چۆن 20 هەزار جوولەكە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لەلایەن چینەوە ڕزگار كران؟

09-04-2021 08:20

پەرەگراف - هەكار مەحموود

بەچێژترین چیرۆك لە مێژووی شاری شەنگەهای، لە گەڕەكی تیلانكیا و ڕووی دا كە بووە "كەشتیی نوح" بۆ جوولەكەكان لە مێژووی نوێ و گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا.

لەناو جەرگەی شەنگەهای، لە نزیك باڵەخانە هەوربڕەكانەوە، بینایەكی چەند نهۆمی هەیە و ئەستێرەكەی داودی لەسەرە كە هێمای جوولەكەكانە. هەرچەندە ئەستێرەكە بچووكە، بەڵام سەرنجی زۆر كەسی ڕاكێشاوە، چونكە لەوێ یەكێك لە پڕچێژترین چیرۆكەكانی مێژوو ڕووی داوە.

ئەو شارە جەنجاڵەی چین بووە دواپێگەی هەزاران كەس لە سییەكانی سەدەی ڕابردوودا، ئەو كەسانە جوولەكەكان بوون كە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەرگایان بە ڕوودا داخست كاتێك لەسەر دەستی نازییەكان ڕووبەڕووی مەترسی بوونەوە.

شەنگەهای، مێرگێك بۆ هەموو ڕۆشنبیرییە جیاوازەكان و كۆبوونەوەی خاوەنی ڕەگەزنامە بیانییەكان، لەوانە: بەریتانی، فەرەنسی، ئەمریكی، ڕووسی، عێراق و خەڵكی چەند وڵاتێكی دیكە، بۆ جوولەكەكانیش بووە شوێنێك كە بەبێ مەرج دەرگای بە ڕوودا كردنەوە.

لە مەرگەساتی هۆڵۆكۆستدا كە لەنێوان ساڵانی 1933-1941 ڕووی دا، زیاتر لە 20 هەزار جوولەكە كە خاوەنی ڕەگەزنامەی جیاواز بوون، ڕوویان لە شەنگەهای كرد كە حەوت هەزار كیلۆمەتر لە ئەڵمانیا و پۆڵەندا و نەمساوە دوور بوو.

شەنگەهای تەنها شوێنێكی ئارام نەبوو بۆیان، بەڵكوو نوێش بوو. بەر لە 10 ساڵ بۆ یەكەم جار جوولەكە ڕووسییەكان چووبوونە ئەوێ، لەوێ بینایەكیان دروست كردبوو و ئەستێرەكەی داودیشیان وەك نیشانە لەسەر دانابوو، ئەو شوێنەشیان ناونابوو "خێمەی موسا" كە وەك پەرستگایەكە بۆ ئەوان.

خەڵكی شارەكە بە گەرمی پێشوازییان لە جوولەكەكان كرد، ئەوانیش لەو ژینگە ئارام و نوێیەدا كۆمەڵگەیەكی بەهێز و قوتابخانە و چەندین شوێنی كۆمەڵایەتییان دروست كرد كە پڕبوو لە ژیان، بەشێكیان بوونە پزیشكی ددان و بەشێكی دیكەیان پسپۆڕی گشتی، ئەوانی دیكەش شوێنی بازرگانی و قاوەخانە و یانەیان كردەوە.

ئەوان نەیادەزانی ئەو هەموو ڕێگەیەیان بڕیوە، بەڵام دەكەونە ژێر چنگی یەكێك لە بەهێزترین هاوپەیمانی نازییەكان. لە ساڵی 1941 ژاپۆن چووە شەنگەهای و داگیری كرد. لەژێر فەرمانی نازییەكاندا هێزەكانی ژاپۆن هەموو جوولەكەكانی شارەكەیان لە گەڕەكی تیلانكیاو كۆكردنەوە و لە كۆمەڵگەیان دابڕین، بەوەش یەكەم گەڕەكی داخراوی جوولەكە لە شەنگەهای بە ناوی گیتۆ دروست بوو.

ئەو مێژووە ڕەشە ئێستا لەسەر تابلۆیەكی بەردین لە سەیرانگای هۆشان لە گەڕەكی تیلانكیاو بە زمانەكانی ئینگلیزی و عیبری و چینی نووسراوەتەوە. شوێنەكە كەمێك بچووك و هێمنە، پڕە لە باخچەی سەوز و ڕێگا یەكتربڕەكان.

ڕاستە مێژووی گەڕەكی تیلانكیاو سەرنجی چەند گەشتیارێك لە جیهاندا بۆ خۆی ڕادەكێشێت، بەڵام هێشتا نەبووە بەو شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەی زۆر كەس سەردانی بكات.

ئەو شوێنەی سەیرانگاكەی لی َدروست كراوە، گەڕەكە داخراوەكەی یەهودییەكان بووە كە ڕووبەرەكەی نزیكەی میلێك چوارگۆشەیە، لە سەرەتای چلەكاكی سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە 15 هەزار جوولەكەی لێ ژیاوە، شوێنی سەیرانگاكەش ژووری دانیشتیان بووە كە لە ڕۆژدا لەوێ كۆبوونەتەوە.

