سەركردەكانی تاڵیبان كێن، كامیان دەسەڵاتی ئەفغانستان دەگرێتە دەست؟

19-08-2021 03:51
مەلا عەبدولغەنی برادەر سەركردەی سیاسی تاڵیبان‌و شاندی دانوستانكار لە مۆسكۆ، 2019. وێنە؛ ڕۆیتەرز

پەرەگراف

دۆخی نوێی ئەفغانستان‌و گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان، ڕێگەخۆشكەرە بۆ چەند سەركردەیەكی دیار لەو بزوتنەوەیە تا جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات، ئەوەش دوای چەندین دەستكەوتی گەورەی سەربازی كە هەفتەكانی ڕابردوو بەدەستیان هێنا تا گەیشتنە كابوڵی پایتەخت.

ئێستا بزوتنەوەكە زۆرینەی ئەفغانستانی لەژێردەستدایە، هاوشێوەی ئەوەی لەنێوان ساڵی 1996 بۆ 2001 ڕویدا، بەتەواوی حوكمی وڵاتەكەی كرد، تەنانەت زۆر نزیكە لەوەی تەواوی دەسەڵات و جومگە سەرەكییەكان كۆنتڕۆڵ بكات.

مەلا عەبدولغەنی برادەر یەكێك لە دامەزرێنەران و سەركردەی سیاسی گروپەكە، ڕەنگە ببێتە سەرۆكی داهاتووی ئەفغانستان كە تاڵیبان بە "ئەمارەتی ئەفغانستانی ئیسلامی" ناویدەبات، هەرچەندە ئاخوندزادە سەركردەی باڵای تاڵیبانە.

مەلا هەیبەتوڵا ئاخوندزادە.. سەركردەی باڵا

هەیبەتوڵا ئاخوندزادە ڕابەری باڵای تاڵیبانە، دەسەڵاتی دەركردنی بڕیاری كۆتایی بزوتنەوەكەی لەدەستدایە، لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كاروباری سیاسی، ئاینی‌و سەربازییەوە هەیە.

زادە لە ئایاری 2016 كرایە سەركردەی تاڵیبان، ئەوەش لە ئاڵوگۆڕێكی خێرای دەسەڵاتدا كە چەند ڕۆژێك دوای مردنی سەركردەی پێش خۆی، ئەختەر محەمەد مەنسور ڕویدا.

مەنسور بە بۆردومانی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكی لە پاكستان كوژرا، دوای ئەوەی كە ئاخوندزادە كرایە سەركردە، بەتەواوی لە چاو ونبوو و هیچ دەركەوتنێكی نەبووە.

پێش ئەوەی ببێتە ڕابەری باڵا، پلەیەكی هەبوو كە زیاتر گرنگی بە بابەتە ئاینییەكان دەدا لەبری كاروباری سەربازی و هونەری جەنگیی، دواتر دەزگای دادوەری بزوتنەوەكەی گرتەدەست، لە مزگەوتێكی شارۆچكەی كوچلاك لە باشوری خۆرئاوای پاكستان وانەی وتووەتەوە و وتاری ئاینی پێشكەش كردووە.

ئەو زانا ئاینییە پێشبینی دەكرێت تەمەنی 60 ساڵ بێت، لایەنگرێكی زۆری لەناو بزوتنەوەكەدا هەیە، بەڵام چاودێران پێیان وایە، بۆ ئەم قۆناغە زیاتر ڕۆڵێكی ڕەمەزیی دەبێت نەوەك بە كردار بەشداریی هەبێت.

دوای ئەوەی دەكرێتە ڕابەری تاڵیبان، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەیمەن زەواهیری سەركردەی ڕێكخراوی قاعیدە بەیعەتی پێدەدرێت‌و نازناوی "ئەمیری ئیمانداران"ی لێدەنرێت، ئەوەش لەناو توندڕەوەكاندا زیاتر پێگەكەی بەهێز دەكات.

مەلا زادە توانیی هەنگاوێكی هەستیار بنێت لەبزوتنەوەكەدا، ئەویش یەكگرتنەوەی باڵەكانی تاڵیبان بوو، كە دوای مردنی مەلا مەنسور، لەسەر ململانێی دەسەڵات دابەش بووبوون، بەڵام ئاخوندزادە سەركەوتوبوو لە یەكخستنەوەی بزوتنەوەكە.

