ژنان لەژێر حوكمی تاڵیباندا؛ چی ڕێگەپێدراوە و چی قەدەغەیە؟

12-09-2021 03:34
ژنێك لە كۆبوونەوەی ژنانی تاڵیبان لە كابوڵ

پەرەگراف

"بۆچی بەبێ مەحرەم هاتویتە دەرەوە؟" ئەمە ئەو پرسیارەیە یەكێك لە چەكدارانی تاڵیبان ئاڕاستەی كچێكی گەنجی ئەفغانی كرد دوای ئەوەی بەتەنیا بینیی.

كچە گەنجەكە لە بەشی پشتەوەی ئۆتۆمبێلێكی زەردی كرێدا لە كابولی پایتەخت دانیشتبوو، وردە وردە لە خاڵێكی پشكنین نزیك بووەوە كە ئاڵا سپییەكەی تاڵیبانی هەڵكردبوو، هاوشێوەی دەیان خاڵی پشكنینی دیكە كە لەناو شاردا دانراون.

چەكدارەكەی تاڵیبان عەمامەیەكی لەسەر و تفەنگێكی بەشانەوەبوو، داوای لە كچەكە كرد پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە بكات، كاتێك ڕوونیكردەوە كە مۆبایلی نییە، فەرمان بە شۆفێركە كرا بیباتەوە بۆ ماڵەوە و هاوسەرەكەی بێنێت، دوای گەڕانەوەیان كێشەكە چارەسەر كرا.

ئێستا كابول لەژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیباندایە، شەقامەكانی لەلایەن چەكدارانی بزوتنەوەكەوە كۆنتڕۆڵكراون.

هەر لەیەكەم ڕۆژی گەڕانەوەی دوا سەربازی ئەمریكی بۆ وڵاتەكەی، زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە چەكدارەكانی بەتەواوی كەلوپەلە سەربازییەكانیانەوە دەوریاندابوو، داوایكرد "بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵكیدا بكەن و هێمن بن لەگەڵیان، چونكە ئەوگەلە زۆریان ناخۆشیی چەشتووە".

هەندێك شت پێویستیان بە وتن نییە، بە كۆنتڕۆڵكردنی وڵاتەكە لەلایەن تاڵیبان بەو خێراییە لەناكاوە لە مانگی ڕابردوودا، ئەفغانییەكان زانییان كە پێویستە لەژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەكەدا چی بكەن و چی نەكەن.

پیاوان لە یەكەم كاریاندا ڕیشتاشینیان ڕاگرت، بۆ ئەوەی ڕێگە بە مووەكانیان بدەن گەشە بكاتەوەو ڕوخساریان داگیر بكات، ژنان ڕەفتەو لەچكە ڕەنگاوڕەنگەكانیان گۆڕی بۆ ڕەش، عەزییەكانیان درێژكرد و عابایان پۆشی.

هێشتا كچان و ژنانی ئەفغانستان تێناگەن تاڵیبان مەبەستی چییە كاتێك دەڵێت "كچان و ژنان سەرجەم ئەو مافانەیان پێدەدرێت كە لە ئیسلامدا بۆیان دیاریكراوە"، بۆیە تا ڕوونبونەوەی ئەوە، بە وریاییەوە مامەڵە دەكەن.

زۆریان دەترسن لەوەی ڕێگە نەدرێت بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان‌و ناچار بكرێن بەجۆرێك و لەناو شارێكدا بژین كە هەست بكەن موڵكی ئەوان نییە.

گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان

هەندێك كەس بەپەلە لەكابول هەڵهاتن، بەڵام چەكدارانی تاڵیبان بەپێچەوانەوە لەهەموو شوێنێكەوە دەهاتنە ناو كابوڵی پایتەخت.

