شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەكانی سێ‌ و چواری هەڵبژاردن لە هەولێر؛ ململانێی بەهێز لەنێوان لایەنەكان هەیە

07-10-2021 05:02

پەرەگراف - فەرمان سادق

لە بازنەكانی سێ‌ و چواری هەڵبژاردن لە هەولێر كە حەوت كورسیی بۆ دانراوە، ململانێی بەهێز لە نێوان سەرجەم لایەنەكان هەیە. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، پارتی و یەكێتی زۆرینەی كورسییەكانیان بردووەتەوە، بەڵام ئەمجارە ململانێكان جیاوازترن، پارتی و هاوپەیمانیی كوردستانی یەكێتی + گۆڕان لە ڕكابەریدان، لایەنەكانی دیكەش شەڕی بردنی كورسیی خۆیان دەكەن.

لەو دوو بازنەیە 14 كاندیدی پێنج لایەنی بەهێز ڕكابەری دەكەن، پێنج كاندیدی پارتی، سێ‌ كاندیدی هاوپەیمانیی كوردستان، هەریەك لە نەوەی نوێ‌، كۆمەڵ و یەكگرتوویش یەكی دوو كاندیدان هەیە.

بازنەی سێ: پارتی و هاوپەیمانی لە یەكسان نزیكن و شەڕەكە زیاتر لەسەر كۆتای ژنە

هەرچی بازنەی سێیەمی هەولێرە كە خۆرئاوای قەزای هەولێر، گەڕەكەكانی (كوران، نەورۆز، تەیراوە، عەنكاوە، ئازادی) دەگرێتەوە. ژمارەی دانیشتووانی 420 هەزار و 888 كەسە، بەپێی دابەشكاری كۆمسیۆن سێ كورسی بەردەكەوێت كە یەكێكیان بۆ كۆتای ژنە، بەمەش ژمارەی دانیشتووان بۆ هەر كورسییەك 140 هەزار و 296 كەسە.

بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكرات لەم بازنەیەدا 50 هەزار و 415 دەنگی بەدەست هێنا، یەكێتی نیشتمان 15 هەزار 297، نەوەی نوێ 12 هەزار و 179، كۆمەڵی دادگەری 10 هەزار و 992، گۆڕان حەوت هەزار و 705، یەكگرتووی ئیسلامی سێ هەزار و 412 دەنگ.

پارتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لەم بازنەیە دوو كورسیی بەدەست هێنا و كورسی سێیەمیش بووە پشكی یەكێتی. بۆ ئەم هەڵبژاردنەیش پارتی تەنیا دوو كاندیدی هەیە بە مەبەستی پاراستنی دەنگەكانی و پەرتەوازە نەبوونی، سنووری ناوچەكەی لە ڕووی دەنگدانەوە بەسەر هەردوو كاندیدەكەدا دابەش كردووە بە ئامانجی سەرخستنی هەردوو كاندیدەكە، بەتایبەت كە یەكێكیان ژنە.

پێوەند بە هاوپەیمانیی كوردستانی یەكێتی + گۆڕان كە تەنیا هەرێم كەمال ئاغا كاندیدیەتی، جگە لە دەنگەكانی یەكێتی، ئەگەر دەنگدەرانی گۆڕانیش دەنگ بە هاوپەیمانیەتەكە بدەن، ئەوا كورسییەكیان مسۆگەرە.

پێشبینی بۆ ئەم بازنەیە كەمێك قورسە، بەهۆی نزیكیی دەنگی كورسیی سێیەم لە یەكتری، بەتایبەت لەنێوان نەوەی نوێ و كۆمەڵی دادگەری، بۆیە دەبینین ئەو دوو هێزە لەم بازنەیەدا ژنیان كاندید كردووە، تەنانەت یەكگرتووی ئیسلامییش ژنێكی كاندید كردووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ململانێ لەسەر كۆتای ئەو بازنەیە قورس بێت.

جیاواز لە بازنەكانی تر، لەم بازنەیە حیزبی زەحمەتكێشانیش هاوشانی سۆسیالیست، كاندیدی هەیە، هاوكات بەرەی توركمانییش ژنێكی كاندید كردووە، ئەوانە وا دەكەن هەم دەنگەكان پەرت بن و هەمیش پێشبینییەكان زیاتر ئاڵۆز بكەن.

ئەوەی تا ئاستێك یەكلایی بووەتەوە لەم بازنەیە، كورسییەك بۆ پارتی و كورسییەك بۆ هاوپەیمانی كوردستانییە، ڕەنگە ململانێیەكە لەسەر كورسیی كۆتای ژن بێت كە پارتی چاوی لەو كورسییەش بڕیوە.

