ئایا دژەتیرۆری یەكێتی بەشداربووە لە كوشتنی قاسم سولەیمانی؟

09-05-2021 01:43

پەرەگراف

میدیایەكی ئەمریكی لە گفتوگۆ لەگەڵ 15 بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریكا، وردەكاریی نوێ‌ دەربارەی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشكرا دەكات و باس لە بەشداریی دژەتیرۆری یەكێتی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دەكات. دژەتیرۆری یەكێتیش ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت "دەزگایەكی هەواڵگریی ناوخۆیی دەستی هەیە لە هەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاكەمان لە كوشتنی قاسم سولەیمانی". 

دژەتیرۆری پارتیش لە ڕونکردنەوەیەکدا داوای پێکھێنانی لیژنە لێکۆڵینەوە لە حکومەتی ھەرێم دەکات و دەڵێت، ئەو گروپەی لە ڕاپۆرتەکەداناوی ھاتووە "سەر بە لاهوور جەنگی و براکانیەتی و پابەند بە رێکار و یاساکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانییەوە نین".

ماڵپەڕی یاهوونیوزی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە كە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە، بە هاوكاریی دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل و دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان (CTG) كە دژەتیرۆری یەكێتی دەگرێتەوە، ئەنجام دراوە.

لە هەرێمی كوردستان دوو هێزی دژەتیرۆر هەن كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن، هەرچەندە یاهوونیوز لە ڕاپۆرتەكەیدا ناوی یەكێتی نەهێناوە، بەڵام نووسیویەتی "گروپی دژەتیرۆر (CTG)" ئەوەش كورتكراوەی ناوی ئەو دژە تیرۆرەیە كە سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، هاوكات یاهوونیوز لەو شوێنەی باسی دژەتیرۆر دەكات بۆئەوەی بیناسێنێت مەبەستی كێیە، لینكی چاوپێكەوتنێكی داناوە كە پێشتر لەگەڵ پۆڵاد تاڵەبانی فەرماندەی دژەتیرۆر ئەنجامدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز، هێزەكانی دەلتافۆڕسی ئەمریكی و سێ‌ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە مووشەكی هێڵفایەریان لەسەر جێگیر كراوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدارییان كردووە. هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی-ش، بە كۆكردنەوەی زانیاری دەربارەی كوژراوەكان، بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە.

بەشداریی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنەكەدا

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز، هێزەكانی ئەمریكا شەوی ئۆپەراسیۆنەكە بە پاساوی ئەنجامدانی مانۆڕ، بەشێك لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فڕۆكەخانەی بەغدایان داخستووە، سێ‌ ئەندامی هێزەكانی دەلتافۆڕس بە دووریی 550 تا 800 مەتر لە شوێنی كوشتنی قاسم سولەیمانی جێگیر كراون.

نیشانشكێنەكانی تیمی دەلتا فۆڕس چەند شتێك كاریگەریی لەسەریان هەیە بۆ پێكانی ئامانجەكانیان، لەوانەش هۆكارە ژینگەییەكان وەكو با، بەڵام تیمەكە ئەو ئەگەرەیان ڕەچاونەكردووەو "ئەندامێكی گرووپی دژە تیرۆری CTGكە یەكەیەكی تایبەتی كوردییە لە باكووری عێراق‌و پەیوەندییەكی قووڵیان لەگەڵ دەلتا فۆرسدا هەیە، یارمەتییان دان بۆ ئەوەی هێزی با پێوانە بكەن".

ئاڕاستەكردنی فڕۆكەكەی قاسم سولەیمانی بۆ شوێنی وەستانی و خاڵیكردنی شتەكانی ناوی "لە ڕێگەی هێزەكانی دژەتیرۆر(یەكێتی) ئەنجام دراوە كە جلوبەرگی هاوشێوەی كارمەندانی فڕۆكەخانەیان لەبەر كردووە".