ئەو سەركردەیەی تاڵیبان، حەزی بە دەركەوتن و بڵاوكردنەوەی پەیام نییە، بۆیە زیاتر بە نادیاری و شاراوەیی ماوەتەوەو تەنها ساڵانە لە بۆنە ئاینییە ئیسلامییەكاندا پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە.

مەلا عەبدولغەنی برادەر؛ سەرۆكی پێشبینیكراو

برادەر لەگەڵ مەلا محەمەد عومەر كە ساڵی 2013 مرد، بەشداریی دامەزراندنی بزوتنەوەكەی كردووە، ئێستاش سەرۆكی مەكتەبی سیاسی تاڵیبانە، یەكێكیش بووە لە سەركردەكانی وەفدی دانوستانكار لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، كە ڕێكەوتنی سیاسی و وەستانی شەڕی لێكەوتەوە لەگەڵ ئەمەریكا.

برادەر ساڵی 1968 لە ویلایەتی ئەرزگان لە باشوری ئەفغانستان لەدایكبووە، بەڵام لە قەندەهار گەورەبووە، لە سەردەمی گەنجی و لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، بەشداری شەڕی دژی داگیركاری یەكێتی سۆڤیەتی كردووە.

دوای ئەوەی ساڵی 1992 ڕوسەكان لە ئەفغانستان دەردەكرێن، جەنگێكی ناوخۆیی لەنێوان ئەمیرە ڕكابەرەكاندا سەرهەڵدەدات، مەلا برادەر لەگەڵ مەلا محەمەد عومەری هاوڕێ و زاوایدا قوتابخانەیەك لە قەندەهار دادەمەزرێنن، دواتر پێكەوە بزوتنەوەی تاڵیبان دروست دەكەن.

ئاژانسی هەواڵگری ناوخۆیی پاكستان یەكێك بوو لە یارمەتیدەرەكانی تاڵیبان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەجۆرێك سەیری برادەریان دەكرد كە ئەوكات جێگری مەلا عومەر بوو، ببێتە ئەندازیاری سەركەوتنەكان.

لەسەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان لەنێوان 1996 بۆ 2001، مەلا برادەر چەند پلەیەكی هەبووە، لەوانە حاكمی هەرات و نەمرۆز، كاتێكیش ئەمریكا و هاوپەیمانان دەسەڵاتی تاڵیبانیان ڕوخاند، جێگری وەزیری بەرگری بوو.

دوای ئەو شكستە، بوو بە سەركردەی فیعلی "ئەنجومەنی شورای كویتا" كە لە سەركردەكانی تاڵیبان لە تاراوگە پێكهاتبوو.

ساڵی 2010 هەواڵگری پاكستان لە شاری كەراچی پاكستان دەستگیری دەكەن، بەڵام ساڵی 2018 بە فشاری ئەمریكا و لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئازاد دەكرێت، بۆ ئەوەی پشتگیری دانوستانەكانی تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستان بكات، دواتر لە دەوحە دەكرێتە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكە.

ئازادكردنەكەی دەبێتەهۆی سەركەوتنی گەڕی دانوستانەكان و ڕێكەوتن لەسەر كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان، هەروەها ئەنجامدانی وتووێژی ئاشتی و ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی سی ئێن بی سی، مەلا عەبدولغەنی برادەر دەبێتە سەرۆكی "ئەمارەتی ئەفغانستانی ئیسلامی"، ئەوەش ئەو نازناوەیە كە بزوتنەوەكە بۆ وڵاتەكەی داناوە دوای ئەوەی چوونە ناو كابوڵ، هاوكات ئاخوندزادەش وەك "سەركردەی ڕۆحی" دەمێنێتەوە.

سیراجەدین حەقانی.. پیاوی دووەمی بزوتنەوەكە

لەسەر ئاستێكی فراوان و لای زۆر كەس سیراجەدین حەقانی پیاوی دووەمی بزوتنەوەی تاڵیبانە، ئەو كوڕی یەكێك لە بەناوبانگترین سەركردەكانی جەنگی دژی یەكێتی سۆڤیەتە ئەویش جەلالەدین حەقانی سەركردەی تۆڕی نەتەوەیی حەقانییە كە بەناوی خێزانەكەیەوە ناونراوە، لای واشنتۆن لە لیستی تیرۆردایە، بە یەكێك لە مەترسیدارترین لایەنەكان ناودەبرێت كە دژی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی باكوری ئەتلەسی (ناتۆ) لە دوو دەیەی ڕابردوودا جەنگاوە.

