ئیبراهیم ڕەئیسی؛ كوڕە دڵسۆزەكەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران

20-06-2021 05:06

پەرەگراف

ئیبراهیم ڕەئیسی توندڕەوترین كاندید و سەرۆكی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران، بووە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە كە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە ئەنجامدراو تاڕادەیەك دووربوو لە كێبڕكێ و ململانێی توندی كاندیدان، بەتایبەت دوای كشانەوەی دوا كاندیدی بەرەی ڕیفۆرمخوازان.

ڕێگایەكی ڕوون

بردنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی پێشبینیكراو بوو، بەتایبەت دوای دوورخستنەوەی ڕوخسارە دیارەكانی بەرەی ڕیفۆرم لەلایەن ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێم، كە بەرەی موحافزكاران و توندڕەوەكان تێیدا باڵادەستن.

ڕەئیسی خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە فیقهی ئیسلامیدا، بەخێرایی بە پلەكانی دەسەڵاتی دادوەریدا سەركەوت، تا بووە یاریدەدەری جێگری داواكاری گشتی تاران، لەكاتێكدا هێشتا نەگەیشتبووە 25مین بەهاری تەمەنی.

گەشتی ڕەئیسی تەمەن 60 ساڵ، لەگەڵ پۆستە باڵاكاندا لە ساڵی 1981 لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەستیپێكرد، كاتێك پۆستی داواكاری گشتی شاری خەرجی پێسپێردرا، دواتر داواكاری گشتی شاری هەمەدانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە لە یەككاتدا هەردوو پۆستەكەی بەڕێوە دەبرد.

ساڵی 1985 بووە جێگری داواكاری گشتی تارانی پایتەخت، ئەوە ئەو پۆستەبوو كە ڕێگای بۆ خۆشكرد تا ببێتە ئەندامی "لیژنەی مردن" لە ساڵی 1988.

دوای مردنی ئایەتوڵا خومەینی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1989، ڕەئیسی بووە سەرۆكی داواكاری گشتی تاران، لەسەردەمەكانی محمەد یەزدی، مەحمود هاشمی شەهرودی، سادق لاریجانی كە بونەتە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، ئەو هەر لە پۆستەكەی خۆیدا ماوەتەوە.

لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2014 كراوەتە جێگری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، هەر لەو كاتەشدا لە ساڵی 2006 بە ئەندامی "ئەنجومەنی شارەزایانی سەركردە" هەڵبژێردراوە، كە ئەركیان دانانی ڕابەری شۆڕش یاخود لادانییەتی، دوای دوو ساڵیش بووە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنەكە.

ئیبراهیم ڕەئیسی ساڵی 2014 بووە داواكاری گشتی ئێران و تا مانگی ئازاری 2016 لەو پۆستەدا مایەوە، دواتر بووە سەرۆكی یەكێك لە دەوڵەمەندترین دامەزراوە ئاینییەكانی ئێران ئەویش دامەزراوەی ئیمام ڕەزا كە سەرپەرشتی مەزارگەی ئیمام ڕەزا دەكات لە شاری مەشهەد.

ئەو پۆستە قورساییەكی زۆر و پێگەیەكی جەماوەری بەهێزی هەیە، ئەو بودجەیەی بۆی دادەنرێت بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، خاوەنی نیوەی زەوییەكانی شاری مەشهەدە كە دووەم گەورە شاری ئێرانە، لەگەڵ خاوەندارێتی كۆمپانیاكانی نەوت و گاز و كارگەكان.

زۆر كەس وایدەبینی دانانی ڕەئیسی لەو پۆستەدا ئامادەكردنیەتی بۆ جێگرتنەوەی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

خامنەیی لە ساڵی 1989وە كاتێك خومەینی كۆچی دوایی كرد سەرۆكی وڵات بوو، لەوێوە كرا بە ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەر سەرۆكێكی ئێران دوو خول لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە، ئەگەر ڕەئیسی هاوشێوەی ئەوانی تر تا هەشت ساڵی دیكە لەو پلەیە بمێنێتەوە، ئەوا كاتێك خولەكەی تەواو دەبێت، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی كە ئێستا تەمەنی 82 ساڵە، بەهۆی ئەو نەخۆشیانەی هەیەتی ڕەنگە كۆچی دوایی بكات یاخود نەتوانێت پۆستەكەی بەڕێوەبەرێت، بۆیە ڕەئیسی باشترین جێگرەوە دەبێت بۆ ئەو پۆستە.

