پەرەگراف- غەمگین محەمەد
ئەو پارەیەی ڕۆژانە سالار لە گەڕان بە شاردا دەستی دەكەوێت، بەشێكی بە چاككردنی ئۆتۆمبێل و لای فیتەر خەرجدەكات، بەهۆی خراپیی ڕێگەوبانەكانەوە.
لە كاتێكدا سالار و هەر خاوەن ئۆتۆمبێلێكی دیكەی هەرێمی كوردستان، ساڵانە و بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەكەیان، بڕێك پارە وەك باج بەناوی ژینگە و ڕێگەوبانەوە بە حكومەت دەدەن.
"ڕۆژانە زۆربەی شەقامەكانی شار دەكەم و دەبینم چەند وێرانن، و ئەو پارەیەی ڕۆژانە پەیدای دەكەم بەشێكی لە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەمدا خەرج دەكەمەوە" سالار ئەحمەد، كە شۆفێری تاكسییە بۆ پەرەگراف وای وت.
بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان؛ لەكاتی نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلدا، بۆ جۆری بارهەڵگر بڕی 70 هەزار دینار، بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ بڕی 30 هەزار دینار و بۆ ئۆتۆمبێلی بچوكی تایبەت بڕی 20 هەزار دینار وەردەگیرێت.
ئەوەش نیگەرانیی شۆفێرانی لێكەوتۆتەوە، چونكە پارە وەردەگیرێت بەناوی ژینگە و ڕێگەوبانەوە، بەڵام نە ژینگە و نە ڕێگەوبانەكانیش خزمەت ناكرێن، ساڵ بەساڵ خراپتر دەبن.
ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی، لە ماوەی ڕابردودا داوایانكردووە ئەو پارەیەی بەناوی ژینگەوە لە شۆفێران وەردەگیرێت ناوەكەی بگۆڕدرێت لەبەرئەوەی "بەناوی ژینگەوە وەردەگیرێت و بۆ ژینگەش خەرج ناكرێتەوە".
هەروەها ئەوەشی ڕونكردەوە، ئەو پارەیەی بەناوی ژینگە و ڕێگەوبانەوە لە شۆفێران وەردەگیرێت، سەدا 20ی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و سەدا 80ی بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، هیج بڕێك لەو پارەیە ڕاستەوخۆ نادرێت بە دەستەی ژینگەو ناخرێتە سندوقی ژینگەوە.
بەپێی یاسای ژمارەی 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە، پێویستە ئەو باج و ڕسومات و پارەیەی بەناوی ژینگە و ڕێگەوبانەوە وەردەگیرێن، بخرێنە سندوقێك تا لە خزمەتی ژینگە و ڕێگەوبانەكاندا خەرج بكرێنەوە.
"هەر بە جادە و ڕێگەوبانەكانماندا دیارە ئەو پارەیەی بەناوی ژینگەوە لێمان وەردەگیرێت بۆ چاككردنی ڕێگەوبانەكان و سەوزكردنی ژینگە خەرج ناكرێتەوە، خۆ هەمو شار بگەڕێیت شەش داری سەوزی جوان نابینیت لە ژێریدا بوەستیت و پشوویەك بدەیت" عەلی محەمەد-ی شۆفێر وادەڵێت.
بەپێی ڕوپێوییەكی ساڵی 2015ی وەزارەتی كشتوكاڵ كە لەلای دەستەی ژینگە پەسەندە و پێی زانستی ترە، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان سەدا 12ـیە لە كاتێكدا ڕێژەی ستانداردی سەوزایی سەدا 30ـیە.
عەبدولرەحمان عەبدولرەحیم، وەزیری پێشوی هەرێم بۆ كاروباری ژینگە لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "لە كابینەی پێشودا ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانمان وەرگرت بەشێك لەو باج-ـانەی بە ناوی ژینگەوە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێن بگەڕێنەوە بۆ سندوقی ژینگە بۆ ئەوەی كێشەكانی ژینگە و ڕێگەوبانەكانی پێ چارەسەر بكرێن".
ئەو دەڵێت، دوای بەجێهێشتنی ئەو پۆستە كارەكانی ڕادەستی لێپرسراوانی دوای خۆی كردووە "بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە".
لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 869 هەزار و 593 ئۆتۆمبێلی جیاواز هەن، جگە لەوەی مانگانە 10 هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ لە هەرێم تۆماردەكرێن، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمەوە دەست پەرەگراف كەوتووە، بڕی ئەو پارەیەی بەناوی ژینگەو ڕێگەوبانەوە لە شۆفێران وەردەگیرێت بۆ هەرساڵێك زیاترە لە 25 ملیۆن دینار.
بەڵام زۆربەی شەقام و ڕێگەوبانەكان، كۆنن و پڕن لە چاڵ و تاسە، جگەلەوەی بەشێكیان تائێستا هێڵ و هێمای هاتوچۆ و تایبەتمەندییە پێویستییەكانی ڕێگای تێدانییە، ئەوەش بە هۆكارێك بۆ زیادبونی ڕوداوەكانی هاتوچۆ دادەنرێت، كە لەساڵی ڕابردودا گەیشتۆتە دوو هەزار و 897 ڕوداو و بەهۆیەوە، 432 كەس گیانیانلەدەستداوە و نزیكەی پێنج هەزار كەسیش برینداربون.
تەنیا پارەی شۆفێران نییە، ساڵانە لە هاوڵاتیان و دوكاندارانیش بڕە پارەی جیاواز بەناوی ژینگەوە وەردەگیرێت، بەڵام ناخرێنە سندوقی ژینگەوە.
وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە وتی "وەزارەتی شارەوانی مانگانە بڕە پارەیەك بە ناوی ژینگە پارێزییەوە لە دوكاندار و خاوەن كارگەكان وەردەگرێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بەناوی ژینگەوە بڕە پارەیەك لەو كۆمپانیایانە وەردەگرێت كە بەدوای سامانی سروشتیی نەوتدا دەگەڕێن، هیچیان بۆ دەستەی ژینگە ناگەڕێنەوە و بۆ ژینگە خەرج ناكرێن".
بەپێی هۆشداریی ڕێكخراوە ژینگەییەكان، زۆریی ئۆتۆمبێل، هاوردەی مەوادی خراپ و پلاستیكیی زۆر و بەسەرچوو، هۆكارن بۆ خێراتركردنی پڕۆسەی پیسبونی ژینگە و كەشوهەوای هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە غیابی پڕۆژەكانی چاككردن و خزمەتگوزاریی ژینگەییدایە.