شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەی یەكی هەڵبژاردن لە سلێمانی؛ كێ لەم بازنەیە دەردەچێت؟

30-09-2021 06:50
ئەو هەشت كاندیدەی لە بازنەی یەكی سلێمانی ئەگەری دەرچوونیان لە كاندیدەكانی دیكە زیاترە.

پەرەگراف

8 كاندیدی بەهێز لە بازنەی یەك لە سلێمانی كێبڕكێ لەسەر پڕكردنەوەی 4 كورسیی بازنەكە دەكەن، ئەگەری دەرچوونی سێ كاندیدیان بەهێزترە كە دوو یەكێتی‌و تاكە كاندیدەكەی گۆڕانە، 4 كاندیدی لایەنەكانی دیكەش شەڕ لەسەر تەنها یەك كورسیی دەكەن، بە پشت بەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕابردوو.

بازنەی یەكی سلێمانی، گەڕەكەكانی باكوری سلێمانی‌و قەزاكانی شارباژێڕ‌و ماوەت دەگرێتەوە، لەو بازنەیە 13 كاندید كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی 4 كورسیی پەرلەمانی عێراق دەكەن كە دەبێت یەكێكیان بۆ كۆتای ژن بێت، لەو كاندیدانەدا 8یان بەهێزترینن‌و چاوەڕوان دەكرێت 4 لەو 8 كاندیدە، كورسییەكان پڕبكەنەوە.

هاوپەیمانی كوردستان 4 كاندید (سێ كاندیدی یەكێتی‌و كاندیدێكی گۆڕان)، نەوەی نوێ، پارتی‌و یەكگرتووش هەریەكەیان كاندیدێكیان لەو بازنەیە هەیە، لەگەڵ چەند كاندیدێكی سەربەخۆ كە بەهێزترینیان د.ڕێبوار كەریم پەرلەمانتاری ئێستای عێراق‌و كەسی نزیك لە بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقە.

بەهێزترین كاندیدەكان‌و ئەگەری دەرچوونیان بە ڕەچاوكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018دا:

كاندیدەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

لەو بازنەیەی هەڵبژاردن یەكێتی زۆرترین دەنگدەری هەبووە لە 2018دا‌و بەهێزترین حزبی بازنەكەیە، بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، ئەو حزبە 51 هەزارو 415 دەنگی بەدەستهێناوە، ئێستا یەكێتی 3 كاندیدی لەو بازنەیەی هەڵبژاردن هەیە كە یەكێكیان ئافرەتە.

شاسوار ئەمین، دانا ئەحمەد‌و نەرمین مەعروف كاندیدەكانی یەكێتین، ئەگەر یەكێتی لەم بازنەیە دوو كاندیدی هەبوایە، ئەوا ئەگەری دەرچوونی هەردووكیانی زۆر بەهێز بوو، بەڵام ئێستا كە سێ كاندیدی هەیە، ئەگەری دەرچوونی دوو كاندیدەكەی دەگۆڕێت، ئەگەر دەنگدەری یەكێتی بە وریاییەوە دەنگ نەدات ئەگەرێك هەیە كە تەنها یەك كاندیدی یەكێتی لەم بازنەیە دەربچێت، بەوپێیەی لەم هەڵبژاردنەدا سیستمی (زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە) پەیڕەو دەكرێت، واتە دەنگی هیچ كاندیدێك ناگوازرێتەوە بۆ كاندیدی دیكە، بەو واتایە؛ ئەگەر یەكێك لەو سێ كاندیدەی یەكێتی زۆرینەی ڕەهای دەنگەكانی یەكێتی لەو بازنەیە بۆخۆی بەرێت، چانسی دەرچوونی دوو كاندیدەكەی دیكە نزیك دەبێتەوە لە سفر.

پەرەگراف لە سەرچاوەی ناو یەكێتییەوە زانیاریی دەستكەوتووە، بەرپرسانی یەكێتی لەو بازنەیە هۆشدارییان بە حزبەكەیانداوە كە یەكێك لەو سێ كاندیدە بكشێنرێتەوەو تەنها كار بۆ دوو كاندید بكرێت، بۆئەوەی دەرچوونی هەردووكیان مسۆگەر بكرێت.

بزووتنەوەی گۆڕان

گۆڕان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن دووەم بەهێزترین حزبەو لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان 43 هەزارو 160 دەنگی لەم بازنەیە هەبووە، ئێستا شوناس شێركۆ تاكە كاندیدی بزووتنەوەكەیە لەم بازنەیەو دەرچوونی مسۆگەرە بە ڕەچاوكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو، بەڵام دەنگدەری گۆڕان دەبێت هۆشیاربێت ناوی كاندیدو ژمارەی كاندیدەكەی لێ تێكنەچێت، بەوپێیەی لەسەر فۆڕمی دەنگدانی ئەم بازنەیە 4 كاندید هەن بە لۆگۆی هاوپەیمانیی كوردستان، ئەوەش جیاوازیی نێوان هاوپەیمانیی‌و كاندیدە سەربەخۆكان‌و ئەو حزبانەیە كە تەنها یەك كاندیدیان هەیە، سەربەخۆكان وێنەی خودی كاندیدەكە لەسەر فۆڕمی دەنگدانەكەیان هەیەو حزبەكانی دیكەش كە یەك كاندیدیان هەیە تەنها یەك لۆگۆی ئەو حزبە لەسەر فۆڕمی دەنگدانەكە هەیەو وادەكات دەنگدەر ئاسانتر كاندیدەكە بدۆزیتەوەو دەنگەكە بەفیڕۆ نەڕوات یاخود بە هەڵە دەنگ نەدات.

