شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەكانی یەك و دووی هەڵبژاردن لە هەولێر؛ ململانێی توند لە نێوان كێدایە؟

06-10-2021 08:26

پەرەگراف - فەرمان سادق

بەپێی ئاماری دەنگدانی خولی ڕابردوو، لەم هەڵبژاردنەشدا پارتی زۆرترین كورسی و دەنگ لە هەولێر بەدەست دەهێنێت، ئەمەش لە كاتێكدایە هاوپەیمانیی كوردستانی یەكێتی + گۆڕان كە بەیەكەوە نیوەی كەمتری دەنگەكانی پارتییان هێناوە، جگە لە دەنگدەرانی خۆیان هیوایان لەسەر دەنگی لایەنەكانی دیكەیش هەڵچنیوە تا بتوانن پێنج كورسی مسۆگەر بكەن، بە پێچەوانەیشەوە كاندید و لایەنەكانی دیكە پێیان وایە بەشێك لە دەنگەكانی دەسەڵات بۆ ئەوان دەچێت و ململانێی بەدەستهێنانی كورسی دەكەن.

ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا بووەتە گرێ، كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامین كە هەریەكەیان دوو كاندیدیان لە بازنەی سێ و چوار هەیە، بۆیە پەیامی ڕێكخستنی ئەو دوو حیزبە بۆ دەنگدەرانیان كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازنەی یەك و دوو دەبێت.

هەرچی پێوەند بە نەوەی نوێ هەیە، ئەو هێزە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو هەم هێزێكی تاقی نەكراوە بوو، هەمیش دەنگدەرێكی زۆری گۆڕان لە بزووتنەوەكەیان توڕە بوون و دەنگی ئەو بزووتنەوەیە بۆ نەوەی نوێ ڕۆیشت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە نەوەی نوێ كۆدێكی تری نهێنییە، بەتایبەت ئەو جوڵانەوەیە بانگەشە بۆ هیچ كاندیدێكی ناكات جگە لە لۆگۆی گڵۆپەكە نەبێت.

ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لەسەر ئاستی عێراق 44.5% بوو، ئەو ڕێژەیە لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە شارەكانی تری عێراق، زیاتر بوو. لەگەڵ ئەمەشدا هیچ ئامارێك لەبەردەستدا نییە ڕوونی بكاتەوە لە هەولێر ڕێژەی بەشداری چەند بووە.

بەگشتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە هەولێر، 52 بەربژێر ڕكابەری لەسەر بەدەستهێنانی 16 كورسی دەكەن كە كورسییەكیان كۆتای مەسیحییەكانە.

پێوەند بە لایەنەكانی تریش، ئەوا 47 كاندید ڕكابەرن بۆ بەدەستهێنانی 15 كورسی. پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین كاندیدی هەیە كە 12 كاندیدە و چواریان ژنن. هاوپەیمانیی كوردستان حەوت كاندیدی هەیە كە دوانیان ژنن. نەوەی نوێ چوار كاندیدی هەیە كە دوانیان ژنن. كۆمەڵی دادگەری دوو كاندید كە یەكێكیان ژنە و یەكگرتووی ئیسلامیش دوو كاندیدی هەیە كە یەكێكی ژنە.

هەرچی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، چوار كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە، بەرەی توركمانیش سێ كاندیدی هەیە یەكێكیان ژنە، حیزبی زەحمەتكێشان یەك كاندیدی هەیە، مەشروعی قادمون بۆ تەغییر پێنج كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە. لەم هەڵبژاردنەدا پێنج كاندیدی سەربەخۆ هەن كە یەكێكیان ژنە.

هەولێر بەسەر چوار بازنەدا دابەش كراوە، دەنگدەرانیش لە تەواوی هەر چوار بازنە لە دوو هەزار و 563 وێستگە دەتوانن دەنگ بدەن كە دابەشی سەر 498 بنكەی دەنگدان كراوە. لەسەر بنەمای دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشوو، پەرەگراف لەم ڕاپۆرتەدا شیكاریی بۆ بازنەكانی یەك و دوو كردووە.