هەربەپێی یاهوونیوز "ئەندامێكی دیكەی دژەتیرۆر لەناو فڕۆكەخانەكەدا بووەو خۆی وەك كارمەندی خزمەتگوزاریی دەرخستووەو ئەركی ئەوەبووە قاسم سلێمانی بناسێتەوەو دڵنیاببێتەوە لە ئامانجەكە".

ماڵپەڕە ئەمریكییەكە سەبارەت بە ئەركێكی دیكەی دژەتیرۆر لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەڵێت "كارمەندێكی دژەتیرۆر كە جلوبەرگی پۆلیسی بەغدای لەبەردا بووە، پاش هێرشەكە لە ئۆتۆمبێلەكانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس نزیك بووەتەوەو پاش گرتنی چەند وێنەیەك، نموونەی تەرمەكانی وەرگرتووە بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی و ناسینەوەیان".

"ئەو كارمەندەی دژەتیرۆر پاش ئەنجامدانی ئەو كارە، لە شوێنی ڕووداوەكە دوور كەوتووەتەوە".

لە كاردانەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا، دژەتیرۆری یەكێتی (CTG) ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەڵێت "شەوی ٨\٩-٥-٢٠٢١ ڕاپۆرتێك بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا بە شێوەیەكی ناڕوون تۆمەتی بەشداربوون لە كەیسی تیرۆركردنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی دەخاتە سەر چەند ئەفسەرێكی كوردی و لە شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژە تیرۆری سەر بە هەرێمی كوردستان هاتووە، گەرچی ئێمە نازانین كە نووسەرانی ڕاپۆرتەكە مەبەستیان لە كام هێزی دژە تیرۆرە لە كوردستان، چونكە بەداخەوە ‌‌ تا ئێستاش دوو دژەتیرۆر هەن‌، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەك هێزەكانی دژە تیرۆر هەبێت، بە هەموو شێوەیەك ئاگاداربوون و بەشداربوونی هێزەكەمان لە كردەوەی لەو جۆرەدا ڕەتدەكەینەوە".

"خۆ ئەگەر ڕاپۆرتەكە پەیوەندیی بە لایەنەكەی ترەوە هەبێت، ئەوا حەقی وایە خۆیان ڕوونكردنەوە بدەن، بەتایبەت كە ئێمە ئاگاداری هیچ چالاكییەكی ئەوان نین و ئەوان لە دەرەوەی هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانن"، دژەتیرۆری یەكێتی وا دەڵێت.

دژەتیرۆری یەكێتی "دەزگایەكی هەواڵگریی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان" تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "دەستی هەیە لە هەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاكەمان، بە تایبەت كە ئاگادارین ماوەیەكە ئەو دەزگا هەواڵگرییە،‌ بەشێكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ دزەپێكردنی زانیاریی چەواشە بۆ میدیا ناوچەیی و جیهانییەكان، دەیانەوێت بە هەر نرخێك بووە زیان بە ناوبانگ و‌ ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و زۆنی سەوز بگەیەنن"".

هەروەها دەشڵێت "بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵەش تایبەت بە شەهیدكردنی حاجی قاسم سلێمانی لەم كاتەدا و لكاندنیشی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لەلایەن میدیاكانی پارتییەوە، بۆ ئەوەیە قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بكەنەوە كە بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندیی تەسك، دژایەتییان لەگەڵ خەڵك و یاریكردن بە چارەنووسی هەرێمی كوردستان، بەر پێگە حیزبی و سیاسی و دیپلۆماسییەكەیان كەوتووە، بەتایبەتتریش دوای سكانداڵی دەستگیركردن و زیندانی كردنی ڕۆژنامەنووسی گەنجی كورد بە تۆمەتی بێ بنەما، كە متمانەی لای خەڵك و دەرەوەش بۆ نەهێشتوون".

قاسم سولەیمانی ‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، 3-1-2020 لە بەغداد بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ئەمریكاوە كرانە ئامانج‌و لەگەڵ چەند پاسەوانێكیاندا كوژران.