جیاواز لە گەڕەكی داخراوی یەهودییەكان لە ئەورووپا، ئەوەی شەنگەهای بە دیوار جیا نەكرابووەوە، بەڵام دیفەر بار گال، ڕۆژنامەوانی ئیسرائیلی، دەڵێت "هەژاری باڵی بەسەر گەڕەكەكەدا كێشابوو، هەمووانی تووشی خەمۆكی دەكرد".

بار گال دەڵێت "بیركەرەوە پزیشك یان پارێزەر یاخود ئاوازدانەر بیت، لەناكاو ببیتە بێكار و لە گەڕەكێكی داخراوی شەنگەهای بژیت. هەرچەندە شوێنەكە خۆش نەبوو، بەڵام دانیشتوانەكەی دەیانویست پارێزگاری لە ژیانی خۆیان بكەن. نەریتەكانی خۆیان جێبەجێ دەكرد، شانۆیان پێشكەش دەكرد و مۆسیقایان دەژەند، بەوەش بڕێك پارەیان دەست دەكەوت".

ئەو ڕۆژنامەوانە دەڵێت، بەراورد بە ژیانی جوولەكەكانی ئەورووپا، ئەوانەی شەنگەهای پێش هاتنی هێزەكانی ژاپۆنیش كەمێك دەستكورت بوون، دوای داگیركارییەكەش دۆخیان خراپتر بوو، چونكە ناچار كران لە چوارچێوەیەكی داخراودا بژین، بە تەواوی ڕێگری لە چوونە دەرەوەیان دەكرا تەنانەت بۆ كاركردنیش.

"دواتر برسێتی و نەخۆشی لەناویاندا بڵاو بووەوە، بە تایبەت لەو ماڵانەی بە كۆمەڵ تێیدا دەژیان و ژمارەیەكی زۆر جوولەكەی تێدابوو، بە كۆمەڵێك زۆر یەك چێشتخانەی و تەوالێتیان هەبوو، هیچ تایبەتمەندییەك نەمابوو لە ژیانیاندا" دیفەر بار گال وا دەڵێت.

لە هۆڵۆكۆستدا شەش ملیۆن جوولەكە كوژران، 14 ملیۆن چینی لە سەرباز و كەسانی مەدەنی لەنێوان ساڵانی 1937 بۆ 1945 بوونە قوربانی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی پەنابەرە جوولەكەكانی شەنگەهای لە ژیاندا مانەوە.

دیڤید كرانزلەری نووسەر لەبارەی هۆڵۆكسۆتەوە ئاماژە بەوە دەكات ڕزگاربوونی ئەوانە "موعجیزەی شەنگەهای"ە. بار گالیش دەڵێت "ئەوان لەلایەن هێزەكانی ژاپۆنەوە نەكرانە ئامانج، بۆیە ڕزگاریان بوو".

كاتێك ساڵی 1945 جەنگی دووەمی جیهانی بە شكستی ژاپۆن و نازییەكان كۆتایی هات، هێزەكانی ژاپۆن لە شەنگەهای كشانەوە، بەپەلە یەهودییەكان كۆچیان كرد بۆ ئەمریكا و ئوستورالیا و كەنەدا، بەڵام ئەگەر لە سەرەتاوە شەنگەهای ڕێگەی بە چوونە ژوورەوەی ئەو 20 هەزار جوولەكەیە نەدایە، ئەوانیش لە ژیاندا نەدەمانەوە و دەبوونە قوربانیی دەستی نازییەكان.

ئێستا تیلانكیاو بووەتە گەڕەكێكی تەواو چینی، هیچ بیانییەكانی تێدا ناژی، لەو شارە گەورەیەشدا پێش بڵاوبوونەوەی پەتاكە تەنها چوار هەزار جوولەكە دەژیان، ئێستاش ئەو ژمارەیە بۆ دوو هەزار كەمبووەتەوە، بەڵام هیچ یەكێك لەوانە خزم و كەسی ئەوانە نین كە لەو سەردەمەدا لەوێ ژیان، بەڵام ناوبەناو نەوەی ئەو كەسانە سەردانی گەڕەكەكە دەكەن و دەیانەوێت بزانن باو باپیرانیان لەكوێ ڕزگاریان بووە؟

ئەو بینایەی لە گەڕەكەكەدا ئەستێرەكەی داودی لەسەر دانراوە، لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا ناوەندێكی كۆمەڵایەتی بووە، ساڵی 2007 بووەتە مۆزەخانە، مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردووش كرا بە ناوەندێكی لێكۆڵینەوە بۆ بە بەڵگەكردنی ڕۆڵی شەنگەهای كە بە "كەشتیی نوح"ی یەهودییەكان لەسەردەمی نوێدا ناو دەبرێت.