گەڕانەوەی تاڵیبان.. ئەو بزوتنەوەیەی ئەمریكا دوای جەنگێكی 20 ساڵە شكستی هێنا لە لەناوبردنیدا
پەرەگراف
لەو كاتەدا كە دوایەمین سەربازی ئەمریكی سواری فڕۆكە سەربازییەكەی دەبوو لە بنكەی باگرام لە باكوری كابوڵ، زۆر ناوچەی باكور و باكوری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، كشانەوەیەكی دراماتیكی حكومەتی ئەفغانیی بەخۆیەوە دەبینی، بۆ ئەوەی گۆڕەپانەكە بۆ چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان چۆڵ بكەن تا بزوتنەوەكە دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت.
ئێستا تاڵیبان زیاتر لە سێ بەشی بەڕێوبەرایەتییەكانی ئەفغانستانی لەژێردەستدایە كە ژمارەیان 421 بەڕێوبەرایەتییە، بەڵام لەكۆی 34 ویلایەتی وڵاتەكە، لە هیچ ناوەندێكی سەرەكییدا حوكم ناكات و سەرجەمیان لەژێر دەسەڵاتی حكومەتەكەی سەرۆك ئەشرەف غەنیدان.
ئەو ژمارانە لە گۆڕانكاریدان، چونكە تاڵیبان سورە لەسەر فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی ئەگەر بە خاویش بێت، دەیەوێت وردە وردە بگات بە شارە گەورەكان لەنێوانیاندا كابوڵ، حكومەتیش دەیەوێت دەستبگرێتەوە بەسەر بەشێكی بەڕێوبەرایەتییەكانی سەر بە پایتەخت و شارەكانی دیكەدا، بۆ ئەوەش دەیەوێت پەیڕەوی ڕێگایەكی ستراتیژی بكات.
كشانەوەی هێزە حكومییەكان لە بنكە سەربازییەكان و ناوەندی بەڕێوبەرایەتییەكان، تەنانەت لەو شوێنانەش كە دوورن و لەژێر هەڕەشەی تاڵیباندانین، پرسیار گەلێكی زۆری دروستكردووە، كە هۆكاری ئەو داڕمانە خێرا و چاوەڕوان نەكراوە چییە؟
لێكدانەوەكان
شیكردنەوەی یەكەم و نزیك بۆ خولقانی ئەو دۆخە، دەگەڕێتەوە بۆ داڕمانی ڕۆحییو مەعنەویی هێزە حكومییەكان دوای كشانەوەی ئەمریكا و ناتۆ، هاوكات بونی گەندەڵییەكی زۆر لە حكومەتدا و كەمی سەرچاوەكانی داهات و ناكۆكییەكانی ناو دەسەڵات.
وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیری ئەو شیكردنەوەیە دەكەن، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) پێشبینی دەكات دوای شەش مانگ لە كشانەوەی ئەمریكا، سیستمی حوكم لە كابوڵ بڕوخێت.
گەڕانەوە دوای 20 ساڵ لە جەنگ
لەگەڵ نزیكبونەوەی كشانەوەی تەواوی هێزە بیانییەكان دۆخەكە تادێت خراپتر دەبێت، بزوتنەوەی تاڵیبان كە ئێستا ناوچەكانی باكوری لەژێر دەستدایە، دەیەوێت "وێنەیەكی درەوشاوە"ی خۆی پیشان بدات، هاوكات دەستكەوتی گەورەی سەربازی و هەرێمییش لەناوچەكە بەدەست بهێنێت.
سەركردەكانی تاڵیبان جەختدەكەنەوە لەسەر ئەوەی دوای كشانەوەی تەواوی هێزەكان، ئەفغانستان دەكەنەوە بە ئیمارەتێكی ئیسلامیی كە شەریعەت حوكمی بكات.
گەڕانەوەی تاڵیبان دوای 20 ساڵ دێت لە جەنگ و ڕوبەڕوبونەوە، ئەوەش دوای هێرشەكانی 11 ئەیلولی 2001ی ئەمریكا، كە بەهۆیەوە هێزەكانی هاوپەیمانان لە مانگی 10ی ئەو ساڵەدا هێرشیان كردەسەر ئەفغانستان و كۆتاییان بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە كابوڵ هێنا، ئەوكات زۆرینەی چەكدارەكانی تاڵیبان بۆ شاری قەندەهار و ناوچە دوورە دەستەكان ڕایانكرد، بەڵام لە چالاكی و هێرشەكانیان بۆسەر حكومەتی ئەفغانستان، هاوڵاتیانی مەدەنیو هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بەردەوام بوون.
