وردەكاریی ئەركە نهێنییەكە؛ ڕزگاركردنی گۆڕی پێغەمبەرێكی جولەكە لە عێراق

20-09-2021 04:10

پەرەگراف

وردەكاری چیرۆكی ڕزگاركردنی گۆڕی پێغەمبەرێكی جولەكە لە عێراق ئاشكرا دەكرێت، كە نزیكبووە لەوەی بكەوێتە دەستی داعش، كارەكە بە پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.

"ئەركە بوێرانەكە" بۆ ڕزگاركردنی گۆڕی پەیامبەر ناحوم، لەلایەن پزیشكێكی ڤێتەرنەری كە لەگەڵ سوپای ئەمریكا كاریكردووە، هەروەها چەند ئەندازیارێكی ئیسرائیلییەوە ئەنجامدراوە، بەپێی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل.

چیرۆكەكە لە ڕۆژێكی مانگی نیسانی ساڵی 2017وە دەستیپێكرد، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری جێپی جام ڕەش لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو گوندی قەرەقوشی تایبەت بە مەسیحییەكان لە باكوری شاری موسڵ بەڕێكەوتن.

دوو ئەندازیاری ئیسرائیلی لە كاروانەكەدا بوون، لەبەر هۆكاری ئەمنیی هەر یەكەیان لە ئۆتۆمبێلێكدا دانیشتبوون.

ئەو دوو پیاوە یەعقوب شافر و مەئیر ڕۆنین بوون، هەردووكیان لەڕێی پاسپۆرتە ئیسرائیلییەكەیان هەتبونە عێراق، بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی گۆڕی پەیامبەر ناحوم، دواتر بازرگانێكی ئەمریكیی جولەكە بەناوی ئادەم تیڤن چووەتە پاڵیان كە سەربازێكی پێشووی سوپای ئەمریكایەو لە لەناوچەی سەبع بوری بەغداد خزمەتیكردووە.

هەردوو پیاوە ئیسرائیلییەكە لەكاتی گەشتەكەیان بۆ قەرەقوش ئەو وێرانەیەیان بینیوە كە جەنگ لەناوچەكە خولقاندبووی، هێشتا چەكدارانی داعش لە شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەدابوون لەگەڵ سوپای عێراق لە دووریی 20 كیلۆمەتر لە ناوچەكە.

كاتێك كاروانەكە لە گوندەكە نزیكبووەتەوە، ئۆتۆمبێلەكان وەستاون، شافر و ڕۆنین لەگەڵ پاسەوانە كوردەكانیان بەپێ بەرەو شوێنە مێژووییەكە ڕۆیشتوون لە بەشی باكوری موسڵ، كە گۆڕی پەیامبەر ناحوم لەوێیەو پێشبینی دەكرێت لە سەدەی حەوتەمی پێش زاین ژیابێت.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت، بۆ ماوەی سەدان ساڵ مەزاری ناحوم كە لای جولەكە زۆر پیرۆزە، لەلایەن خەڵكی قەرەقوشەوە پارێزگاری لێكراوە كە خۆیان سەر بە كەنیسەی كلدانین.

كاتێك دوو جولەكەكە دەگەنە شوێنەكە دەبینن زۆر وێرانە و لە دۆخێكی خراپدایە، درز كەوتووەتە هەموو دیوارەكان، سەقفەكەی ئەگەر هەیە لەهەر ساتێكدا بڕوخێت.

شافر و ڕۆنین پسپۆڕی نۆژەنكردنەوەی پەرستگا یەهودییەكانن كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە كۆن و دێرینەكان، تیڤنیش وەك خۆبەخشێك كە لە ڕێكخراوێكی مەدەنی بەناوی "هاوپەیمانی لەپێناو بەدەستهێنانەوەی كلتور و ڕۆشنبیری" بووە، كاری لەگەڵدا كردوون، هاوكات شارەزایەكی ئاسایشی نیشتمانییان لەگەڵ بووە بەناوی شێریل بینارد كە هاوسەری زاڵمای خەلیل زاد باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق بووە.