نەوەی نوێ

نەوەی نوێ سێیەم بەهێزترین حزبی بازنەكەیەو 14 هەزارو 852 دەنگی هەبووە لە هەڵبژاردنی 2018، ئێستا تەنها یەك كاندیدی لەم بازنەیە هەیە كە ڕێبوار ئەوڕەحمانە، چانسی دەرچوونی هەیە، بەڵام لە كێبڕكێدایە لەگەڵ كاندیدەكانی دیكە.

پارتی

چوارەم حزبی بەهێزی ئەم بازنەیە، پارتی دیموكراتی كوردستانە كە 14 هەزارو 638 دەنگی هەبووە لە 2018، ئێستا بە تەنها كاندیدێكی ژن بەناوی یادگار مەحمود، بەشداریی پڕۆسەكەی كردووە لەم بازنەیە بەوهیوایەی كورسیی كۆتا بۆخۆی ببات، بەڵام بەربەستی سەرەكیی لەبەردەمیدا كاندیدە ژنەكەی یەكێتییە كە ئەگەر دەربچێت كورسیی كۆتاش پڕدەكاتەوەو ئەوكات كۆتای ژن لەو بازنەیە نامێنێت.

كۆمەڵی دادگەریی

كۆمەڵ پێنجەم بەهێزترین حزبی بازنەكەیەو 13 هەزارو 250 دەنگی هێناوە لە 2018، بەڵام ئێستا هیچ كاندیدێكی لەم بازنەیە نییەو دەنگەكانیشی تاڕادەیەك یەكلایی كەرەوە دەبن بۆ دەرچوواندنی كاندیدێك.

یەكگرتووی ئیسلامی كە 7 هەزارو 500 دەنگی لەم بازنەیە هەیەو یەك كاندیدی هەیە بەناوی دارا حەمە ئەحمەد، چاوی لە دەنگەكانی كۆمەڵی ئیسلامییە بۆ بردنەوەی كورسییەك.

ئەگەر كۆمەڵ دەنگ بە یەكگرتوو بدات، تاڕادەیەك كورسییەكە بۆ دارا سێكانیانی مسۆگەر دەبێت، بەڵام كۆمەڵ هیچ بڕیارێكی فەرمیی نییە بۆ دەنگدان بە كاندیدێكی دیاریكراو لەو بازنانەی كە خۆیان كاندیدیان نییە.

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگاداری كۆمەڵەوە زانیویەتی، ئەوان دەنگدەرانیان سەرپشك دەكەن لە بەشداریی كردن‌و نەكردن لە هەڵبژاردن‌و دەنگدان بە هەر كاندیدێك كە خۆیان بیانەوێت لەو بازنانەی كۆمەڵ كاندیدی نییە.
بەهۆی باكگراوندە ئیسلامییەكەیانەوە، پێدەچێت بەشێك لە دەنگدەرانی كۆمەڵ دەنگ بە كاندیدەكەی یەكگرتوو بدەن.

هاوكات پێدەچێت بەشێكی دیكەیان دەنگ بە ڕێبوار كەریم بدەن كە بەهێزترین كاندیدی سەربەخۆی ئەم بازنەیەیە، بەوپێیەی پەرلەمانتاری خولی ئێستای عێراقەو لە سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین دەركەوتنی لە ڕاگەیاندنەكانەوە هەبووەو هەماهەنگیی هەبووە لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی كۆمەڵ لە بەغداد، ئێستا لە بازنەكانی دیكە هەڵمەتی بانگەشە ئەنجام دەدات بۆ كاندیدەكانی كۆمەڵ بە ئامانجی ئەوەی ئەوانیش لەم بازنەیە دەنگ بە ئەو بدەن.

ئەگەری بەهێزو كۆتای ژن

ئەگەری بەهێزی ئەم بازنەیە ئەوەیە؛ دوو كاندیدی یەكێتی‌و كاندیدەكەی گۆڕان دەردەچن‌و سێ كورسیی بازنەكە پڕدەكەنەوە.

پارتی‌و نەوەی نوێ‌و یەكگرتوو لەگەڵ ڕێبوار كەریم كێبڕكێ لەسەر كورسیی چوارەمی بازنەكە دەكەن، پارتی‌و نەوەی نوێ دەنگەكانیان لەیەكەوە نزیكە، كۆمەڵیش دەنگی لەوانەوە نزیكە بەڵام كاندیدی نییەو تاڕادەیەك ئەو كورسییە دەنگەكانی كۆمەڵ یەكلایی دەكەنەوە.

بەپێی سیستمی هەڵبژاردن دەبێت لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن ژنێكی دەربچێت، هەربۆیە ئەگەر ئەو دوو كاندیدەی یەكێتی كە ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە بازنەی یەكی سلێمانی دەربچن، هەردوو كاندیدە پیاوەكەی یەكێتی بن، ئەوا ئەگەری دەرچوونی كاندیدە ژنەكەی پارتی بەهێزدەبێت‌و بە كۆتا سەردەكەوێت.

لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەر دەنگ بە لیست نادات، بەڵكو ڕاستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات‌و هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ بهێنێت كورسیی پەرلەمان دەباتەوەو دەنگی بەدەستهاتووی كاندیدێك ناگوازرێتەوە بۆ كاندیدی دیكە، بەوپێیەش لە بازنەی یەك لە سلێمانی چوار كاندید كە زۆرترینی دەنگەكان دەهێنن كورسییەكان پڕدەكەنەوەو دەبنە پەرلەمانتار.