ڕەفیعوڵا تەمەنی 25 ساڵە و چەكدارێكی بزوتنەوەكەیە، بە دڵخۆشییەكی گەورەوە باس لە گەڕانەوە بۆ پایتەخت دەكات و دەڵێت "چەندین ساڵبوو سەردانی كابوڵم نەكردبوو، كاتێك پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەو ترسەی لای ئەفغانییەكان دروستبووە لەسەر نادیاریی چارەنوسیان و لەدەستدانی داهاتوویان، وتی "هەموومان ئەفغانین، وڵات بەرەو ڕێگایەكی نوێ بەرەو ئاشتی و ئاوەدانی هەنگاو دەنێت".

لە بەشێكی گەڕەكەكان چەكدارانی تاڵیبان ماڵەو ماڵ دەگەڕێن، لە دەرگای ماڵان دەدەن و داوای ڕادەستكردنی مۆبایل و ئۆتۆمبێلی حكومی و هەرشتێكی دیكە دەكەن كە پەیوەندی بە كارە كۆنەكەیانەوە هەبێت، زۆجار دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەشدا دەگرن كە هەست دەكەن بەڕێگای گەندەڵی دەست كەسێك كەوتووە.

لە ڕۆژئاوای كابوڵ هەژارەكان دەژین، ئەوان دەڵێن، لەگەڕەكەكەیان هەڵمەتەكانی كنە و پشكنین زۆر بە وردی بەڕێوەدەچێت، بۆیە هاتوچۆ و جموجۆڵ كەمە بەتایبەت ژنان ناوێرن بێنە دەرەوە.

یەكێك لە ژنەكان كە پێشتر ڕۆژانە بۆ كار چووە بۆ ناوەڕاستی شار، دەڵێت "من دەترسم، بە تاڵیبان دەڵێم هەندێك ژن كە كار دەكەن تاكە سەرچاوەی پەیداكردنی بژێوی خێزانەكانیانن، بۆیە دەبێت بچم بۆ كاركردن".

وەرزش قەدەغەیە

لەلایەكی دیكەوە بزوتنەوەی تاڵیبان ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكانی لە ژنان قەدەغەكردووە، بەتایبەت ئەنجامدانی ئەو ڕاهێنانەی جەستەی تێدا دەردەكەوێت.

ئەحمەدوڵا واسق ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری تاڵیبان بە كەناڵی (SBS) ئوستورالی ڕاگەیاندووە "وەرزش شتێكی گرنگ نییە بۆ ژنان"، بۆیە كۆمەڵێك ڕێكار دەگرینەبەر تا ئەو ڕاهێنانە ئەنجام نەدەن.

ئەو بەرپرسەی تاڵیبان جەختدەكاتەوە لەسەر، پاشگەزنەبونەوەی بزوتنەوەكە لەو بڕیارە و دەڵێت "ئیسلام ڕێگە بە ژنان دەدات لە ماڵ بێنە دەرەوە و بازرگانی بكەن، بەڵام وەرزش هیچ گرنگ نییە".

لەبارەی مۆسیقاوە چی دەڵێن؟

لەلایەكی دیكە لەو كاتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، پەخشكردنی گۆرانی و میوزیك لە كەناڵ‌و ئێستگە ناوخۆییەكان قەدەغەكراوە، داواش لە هاوڵاتیان كراوە لەناو ماڵ و ئۆتۆمبێلەكانیانەوە دەنگی گۆرانی نەیەت.

زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی باسی لەوەكردووە "مۆسیقا لە ئیسلامدا حەرامە، ئەوانیش هەوڵ دەدەن باوەڕ بە خەڵكی بهێنن بۆ ئەو بابەتە".

لەسەردەمی دەسەڵاتی یەكەمی تاڵیبان لەنێوان ساڵانی (1996-2001) بەتەواوی مۆسیقا و گۆرانی قەدەغەكرابوو، تەنانەت ئەو گۆرانییە میللییانەش كە هیچ ئامێرێكی میوزیكی تێدا بەكارناهێنرێت.