خەرجیی بانگەشە گیرفانی كاندیدەكان دەتەكێنێت

07-10-2021 02:23
بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامێكی هەولێر. وێنە؛ فەرمان سادق/پەرەگراف

پەرەگراف- فەرمان سادق لە هەولێر

زۆرینەی خەرجیی ئەمجارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ فەیسبوكە، بە كاندید و حزبەوە هەر فریای سپۆنسەر دەكەون، بە پێچەوانەی جارانەوە كە كێبڕكێی گەرم لە شەقامەكاندا بوو.

كاندیدەكانی هەڵبژاردن، جگە لە چاپی پۆستەر، كرێی هەڵواسینی لە شەقامەكان و تۆماركردنی ڤیدیۆ، دەبێت بە بڕە پارەیەكیش لەڕێی فەیسبوكەوە هەوڵبدات بانگەواز و داواكارییەكانی بۆ دەنگدان بە زۆرترین خەڵك بگەیەنێت، بۆ ئەوەش پشت بە پارەی حزب و گیرفانی خۆیان دەبەستن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف؛ هەندێك كاندید جگە لەو بڕە پارەیەی حزب بۆی خەرجكردووە، خۆیشی چەند هێندە خەرجیی هەبووە.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 130 كەس كاندیدن بۆ 44 كورسی پشكی هەولێر، سلێمانی و دهۆك، جگە لە دەیان كاندیدی دیكەی كورد لە كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.
پارتی زۆرترین پارە دەداتە كاندید

پارتی دیموكراتی كوردستان 51 كاندیدی هەیە لە هەموو عێراقدا و هەر یەكێكیان زیاتر لە 5 هەزار دۆلار (50 وەرەقە)ی پێدراوە بۆ خەرجیی بانگەشە.

لەیلا ئەكرەم، كاندیدی پارتی لە هەولێر بۆ پەرەگراف وتی، سێ هێندەی ئەو بڕە پارەیەی خەرجكردووە كە حزبەكەی بۆ بانگەشە پێیداون، چونكە هاوكاریی ژمارەیەك خێزانی كردووە، هەندێكیان بە كاش و هەندێكیان بە كڕینی خۆراك.

لە ژمارەیەك میدیا و پەیجی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، وابڵاوكرایەوە پارتی بۆ هەر كاندیدێك بڕی هەشت هەزار و 500 دۆلار (85 وەرەقە)ی خەرجكردووە.

پەرەگراف دەربارەی ئەو بڕە پارەیە پەیوەندیكرد بە خەسرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بەڵام بە پاساوی سەرقاڵی بە بانگەشەوە ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیارەكە بداتەوە، هاوكات هاوكار محەمەد، جێگری لێپرسراوی دەزگاكەش ئامادەنەبوو لێدوان لەوبارەیەوە بدات و وتی پەیوەندیی بە مەكتەبی داراییانەوە هەیە.

كاندیدەكانی پارتی لە زۆربەی شوێنەكاندا پۆستەر و لە هەندێك ناوچە نوسینگەی تایبەت بە بانگەشەی خۆیان هەیە.

لەیلا ئەكرەم، كاندیدەكەی پارتی لە هەولێر دەربارەی 85 وەرەقەكە وتی، ئەو بڕە پارەیە خەرجنەكراوە، بەڵام هەر كاندیدێك لە نیوەی ئەو بڕە پارەیە زیاتری وەرگرتووە، "بەشێكی زۆری بانگەشەم لەسەر گیرفانی خۆم كردووە و تائێستا نزیكەی دوو دەفتەر دۆلار (20 هەزار دۆلار)ـم خەرجیی هەبووە" لەیلا وای وت.

ئەگەر هەر كاندیدێكی پارتی بڕی شەش هەزار دۆلاری بۆ خەرجكرابێت ئەوا خەرجیی كۆی كاندیدەكانی دەگاتە زیاتر لە 300 هەزار دۆلار، جگە لەو پارەیەی حزب خۆی بۆ بانگەشە خەرجی دەكات‌و كاندیدەكانیش خۆیان خەرجیی دیكەیان هەبە.