وردەكاریی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی

بەپێی زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز كە لە "15 بەرپرسی ئێستا و پێشوو"ی ئەمریكاوە وەرگیراوە، پێشوەختە هێزەكانی ئەمریكا بە هاوكاریی یەكە سیخوڕییەكانی ئیسرائیل، مۆبایلەكەی قاسم سولەیمانییان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

قاسم سولەیمانی لە ماوەی شەش كاتژمێر بەر لە هێرشكەدا، سێ‌ جاری مۆبایلەكەی گۆڕیوە، بەڵام ئیسرائیلییەكان كە زانیارییان لەسەر ژمارەی سمكارتی ناو ئەو مۆبایلانە هەبووە، زانیاریی پەیوەست بە جووڵەی سولەیمانییان بە ئەمریكییەكان داوە.

ساتی ئەنجامدانی هێرشەكە

یاهوونیوز دەڵێت: فڕۆكەكەی قاسم سولەیمانی پاش چەند كاتژمێرێك لە دواكەوتنی، لە نیوەشەوی 3-1-2020 لە فڕۆكەخانەی بەغدا نیشتەوە.

پاش داخستنی بەشێكی باشووری ڕۆژهەڵاتی فڕۆكەخانەكە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بە ناوی مانۆڕە، هەروەها ناسینەوەی ئامانجەكە لەلایەن ئەو كارمەندانەی دژەتیرۆرەوە كە لە فڕۆكەخانە فڕۆكەكەی سولەیمانییان بۆ شوێنی وەستان ئاراستە كردبوو، قاسم سولەیمانی و هاوڕێكانی لە فڕۆكە دابەزین و بە دوو ئۆتۆمبێل ڕۆیشتن.

فڕۆكەكەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ نزیكبوونەوەی لە شوێنی دیاركراو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، بە دوو مووشەكی هێڵفایەر كرایە ئامانج و تەقییەوە. شۆفێری ئۆتۆمبێلی دووەمیش كە دەیوست بە خێرایی شوێنی ڕووداوەكە جێبهێڵێت، لەلایەن یەكێك لە نیشانشكێنەكانی هێزی دەلتافۆڕسی ئەمریكییەوە كراوەتە ئامانج.

دواتر "كارمەندێكی دەژەتیرۆر" چووەتە شوێنی ڕووداوەكە و وێنەی گرتووە و زانیارییەكانی كۆكردووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن دەن كوتس، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و برایان هووك، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران، لە ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆشكی سپییەوە چاودێری دەكرا.

هاوكات مایك پۆمپیۆ و مارك ئیسپەر، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا، هەروەها ژەنەراڵ مارك میلی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ئەمریكا، لە بینای وەزارتی بەرگرییەوە ڕاستەوخۆ بە ڤیدیۆ چاودێریی ئۆپەراسیۆنەكەیان دەكرد.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كە بۆ پشووی كۆتایی ساڵ و دەستپێكی ساڵی نوێ‌ گەشتی بۆ ویلایەتی فلۆریدا كردبوو، لەگەڵ ڕۆبەرت ئۆبراین لە ڕێگەی دەنگەوە ئاگایان لە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە بووە.

یاهوونیوز لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت، ئەمریكییەكان جگە لە قاسم سولەیمانی، ئامانی دیكەشیان هەبووە، لەوانە عەبدولڕەزا شەهلایی، فەرماندەی هێزەكانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە یەمەن، كە لە هێرشەكەدا ڕزگاری بووە. دوو فەرماندەی دیكەی حەشدی شەعبیی عێراقیش لە چوارچێوەی ئامانجەكانی ئەمریكادا بوون.

پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەكە

یاهوونیوز ئاماژەی بەوە كردووە كە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، بۆ لە سەرەتاكانی دەستپێكی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی كە مایك پۆمپیۆ، بەڕێوەبەری دەزگای زانیاریی ناوەندیی ئەمریكا بووە.

