۆیان گرنگ بێت كە وێنەیان بڵاوبكرێتەوەو باس بكرێن لەبەرئەوەی هاوكاریی منداڵانی تریان كردووە. ئەوان نایەن بپرسن كە ئایا لە كوێ باسكرا و چەند لایك و كۆمێنتمان بۆ هات؟ منداڵان پاك و بەخشندەن و باكیان بە هیچ كام لەمانە نییە. ئەمەش دونیا جوانەكەی منداڵەنە كە دەبێت هەموومان كار بۆ ئەوە بكەین ژیان و دڵرەقییەكانی دونیای نوێی سەرمایەداریی نەیكوژێ و لەناوی نەبات" لازۆ وای وت.