شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن لە دهۆك؛ پلانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی چییە؟

08-10-2021 03:53

پەرەگراف

لە پارێزگای دهۆك كە لە سێ‌ بازنەی هەڵبژاردن پێكهاتووە، لایەنەكان ململانێ‌ لەسەر 11 كورسی دەكەن، كە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردی ساڵی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، زۆرینەی كورسییەكان بۆ پارتی یەكلا بوونەتەوە. جیاواز لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم، لە دهۆك كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی تەنیا لە نێوان پارتی، یەكگرتوو و هاوپەیمانیی كوردستاندایە.

بازنەی یەك: تەنیا یەكگرتوو ڕكابەریی پارتی دەكات

لە بازنەی یەكی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆك، هەشت كاندید كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی چوار كورسی دەكەن كە یەكێكیان بۆ كۆتای ژنانە. بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی كوردستان كە پەرەگراف لە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن وەرگرتووە، لەو چوار كورسییە سیانیان بۆ پارتی یەكلایی بوونەتەوە و یەكگرتوویش كورسییەك بەدەست دەهێنێت.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 پارتی لە قەزای ئامێدی و ناوەندی دهۆك كە ئێستا بازنەی یەكی هەڵبژاردنە، 138 هەزار و 750 دەنگی بەدەست هێناوە. یەكگرتوویش 16 هەزار 247 دەنگی بەدەست هێناوە.

لە بازنەی یەكی دهۆك پارتی چوار كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە. هەروەها جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری پێشووی یەكگرتوو كە ئێستا لەژێر ناوی سەربەخۆدا خۆی كاندید كردووە، لەلایەن ئۆرگانەكان و میدیای یەكگرتووەوە پاڵپشتییەكی تەواو دەكرێت تا جارێكی دیكە دەنگی پێویست بۆ بوون بە ئەندام لە پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێت.

جگە لە پارتی و یەكگرتوو، لە بازنەی یەكی دهۆكدا نەوەی نوێ كە لە هەڵبژاردنی 2018دا پێنج هەزار و 918 دەنگی بەدەست هێنابوو، كاندیدیكی ژنی هەیە. هەروەها دوو كاندید سەربەخۆ هەن.

هاوپەیمانیی كوردستانی یەكێتی + گۆڕان، لە بازنەی یەكی دهۆك كاندیدی نییە، ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی پەرلەمانی كوردستان كە پەرەگراف لە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردنی وەرگرتووە، گۆڕان سێ‌ هەزار و 290 دەنگ و یەكێتی حەوت هەزار و 224 دەنگی بەدەست هێنابوو.

نەبوونی كاندیدی هاوپەیمانیی كوردستان پەیوەندیی بەو هەماهەنگییەوە هەیە كە یەكێتی و گۆڕان لە ژمارەیەك بازنە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو هەیانە، لەم بازنەیەش هاوپەیمانیی كوردستان لەبەر دەرچوونی كاندیدەكەی یەكگرتوو ئامادە نەبووە كاندید دابنێ‌.

بازنەی دوو: پارتی دەیەوێت هەرسێ‌ كورسییەكە بباتەوە، یەكگرتوو و هاوپەیمانییش هەریەكەیان بەتەمای كورسییەكن

بازنەی دووی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆك كە قەزاكانی زاخۆ و سێمێل دەگرێتەوە، حەوت كاندید كێبڕكێ لەسەر پڕكردنەوەی سێ‌ كورسی دەكەن كە یەكێكیان بۆ كۆتای ژنانە.

بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی 2018، هەر سێ‌ كورسییەكە بۆ پارتی دیموكرات یەكلایی بوونەتەوە، بەڵام یەكگرتوو و هاوپەیمانیی كوردستان دەیانەوێت ململانێی بردنی یەكێك لە كورسییەكان بكەن.

لە هەڵبژاردنی 218ی پەرلەمانی كوردستان، پارتی لە سنووری بازنەی دووی دهۆك 110 هەزار و 636 دەنگ، یەكگرتوو هەشت هەزار و 977 دەنگ، نەوەی نوێ‌ چوار هەزار و 350 دەنگ، یەكێتی پێنج هەزار و 732 و گۆڕانیش هەزار و 432 دەنگیان بەدەست هێناوە.

پارتی لەم بازنەیە سێ‌ كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە، یەكگرتوو كاندیدێكی پیاوی هەیە، هاوپەیمانیی كوردستانیش كاندیدێكی ژنی هەیە كە لەسەر پشكی یەكێتییە. هەرچی نەوەی نوێی و حیزبی سۆسیالیستە یەكی كاندیدێكی پیاویان داناوە.

پارتی هەوڵی بەدەستهێنانی هەر سێ‌ كورسییەكە دەدات، یەكگرتوویش كە دەنگی دووەمی بازنەكەیە، دەیەوێت بە دەنگەكانی زیاد بكات تا ئاستی بەدەستهێنانی كورسییەك كە لەوەدا پشت بە دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەریش دەبەستێت، هەرچی هاوپەیمانیشە دەیەوێت كورسیی كۆتای ژنان بباتەوە.

بازنەی سێ: كێبڕكێی توند لە نێوان هاوپەیمانی و پارتیدایە

بازنەی سێ كە پێكهاتووە لە قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش و شێخان، تێیدا هەشت كاندید كێبڕكێ بۆ بردنەوەی چوار كورسی دەكەن.

پارتی دیموكرات لە بازنەی سێ‌ چوار كاندیدی هەیە كە یەكێكیان ژنە. لە هەڵبژاردنی 2081دا پارتی لەم بازنەیەدا 80 هەزار و 753 دەنگی بەدەست هێناوە، ئێستا شەڕێ‌ ئەوە دەكات هەر چوار كورسییەكە بباتەوە.

هەرچی هاوپەیمانیی كوردستانی و یەكێتی و گۆڕانیشە كە دەنگی دووەمی بازنەكەن، لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان یەكێتی 12 هەزار 720 دەنگ و گۆڕانیش هەزار و 716 دەنگی بەدەست هێناوە، بە كاندیدكردنی ژنێك ململانێی بردنەوەی كورسیی كۆتای ژنان دەكەن.

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 2018دا حەوت هەزار و 553 دەنگی لە سنووری بازنەی سێ‌ بەدەست هێناوە، بەپێی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان هەیەتی، لەم بازنەیە كاندیدی دانەناوە و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە كاندیدەكەی هاوپەیمانیی كوردستان دەكات.

هەرچی نەوەی نوێیشە لە بازنەی سێی دهۆك كاندیدێكی پیاوی هەیە، كە لە هەڵبژاردنی 2018 نەوەی نوێ‌ لەو سنوورە پێنج هەزار و 468 دەنگی هەبووە، ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی لەلایەن جووڵانەكەوە لاوازە. حیزبی سۆسیالیستیش كە هەڵبژاردنی ڕابوردوو كاندیدی نەبووە، ئەم جارە كاندیدێكی پیاوی لەم بازنەیەش هەیە.

كۆمەڵی دادگەرییش كە لە هەڵبژاردنی 2018 لە سنووری پارێزگای سێ‌ هەزار 902 دەنگی بەدەست هێنابوو، لە هیچ بازنەیەكی پارێزگاكە كاندیدی نییە.

هەرچەندە وا پێشبینی كراوە زۆرینەی دەنگدەرانی كۆمەڵ دەنگ بە كاندیدەكانی یەكگرتوو بدەن، بەڵام تا ئێستا حیزبەكە بە فەرمی هیچ بڕیارێكی لەوبارەیەوە ڕانەكەیاندووە.