شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەی چواری هەڵبژاردن لە سلێمانی؛ كێ دەبێتە براوە و دەنگی یەكگرتوو چۆن كاریگەری دەبێت؟
پەرەگراف
یانزە كاندید لەبازنەی چواری سلێمانی لە كێبڕكێدان بۆ بردنەوەی چوار كورسی بازنەكە كە یەكێكیان کۆتای ژن دەبێت، گۆڕان و یەكێتیبردنەوەی دوو كورسییان تاڕادەیەك مسۆگەرە، دوو كورسییەكەی دیكەش لەنێوان یەكێتی و كۆمەڵی دادگەری هەروەها نەوەی نوێ و پارتیدادەبێت.
بازنەی چوار قەزاكانی ڕانیە، دوكان، پشدەر دەگرێتەوە، ژمارەی كۆی گشتی دەنگدەران لەو بازنەیە 450 هەزار و 766 كەسە، كەزۆرینەیان لە ڕانیەن، واتە بە زیاتر لە 112 هەزار كەس كورسییەك دەبەن ئەگەر سەرجم دەنگدەران بەشداریی پڕۆسەی دەنگدان بکەن.
لەو یانزە كاندیدەی بازنەكە، شەشیان لە كێبڕكێیەكی بەهێزدان و ململانێ لەسەر چوار كورسی دەكەن، ئەوانیش كاندیدەكانی هاوپەیمانیكوردستان كە لە گۆڕان و یەكێتی پێكهاتوون، هەروەها كاندیدانی كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و پارتین، یەكگرتووی ئیسلامیش لەوسنورە كاندیدی نییە، بۆیە دەنگەکانی بۆ هەر لایەنێك بڕوات، بردنەوەی مسۆگەر دەبێت.
بەهێزترین كاندیدەكان و ئەگەری دەرچونیان بەڕەچاوكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018دا:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
لە هەڵبژاردنەكانی 2018 یەكێتی لەو بازنەیە زۆرترین دەنگدەری هەبووەو حزبی یەكەم بووە، بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، ئەو حزبە 64 هەزار و 270 دەنگی بەدەستهێناوە، ئێستا لەو بازنەیە دوو كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە.
بەدریە حسێن و غەریب ئەحمەد كاندیدەكانی یەكێتین، ئەگەر دەنگدەرانی ئەو حزبە بە یەكسانی دەنگ بە هەردووكیان بدەن، ئەوا ئەگەری دەرچونی هەردووكیان بەهێزە، چونكە بە دابەشكردنی دەنگەكانی یەكێتی بەسەر هەردوو كاندیدەكەیدا، دەنگی ھەریەکێکیان نزیك دەبێتەوە لە دەنگی حزبی دووەم كە بزوتنەوەی گۆڕانە، بەو پێیەی یەكێك لە كاندیدەكانی یەكێتی ژنە ئەوا لە كاتی دەرچونی هەردوو كاندیدەكەدا كۆتایژنان دەبات و چانسی بردنەوەی كاندیدەكانی پارتی و نەوەی نوێ كەمدەبێتەوە كە بەهەمان شێوە ژنیان لەو سنورە كاندیدكردووە.
بزوتنەوەی گۆڕان
ئەبوبەكر بایز ئالی بایز تاكە كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانە لەو سنورە، ژمارەی دەنگدەرانی بزوتنەوەكە لەو سنورە بەپێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2018، زیاتر لە 32 هەزار دەنگە، بۆیە تاڕادەیەك بردنەوەی مسۆگەرە، بەڵام ئەوەی دەبێتە مەترسی بۆ كاندیدەكەی گۆڕان، ئەگەری بایكۆتی پڕۆسەكەیە لەلایەن زۆرینەی دەنگدەری بزوتنەوەكەوە.
كۆمەڵی دادگەری
سێهەم بەهێزترین هێزی ناوچەكەیە لەڕووی دەنگەوە، بەپێی ئامارەكانی 2018 كۆمەڵی دادگەری زیاتر لە 20 هەزار دەنگیان هەیە و ئێستاكاندیدەكەیان سۆران عومەرە.
