بە نێوەندگیریی ئەمەریکاو ڕۆژئاوای کوردستان؛ وردەکاریی سێ کاتژمێر کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی

30-08-2021 09:28

پەرەگراف- سورکێو محەمەد

شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە نێوەندگیری و ئامادەبوونی مەزڵوم كۆبانێ و ساڵح موسلیم و وەفدێکی ئەمەریکی، بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕیان ئەنجامدا، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو مەترسییەکانی سەر کورد وەرەقەیەکی بەھێز بوون لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوانیان کە کاریگەریی ھەبووە لەسەر لێکنزیک کردنەوەی ھاوسەرۆکانی یەکێتی.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە، زانیاریی ورد بۆ پەرەگراف ئاشکرا دەکەن و پێیانوایە، "یەکەمجارە لە دوای ٨ی تەمموز کۆبوونەوەیەکی ئەوەندە باش و ئیجابیی بکرێت".

"مەزڵوم کۆبانێ و ساڵح موسلیم بە ھەلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ نێوەندگیریی ھاتنە سلێمانی و دوای کۆبوونەوەکەش ڕاستەوخۆ گەڕانەوە" سەرچاوەیەک وای وت، سەرچاوەیەکی دیکەش ھەمان زانیاریی پشتڕاست کردەوە.

وەفدی نێوەندگیر سەرەتا بە جیا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی کۆبوونەتەوە، پاشان پێکەوە ڕوبەڕو دانیشتنیان ئەنجامداوە بەئامادەبوونی؛ قوباد تاڵەبانی، پۆڵاد شێخ جەنگی ھەروەھا وەھاب ھەڵەبجەیی و ئەژی ئەمین بەرپرسانی دژەتیرۆر و دەزگای زانیاریی بەشداربوون لە کۆبونەوەکەدا.

بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی بە ڕاشکاویی قسەیان کردووەو ڕەخنەو تۆمەتەکانیان ڕوبەڕوی یەک کردووەتەوە، "وەفدی نێوەندگیر داوای کردووە کێشەکانی نێوانیان بە زوویی بە گفتوگۆ یەکلایی بکەنەوەو بگەنە ڕێککەوتن و ڕایبگەیەنن، ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە کە دۆخی ناوچەکەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان زۆر لەو کێشە حزبییانە گەورەترن و مەترسیدارن بۆسەر قەوارەی ھەرێم و پێویستە ناوخۆی یەکێتی یەکگرتووبێت و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ھەرێمیش پەیوەندییەکی بەھێزو پتەویان ھەبێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تەحەداکان".

سەرچاوەکەی پەرەگراف دەشڵێت "خاڵی جەوھەریی کە کاریگەریی ھەبوو لەسەر ھاوسەرۆکانی یەکێتی، ئەو مەترسییانەبوون کە لەلایەن وەفدی نێوەندگیر خرانەڕوو لەسەر پێگەو ڕۆڵی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە".

لە ماوەی دوو مانگی تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی، دۆخەکە بە جۆرێک گرژبوو ھێزیان لە دەوری خۆیان کۆکردەوەو چەند جارێک ئەگەری پێکدادان ھەبوو.

"کۆبوونەوەکە گرژییەکانی خاوکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی دیکەش بکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی تەواوی کێشەکان و ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی یەکێتی و پێکەوە بانگەشەکردن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق" سەرچاوەیەکی پەرەگراف وای وت.

بەوتەی سەرچاوەکان، گۆڕانکارییەکانی یەکێتی لوتکەی پۆستەکانی ئەو حیزبە دەگرێتەوەو سیستمی ھاوسەرۆکیی ھەڵدەوەشێتەوەو بافڵ تاڵەبانی دەکرێت بە سەرۆک، لاھور شێخ جەنگی بەمە ڕازییەو داوا دەکات بە ڕێکاری حزبی و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئەو گۆڕانکارییە بکرێت.

"لە کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردوو ئەوە یەکلایی بووەوە کاک لاھور ناچێتە دەرەوەی وڵات و کوردستان جێناھێڵێت کە ئەمە دواکاریی سەرەکیی کاک بافڵ بووە لە سەرەتای کێشەکانەوە".

ئەوە یەکەمجار نییە ئەمەریکا بێتەسەرخت لە کێشەی نێوان ھاوسەرۆکسنی یەکێتی، سەرەتای ئەم مانگە کاتێک ئاڕاستەی ماڵی مام جەلال‌و پشتیوانەكانیان ئامادەكارییان كرد بە هێزی سەربازیی بچنەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، ئەمەریكییەكان پەیامیان بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نارد كە هێزی چەكدار لە كێشە ناوخۆییەكانیاندا بەكار نەهێنن، دواتر ئێرانیش هەمان پەیامی هەبووە.

لە دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمموزو گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی كە بەھۆیانەوە لاھور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، لە میدیای یەكێتییەوە چەندین تۆمەتی قورس ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و كەسە نزیكەكانی كران، پاشان لەسەر سكاڵای بازرگانێك فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی‌و دوو برای دەركرا.

لاهور شێخ جەنگی و براكانی، 18ی ئەم مانگە ئامادەبوون لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە لە سلێمانی، لەسەر ئەو سكاڵایە كە لەسەریان تۆماركراوە بە تۆمەتی "ڕفاندن و لێسەندنی موڵك و ماڵی لەژێر فشارو ھەڕەشەدا"، پاش وەرگرتنی وتەكانیان دادوەر "بڕیاری ئازادكردنی دان".