بازنەی چوار: ململانێی بەهێزی پارتی و هاوپەیمانیی كوردستان؛ ململانێی نەوەی نوێ‌ و كۆمەڵ لەسەر كورسییەك

بازنەی چوارەم كە گەڕەكەكانی (حەسارۆك، شۆڕش، باداوە، زانكۆ، روناكی، برایەتی، سەیداوە، راپەڕین و ناوەوەی شەقامی 30 مەتری) دەگرێتەوە، ژمارەی دانیشتووانی 561 هەزار و 144 كەسن، چواری كورسی بۆ تەرخان كراوە كە دانەیەكی بۆ كۆتای ژنە، بەمەش ژمارەی دانیشتووان بۆ هەر كورسییەك دەكاتە 140 هەزار 286 كەس.

لە هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی كوردستاندا، لەم ناوچەیەی هەولێردا پارتی دیموكرات زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە كە 67 هەزار و 220 دەنگ بووە، بەمەش دوو كورسیی دەباتەوە. هەرچی یەكێتی نیشتمانییە 20 هەزار و 396 دەنگی بەدەست هێناوە كە دەكاتە یەك كورسی و نەوەی نوێ بە 16 هەزار و 238 دەنگ دەتوانێت كورسیی چوارەم مسۆگەر بكات.

كۆمەڵی دادگەری لەم بازنەیەدا 13 هەزار و 396 دەنگی هەبووە، بزوتنەوەی گۆڕانیش 10 هەزار و 272 دەنگ، هەرچی یەكگرتووی ئیسلامییە توانیی چوار هەزار 549 دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام هیچ كامیان نەبوونە خاوەن كورسی.

بۆ ئەو بازنەیە پارتی سێ كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە و لە ڕووی حیزبییەوە ئیشی زۆری بۆ دەكرێت هاوشانی سەباح سوبحی، بە پێچەوانەوە كەمترین بانگەشەی مەریوان قەرەنی دەبینرێت. دەنگەكانی پارتی لەم بازنەیەدا ئەگەر وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەوا دوو كورسی مسۆگەر دەكات.

ئەوەی وا دەكات هاوكێشەی ئەو بازنەیە ئاڵۆز و قورس بێت بە تایبەتی بۆ هاوپەیمانی كوردستان، لێكتێگەیشتنیەتی لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری كە بەرانبەر عەبدولستار مەجید كاندیدی كۆمەڵ، ڕێباز بێركۆتیی كشاندەوە. كۆمەڵی دادگەرییش زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لەم بازنەیە بووە، ئێستایش كەسێكی دیاری حیزبەكەی لەو بازنەیە كاندید كردووە كە عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنەكەیەتی لە پەرلەمانی كوردستان.

هاوپەیمانی بۆ بازنەی چوار، دوو كاندیدی هەیە كە یەكێكیان گۆڕانە و زیاتریش ئیش بۆ سەرخستنی برزۆ مەجیدی كاندیدی گۆڕان دەكات، هاوشانی لایەنەكانی تریش ململانێ بۆ كورسی كۆتای ژنانیش دەكات.

بەڵام نەوەی نوێ كە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو كورسییەكی ئەو بازنەیەی بردبوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەك كاندیدی هەیە و دەیەوێت پارێزگاری لەو كورسییەی بكات.

جیاواز لە سێ بازنەكەی تر، لە كۆی پێنج كاندیدی سەربەخۆ، چواریان لەم بازنەیەن، واتە لە بازنەكانی دووەم و سێیەمی هەولێر هیچ كاندیدێكی سەربەخۆ بوونیان نییە، ڕەنگە بوونی ئەو چوار سەربەخۆیە هاوكێشەكان تێك بدات و دەنگەكان پەرت بكات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی پارتیدایە كە تاكە بازنەی هەولێرە كەمترین دەنگی تێیدا هەیە بەراورد بە بازنەكانی تر.

هاوشانی ئەوە، لە هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی عێراق بەرەی توركمانی نەیتوانیوە كاندید لە هەولێر سەربخات بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەم هەڵبژاردنە سێ كاندیدی هەیە كە دوانیان لە بازنەی چوارەمن، بۆیە بوونی ئەوانیش دەبێتە هۆی زیاتر پەرتكردنی دەنگەكان بەتایبەت كاتێك 19 حیزب و لایەنی توركمانی هەولێر پشتگیری خۆیان بۆ پارتی ڕاگەیاند.

لەگەڵ ئەوانەشدا، حیزبی مەشروع قادمون بۆ تەغیر كە ئەمساڵ یەكەم كۆنگرەی خۆی لە بەغدا بەست بە سەرۆكایەتی حوسێن ئەلرماحی، لە هەر 15 بازنەكەی هەرێمی كوردستان كاندیدی هەیە، واتە لە هەر چوار بازنەكەی هەولێر، پێنج بازنەكەی سلێمانی و چوار بازنەكەی دهۆك، بۆیە بوونی ئەوانیش زیاتر دەنگەكان پەرت دەكات بەهۆی ئەوەی ئەو حیزبە هیچ ڕەگ و ڕیشەیەكی لە كوردستان نییە و بەدەستهێنانی هەر دەنگێك دەچێتە گیرفانی پارتی.

* شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەكانی یەك و دووی هەڵبژاردن لە هەولێر؛ ململانێی توند لە نێوان كێدایە؟