تۆڕەكەی حەقانی ناسراون بە ئەنجامدەری كردەوەی خۆكوژیی، خوێناویترین و توندترین هێرشەكانی ئەفغانستان لەچەند ساڵی ڕابردوودا دەخرێتە ئەستۆی ئەوان، لەوانە هێرشكردنەسەر هۆتێلێكی گەورەی كابول، هەوڵی تیرۆركردنی حەمید كارزای سەرۆكی پێشووی وڵات، ئەنجامدانی هێرشێكی خۆكوژی بۆسەر باڵیۆزخانەی هیندستان.

سیراجدین حەقانی تۆمەتبارە بە تیرۆركردنی چەند سەركردەیەكی باڵای ئەفغانستان، بە بارمەتەگرتنی بیانییەكان و دواكردنی پارە لە بەرامبەر ئازادكردنی زیندانییان.

حەقانی یەكێكە لە داواكراوەكان لەلایەن نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا، بەهۆی تەقاندنەوەی هۆتێڵیكی كابوڵ لە ساڵی 2008، كە بەهۆیەوە شەش كەس كوژران كە یەكێكیان ئەمریكی بوو.

مەلا محەمەد یەعقوب.. میراتگر

مەلا محەمەد یەعقوب كوڕی مەلا محەمەد عومەرە و سەرۆكی لیژنەی سەربازییە، خاوەنی لایەنگرێكی زۆرە لەناو تاڵیباندا، هەر ئەویش بڕیاری ئاڕاستە ستراتیژییەكانی شەڕ لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان دەدات.

ئەو لەسەرەتای سییەكانی تەمەنیدایە و لە ئەفغانستان دەژی.

لەگەڵ باوكیدا پەیوەندییەكانی بەهێزی هەبووە، تەنانەت ساڵی 2016 دانرا بۆ ئەوەی بكرێتە ڕابەری بزوتنەوەكە، بەڵام ئەو ناوی ئاخوندزادەی پێشنیاركرد، چونكە پێیوابوو خۆی ئەزمونی كەمەو تەمەنی بچوكە.

شیر محەمەد عەباس ستانیكزای

شیر محەمەد عەباس ستانیكزای جێگری وەزیربووە لە حكومەتی تاڵیبان پێش ڕوخانی لە ساڵی 2001، ماوەی 10 ساڵە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەژی.

ساڵی 2015 كرایە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان، بەشداری دانوستانەكانی كرد لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان و بە نوێنەرایەتی تاڵیبان سەردانی چەند وڵاتێكی كردووە.

عەبدولحەكیم حەقانی.. گەورەی ڕاوێژكاران

سەرۆكی گروپی تاڵیبانە بۆ ئەنجامدانی دانوستان، هەروەها سەرۆكی "ئەنجومەنی زانایانی ئاینی"یە، وا باس دەكرێت كە ئەو كەسەیە ئاخوندزادە لەكەسانی دیكە زیاتر متمانەی پێیەتی.

بزوتنەوەی تاڵیبان دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی لە ساڵی 2001، جەنگێكی درێژی دژی حكومەتێك بەرپا كرد كە بەهەموو شێوەیەك لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتگیری دەكرا.

بزوتنەوەكە ئەو كەسانەی بۆخۆی ڕاكێشا كە بە "موجاهیدەكان" ناسرابوون‌و لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا ڕوبەڕوی داگیركاری سۆڤیەت بوبونەوە.

دوای چونەدەرەوەی سۆڤیەت لە ئەفغانستان لە ساڵی 1989، جەنگێكی ناوخۆیی وڵاتی گرتەوە، پاش چەند ساڵێك و بە دیاریكراوی لە 1994 بزوتنەوەی تاڵیبان دامەزرا، لەماوەی دوو ساڵدا توانی تەواوی وڵات كۆنتڕۆڵ بكات و دەسەڵات بگرێتە دەست، هەروەها "ئەمارەتی ئیسلامی"یان لە وڵاتەكە دامەزراند و حوكمەكەیان ماوەی پێنج ساڵی خایاند.

ئێستا كە دوای 20 ساڵ جارێكی دیكە گەڕاونەتەوە، بەهۆی ئەو ڕێبازە توندڕەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی یەكەمیاندا پەیڕەویان كرد، خەڵك و چالاكوانان ترسێكی زۆریان لێیان هەیە، نایانەوێت ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێناویانەتەدی، لەسەر دەستی ئەوان جارێكی دیكە لەدەستی بدەن و تاڵیبان جارێكی دیكە هەموو شتێك كۆنتڕۆڵ بكات.