بازنەی یەك: یەكێتی ڕیسك دەكات و پارتی دەیەوێت پارێزگاری لە كورسییەكانی بكات

بازنەی یەكەم چوار كورسی بەركەوتەیەتی و كورسییەكی بۆ كۆتای ژنە. سنووری جوگرافی ئەو بازنەیە بەپێی دابەشكاری كۆمسیۆن بێت، هەریەكە لە قەزای سۆران (192 هەزار و 961 كەس) و قەزای شەقڵاوە (155162) و ناوچەكانی مێرگەسۆر (54870) و ڕواندز (26320) و چۆمان (32377) دەگرێتەوە كە ژمارەی دانیشتووانیان 461 هەزار و 690 كەسە، ژمارەی دانیشتووان بۆ هەر كورسییەك 115 هەزار و 423 كەسە.

لە هەڵبژاردنی ڕابردوو، پارتی لەم بازنەیەدا 110 هەزار و 13 دەنگی بەدەستهێنا و بەمەش سێ كورسیی مسۆگەر كرد، یەكێتیش بە 25 هەزار و 77 دەنگ توانیی كورسیی چوارەم ببات.

هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە توانی 11 هەزار و 780 دەنگ بهێنێت، نەوەی نوێ 11 هەزار 438 دەنگ، كۆمەڵی دادگەری هەشت هەزار و 614 دەنگ، یەكگرتووی ئیسلامی توانی تەنیا هەزار و 815 دەنگ بەدەست بهێنێت. بەڵام دەنگی هیچ كام لەو چوار لایەنە نەیكردە بەهای كورسییەك.

ئێستا لەم بازنەیەدا 10 كاندید ڕكابەری دەكەن، پارتی بە چوار كاندید كە یەكێكیان ژنە، یەكێتی دوو كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە، نەوەی نوێ یەك كاندید، سۆشیالیست یەك كاندیدی ژنی هەیە، قادیمون یەك كاندید و تاكە ژنێكیش لەم بازنەیەدا وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بەربژێر كردووە. لەم بازنەیەدا هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتییە، كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتووی ئیسلامی كاندیدیان نییە.

بازنەی یەك، ئەو بازنەیەیە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا پارتی پشتی پێ دەبەستێ و زۆرترین دەنگی لەوێیە. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕابردوو بێت، هەر بە تەنیا بارتەقای هەموو لایەنەكانی تر زیاتریش دەنگی هێناوە.

بەڵام بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان هاوپەیمانیی كوردستانی و كۆمەڵی دادگەری بێت، هاوكات نەبوونی كاندید لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامی و لاوازی و نەناسراوی كاندیدەكەی نەوەی نوێ، ئەگەری ئەوە لەبەردەم هاوپەیمانیی كوردستانی یەكێتی و گۆڕان كراوەیە بتوانێ دوو كاندیدەكەی سەر بخات، ئەگەر شەرمین حەمەد بەگ بتوانێ بێ كۆتا سەركەوێت، ئەوا ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی بە ڕای چاودێران كورسییەكی مسۆگەر كردووە.

ئەو هاوكێشەیە پەیوەستە بەوەی دەنگدەرانی گۆڕانیش دەنگ بە كاندیدەكانی یەكێتی بدەن لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی كوردستانی، خۆ ئەگەر هاوكێشەكە بەمجۆرە نەكەوێتەوە، ئەوا ڕەنگە یەكێتی ئەو كورسییەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لەو سنوورە بەدەستی هێنا بوو، ئەویش لەدەست بدات، بەهۆی ئەو ڕیسكەی كردوویەتی كە دوو كەسی لەم بازنەیە كاندید كردووە كە دەنگی ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو تەنیا توانای سەرخستنی یەك كاندیدی هەبوو، بۆیە بوونی دوو كاندید ڕیسكێكە هاوپەیمانی كردوویەتی. ڕەنگە ئەو ڕیسكە پێچەوانە بكەوێتەوە و پارتی هەر چوار كورسییەكە ببات، یانیش نەوەی نوێ كورسییەكەی یەكێتی ببات.

