لە سەردانی نەخۆشدا؛ گوڵ نەیتوانی جێی شیرینی و سەروپێ بگرێتەوە

30-07-2021 07:16

پەرەگراف- عەمار عەزیز

هەرچەندە بە فۆنتێكی گەورە و لەسەر لەوحەیەكی دیار نوسراوە بردنە ژورەوەی خواردن قەدەغەیە؛ بەڵام سەردانیكەری نەخۆشەكە چارەكێك مشتومڕ لەگەڵ پۆلیسەكەدا دەكات و كاتێك بێ هیوا دەبێت، بە دزییەوە هەوڵدەدات مەنجەڵە سەروپێكە بە نەخۆشەكە بگەیەنێت.

ئەو دیمەنە ڕۆژانە لەبەردەم زۆر لە نەخۆشخانەكاندا دوبارەدەبنەوە و هاوڵاتیان دەیانەوێت بە شیرینی و نوقڵ و خۆراكی جۆراوجۆرەوە بچنە سەردانی نەخۆش.

"خزمێكمان نەخۆش بوو، چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی مایەوە و ویستم چەپكێك گوڵی بۆ ببەم، بەڵام لە ترسی لۆمەی خەڵك و شەرمی كۆمەڵگە چەپكە گوڵم نەبرد و كارتۆنێك چوكلێتم كڕی" سەربەست عەبدوڵا (35 ساڵ) وای وت.

سەربەست هاوڵاتییەكی شاری دهۆكە و بە هیوایە لەبری شیرینی و خواردەمەنی خەڵك گرنگی بە گوڵ بدەن و بە گوڵەوە بچنە لای نەخۆش، "هێشتا لە بەهای گوڵ تێنەگەیشتووین و بەشتێكی كەم دەیبینین، وادەزانن گوڵ هاتووە بەس بۆ عاشقان لەنێوان كوڕان و كچان".

بردنی شیرینی و خواردەمەنی لەكاتێكدایە بەشێك لە نەخۆشەكان لێیان قەدەغە كراوە و دەكرێت گوڵ ببێتە جێگرەوە و بۆنێكی خۆشتر بە ژوری نەخۆش ببەخشێت.

عەلی مەحمود (24 ساڵ)، گەنجێكی پەنابەری ڕۆژئاوای كوردستانە و شەش ساڵە لە شەقامەكانی دهۆك گوڵ دەفرۆشێت، ئەو دەڵێت "بەداخەوە كۆمەڵگەی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی فێری فرۆشتن و كڕینی گوڵ نین، هەندێك كەس كە دەمبینن پێدەكەنن و ئیشەكەم بەشتێكی كەم دادەنێن، كەم كەس هەن بەهای گوڵ بزانن و كڕینی گوڵ بكەن بە كەلتور و پەرەی پێبدەن".

كڕیارەكانی عەلی زیاتر عاشقەكانن، بەڵام تەنیا كوڕ و كچانی گەنج نین، خەڵكانی دیكەش، بەڵام ئەوانەنا كە سەردانی نەخۆش دەكەن.

"ڕۆژانە پێنج تا 10 گوڵ دەفرۆشم، نرخی هەر گوڵێك پێنج هەزار دینارە و هێندە كڕیارم كەمبۆتەوە بیرم لەوەكردۆتەوە منیش واز لە فرۆشتنی گوڵ بهێنم، چونكە خەڵك كەم دەیكڕن و بەدەگمەنیش كەسێك گوڵ بۆ نەخۆش دەكڕێت" عەلی وای وت.

لەبەردەم هەر نەخۆشخانەیەكی هەرێمی كوردستان دەیان دوكانی خواردەمەنی و شیرینی و ماركێت هەنن بەڵام گوڵفرۆش یان نییە یاخود زۆر دەگمەنە.

نەواف شەریف، شارەزا لە كلتوری كۆمەڵگە بۆ پەرەگراف وتی "بردنی گوڵ بۆ لای نەخۆش شتێكی زۆر گرنگە، چونكە لە ڕووی دەرونییەوە نەخۆشەكە باشتر دەبێت و لەڕووی پاك و خاوێنیشەوە باشترە لەوەی كە خواردن یان هەر شتێكی تر ببرێتە نەخۆشخانە و ببێتە هۆی پیسبوونی ژووری نەخۆشەكە یان بڵاوبونەوەی بۆنی خواردن".