چانسی بەهێز بەپێی دەنگەكانی ڕابردوو بۆ كۆمەڵە، بەڵام بەو پێیەی یەكگرتوو ئێستا لەو بازنەیە هیچ كاندیدێكی نییە و زیاتر لە پێنج هەزاردەنگی هەیە بۆیە دەنگەكانی یەكلاكەرەوە دەبێت، بەشێوەیەك ئەگەر دەنگ بە كاندیدەكەی كۆمەڵ بدەن ئەوا دەرچونی مسۆگەر دەبێت، كەئەوەش ئەگەرێكی بەهێزە بەهۆی باگراوندی ئیسلامی هەردوو لایەنەكەوە، هاوكات نەوەی نوێ نزیكەی دوو هەزار دەنگ لەدوای كۆمەڵەوەیە، پارتیش بەهەمان شێوە جیاوازیی دوو هەزار دەنگی لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە، بۆیە ئەگەر دەنگدەرانی یەكگرتوو دەنگیان بۆ هەر یەكێك لەوكاندیدانە بێت ئەوا دەنگی پێویست بۆ بردنەوەی كورسییەك مسۆگەر دەكەن.
نەوەی نوێ
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنەكانی 2018 لەو سنورە زیاتر لە 18 هەزار دەنگی هەبووە، ئێستاش كاندیدیان لە بازنەكە سروە عەبدولواحیدە.
نەوەی نوێ بۆ بردنەوەی كورسییەكی سنورەكە چاوەڕێی زیادبونی دەنگەكانێتی ئەمە جگە لەوەی ژنێكیان كاندیدكردووە بۆ ئەوەی چانسیان لە بردنەوەی كورسی كۆتادا بەهێزتربێت، بەڵام ئەگەر كاندیدە ژنەكەی یەكێتی دەربچێت ئەو ئەگەرە لەدەست دەدەن و دەبێت چاوەڕێی زیادبونی ژمارەی دەنگەكانیان بن یاخود دەنگدەرانی یەكگرتوو دەنگ بە سروە عەبدولواحید بدەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان
ناسكە عەبدوڵا كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە بازنەی چواری سلێمانی، ژمارەی دەنگەكانی ئەو حزبە بەپێی هەڵبژاردنەكانی2018 زیاتر لە 16 هەزار دەنگە، بەدەستهێنانەوەی ئەو دەنگەش بۆ پارتی لە سنورەكە تاڕادەیەك ئاسانە چونكە ئەوان دەنگدەرێكی جێگیریان هەیە و زۆرینەیان بەشداری پرۆسەكە دەكەن و دەنگ بە كاندیدەكەیان دەدەن.
پارتی لەڕێی كاندیدكردنی ژنێكەوە هەوڵی ئەوەیداوە كورسی كۆتای ژن بەرێت، بەو مەرجەی كاندیدەكەی یەكێتی ئەو چانسەیان لێوەرنەگرێتەوە، هەروەها ئەگەر دەنگدەرانی یەكگرتووش لە سنورەكە دەنگیان بدەنێ ئەوا چانسی دەرچونی كاندیدەكەیان بەهێزتر دەبێت،چونكە لەو كاتەدا پێش كۆمەڵی دادگەری دەكەون كە هێزی سێهەمە.
كاندیدەكانی دیكە
کێبڕکێی بەهێزی حزبەكان لە سنوری بازنەی چواری سلێمانی چانسی بردنەوەی كورسی بۆ کاندیدەکانی دیکە زۆر كەمكردووەتەوە، ئەمەجگە لەوەی ئەو پێنج كاندیدەی دیكە زۆر بەهێز نین و پێگەی جەماوەریی فراوانیان لە ناوچەكە نییە، بۆیە كێبڕكێكە لەنێوان شەش كاندیدی حزبەكاندایە تاوەكو بتوانن چوار كورسی سنورەكە پڕبکەنەوە.