كۆرۆنا بازاڕی خولەكانی فێربوونی گەرمكرد

12-08-2021 06:09
خولێكی خوێندن لە پەیمانگای ئینتەرچەینج لە سلێمانی. وێنە؛ پەیجی پەیمانگاكە لە فەیسبوك.

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

هەرچی خولی فێربون و بەهێزكردنی وانە هەیە جمەیان دێت لە منداڵ، بە پەیمانگەكانی تایبەت بە موزیك و سەما و كاراتی و وەرزشەوە، ئەوەش لەسەر حسابی خوێندنگە و ناوەندەكانی خوێندن، كە نزیكەی دوو ساڵە كەمترین جار دەرگاكانیان بەڕوی خوێندكاردا كراوەتەوە.

لە شوباتی 2020ـەوە، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خوێندنی لە نیوەی ساڵدا ڕاگرت و لەوكاتەوە تا كۆتایی ئەمساڵی خوێندنیش زۆربەی كات خوێندنگەكان داخرابون یان بە شێوەیەكی پچڕپچڕ و بە كاتیی دەكرانەوە.

وەزارەتی پەروەردە پشتی بە خوێندنی ئۆنلاین بەست، ئەوەش ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆر بووەوە، بەوپێیەی ژمارەیەكی كەم لە خوێندكاران توانییان سودی لێببینن، بەهۆی ئەوەی هێڵەكانی ئینتەرنێت باش نین، جگە لەخراپیی توانای كەسوكاری خوێندكار بۆ كڕینی تابلێت یان كۆمپیوتەر.

ساریا و سانا، دوو خوێندكاری پۆلەكانی 10 و 11ی بنەڕەتین، ئەوان لە زیانلێكەوتوانی داخستنی خوێندنگەكان بون و نەیانتوانی تەواوی پڕۆگرامی ئەمساڵ تەواو بكەن، بۆیە لە پەیمانگەیەكی ئەهلیی بۆ بەهێزكردنی وانەكان، ناوی خۆیان تۆماركردوە.

بەوتەی دایكی ئەو دوو خوێندكارە، خەرجی خولەكانیان 300 هەزار دینار دەكەوێت، هەرچەندە بڕێكی زۆرە بەڵام ناچارن، چونكە لە خوێندنگە "هیچ فێرنەبون".

زۆربەی پەیمانگە ئەهلییەكان لە مانگەكانی كۆتایی 2020ـەوە تائێستا بە بەردەوامی و بێ وەستان خولی بەهێزكردنی وانەی خوێندن، یان زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و پرۆگرامی جیاوازی پەروەردەییان هەیە، ئەوەش بەشێوەی بەشداریی مانگانە.

كاوان كەمال، باوكی خوێندكارێكی پۆلی حەوتی بنەڕەتییە و بۆ پەرەگراف وتی "هەرچەندە دۆخی دارایی خێزانەكەم باش نییە، بەڵام منداڵەكەم هیچ فێر نەبووە و حساب دەكەم ئەمساڵی خوێندنی فەوتاوە، بۆیە ناچارم لە ڕێگەی خولەكانەوە پرۆگرامی خوێندن بە منداڵەكەم تەواو بكەم".

پەیمانگەكانی فێربوونی زمان و بەهێزكردنی وانەكانی قوتابخانە نرخەكانیان دەگۆڕێت، نرخی چەند وانەیەكی قوتابخانە بۆ هەر خوێندكارێك لەنێوان 60 هەزار بۆ 150 هەزار دیناردایە و نرخی فێربوونی هەر زمانێكیش لە نێوان 90 هەزار بۆ 650 هەزار دیناردایە.

"نرخی دەورەكان گرانە، سێ منداڵم قوتابییە و زۆر دەكەوێت لەسەرم، ئەگەر چاودێری هەبوایە بۆ دیاریكردنی نرخەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە زۆرباش دەبوو" شەیما داستان، دایكی خوێندكارێك بۆ پەرەگراف وای وت.

تەنیا خولەكانی خوێندن نین جمەیان دێت، پەیمانگەكانی تایبەت بە موزیك، وەرزش، كاراتی و شوێنەكانی دیكەش ڕۆژانە پڕن لەو منداڵانەی نزیكەی دوو ساڵە كۆرۆنا لە خوێندنگەی دابڕیون.

فەرهاد خالید، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "خولەكانی بەهێزكردن هاوكارێكی باشە بۆ هاندانی خوێندكاران تاوەكو سارد نەبنەوە لە خوێندن، بە مەرجێك خولەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستای پسپۆڕ و بەتوانادا بێت لە بواری پەروەردەدا".

