ڕۆتینات و قۆرغكاری بازاڕی دهۆك گران دەكەن

04-08-2021 03:03

پەرەگراف

نرخی شمەك و كاڵا لە بازاڕەكانی دهۆك بەرز دەبنەوە، ئەوەش بەوتەی كاسبكار و بازرگانان، بەهۆی قۆرغكاری و ڕۆتیناتەوەیە.

دهۆك دوو دەروازەی سنوریی ڕەسمیی هەیە و یەكێكیان ئیبراهیم خەلیلە لەگەڵ توركیا، كە ناوەند و ڕێگایەكی گەورەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە بۆ كوردستان‌و عێراق.

خالید حاجی ئیبراهیم، فرۆشیار لە بازاڕی دهۆك، بە پەرەگراف-ی وت "شمەك و كاڵا و كەلوپەلی خواردنی ڕۆژانەی هاوڵاتیان نرخەكانیان پەیوەستە بە بازرگانی شمەك و كاڵای هاوردەكراوەوە، ئەوان بە نرخێكی گران بە ئێمەی دەفرۆشن و ئێمەش ناچارین نرخەكانیان لەسەر هاوڵاتیان زیادبكەین".

هەروەها وتی ناوەندی پارێزگای دهۆك هەموو جۆرە كەلوپەلەكانی خواردنی گرانترە لە شارەكانی دیكەی هەرێم و تەنانەت عێراقیش، "هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆتینات و چاودێرینەكردنی بازاڕ و قۆرغكاریی بازاڕ لە لەلایەن چەند بازرگانێكەوە".

پارێزگای هۆك ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەسن.

ڕەشید دەروێش، بازرگان لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆتینات و بەشێك لە بەقاچاغهێنانی كەلوپەل لە دەروازەكانی دەرەوەی سنوری حكومەتی هەرێم، كاریگەری زۆری خستۆتەسەر كاری بازرگانان، بازرگانیش ناچارە كەلوپەلەكانی بە نرخێكی گران لە بازاڕەكاندا بفرۆشێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان داناوە".

ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێم زۆرترین ڕێژەی هەژاریی لە دهۆكە بەراورد بە هەولێر و سلێمانی.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری پەرەگراف، وتی "بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ڕۆتینات لە ئیدارە و بازرگانیكردندا ناكەین، هەر بازرگانێك یان كەسێك من ئاگادار بكاتەوە ئەوا كەسی كەمتەرخەم بە توندترین شێوە سزادەدرێت".

پارێزگار دەڵێت، ڕۆتیناتەكانی پێشتری دهۆك ناهێڵن.

تەتەر وتی "ئەگەر پێویست نەبێت ئەوا دەكرێت دوبارە یان سێبارە پشكنین بۆ كاڵاكان نەكرێت یان لەم دائیرە و ئەو دائیرە كارەكانیان دوابخرێت، بۆیە لەگەڵ هەموو دامودەزگاكاندا قسەمكردووە تا ڕۆتینات نەمێنێت".

هەر پشكنینێك بۆ كاڵا و شمەكی هاوردە یان چەندبارەبونەوەی هێندەی دیكە لە نرخی كاڵاكان زیاددەكات و دواتر هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن.

ئەیاد حسێن، سەرۆكی ژوری بازرگانی دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "ئەو پشكنینانەی لە دەروازەكاندا دەكرێن نرخەكانیان گرانە و لەسەر بازرگانەكان دەكەون، دواتر بەوهۆیەوە نرخ لەسەر هاوڵاتیان زۆر دەبێت و ناتوانن كاڵاكان بكڕن، بەوهۆیەشەوە كاڵاكان ڕەنگە بمێننەوە و كاریگەری لەسەر جموجۆڵی بازرگانی دابنێت".

ژوری بازرگانی دەربارەی زۆریی ڕۆتینات لە فەرمانگەكاندا بۆ كاری بازرگانی، نوسراوێكی ڕەسمییان داوەتە ئیدارەی دهۆك.

ئەیاد حسێن دەڵێت لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكاندا تا مۆڵەت بە بازرگانێك دەدرێت "دەیان دەستی دەستی پێدەكرێت، بەربەستی دەخرێتە بەردەم، ئەوەش بۆتەهۆی كەمبونەوەی گەشەی ئابوری و داوامانكردووە ئاسانكاری بۆ كاری بازرگانی بكرێت، لانیكەم لەگەڵ موسڵ".

دهۆك جگە لە دەروازەی سنوریی، ناوەندێكی بازرگانی گرنگیشە بۆ نەینەوا و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق.