مامۆستا "شكۆ"ـی دەوێت؛ وەزارەتی پەروەردە بە یاسا دەیپارێزێت

27-03-2021 02:03
یەكێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی بۆ پێدانی مووچەكانیان.

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

مامۆستا سەلام دوای تەمەنێك لە خزمەت و پەروەردەكردنی منداڵ؛ بە سەرما و گەرما، لە شەقامێكی ڕووتەڵەی بێ خزمەتدا چەند كاتژمێرێك بەپێوە دەوەستێت لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەی خانەنشینییەكەیدا.

ئەو دیمەنە مانگانە دوبارە دەبێتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی خانەنشین، لە بەردەم بنكەكانی وەرگرتنی موچەدا لە ڕیزدا دەوەستن، بەشێكیان ماوەماوە دادەنیشن تا ماندوێتییان دەردەچێت، هەندێكجار پاڵەپەستۆش دروستدەبێت.

كاتێك پەرەگراف پرسیاری "پاراستنی شكۆی مامۆستا"ی لێكرد، سەلام عەزیز، تەمەن 74 ساڵ، وتی، هەر ئەو سەرەگرتنە بۆ وەرگرتنی موچە بە لێبڕینی سەدا 21ـەوە بۆ خۆی "شكاندنی شكۆی مامۆستایە"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە لێبڕینی مانگانەوە كە ماوەیەكە حكومەت بڕیاری لێداوە.

شكۆی مامۆستا؛ ساڵانێكە جێی مشتومڕە، لەگەڵ هەر ڕوداوو و پێشهاتێكدا دێتەوە بەرباس، بەڵام هەروا زووش بێ هیچ دەرئەنجامێك بێدەنگیی لێدەكرێت.

دوایینجار، 22ی شوباتی 2021، شكۆی مامۆستا و چۆنیەتی پاراستنی باسێكی گەرم بوو، كاتێك لە خوێندنگەیەكی شاری هەولێر قوتابییەك بە چەقۆ هێرشیكردە سەر مامۆستاكەی و برینداریكرد.

ئەحمەد مستەفا، 68 ساڵ، مامۆستای خانەنشینە و لە باسی سەردەمی خۆیدا دەڵێت، هیچ بەها و شكۆیەكی جاران نەماوە، "كاتێك قوتابی بوم و لەگەڵ دایكم لە بازاڕ مامۆستایەكی خۆمم بینی، لە شەرمدا لە پشتی عەبای دایكمەوە خۆم شاردەوە، بەڵام ئێستا قوتابی ڕوبەڕوی مامۆستاكەی دەوەستێتەوە".

لە چەند ساڵی ڕابردودا، بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، مامۆستایان پێشەنگی ناڕەزایەتییەكان بون دژی دواكەوتنی موچەو خراپیی گوزەرانی خەڵك، لەو نێوەندەشدا باجیان داوە و یەكێك لەو ڕووداوانەی لە ناو خەڵكدا توڕەیی بەدواداهات؛ هێرشكردنەسەر مامۆستایەكی خۆپیشاندەری هەولێر بوو بە شەق.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "ژیان و گوزەرانی مامۆستا بابەتێكی سەرەكییە، بەڵام حكومەت وەك پێویست گرنگی بەپیشە و خودی مامۆستاو بگرە نوێنەری مامۆستایانیش نادات".

بەشێك لە مامۆستایان جگە لە خوێندنگە، بەهۆی پێنەدانی موچە بە تەواوی و لەكاتی خۆیدا، كاری دیكە و دور لە پیشەی خۆیان كە پەروەردەیە، دەكەن.

نەجمەدین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە پەرەگراف-ی وت "مامۆستاش وەك هەر كەسێكی دیكە، خێزانی هەیە و پێویستی بە دابینكردنی بژێوی ژیانە، كاتێك حكومەت بە دواكەوتن و لێبڕینەوە موچەی دەداتێ ناچاردەبێت كارێكی تر بكات، ئەوەش كار لە پیشەكەی و توانا و لێهاتوویی و كەسایەتی دەكات".

لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هیچ یاسایەك نییە تایبەت بێت بە پاراستن و پارێزگاری لە شكۆی مامۆستا، ئەوەش بە هۆكاری دووبارەبوونەوەی ڕووداوەكانی هێرشكردنە سەر مامۆستا و ناوەندە پەروەردەییەكان دادەنرێت.

بەوتەی ئەحمەد گەرمیانی، جگە لە نەبوونی یاسایەكی تایبەت، سوڵحی عەشایەری لە دەرەوەی دادگا و تەنازولكردن لەژێر هەڕەشەدا لەلایەن مامۆستایانەوە بۆ كەسی هێرشكەر، یەكێكی ترە لە گرفتەكانی سزانەدانی ئەو كەسانەی هێرشدەكەنە سەر مامۆستایان.

ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان، پێشنیازی بڕیاری (پاراستنی مامۆستایان و ڕێبەرە پەروەردەییەكان لە هەرێمی كوردستان)یان لە تشرینی یەكەمی 2019دا ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو هەر لەو مانگەدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام دیارنییە كەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە تا پەسەند بكرێت.

ئەو پێشنیازە بڕیارە تایبەتە بە پاراستنی شكۆی مامۆستا لەكاتی ئەرك و دوای خانەنشینی لەهەر هێرش و دەستدرێژییەكی كەسیی، عەشایەری و لایەنێكی دیاریكراو.

هەروەها سزای زیندانی لە یەك ساڵ تا پێنج ساڵ و غەرامەی یەك ملیۆن تا 10 ملیۆن دیناری داناوە بۆ ئەو كەسانەی هێرشدەكەنە سەر مامۆستا، جۆری سزاكەش بەپێی كەسی هێرشبەر دەگۆڕێت، ئەگەر خەڵكی ئاسایی یان خوێندكار یاخود ئەمنیی و بە پاڵپشتیی لایەن و هۆزی عەشایەریی بێت.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە كەرتی پەروەردە و لە نێویاندا پاراستنی شكۆی مامۆستا ناردۆتە ئەنجومەنی شورا بۆ پێداچونەوە و لە بەرنامەیدایە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی بكات بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردنی.

پەرەگراف بۆ دەسكەوتنی زانیاریی لەسەر پڕۆژەیاسا ئامادەكراوەكەی وەزارەتی پەروەردە و زانینی ناوەڕۆكەكەی، چەند جارێك پەیوەندی بە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەوبارەیەوە بە پەرەگراف بدات.

موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "چاوەڕوانی ناردنی پڕۆژەیاساكەی وەزارەتی پەروەردەین بۆ پەرلەمان و لە كاتی گفتوگۆكردنیدا پێداگردەبین لەسەر پاراستنی شكۆ و مافی مامۆستایان و جێگیركردنی لە پڕۆژە یاساكەدا".

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٣٠ هەزار مامۆستای هەمیشەیی، ٣٠ هەزار فەرمانبەر و ژمارەیەكیش مامۆستای وانەبێژ لەناو ناوەندەكانی خوێندندا هەن.