پەرەگراف- غەمگین محەمەد
كەم كەس هێندەی مام كەریم لە خەمی وشكبونی باخچەكانی سلێمانیدایە، چاوەڕوانی دەستی حكومەت و گەیشتنی تانكەر ناكات، خۆی بە دەبە ئاو بۆ ئەو شەتڵ و گوڵانە دەهێنێت كە ئەمساڵ چاندوونی.
مام كەریم بە پەرەگراف-ی وت، تەمەنێكی لەگەڵ گوڵ و نەمام و دارەكانی باخچەكەی بەڕێكردووە، بۆیە هەمویانی وەك منداڵی خۆی خۆشدەوێت و بە زەردبونیان خەمبار دەبێت.
ئەو لە باخچەكانی شاری سلێمانی خزمەت دەكات.
تەنیا باخچەكەی ئەو لە وشكبوندا نییە، بەڵكو بەشێكی زۆر لە سەوزایی و بلوارەكانی شاری سلێمانی بەهۆی نەبونی خزمەت و ئاودانەوە زەرد هەڵگەڕاون.
لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە، بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان و شارەوانی داوای پارەیان لە حكومەت كردووە بۆ بەكرێگرتنی تانكەری ئاودانی باخچە و بلوارەكانی سلێمانی، كە بڕەكەی ملیارێك و 100 ملیۆن دینار بووە، بەڵام وەڵامەكەی گەیشتە حوزەیرانی ئەمساڵو هێشتا پڕۆسەی ئاودانیان دەستی پێنەكردووە.
كامەران ساڵح، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردودا دوو نوسراوی فەرمیمان كردووە بۆ خەرجكردنی پارە بۆ بەكرێگرتنی 50 تەنكەری ئاو بۆ دابینكردنی ئاوی ئاودان بۆ باخچە و بلوارەكانی سلێمانی".
بەپێی نوسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە حوزەیرانی 2021 ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كراوە، تیێدا لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای تەرخانكردنی بڕی چوار ملیار و 527 ملیۆن و 454 هەزار و 500 دینار بۆ بەڕێوەبردن و چاكسازی لە پاركی هەواری شار، بلواری شەست مەتری و بلواری سلێمانی– تاسڵوجە كراوە.
تەرخانكردنی ئەو بڕە پارەیە دوای ئەوەهات مەسرور بارزانی، لەسەردانێكدا بۆ سلێمانی و لە كردنەوەی پڕۆژەیەكدا ئاشكرایكرد، بڕی پێنج ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ ئاوەدانكردنەوە و چاكسازی باخچە و پاركەكانی شارەكە خەرجدەكەن.
بەوتەی بەڕێوەبەری باخچەكان خەرجنەكردنی پارەی حكومەت لەكاتی خۆیدا "دژایەتی حكومەتە بۆ سلێمانی، چونكە ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی سەدا 19ـیە و لە هەموو پارێزگاكانی تر زیاترە".
لە هەرێمی كوردستان ڕوپێوییەكی نوێ نییە بۆ زانینی ڕێژەی سەوزایی، بەڵام بەپێی ڕوپێوییەكی ساڵی 2015ی وەزارەتی كشتوكاڵ كە لەلای دەستەی ژینگە پەسەندە، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێم سەدا 12ـیە لە كاتێكدا ڕێژەی ستانداردی جیهانی سەوزایی سەدا 30ـیە.
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی ڕۆژێك پێش بەڵێنەكەی مەسرور بارزانی دەربارەی باخچەكانی سلێمانی، بڕیاریدا بە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ بوژاندنەوەی باخچە و بلوارەكان لەڕێی لیژنەیەكەوە بەسەرپەرشتی جێگری پارێزگار، بەبێ ئەوەی بڕی هاوكارییەكە ئاشكرا بكات.
زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە پەرەگراف-ی وت، ساڵانە هاوسەرۆكی یەكێتی و بەشێك لە سەرمایەدارەكانیش هاوكارییان دەكەن بۆ سەوزكردن و خزمەتكردنی باخچە و بلوارەكان.
باخچەو بلوارەكانی شاری سلێمانی پێكدێن لە؛ بلواری شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود (شەستی)، هەردوو بلواری شەقامی سەرەكی سلێمانی – تاسڵوجە، باخچەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ڕاپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بەكرەجۆ و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی تاسڵوجە، جگە لە هەواری شار و باخچەو پاركەكانی سلێمانی، كە ژمارەیان 650 باخچە و پاركن بە ڕوبەری 15 ملیۆن مەتر چوارگۆشە.
پێشتر ڕێكخراوی لاوانی سۆشیال دیموكرات كەمپەینێكیان بۆ ڕێگری لە وشكبوونی باخچەو بلوارەكانی سلێمانی ڕاگەیاند.
هێمن غازی، سەرۆكی ڕێكخراوەكە وتی "ئەم پڕۆژانە پڕۆژەی ستراتیژین و پێویستە حكومەت لە ڕۆتیناتی ئیداری دەریبكات و ساڵانە تەنیا تازەكردنەوە بۆ بڕیاری خەرجكردنی پارە بكات بۆ خزمەتكردنیان نەك چاوەڕوانی هاوكاری سەرمایەداران بن".
ئاودانی باخچەو بلوارەكانی سلێمانی، ڕۆژانە پێویستی بە دابینكردنی چوار ملیۆن لیتر ئاوە و ساڵانە دەبێت لە كۆتایی مانگی نیسان دەستبكرێت بە ئاودانی باخچەو بلوارەكان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی درەنگكەوتنی بودجەكەیەوە باخچەو بلوارەكان لەكاتی خۆیدا ئاونەدران و بەشێكی زۆریان وشك بوون.
بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی لە 16 ساڵی ڕابردوودا بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەكان پشتیان بە تەنكەر بەستووە و لەبەر هەڵكەوتەی جیۆلۆجی ناتوانن بۆ هەر باخچەو بلوارێك بیر لێبدەن، جگە لەوەی ئەمساڵ بەهۆی كەمیی باران بارینەوە 14 بیری بلوارەكان وشكیان كردووە.
كامەران ساڵح دەڵێت، خاوەنی 17 تەنكەرن كە مۆدێلەكانیان زۆر كۆنە، بەباشی كارناكەن، ناشتوانرێت بۆ ئاودانی باخچەو بلوارەكان سوودێكی ئەوتۆیان لێ ببینرێت.
بە وتەی بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی، پارەی ئاودانی باخچەو بلوارەكان تەنیا بۆ شاری سلێمانی خەرجنەكراوە، پێشتر بڕە پارەی پێویست بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك تەرخانكراوە و لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە لەو دوو پارێزگایە دەستكراوە بە ئاودانی باخچەو بلوارەكان.
پێویستە ساڵانە لە مانگی نیساندا ڕەزامەندی خەرجكردنی پارە لەبەردەست شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان بێت و ئامادەكاری بكرێت بۆ ئاودان.
وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەڵێت "بەڵام هەموو ساڵێك حكومەت ڕەزامەندی شاری سلێمانی دوا دەخات و كاتێك وەڵام دەداتەوە و ڕەزامەندی دەدات بەشێك لە باخچەو بلوارەكان زەرد و وشك بوون".