ئێستا بزوتنەكە دەستی گرتووە بەسەر خاڵی سنوریی نێوان ئەفغانستان و تاجیكستان، ئەو شوێنەی دووشەممەی ڕابردوو زیاتر لە هەزار سەربازی ئەفغانی و ئەندامی هێزە ئەمنییەكان لەڕێیەوە لە وڵاتەكەیان هەڵهاتن و چونەناو سنوری تاجیكستان.
داهاتی ئەو خاڵە سنورییە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو گومرگەی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی سنورەكە وەردەگیرێت، ئەوەش دەبێتە سەرچاوەیەكی دارایی باش بۆ بزوتنەوەكە، ئەمە جگە لە كۆنترۆڵكردنی دەروازەی شیرخان بەندەر كە بەدەرگای سەرەكی بازرگانی تاجیكستان دادەنرێت، لەئێستاشەوە تاڵیبان دەستی كردووە بە گومرگی دەروازەكە.
ئەو دەروازەیە ساڵی 2007 لەلایەن ئەمریكاوە دروستكرا، بەڵام لە 22ی مانگی ڕابردوو دوای ڕوبەڕوبونەوەی نێوان هێزەكانی حكومەت و چەكدارانی تاڵیبان، كەوتە ژێردەستی بزوتنەوەكە، بەوەش زۆرینەی ناوچەی سنوریی نێوان ئەفغانستان و تاجیكستانیان كۆنتڕۆڵكرد.
تاڵیبان چۆن مامەڵە دەكات؟
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرای دەكات، بەو شێوازی مامەڵەیەی تاڵیبان لەو ناوچانەی كەوتۆتە ژێردەستی پەیڕەوی دەكات، دەیەوێت بیسەلمێنێت ئەوان شیاوی گرتنەدەستی دەسەڵاتن و باشترە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا تەواوی وڵات كۆنتڕۆڵ بكەن.
سیراجەدین حەقانی جێگری سەركردەی تاڵیبان و سەرۆكی باڵی توندڕەوی بزوتنەوەكە، لە لێدوانێكیدا دەڵێت "ئەم دۆخە وەك تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئێمە، چاودێری هەموو شتێك دەكرێت، بۆیە بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ هەموو خەڵكیدا دەكەین".
بەڵام لە ئەرزی واقیدا ئاماژەكان وای نیشان نادەن تاڵیبان شیاوبێت بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، چونكە بەردەوامن لە تیرۆركردنی فەرمانبەرانی حكومەت و هێزە ئەمنییەكان و سەركردەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها هیچ هەوڵێكی جدی نادات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستاندا، هەرچەندە پێشتر كۆمەڵێك بەڵێنی لەوبارەیەوە بە ئەمریكا داوە.
لەو ناوچانەدا كە ئێستا تاڵیبان كۆنتڕۆڵی كردوون، ژنان ناچار دەكرێن واز لەكارەكانیان بهێنن، كچان لە قوتابخانەكان دەردەكرێن، ئەو دەستكەوتانەی لەڕووی ئازادییەوە لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەدی هاتوون دەیانخاتە مەترسییەوە.
هێزەكان كەی دەكشێنەوە؟
بەپێی ڕێكەوتنی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریكا و هێزەكانی ناتۆ، دەبێت سەرجەم سەربازە بیانییەكان لە ئەفغانستان بكشێنەوە، لەبەرامبەردا تاڵیبان ڕێگە بە چالاكبونەوەی ڕێكخراوی قاعیدە و هیچ گروپێكی دیكەی توندەڕەو نادات لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندا دەبێت.
جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، 11 ئەیلول كە 20مین ساڵیادی هێرشەكانی سەر ئەمریكایە، وەك دوا مۆڵەت دیاری كردووە بۆ كشانەوەی هێزەكان لە ئەفغانستان، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانیش جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی كشانەوەكە لە چەند ڕۆژێكی كەمدا ئەنجام دەدرێت.
بزوتنەوەی تاڵیبان دەڵێت، دوای ئەو ڕێكەوتە هەر هێزێكی بیانی لە ئەفغانستان بمێنێتەوە ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوە و مامەڵەی داگیركەری لەگەڵدا دەكرێت.