سەرەتا وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی نیشتمانیی ئەمریكا، دژی ئەم كارە بوون، بەڵام بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان لە ساڵی 2019دا، پلاندانان بۆ لەناوبردنی قاسم سولەیمانی كاری جیددیی لەسەر كرا.

پاش كوژرانی هاووڵاتییەكی ئەمریكی لە هێرشێكی مووشەكیدا لە باكووری عێراق لە كۆتایی 2019، پلانی كوشتنی قاسم سولەیمانی گەیشتە سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ. هەر بۆیە كۆكردنەوەی زانیارییەكان بۆ كردنە ئامانجی سولەیمانی پێشتر كاری لەسەر كراوە.

لەو چوارچێوەیەدا یاهوونیوز باسی یەكێك لە ئۆپەراسیۆنەكان دەكات كە بۆ گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی قاسم سولەیمانی ئەنجامی داوە.

لەوبارەیەوە دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل زانیارییان بە ئەمریكا داوە كە كەسێك دەیەوێت هەندێك مۆبایلی زیرەكی پێشكەوتوو بۆ فەرماندەكانی فەیلەقی قودس بكڕێت. پا چاودێریكردنی ئەو كەسە، ئەمریكییەكان بۆیان دەردەكەوێت كە ئەو كەسە دەیەوێت لە وڵاتێكی كەنداوی عەرەب مۆبایلەكان بكڕێت.

ئەمریكییەكان بە سوودوەرگرتن لەو زانیارییانەی بەدەستیان هێناوە، دەچنە ناوی تۆڕەكانی فرۆشتنی مۆبایل و ژمارەیەك مۆبایل بە ڕاسپێرداوە ئێرانییەكە دەفرۆشن كە ئامێری چاودێریی دەنگییان تێدا جێگیر كراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز، یەكێك لەو مۆبایلانە دراوە بە فەرماندەیەكی نزیك لە قاسم سولەیمانی كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ سولەیمانیدا بووە، بەڵام زۆر سەركەوتوو نەبووە لەوەی كە بۆ گوێگرتن لە دەنگی قاسم سولەیمانی سوودی لێ‌ وەربگرن.

دەقی ڕاگەیەندراوی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی لەبارەی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز

دەزگایەكی هەواڵگریی ناوخۆیی لە هەرێم، دەستی هەیە لە هەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاكەمان لە كوشتنی قاسم سولەیمانی.

شەوی ٨\٩-٥-٢٠٢١ ڕاپۆرتێك بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا بە شێوەیەكی ناڕوون تۆمەتی بەشداربوون لە كەیسی تیرۆركردنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی دەخاتە سەر چەند ئەفسەرێكی كوردی و لە شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژەتیرۆری سەر بە هەرێمی كوردستان هاتووە، گەرچی ئێمە نازانین كە نووسەرانی ڕاپۆرتەكە مەبەستیان لە كام هێزی دژەتیرۆرە لە كوردستان، چونكە بەداخەوە ‌‌ تا ئێستاش وەك ئاشكرایە دوو هێزی پێشمەرگە و دوو ئاسایش و دوو هەواڵگری و دوو دژەتیرۆر لە هەرێمی كوردستان هەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەك هێزەكانی دژەتیرۆر هەبێت، بە هەموو شێوەیەك ئاگاداربوون و بەشداربوونی هێزەكەمان لە كردەوەی لەو جۆرەدا ڕەت دەكەینەوە.

خۆ ئەگەر ڕاپۆرتەكە پەیوەندیی بە لایەنەكەی ترەوە هەبێت، ئەوا حەقی وایە خۆیان ڕوونكردنەوە بدەن، بە تایبەت كە ئێمە ئاگاداری هیچ چالاكییەكی ئەوان نین و ئەوان لە دەرەوەی هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانن.