لەیلا ئەكرەم دەڵێت، لەبەر سیستمی فرەبازنەیی و دیاریكراویی ناوچەكانی دەنگدانی هەر بازنەیەك، زۆر پشت بە پۆستەر و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نابەستێت و زیاتر سەردانی ماڵ بە ماڵ دەكات.

بەپێی ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ بانگەشە پێویستە كاندید و حزب و هاوپەیمانیی خەرجی بانگەشە لە ئەستۆ بگرن بە مەرجێك سەرچاوەی پارەكە شەرعی و یاسایی بێت.

پێنج ملیۆن بۆ كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان

بەپێی ماڵپەڕی ڕەسمی هاوپەیمانی كوردستان، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێكیانهێناوە، 39 كاندیدیان هەیە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك، ئەوەش دوای سڕینەوەی ناوی چەند كاندیدێكیان بە هۆكاری جیاواز.

جگە لە پۆستەر و فەیسبوك، تەواوی میدیاكانی یەكێتی و گۆڕان، بە كەناڵی تەلەفزیۆنی و وێبسایتەكانیانەوە خراونە خزمەتی بانگەشەی هاوبەشی هەردولا.

هەرچەندە باس لەوەدەكرێت هەر كاندیدێكی هاوپەیمانی بڕی پێنج هەزار و 500 دۆلار (55 وەرەقە)یان پێدراوە، بەڵام كاندیدەكانیان ئەوە ڕەتدەكەنەوە.

عەبدولسەلام محەمەد، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان(گۆڕان) لە هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "تەنیا پێنج ملیۆن دینارمان وەرگرتووە كە بەشی بەنزینی ئۆتۆمبێل و ئەو كەسانە ناكات پۆستەرمان بۆ هەڵدەواسن"، ئەو ڕەتیدەكاتەوە 55 وەرەقەی وەرگرتبێت، بەڵام دەشڵێت نازانێت ئەگەر كاندیدانی یەكێتی لە هاوپەیمانێتییەكە پارەی زیاتریان وەرگرتبێت، "باوەڕناكەم جیاوازی لەنێوان كاندیدانی هاوپەیمانی كرابێت".

كۆی خەرجیی ئەو 39 كاندیدەی هاوپەیمانی كوردستان دەگاتە نزیكەی 200 ملیۆن دینار، بێ ئەو بڕە پارەیەی هەردوو حزب لە بانگەشەدا خەرجی دەگەن.

"جگە لەوەی وەرمگرتووە، زیاتر لە پێنج ملیۆن دیناریشم لە گیرفانی خۆم خەرج كردووە" عەبدولسەلام محەمەد وای وت.

ئەو كاندیدە دەڵێت، بەهۆی فراوانیی سنووری بازنەكەی ناتوانێت پۆستەر بباتە هەموو شوێنێك، ئەوەش وایكردووە پشت بە سۆشیال میدیا و سەردانی دەنگدەران ببەستێت.

عەبدولسەلام لەكاتی قسەكردنی بۆ پەرەگراف، كاتژمێر 9ی شەو بوو، سەرقاڵی هەڵواسینی پۆستەرەكانی بوو لە كۆیە، وتی "خەڵك زۆر بەپەرۆشە بۆ دیدەنیمان و پێموایە زیاتر لە 50%ـی خەڵك بەشداری هەڵبژاردن دەكەن".

لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، چەند شەقامێكی شار بە تایبەت لە سلێمانی دەبوونە گۆڕەپانی ململانێ و بانگەشە، هەندێكجار بارگرژیشی لێدەكەوتەوە، ئەوكاتەی گۆڕان و یەكێتی لە ڕكابەریی یەكتریدا بون.

كاندیدی كۆمەڵ پارەی خۆی خەرجناكات

كۆمەڵی دادگەری لە ئاستی هەرێمی كوردستان پێنج كاندیدی هەیە كە دوانیان لە هەولێر، دوانی تری لە سلێمانی و یەكێكیان لە هەڵەبجەیە.

