شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەی سێ لە سلێمانی؛ سێ لایەن لە كێبڕكێیەكی توونددان

03-10-2021 09:04

پەرەگراف

كۆمەڵ، پارتی‌و یەكگرتوو لە كێبڕكێیەكی توونددان لە بازنەی سێی هەڵبژاردن لە سلێمانی، ئەو سێ لایەنە ململانێ لەسەر دوو كورسیی بازنەكە دەكەن، بەوپێیەی كورسییەك بۆ كاندیدەكەی یەكێتی لەناو هاوپەیمانی كوردستان یەكلایی بووەتەوە.

بازنەی سێی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق‌و شارەزوور دەگرێتەوە، سێ كورسیی بۆ دانراوەو یەكێكیان بۆ كۆتای ژنە، یەكێتی حزبی خاوەن زۆرترین دەنگی ئەم بازنەیە بووە لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، ئەو حزبە 28 هەزارو 707 دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە.

ئێستا هاوپەیمانیی كوردستان كە یەكێتی‌و گۆڕان پێكیانهێناوە، تەنها یەك كاندیدی هەیە لەم بازنەیە كە چرۆ حەمەشەریف لە پشكی یەكێتییە، هەربۆیە بردنەوەی كورسییەكی بازنەكەی مسۆگەر كردووەو لەگەڵ خۆیشیدا كۆتای ژن پڕدەكاتەوە.

لە دوای یەكێتی، بزووتنەوەی گۆڕان دووەم دەنگی ئەم بازنەیەی هەیەو لە 2018دا، 18 هەزارو 29 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا گۆڕان لەم بازنەیە كاندیدی نییە، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕان‌و ئەو لێكتێگەیشتنەی لەگەڵ كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هەیانبوو بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن.

دەنگی گۆڕان یەكلاییكەرەوەیە بۆ كورسییەكی ئەم بازنەیەو بچێتەپاڵ هەر كاندیدێك دەیگەیەنێتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام گۆڕان نیازی نییە دەنگدەرانی ڕووەو هیچ كاندیدێك ئاڕاستە بكات، بەرپرسانی گۆڕان بۆ پەرەگراف تەئكیدیان كردەوە كە تەنها دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی دەدەن، "دەبێت لە كۆتاییدا بڵێین پێكەوە ئەوەندە دەنگمان هێناوە".

لە دوای یەكێتی‌و گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی خاوەن زۆرترین دەنگی بازنەكەیەو لە 2018دا، 14 هەزارو 653 دەنگی بەدەستهێناوە، ئێستا ئەحمەدی حاجی ڕەشید كاندیدی كۆمەڵە لەم بازنەیەو كەسێكی ناسراوە لەناو خەڵكداو كاندیدێكی بەهێزە.

پاش كۆمەڵ، پارتی دیموكرات چوارەم زۆرترین دەنگی بازنەكەی هەیەو 13 هەزارو 755 دەنگی بەدەستهێناوە، ئەو حزبە ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پێشووی عێراقی كاندید كردووەو پارتییەكان دەڵێن، ئومێدی زۆریان هەیە كە "دەردەچێت".

كاندیدێكی دیكەی بازنەكە كە ڕكابەری كۆمەڵ‌و پارتییە، موسەنا ئەمینە لە یەكگرتووی ئیسلامی (كاندیدەكانی یەكگرتوو بەناوی سەربەخۆوە خۆیان كاندید كردووە، بەڵام ئەو حزبە و میدیاكانیشیان بانگەشەیان بۆ دەكەن‌و بە فەرمیی پشتیوانییان دەكەن)، موسەنا وەك ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری خولی ئێستایەو كەسێكی ناسراوە لەناو خەڵكداو كاندیدێكی بەهێزە، بەڵام حزبەكەی لە 2018دا لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیی كە ئەوكات پێكەوە بوون، 13 هەزارو 320 دەنگیان بەدەست هێناوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش یەكگرتوو داوای دەنگی لە بزووتنەوە كردووە بەتایبەت لەم بازنەیە، بەوپێیەی بزووتنەوە خۆی كاندیدی نییەو بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە.

نەوەی نوێ لایەنێكی دیكەیە كە لە كێبڕكێی پڕۆسەكەدایە لەم بازنەیە، بەڵام ئەو جوڵانەوەیە تەنها 8 هەزارو 782 دەنگی بەدەستهێناوە لە 2018، ئێستا كەسێكی بەناوی ئاریان تاوەگۆزی كاندید كردووە كە زۆر ناسراو نییە، هەرچەندە نەوەی نوێ بانگەشە بۆ لیستەكەو لۆگۆكەی دەكات كە لەسەر كارتی دەنگدانەكە هەیە "گڵۆپەكە"، بەڵام چانسی بردنی كورسیی لەم بازنەیە زۆر لاوازە.

كێبڕكێیەكی تووند، بێدڵنیایی

لەگەڵ یەكلایی بوونەوەی كورسییەك بۆ كاندیدەكەی یەكێتی لەم بازنەیە، لایەنەكانی دیكە لە كێبڕكێیەكی توونددان لەسەر دوو كورسییەكەی دیكەو هەریەكە لە كۆمەڵ‌و پارتی‌و یەكگرتوو چانسی بردنەوەیان نزیكە لە یەكەوە.

كۆمەڵی ئیسلامیی دەرچوونی كاندیدەكەی بە "مسۆگەر" دەزانێت، بەڵام بەوپێیەی جیاوازیی دەنگی نێوان كۆمەڵ‌و پارتی كەمترە لە هەزار دەنگ‌و نێوانی كۆمەڵ‌و یەكگرتووش هەزارو 300 دەنگە، هەربۆیە كاندیدانی ئەو سێ لایەنە كێبڕكێیەكی تووندیان هەیەو ڕەنگە نەتوانرێت بە مسۆگەر دابنرێن.

دەنگی گۆڕان‌و نەوەی نوێ یەكلایی كەرەوە دەبن بۆ هەر كاندیدێك كە پشتیوانیی بكەن.