شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەی دوو لە سلێمانی؛ كورسییەكانی ئەم بازنەیە چۆن یەكلایی دەبنەوە؟

02-10-2021 08:01

پەرەگراف

16 كاندید لە بازنەی دوو لە سلێمانی كێبڕكێ لەسەر پڕكردنەوەی 3 كورسیی بازنەكە دەكەن كە یەكێكیان بۆ كۆتای ژنانە، بە پشت بەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕابردوو، دوو لەو سێ كورسییە بۆ یەكێتی‌و گۆڕان یەكلایی بونەتەوەو ململانێكە لەسەر یەك كورسییەكەی دیكە دەبێت.

بازنەی دووی سلێمانی، گەڕەكەكانی باشوری سلێمانی‌و قەزای قەرەداغ‌و ناحیەی بازیان دەگرێتەوە.

كاندیدەكانی یەكێتی

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم بازنەیە دوو كاندیدی هەن، د.ئاسۆ فەرەیدون‌و د.بڕیار ڕەشید، لە هەڵبژاردنی 2018 یەكێتی 38 هەزارو 562 دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە، بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای كوردیی بۆ هەڵبژاردن.

ئەگەر دەنگدەری یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا بە وریاییەوە دەنگ نەدات ئەگەرێك هەیە كە تەنها یەك كاندیدی یەكێتی لەم بازنەیە دەربچێت، بەوپێیەی لەم هەڵبژاردنەدا سیستمی (زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە) پەیڕەو دەكرێت، واتە دەنگی هیچ كاندیدێك ناگوازرێتەوە بۆ كاندیدی دیكە، بەو واتایە؛ ئەگەر یەكێك لەو دوو كاندیدەی یەكێتی زۆرینەی ڕەهای دەنگەكانی یەكێتی لەو بازنەیە بۆخۆی بەرێت، چانسی دەرچوونی كاندیدەكەی دیكە نزیك دەبێتەوە لە سفر.

بەڵام ئەگەر دەنگدەری یەكێتی بە یەكسانیی دەنگ بە هەردوو كاندیدەكە بدەن، ئەوا ئەگەری دەرچوونی هەردووكیان هەیە، بەوپێیەی دەنگی هەریەكێكیان زیاتر دەبێت لە دەنگی ئەو لایەنەی كە لە هەڵبژاردنی 2018 سێیەم زۆرترین دەنگی ئەو بازنەیەی بردووە كە جوڵانەوەی نەوەی نوێیە.

گۆڕان‌و بردنی كورسیی كۆتای ژن

كورسییەكی ئەو بازنەیە بۆ كۆتای ژنانە، لە نێوان 8 كاندیدی ژن لەو بازنەیە، بەهێزترینیان د.ڕێزان ئەحمەد هەردییە كە كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕانە لە هاوپەیمانیی كوردستان.

گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان 32 هەزارو 370 دەنگی لەو بازنەیە بەدەستهێناوەو دووەم زۆرترین دەنگی بردووە لە دوای یەكێتی، هەرچەندە دۆخی ناوخۆیی گۆڕان وەك 2018 نییەو ڕوبەڕوی ناڕەزایی ناوخۆیی‌و جەماوەری بووەتەوە، بەڵام هێشتا چاوەڕوانكراوە كاندیدەكەی لەم بازنەیەدا دەربچێت‌و لەگەڵ خۆیشیدا كورسیی كۆتای ژنان پڕبكاتەوەو ئەگەری دەرچوونی كاندیدی دیكەی ژن بە تەواوەتی لاواز بكات، لەبەرئەوەی تەنانەت ئەگەر گۆڕان لەم بازنەیە دەنگەكانی بە ڕێژەی لەسەدا 50 كەم بكات‌و نیوەی 2018 بهێنێت، هێشتا دەنگەكانی زیاترە لە دەنگەكانی حزبی سێیەمی ئەم بازنەیە كە نەوەی نوێیە.

نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی 2018 11 هەزارو 140 دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە، ئێستا كاندیدێكی ژنی هەیە بەناوی بەدریە ئیبراهیم، هەروەها سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق كە پێشووتر لە نەوەی نوێ بوو، ئێستا وەك سەربەخۆ لەم بازنەیە كاندیدەو لەناو سەربەخۆكاندا بەهێزترینیانە، بەوپێیەی دەركەوتووترینیان بووە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە حوكمی پەرلەمانتارییەكەی.

هەرچی دەربارەی سەنگ‌و قورسایی حزبەكانی دیكەیە؛ پارتی لە هەڵبژاردنی 2018 لەم بازنەیە 10 هەزارو 980 دەنگی هێناوەو ئێستا كاندیدێكی ژنی هەیە بەناوی شنۆ نوری، كۆمەڵی دادگەریش 9 هەزارو 938 دەنگی هێناوەو كاندیدێكی ژنی هەیە بەناوی مرواری محەمەد، یەكگرتووی ئیسلامی 5 هەزارو 625 دەنگی هێناوەو كاندیدی لەم بازنەیە نییە.

ئەگەری بەهێزو یەكلاییكردنەوەی هەر سێ كورسییەكە

ئەگەری بەهێزی ئەم بازنەیە ئەوەیە؛ كاندیدەكەی گۆڕان‌و كاندیدێكی یەكێتی دوو كورسیی بازنەكە پڕبكەنەوە، بەوپێیەش تەنها یەك كورسیی دەمێنێت بۆ ململانێی كاندیدەكانی دیكە.

ئەگەر یەكێتی ئەو كورسییەی دیكەش نەبات، ئەوا ململانێكە بەمجۆرە دەبێت: بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 2018، نەوەی نوێ سێیەم زۆرترین دەنگی هەیە، بەڵام كاندیدەكەی لەم بازنەیە ناسراو نییە لەناو خەڵكدا، هەرچەندە نەوەی نوێ بانگەشە بۆ لیستەكەو لۆگۆكەی دەكات كە لەسەر كارتی دەنگدانەكە هەیە "گڵۆپەكە"، كێبڕكێكارێكی دیكەی نەوەی نوێ لەم بازنەیە، سەركەوت شەمسەدینە، كە دیار نییە ئایا بەشێك لە دەنگەكانی نەوەی نوێ بۆخۆی دەبات كە ئەگەرێكە، یاخود نا.

چانسی كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیە بەهێز نییە، بەڵام ئەگەر دەنگەكانی نەوەی نوێ دابەش ببن بەسەر سەركەوت شەمسەدین‌و كاندیدەكە نەوەی نوێ، ئەوكات پارتی دەبێتە هێزی سێیەمی بازنەكە، هەرچەندە هێشتا بەربەستی دیكەی لەبەردەمدایە كە كۆمەڵی ئیسلامییە.

كۆمەڵ پێنجەم زۆرترین دەنگی هەبووە لە 2018، بەڵام بەوپێیەی یەكگرتوو كاندیدی نییە لەم بازنەیە ئەگەر دەنگدەری یەكگرتوو بە حوكمی باكگراوندە ئاینییەكەیان دەنگ بە كۆمەڵ بدەن، ئەوا كۆمەڵ پێش پارتی‌و نەوەی نوێش دەكەوێت‌و دەنگەكانی دەبن بە زیاتر لە 15 هەزار.

پێدەچێت دەنگ‌و قورسایی حزبەكان‌و سەركەوت شەمسەدین كاندیدی سەربەخۆ، لەم بازنەیە زۆر نزیك بێت لە یەكەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كورسیی سێیەم، ئەگەر یەكێتی بەدەستی نەهێنێت.