بێستون حەمە ساڵح، سەرۆكی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری بە پەرەگراف-ـی وت، دوو جۆر خەرجییان بۆ هەڵبژاردن هەیە، خەرجییەكی گشتی و ئەوەی ڕاستەوخۆ دەدرێت بە كاندیدەكان، بەڵام ڕەتیكردەوە زانیاری لەسەر بڕی خەرجییەكان بدات.

كۆمەڵ بە پێچەوانەی پارتی و دوو حزبەكەی هاوپەیمانیی، لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندایە و یەكێك لە كاندیدەكانیشی ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقە و یەكێكی دیكەیان پەرلەمانتاری كوردستانە.

بەڵام سەرباری ئەوەش ئەحمەد حاجی ڕەشید، كاندیدی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە تەنیا لیستی پێویستییەكانی داوە بە حزب و ئەویش بۆی دابینكردووە، "یەك دیناریشم لە گیرفانی خۆم بۆ بانگەشە خەرجنەكردووە".

هەروەها زیاتر ڕونیكردەوە كە هەر كاندیدێك هەڵسەنگاندنێكی ناوچەكەی كردووە و بە مەكتەبی دارایی حزبەكەی داوە، حزبیش پارەی پۆستەرەكانی داوە، "ئەوەی تری كەسمان پارەمان لە هەڵواسینی پۆستەر و سۆشیال میدیا خەرج نەكردووە".

كۆمەڵ هەر كاندیدێكی دوو كامێرامان و كەسێكیان بۆ تایبەتمەند كردووە لەگەڵ پەیامنێری كەناڵی حزبەكەیان لە ناوچەكاندا.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت، حزبەكەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا مەركەزیەتی هەیە، "تەنانەت كاندیدانی كۆمەڵ هیچ جۆرە لێدوانێك بۆ هیچ كەناڵێكی ڕاگەیاندن نادەن تا دوای هەڵبژاردن".

بانگەشەی هەڵبژاردن زیاتر لە مانگێكە دەستیپێكردووە و بڕیارە تا 24 كاتژمێر پێش وادەی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەردەوامبێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید پێیوایە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمجارە دیوە ئەرێنیەكەی لەوەدایە دەنگدەر دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ خودی كاندیدەكان بكات و پەرلەمانتارانیش لە بەغدا ناچار دەكات زۆرترین هەڵوێست و كاریان هەبێت، جگە لەمە سیستمەكە وادەكات پەرلەمان و پەرلەمانتاریی بەرەو ئاڕاستەی تایبەتمەندی بچێت بەوەی لەم خولەی ئێستادا "زۆرێك هاتنە پەرلەمان و كوژانەوە، چونكە كەسێكی شارەزا نەبوون لە پرسێكدا و بە كەڵكی پەرلەمان نەدەهاتن".

كاندیدە "سەربەخۆ"كانی یەكگرتوو پارە لە حزب وەردەگرن

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان "پشتگیری" خۆی بۆ شەش كاندید دەربڕیووە، كە لە بنەڕەتدا كادیر و بەرپرسی یەكگرتوون، بەڵام لە كۆمسیۆن بەناوی سەربەخۆوە خۆیان كاندید كردووە.

ئەو شەش كاندیدە دوانیان لە هەولێر، دوانیان لە دهۆك و دوانیان لە سلێمانییە، یەكگرتوو جگە لەوەی میدیاكانی خستۆتە خزمەتی بانگەشەیانەوە، خەرجیی بانگەشەی دیكەیشی پێداون.

پەخشان سیان، كاندیدی یەكگرتوو لە هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "حزب بۆ هەر كاندیدێك بڕی سێ هەزار دۆلار (30 وەرەقە)ی پێداوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن".

ئەو دەڵێت، لە گیرفانی خۆیشی خەرجیی هەبووە و تائێستا گەیشتۆتە نزیكەی پێنج هەزار دۆلار.

كۆی خەرجیی شەش كاندیدەكەی یەكگرتوو لەلایەن حزبەوە دەگاتە 18 هەزار دۆلار، جگە لە خەرجیی دیكەی حزب بۆ بانگەشە.