هەرچی كاندیدی نەوەی نوێیە كە جوڵانەوەكەی زیاتر لە 11 هەزار دەنگی لە هەڵبژاردنی پێشوو لەم بازنەیە بەدەست هێناوە، جگە لە دەنگەكانی خۆی، هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی ئەو لایەنە ناڕازییانە دەدات كە خۆیان لەو بازنەیە كاندیدیان نییە، تا بتوانێت كورسییەكە مسۆگەر بكات، كە ئەوەش گرەوێكە ڕۆژی دەنگدان وەڵامەكەی وەردەگرنەوە. هاوكات یەكێتی، نەوەی نوێ تۆمەتبار دەكات بە ڕێككەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ پارتی بۆ كشاندنەوەی كاندیدە ژنەكەی لەو بازنەیە و دانانی كاندیدێكی نەناسراو لە جێگەیدا.

كاندیدەكەی سۆسیالیستیش ئەگەری دەرچوونی لاوازە، بەو پێیەی لە هیچ هەڵبژاردنێك سۆشیالیست نەیتوانیوە لەسەر ئاستی پارێزگایەكیش كاندیدێك سەربخات بۆ پەرلەمانی عێراق.

بازنەی دوو: پارتی هەوڵی پارێزگاری كردن لە دوو كورسییەكەی دەدات و هاوپەیمانییش گرەو لەسەر دەنگی ئیسلامییەكان دەكات لەسەر حیسابی نەوەی نوێ

بازنەی دووەمی هەولێر لە ڕووی جوگرافییەوە قەزاكانی كۆیە (116012) و دەشتی هەولێر (229586) و خەبات (114319) دەگرێتەوە، كە سێ قەزای گەورەن و كۆی دانیشتووانی دەكاتە 459 هەزار و 917 كەس. لە ڕووی دانیشتووانەوە هەر كورسییەكی پەرلەمان بەسەر 114 هەزار و 979 دابەش دەبێت.

بازنەی دووی هەولێر چوار كورسیی بۆ دانراوە. لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پارتی لەم بازنەیەدا بە 74 هەزار و 438 دەنگ دوو كورسیی بەدەست هێنا. هاوكات یەكێتی بە 35 هەزار و 733 دەنگ توانیی كورسییەك ببات و نەوەی نوێش بە 12 هەزار و 233 دەنگ كورسی چوارەمی برد.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە كە 11 هەزار و 71 دەنگی بەدەست هێنابوو، كۆمەڵی دادگەری حەوت هەزار و 699 دەنگ، یەكگرتووی ئیسلامی بە دوو هەزار و 772 دەنگ، نەیانتوانی ببنە خاوەن كورسی.

لەم بازنەیەشدا یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری كاندیدیان نییە كە بەهەردووكیان لە هەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر لە 10 هەزار دەنگیان هەبوو، بۆیە پەیامی نهێنیی ڕێكخستنی ئەو دوو حیزبە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر كورسییەكانی ئەو بازنەیە هەیە.

پارتی ئەگەر پارێزگاری لە دەنگی هەڵبژاردنی ڕابردووی بكات، ئەوا دوو كورسیی مسۆگەرە، ئەگەریش دەنگدەرانی لایەنەكانی تر كە كاندیدیان نییە بە لای ئەودا بشكێنەوە، ئەوا ئەگەری هەیە لەم بازنەیەدا هەرسێ كاندیدەكەی سەربخات كە ئەمە ئەگەرێكی لاوازە، چونكە یەكێتی و گۆڕان كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەر یەكەیان كاندیدێكیان هەیە، بەیەكەوەش لە هەڵبژاردنی ڕابردوو نزیكەی 47 هەزار دەنگیان هەبوو، خۆ ئەگەر دەنگی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئەوان بێت، دوور لە لەبەرچاو گرتنی لایەنی ئایینی، ئەوا دوو كورسییان مسۆگەرە.

پێوەند بە نەوەی نوێ كە لەم بازنەیەدا كورسییەكی هەبوو، ئەگەری هەیە پارێزگاری لە كورسییەكەی بكات، بەتایبەت كاتێك كاندیدەكەی لەم بازنەیەدا ژنە، ڕەنگە كۆتای ژنی ئەو بازنەیە ببات، بەو پێیەی پارتی كەمترین ڕێكلام بۆ كاندیدە ژنەكەی لەم بازنەیە دەكات و تەنانەت لە ڕێكخستنەكانیشی هانی دەنگدەرانی داوە دەنگ بە خدر مەنتك و ئامانج هەركی بدەن و سنوورەكەشی بەسەر ئەو دوو كاندیدەدا دابەش كردووە.