لە ساڵانی پێش كۆرۆنا، كەمتر پەیمانگاكانی بەهێزكردن سەرجەم وانەكانی قوتابخانەی تێدا دەوترایەوە، بەڵكو تەنیا خولی فێربوونی كۆمپیوتەر و بەهێزكردنی زمانە جیاوازەكان و وانەكانی پۆلی 12 ئامادەیی بوو بۆ ئەوەی خوێندكاران زیاتر ئامادەبونایە بۆ تاقیكردنەوە لەبەرئەوەی پۆلێكی كۆتاییە و بە ئەنجامەكەی بڕیار لە داهاتووی خوێندكارەكە دەدرێت.

سوهەیلە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئامادەیی فریشتەی كچان لە سلێمانی بە پەرەگراف-ی وت "خەریكە خوێندن بە تەواوی دەبێتە بازرگانی لەلایەن كەسانێكەوە كە خولی بەهێزكردنی وانەكان دەكەنەوە بۆ خوێندكاران، بۆیە پێویستە وەزارەت پلانی هەبێت، تا ئەو خولانە لەناو قوتابخانەكاندابن و مامۆستای وانەكانی خۆیان بیڵێنەوە تا خوێندكارانی كەمدەرامەتیش بتوانن سوودمەندبن".

بەپێی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2012 تایبەت بە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان، هەر هاوڵاتییەكی عێراقی - بیانی بەشێوەی تاك یان گروپ و سەندیكابن دەتوانن پەیمانگای پیشەیی بكەنەوە كە مەبەست لێی بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەتە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا.

لەو یاسایەدا نرخ دیارینەكراوە بۆ ئەو خولانەی پەیمانگەكان دەیكەینەوە.

هەندێك پەیمانگە ڕۆژانە لە دوو تا سێ كاتی جیاوازدا خولی بۆ منداڵان هەیە.

شەهرام مستەفا، بەڕێوەبەری پەیمانگای فێربوون دەڵێت، هەموو ساڵێك لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستای بەتواناو شارەزا خولی هاوینە بۆ بەهێزكردنی ئاستی خوێندكاران و فێربوونی زمانە بیانیەكان دەكەنەوە، ئەمساڵیش ژمارەی خوێندكارانیان زیاترە لە ساڵانی ڕابردوو.

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 250 پەیمانگای پیشەیی هەن كە مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی پەروەردە وەرگرتووە، بەپێی ئەو كارو بەرنامانەی هەیانە خولەكانی بەهێزكردنی زمانەكان و كۆمپیوتەر و وانەكانی قوتابخانە بە فێرخوازان دەڵێنەوە.

ئەحمەد گەل، بەڕێوەبەری گشتی ئامادەییە پیشەییەكان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ پەرەگراف وتی "ئەو پەیمانگایانە بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی پەروەردە كاردەكەن، بەڵام نرخیان بۆ دیاری نەكردوون، ئەوان سەربەستن بەپێی وانەكان و كاتەكەی و پسپۆڕیی ئەو كەسانەی وانەكان دەڵێنەوە خۆیان نرخ دیاریبكەن".

بەپێی هەمان یاسای تایبەت بە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان، لەكاتی سەرپێچیكردندا پەیمانگەكان سزای ماددی دەدرێن، بەپێی جۆری سەرپێچییەكە كە بڕەكەی لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا دوو ملیۆن دینار و هەندێكجار دەگاتە داخستنی پەیمانگاكە و لێسەندنەوەی مۆڵەتی كاركردن.

ئەركی چاودێریكردنی پەیمانگەكان لە ئەستۆی پارێزگاكانە، كە وەك هەر شوێنێكی دیكە سەردانیان بكەن تا بزانن چەندە ڕێنماییەكان جێبەجێ دەكەن، دڵنیاببنەوە كە مۆڵەتی كاردكردنیان هەیە بۆ ئەوەی ئەگەر سەرپێچییان كرد سزا بدرێن.

ئەحمەد عەزیز، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بە پەرەگراف-ی وت، هیچ سكاڵایەكیان بۆ نەهاتووە لەسەر نرخی خولەكانی فێربون، بەڵكو تەنها لەسەر قەرەباڵغی و زۆریی فێرخواز سكاڵای كەسوكاری خوێندكاران گەیەندراوەتە لیژنەكانیان و ئەوانیش ئیجرائاتیان كردووە.

زۆریی خولەكانی فێربون و قەرەباڵغییان ناتوانێت قەرەبوی كەشی ناو پۆلی خوێندنگە بكاتەوە، ئەوەش بەپێی سەرپەرشتیارانی پەروەردە، كە بە ئەركی وەزارەتی پەروەردەی دەزانن پلانی تۆكمە بۆ ساڵی نوێی خوێندن دابنێت تا بە هەمان قەیرانی دوو ساڵی ڕابردودا تێنەپەڕێت.