پەخشان سیان وەك هەر كاندیدێكی تر گرنگی زۆری بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و پێیوایە قورسایی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەمتر نییە لە پۆستەری سەر شەقامەكان.

نەوەی نوێ بانگەشە بۆ كاندید ناكات

نەوەی نوێ 15 كاندیدی هەیە بە جۆرێك لە هەموو بازنەیەكی هەڵبژاردن لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك و كەركوك كاندیدی هەیە، بەڵام ئەو حزبە هیچ بڕە پارەیەكی بە كاندیدەكانی نەداوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

پەرەگراف پەیوەندی بە چەند كاندیدێكی نەوەی نوێ كرد لە بارەی پرسی هەڵبژاردن و خەرجییەكانی، هیچ كامیان ئامادە نەبوون قسە بكەن بە پاساوی ئەوەی كە قسە بۆ هیچ میدیایەك ناكەن جگە لە كەناڵی ئێن ئاڕتی.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نەوەی نوێ بە پەرەگراف-ـی وت "پارە بۆ هیچ كاندیدێك تەرخان نەكراوە، بەڵكو بانگەشەی هەڵبژاردن تەنیا بۆ لیستەكە كراوە بەوپێیەی لە هەموو بازنەكان كاندیدمان هەیە".

لە شەقامەكانی شارەكانی هەرێم پۆستەری كاندیدی نەوەی نوێ یان نییە یان زۆر كەمە تەنیا پۆستەری ناوی نەوەی نوێ هەیە.

سەرچاوەكە وتی، ئەوە سیاسەتی نەوەی نوێیە كە دەنگدەر "دەنگ بە گڵۆپەكە بدات"، چونكە لە هەموو بازنەیەك نەوەی نوێ كاندیدی هەیە، بەڵام ئەو سەرچاوەیە هیچ زانیارییەكی لەسەر خەرجیی نەوەی نوێ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەدركاند.

فەیسبوك خەنی بوو

تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بەهەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ حكومەتی عێراق، چەند ڕێكارێكی گرتۆتەبەر بۆ ڕێگری لە خراپ بەكارهێنانی تۆڕەكەی لەكاتی بانگەشەدا.

لە ڕێكارەكاندا دەركەوتنی ناوی ئەو كەسانەیە كە سپۆنسەر دەكەن بەئامانجی ئەوەی خەڵك بزانێت كێ پارەی خەرجكردووەو بڕی پارەكە چەندە.

بەپێی ماددەی 29ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "ڕێگەنادرێت لە سامانی گشتی یان بودجەی وەزارەتەكان یان لە ماڵ و موڵكی وەقفەكان یان لە كۆمەكی دەرەكی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرجبكرێت".

سەربەست نەجمەدین، شارەزای ئایتی لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبوك، ئێوارەی 2ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە لە عێراق، نزیكەی 28 دەفتەر دۆلار تەنیا دراوە بە سپۆنسەر و ڕیكلامی بانگەشەی هەڵبژاردن لە فەیسبوك.

سەربەست دەڵێت زانیارییەكانی لە فەیسبوكەوە وەرگرتووە و تیایدا هاتووە ئەو بڕە پارەیە بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، "لیست هەیە بە تەنیا زیاد لە پێنج دەفتەر دۆلاری داوە بە سپۆنسەركردنی بانگەشە بەڵام چونكە نەزان و كەسی نەشارەزا دەیكات تەنها چەند هەزار لایكێكی كەمی هێناوە كە ئەو بڕە بە 50 دۆلار كەمتر دێت".

هەربەپێی ئەو داتایانەی فەیسبوك، سەربەست ئاماژەی بەوەداوە كاندید هەیە بە تەنیا نزیكەی سێ هەزار دۆلاری داوە بۆ سپۆنسەركردنی پۆستەكانی، لە بەرانبەردا لیست هەیە كەمتر لە هەزار دۆلاری داوە بە ریكلام.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، 25 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی چارەنوسی 329 كورسی كە سێ هەزار و 245 كاندید لە كێبڕكێدان.