"بەڵام ئەوەی باسی دەكەم بۆ كەسێكە بەهای گوڵ بزانێت، چونكە ڕەنگە بردنی چەپكە گوڵ بۆ كەسێك لە جیاتی چاكە ببێتە هۆی گلەیی، لەوانەیە خواردن و شیرینی لای ئەو گرنگتر و باشتر بێت".

نەواف چەندینجار گوڵی بۆ نەخۆش بردووە، بەڵام كەسوكاری نەخۆش بە كەمیان زانیوە، هەرچەندە ئەو دەڵێت، گوێ بە گلەییەكان نادات و هەر شتێك لە پێناو بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەدا بێت وادەكات.

بەپێچەوانەی خواردنەوە لە هیچ نەخۆشخانەیەكدا ڕێگری لە بردنی گوڵ بۆ لای نەخۆش ناكرێت.

سەڵاح ڕێكانی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڤین-ی ئەهلی لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "نیوەی خەڵك حەزیان لە هێنانی خواردنە بۆ نەخۆشخانە و بەشەكەی تر لەكاتی سەردانیان بۆ لای نەخۆش گوڵ دەهێنن، لە نەخۆشخانەكەمان هێنانی خواردن لە دەرەوە قەدەغەیە، چونكە ئێمە لەناو نەخۆشخانە چێشتخانەمان هەیە".

ئەو دەڵێت، لەسەر هێنانی خواردن زۆرجار شەڕە قسە دروستدەبێت بۆیە دەیانجاریش داوایانكردووە خەڵك گوڵ بۆ نەخۆش ببەن.

لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بردنی گوڵ بۆ نەخۆش و شوێنی كاری تازە و كردنەوەی پڕۆژە و بۆنەكان بووەتە كلتورێكی باو.

"بردنی گوڵ بۆ نەخۆش لە هەموو جیهاندا بڵاوە و گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەڵام لەكۆمەڵگەی ئێمە نەبۆتە دیاردە، چونكە بەباشی كۆمەڵگە كاری لەسەر نەكردووە" بەوتەی مەنیجا ئەیوب، كچە ڕۆژنامەنوس لە دهۆك.

مەنیجا بۆ پەرەگراف وتی "پێویستە لە هەر نەخۆشخانەیەك گوڵفرۆشێك دابنرێت تا ببێتە هاندەرێك بۆ خەڵك لەجیاتی شیرینی گوڵ بۆ نەخۆش ببەن، لە هەمووشی گرنگتر پێویستە هەریەكێك لەئێمە دەستپێشخەری بكات و لەمەودوا گوڵ بۆ لای نەخۆش ببات.. بۆ ئەوەی لە ئاییندە ببێتە كەلتورێكی جوان بۆ كۆمەڵگە".

لەڕوی نرخەوە هەندێكجار كڕینی چەپكێك گوڵی سروشتی كەمتر لە نەفەرێك كەباب یان نەفەرێك سەروپێ دەكەوێت.

دكتۆر سەگڤان سلێمان، بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "زیاتر لە سەدا 70ی ئەوانەی سەردانی نەخۆش دەكەن شیرینی لەگەڵ خۆیاندا بۆ نەخۆش دەبەن، بەشەكەی دیكەش بە دزییەوە خواردن دەبەنە ژورەوە".

خواردن و شیرینی لە نەخۆشخانەكاندا دەبێتە بێزاری و بارگرانی بۆ پزیشك و پەرستار و كارمەندانی نەخۆشخانە، بەهۆی بڵاوبونەوەی بۆن و پیسبونی ژوری نەخۆشەكانەوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی جارێكیتر تكا لە هاوڵاتیان دەكات لەبری خواردن و شیرینی گوڵ بۆ نەخۆش ببەن، "بەڵام خۆ ناتوانین بە زۆر گوڵ بە خەڵك بكڕین و بیدەینە دەستیان بیبەن بۆ نەخۆش" دكتۆر سەگڤان وای وت.