ڕەئیسی لە ساڵی 2017 ڕكاربەری حەسەن ڕوحانی بوو، بەڵام ئەو كاتە تەنها 38% دەنگەكانی بەدەست هێنا، بۆیە ڕوحانی بۆ خولی دووەم بووە سەرۆك.

ئیبراهیم ڕەئیسی پێش هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 كەسێكی دیارنەبوو لەنێو ئێرانییەكاندا، ساڵانی ڕابردووی بە شاراوەیی لە سلكی دادوەری بەڕێكردووە، پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەركردەكانی سوپای پاسداران هەیە، بە باشترین كاندیدی ڕەوتی توندڕەوەكان دادەنرێت.

هەرچەندە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا كێبڕكێی سەرۆكایەتی بەرامبەر ڕوحانی دۆڕاند، بەڵام ساڵی 2019 لەلایەن خامنەییەوە كرا بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، ئەوەش پۆستێكی زۆر گرنگە و مانای وایە ڕەئیسی متمانەی تەواوی لای ڕابەری باڵا هەیە.

بڕیارە لە مانگی ئابدا بەشێوەیەكی فەرمی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئێران ڕادەستی ڕئیسی بكرێت.

هەڵوێستە جیاوازەكان

عێراق و توركیا و ڕوسیا و سوریا، ئیمارات و كوەیت و شانشینی عومان، پیرۆزبایی بردنەوەیان لە ڕەئیسی كرد، بەڵام لە چەند لایەكیشەوە نیگەرانیی لە بردنەوەی ڕەئیسی هەیە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیگەرانە لەوەی ئێرانییەكان نەیانتوانیوە بەشداری پڕۆسەیەكی ئازاد و دیموكراسی بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختیكردۆتەوە لەسەر بەردەوامیی دانوستانە ناڕاستەوخۆكان، بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی كە ساڵی 2015 واژۆكرا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوو لێی كشایەوە.

دادگایكردنی سەرۆكی نوێ

مایكڵ بێج بەڕێوبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، سەرۆكی نوێی ئێران بە ئەنجامدانی تاوان تۆمەتبار دەكات‌و ئاشكرای دەكات، "سەرپەرشتی چەند تاوانێكی دڕندانەی كردووە لە مێژووی ئێراندا، كە شایەنی لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوەیە لە بری هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە باڵایە".

هاوكات ئەنیس كالامار ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەكردووە، "بونی ڕەئیسی بە سەرۆك لەبری دادگایكردنی لەبەرامبەر تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی و كوشتن و ونكردنی بەمەبەست و ئەشكەنجەدان، ئاماژەیە بەوەی دەربازبوون لە سزا لە ئێران دەسەڵاتی لە پشتە".

مریەم ڕەجەوی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران(موجاهیدینی خەلق) كە بارەگاكەی لە پاریسە دەڵێت "ساڵی 1988 ڕەئیسی كوشتاری گەورەی ئەنجامداوە، ئەندامانی موجاهیدینی خەلقی كوشتووە".

ئیسرائیل نیگەرانە

لیئۆر حەیات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت "كەمتر لە 50%ی دەنگدەرە ئێرانییەكان توندڕەوترین سەرۆكیان هەڵبژراد، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە توندی ئیدانەی ئەوەیكرد، چونكە ڕەئیسی بەرپرسە لە لەسێدارەدانی زیاتر لە 30 هەزار كەس لەدەرەوەی یاساكان".

"كەسایەتییەكی توندڕەوە، پابەندە بە بەرەوپێشچونی خێرا لە بەدیهێنانی پرۆگرامی ئەتۆمی سەربازیی ئێران، هەڵبژاردنی، ڕاستی نییەتی خراپی ئێران دەردەخات، پێویستە ئەمە نیگەرانییەكی گەورەی كۆمەڵگەی نێودەڵەتی لێبكەوێتەوە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وادەڵێت.

ئیبراهیم ڕەئیسی یەكێكە لەو بەرپرسە باڵایانەی ئێران كە سزاكانی ئەمریكا دەیگرێتەوە.