ژەنراڵ قاسم سلێمانی، هاوڕێیەكی نزیكی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال بووە، دەزگای دژەتیرۆر ڕۆژگارێك لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ بە تیرۆریزمی كردووە كە قاسمی سڵێمانییش تیایدا دەجەنگا. ئاشكرایە كە بە تیرۆركردنی سەركردەیەكی لەم ئاستە، هەرێمی كوردستان دۆستێكی مێژوویی خۆی لەدەست دا و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوڕێیەكی مام جەلالی لەدەست چوو.

شایانی بیرهێنانەوەیە كە حكوومەتی ئێران و حكومەتی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسی بەئامانجگرتنی فەرماندە باڵاكەی ئێران لە عێراق، لە ساڵی ڕابردووەوە لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی بكەرەكانی ئەو كردەوەیە، بۆ دەستنیشانكردنی بكەرەكانی چاوەڕوانی ڕاپۆرتی میدیایی ناكەن، ئێمەش ئامادەین بۆ وەڵامی هەر پرسیارێك.

سەرباری ئەمانەش، ئێمە ئەو گریمانەیە بەهەند وەردەگرین كە دەزگایەكی هەواڵگریی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان، دەستی هەیە لە هەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاكەمان، بەتایبەت كە ئاگادارین ماوەیەكە ئەو دەزگا هەواڵگرییە،‌ (بەشێكی تایبەت)ی پێكهێناوە بۆ دزەپێكردنی زانیاریی چەواشە بۆ میدیا ناوچەیی و جیهانییەكان و دەیانەوێت بە هەر نرخێك بووە زیان بە ناوبانگ و‌ ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و زۆنی سەوز بگەیەنن.

بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵەش تایبەت بە شەهیدكردنی حاجی قاسم سلێمانی لەم كاتەدا و لكاندنیشی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لەلایەن میدیاكانی پارتییەوە، بۆ ئەوەیە قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بكەنەوە كە بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندیی تەسك، دژایەتییان لەگەڵ خەڵك و یاریكردن بە چارەنووسی هەرێمی كوردستان، بەر پێگە حیزبی و سیاسی و دیپلۆماسییەكەیان كەوتووە، بەتایبەتتریش دوای سكانداڵی دەستگیركردن و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسی گەنجی كورد بە تۆمەتی بێ بنەما، كە متمانەی لای خەڵك و دەرەوەش بۆ نەهێشتوون.

وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆر(یەکێتی)

 

دەقی روونکردنەوەیەک لە دژە تیرۆری کوردستانەوە(پارتی)

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری لە ماڵپەری یاهوو نیوزی ئەمریکی لەسەر وردەکاری ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە تێیدا ناوی دژە تیرۆری کوردستان هاتووە، لێرەوەبۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین، دژە تیرۆری کوردستان ناسراوە بە CTD وە دوور و نزیک پەیوەندی بە زانیارییەکانی ناو ئەو راپۆرتە و ئەوئۆپەراسیۆنەوە نییە و لێی بێ ئاگایە.

گرووپێک هەیە بە ناوی CTG کە سەر بە لاهوور جەنگی و براکانیەتی و پابەند بە رێکار و یاساکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانییەوە نین و لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات کە تایبەتە بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان-عێراق.

لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکەی یاهوو نیوزدا بە روونی باس لەم تێوەگلان و بەشدارییەی هێزەکانی CTG دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لەراپۆرتەکەدا بە روونی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییان بە لاوێن ئازادی گوتەبێژی لاهوور جەنگییەوە کردووە بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر بەشداریی و تێوەگلانیان لە بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانیدا بدەن.

ئێمە دووبارە رایدەگەیەنین کە دژە تیرۆری کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە نییە.

پێشنیار دەکەین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێکوڵینەوەیەکی جددی لەسەر ئەو راپورتە بکات بۆ ئەوەی راستییەکان بو رای گشتی ئاشکرا بکرێن.