تیڤن ساڵی 2016 سەردانی مەزارەكەی كردبوو، بڕیاریدابوو كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ بكات، لەگەڵ پەرستگایەكی دیكەی جولەكە كە هەر لە نزیك ئەو شوێنەوەیە.

ساڵی 2018 لە چاوپێكەوتنێكی نهێنیی تیڤن لە تەلئەبیب، باسی لە پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەكە كردو ئاشكرای كرد، یەك وشەی لەسەر نانوسێت تا كارەكە تەواو دەبێت.

بەپێی ڕۆژنامەكە، هۆكاری هێشتنەوەی كارەكە بە نهێنیی، ئەمنیی بووە، چونكە پێویست بووە چەند كەسێك لە ئیسرائیلەوە بێنە عێراق بۆ خەمڵاندنی ئاستی زیانەكان كە بەر شوێنەكە كەوتووە.

ئادەم تیڤن باسی لەوەشكردووە، یەكێك لەو ئاڵەنگارییانەی ڕوبەڕوی پڕۆسەكە بووەتەوە، بەدەستهێنانی پارەی تەواوكردنی پڕۆژەكەبووە، چونكە بابەتەكە هێندە هەستیاربووە نەدەكرا قسەی لەسەر بكرێت و باسی لێوە بكرێت.

"ئێمە دەمانویست پەرستگایەكی یەهودیی دێرین نۆژەن بكەینەوە، لە گوندێكی مەسیحی، لەژێر دەسەڵاتی حكومەتێك كە ئیسلامییەكان بەڕێوەی دەبەن، لەناوچەیەك كە 20 كیلۆمەتر لە هێڵەكانی داعشەوە دوورە" تیڤن وادەڵێت.

ڕێكخراوەكە توانیی پارەی نۆژەنكردنەوە لە چەند گروپێكی بچوكی خۆبەخش كۆبكاتەوە، لەنێوانیاندا حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای نەوت و وزە لە نەرویج، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق، لەگەڵ چەند كەسێكی مەدەنی، بەوەش بڕی دوو ملیۆن دۆلار كۆكراوەتەوە.

ئاڵەنگارییەكی دیكە، ڕێگای هاتنە ناوەوە بووە بۆ عێراق، چونكە شتێكی ئاسایی نییە ئیسرائیلیی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، هەروەها هاتنەناو عێراق پێویستی بە هەبوونی پاسپۆرتی وڵاتێكی دیكە هەبووە.

لەكۆتایدا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان قایلبوون بە هاتنەناوەوەی ئیسرائیلییەكان، ئارییە درعی وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل پشتگیری و ڕێگەپێدانی تایبەتی بۆ كردن، هەرچەندە ئەو وڵاتە ڕێگە بە هاوڵاتییەكانی نادات سەردانی عێراق بكەن، چونكە بە "وڵاتێكی دوژمن"ی دادەنێت.

ڕۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، تیڤن داوای لێكردوون هیچ لەبارەی چۆنێتی هاتنەناو عێراق و چوون بۆ قەرەقوش بڵاونەكەنەوە، نەوەك كارەكانی داهاتوویان ڕوبەڕوی مەترسی ببێتەوە.

دوو ئەندازیارەكە دوای ئەوەی دەگەنە شوێنەكە پێیدا دەسوڕێنەوە و پلانی چۆنیەتی نۆژەنكردنەوەی دادەنێن.

هەردوو پسپۆڕەكە هۆشداری ئەوەیانداوە، ئەگەر بەزووترین كات دەست بە نۆژەنكردنەوەكە نەكرێت، لەماوەی چەند مانگێكدا بەهۆی باو بارانەوە شوێنەكە بەتەواوی دادەڕمێت.

پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەكە لە ساڵی 2018 بە هاوكاریی كۆمپانیایەكی چیكی دەستیپێكرد، پێشبینی دەكرا لە سەرەتای 2020 تەواوببێت، بەڵام بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناچاریكردن بۆ ماوەیەك بوەستن، تاوەكو پڕۆژەكە لە بەهاری 2021 تەواوبوو.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت، ئێستا شوێنەكە لەبەردەم گەشتیاراندا كراوەیە، بەڵام جارێ نازانرێت ئیسرائیلییەكان دەتوانن سەردانی بكەن یاخود نا.