گەرما و كەمیی كارەبا بازاڕی سەهۆڵ لە ڕۆژئاوای كوردستان دەبووژێننەوە

08-09-2021 03:18

پەرەگراف

سەدان پیشە و كاری دەستی لە چەند ساڵی ڕابردووی جەنگی سووریا بوونیان نەما، كە سەرچاوەی بژێویی ژیانی هەزاران خێزان بوون، لە بەرانبەردا چەند پیشەیەكی دیكە بووژانەوە، هەلی كاری نوێ لە چەندین شار و شارۆچكەی سوریا بۆ هاوڵاتیان بەردەست بوون، لەنێوانیاندا فرۆشتنی سەهۆڵ كە نرخەكەی 100% بەرزبووەتەوە بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەرێتی.

كەمبوونەوەی كارەبا و ئەو شەپۆلی گەرمایەی ئەمساڵ زۆرینەی وڵاتەكەی گرتەوە، بەهۆی بەرزترین پلە تۆماركرا كە لە هەندێك كاتدا دەگەیشتە 50 پلە، بۆیە دابینكردنی ئاوی سارد بووە ئەولەویەتی كاری سوورییەكان، بەتایبەت بەهۆی كارنەكردنی ئامێری ساردكەرەوە بەهۆی بێ كارەباییەوە، كە لە هەندێك ڕۆژدا 22 كاتژمێر بێ كارەبا بوون.

بەشێكی سوورییەكان پەنایان بۆ كاری فرۆشتنی سەهۆڵ برد بە نرخی دوو هێندە، ئەوەش دوای داڕمانی ئابووری، هەروەها هەزاران كەس كارەكانیان لەدەست دا و ناچار بوون بۆ دابینكردنی پێداویستیی خێزانەكانیان كاری دیكە بكەن.

بازرگانییەكی بەقازانج

دووكان و عەرەبانەكانی فرۆشتنی سەهۆڵ زۆر لە زۆرینەی شارەكانی سووریا زۆر بڵاون. سوهەیل زەین یەكێكە لەوانەی لە شاری حەسەكە سەهۆڵ دەفرۆشێت، ئاماژە بەوە دەكات لە كارگە گەورەكان قاڵبی گەورەی سەهۆڵی دەست دەكەوێت، نرخەكەی دەگاتە 16 دۆلار، ئەویش پارچە پارچەی دەكات بۆ ئەوەی ئاسانتر بە هاووڵاتیانی بفرۆشێت.

سوهەیل مانگانە لەڕێی فرۆشتنی قاڵبە سەهۆڵەكانەوە نزیكەی دوو هەزار دۆلاری دەست دەكەوێت. دەڵێت فرۆشیاری دیكە هەیە دوو هێندەی ئەوە داهاتی هەیە، بەتایبەت ئەوانەی دووكانیان لە شار و شارۆچكە و ناوچە جیاوازەكان هەیە.

ئەو گەنجەی شاری حەسەكە قاڵبە سەهۆڵ بە دووكانەكانی خواردن و شەربەت دروستكردن دەفرۆشێت، ئەمە جگە لە فرۆشتنی بە هاووڵاتیان و دەیان دەستگێڕیی كۆڵانەكان.

ڕیزی دوور و درێژ

لەگەڵ كەمبوونەوەی زیاتری كارەبا كە هەندێك ڕۆژ ماوەی بڕانی دەگاتە 22 كاتژمێر، ڕیزەكانی وەستان بۆ كڕینی سەهۆڵیش درێژتر دەبن، فرۆشیارەكان یاری بە نرخەكانی دەكەن، بەراود بە ڕۆژانی ئاسایی بە نرخێكی زۆر گران دەیفرۆشن.

سەهۆڵ بووە بە پێداویستیی سەرەكی لە لیستی كەلوپەلی ڕۆژانەی خێزانە سوورییەكاندا، زۆرترین فرۆشی هەیە و هاووڵاتیان بە ڕیزی درێژ بۆ دەستكەوتنی دەوەستن، بە جۆرێك لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر لەسەر شۆستە شەقامەكان دادەنیشن و چاوەڕێی كردنەوەی دووكانی سەهۆڵفرۆشتنەكە دەكەن.

بەكارهێنەران دەڵێن، قەیرانی سەهۆڵ بووەتە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی شەربەتی سارد بە ڕێژەی 200%.

لوئەی خافی، فەرمانبەرێكی حكومییە لە دیمەشق، دەڵێت "سەهۆڵ بووە بە یەكەم پێداویستیی گرنگی ڕۆژەكەكان لەپێش نانەوە، بەتایبەت لەم گەرمای هاوینەدا، كە كەس ناتوانێت بێ خواردنەوەی ئاوی سارد بژی".

ئەو فەرمانبەرە ئاشكرای دەكات، ڕۆژانە سێ بۆ چوار قاڵب سەهۆڵ دەكڕێت "نرخەكان گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی، بەهۆی ئەو داواكارییە زۆرەی لەسەرێتی، خواردنەوەی ئاوی سارد بەدەست ویژدانی بازرگان و فرۆشیارەوەیە".

لوئەی باسی لەوەش كردووە، ئەو بەخێوكەری خێزانێكی 10 ئەندامییە، ڕۆژانە چوار قاڵبی بچووك دەكڕێت بۆ ئەوەی تینوێتیانی پێ بشكێنێت، ئەوەش بڕی 25 هەزار لیرە لەسەری دەكەوێت. پێشبینی دەكرێت نرخەكەشی زیاتر بەرزبێتەوە، بەتایبەت دوای دابەزینی بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار.

كێشەیەكی درێژخایەن و دڵەڕاوكێ لە تەندروستی

نرخی سەهۆڵ بەپێی شار و ناوچەكانی سووریا دەگۆڕێت، هەفتانە زیاتر بەرز دەبێتەوە، لە دیمەشق چالاكوانە ناوخۆییەكان نیگەران و لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی، بە جۆرێك لە هەندێك ناوچەی دیمەشق قاڵبێك بە 10 دۆلارە، ئەوەش بەراورد بە پێشتر زۆر زیادی كردووە، هەندێك خێزان توانای كڕینیان نییە.

بەشێكی خێزانەكان پەنایان بۆ ڕێگاچارەی دیكە و جێگرەوەی سەهۆڵ بردووە، ئەویش بەكارهێنانی مەركانە و بابەتە لە قوڕ دروستكراوەكانە بۆ ساردكردنی ئاو، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی سوورییەكان لە دۆخی تەندروستییان دەترسن، بەتایبەت بەهۆی هەڵكشانی حاڵەتەكانی ژەهراویبوون، هەوكردنی گەدە، سكچوون، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی زەردوویی و هەوكردنی جگەر.

پزیشكە پسپۆڕەكان پێیان وایە دەزگا تەندروستییەكان چاودێریی كارگەكانی دروستكردنی سەهۆڵ ناكەن و پێشبینی دەكرێت ئاوی پیس بۆ دروستكردنیان بەكار بێت، هەر ئەوەش وای كردووە حاڵەتەكانی نەخۆشی زیاد بكات.