شیكاریی پەرەگراف بۆ بازنەی پێنجی هەڵبژاردن لە سلێمانی، ئایا پارتی دەنگەكانی زیاد دەكات؟

08-10-2021 09:10

پەرەگراف

پانزە كاندید لەبازنەی پێنجی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی كێبڕكێیانە بۆ بردنەوەی چوار كورسی بازنەكە و گەیشتن بە ئەنجومەنینوێنەران لە بەغداد، زیاتریش ململانێكە توندبۆتەوە لەنێوان حەوت كاندیددا، كە یەكێكیان دەبێت ژن بێت.

قەزاكانی چەمچەماڵ، كەلار، كفری، دەربەندیخان دەكەونە سنوری بازنەی پێنجەمەوە، لەوێ زیاتر لە 487 هەزار كەس مافی دەنگدانیانهەیە كە زۆرینەیان لە قەزای كەلارن، پاشان چەمچەماڵ، كفری، دەربەندیخان.

كاندیدەكانی بازنەی پێنجەم چواریان سەر بە لیستی هاوپەیمانی كوردستانن، كە تا ڕادەیەك بردنەوەی دوو بۆ سێ كورسیان مسۆگەرە،ئەوانی دیكەش كاندیدەكانی پارتی و نەوەی نوێ و كاندیدێكی سەربەخۆن، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری لەو سنورەدا هیچكاندیدێكیان نییە بۆیە تاڕادەیەك دەنگەكانیان بۆ هەر لایەنێك بڕوات یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دەرچونی كاندیدێك.

بەهێزترین كاندیدەكان و ئەگەری دەرچونیان بەڕەچاوكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018دا:

یەكێتی نیشتمانی كوردستان

لە هەڵبژاردنەكانی 2018 یەكێتی لەو بازنەیە زۆرترین دەنگدەری هەبووە، بە بەدەستهێنانی 34 هەزار و 744 دەنگ حزبی یەكەم بووە،ئەوەش بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن.

یەكێتی لەو بازنەیە سێ كاندیدی لەچوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا هەیە كە ئەوانیش ڕزگار محەمەد، كاروان یاروەیس، سروە ،كە تاڕادەیەك دەرچونی دووانیان مسۆگەرە بەتایبەت كاندیدە ژنەكەیان كە چانسی سیستمی كۆتای هەیە، بەتایبەت كە كاندیدە ژنەكانی دیكەزۆر بەهێز نین و پێگەیەكی جەماوەری بەهێزیان نییە.

دەنگدەری یەكێتی دەبێت لەو سنورە بە وریاییەوە دەنگ بدات، بۆ ئەوەی یەكێك لە كاندیدەكان زۆرترین دەنگ نەبات و چانسی دەرچونیئەوانی دیكەی حزبەكە كەمبكاتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2018 گۆڕان لە سنوری بازنەی پێنج زیاتر لە 22 هەزار دەنگی هەبووە، ئێستاش كاندیدیان لەسنورەكە هوشیار عومەر عەلییە، كە تاڕادەیەك ئەگەری دەرچونی هەیە و بەهۆی ئەوەی تاكە كاندیدی گۆڕانە و لەڕووی جەماوەریشەوە تاڕادەیەك ناسراوە.

ئەوەی ئەوەی بەربەستە لەبەردەم كاندیدەكەی گۆڕان، غالب محەمەد ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانە لەسەر لیستی گۆڕان کەئەمجارە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندیدكردووە، بۆیە ئەگەر هەیە بەشێكی دەنگەكانی گۆڕان ببات، ئەمە جگە لەوەی لە ناوچەكە پێگەیەكیجەماوەری باشی هەیە.

چەند بەرپرسێكی گۆڕان بۆ پەرەگراف قسەیان كرد و ئەوان دڵنیابوون لە "دەرچوونی كاندیدەكەیان"، پێیانوایە هیچ مەترسی لەسەر نییە.

نەوەی نوێ

هێزی سێهەم لە ناوچەكە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بەدەستهێنانی زیاتر لە 12 هەزار دەنگ نەوەی نوێ بوو، ئێستا لە سنورەكە كاندیدێكیانهەیە كە مۆفەق حسێن قادر كەریمە، بەڵام بۆ ئەوەی دەرچونی مسۆگەر بێت پێویستی بە زیادبونی ژمارەی دەنگەكانیان هەیە، بەتایبەت كەكۆی دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان كە لیستی هاوپەیمانیان هەیە ئەگەر دابەش بكرێت بەسەر چوار كورسی بازنەكەدا لە ژمارەی دەنگەكانینەوەی نوێ زیاترە، ئەمە جگەلەوەی غالب محەمەد كە كاندیدێكی بەهێزی سەربەخۆیە ئەوەش لە بەرژوەندی نەوەی نوێدا نییە.

پارتی دیموكراتی كوردستان

دەنگەكانی پارتی لە سنورەكە بەپێی هەڵبژاردنەكانی 2018 زیاتر لە 9 هەزار دەنگە، شوان محەمەد كە كاندیدی حزبەكەیە لەو بازنەیەهاوكات تاكە كاندیدی پیاوی پارتییە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، چونكە لە چوار بازنەكەی دیكە ژنی كاندید كردووە تاوەكو ئەگەریدەرچونیان بەهۆی سیستمی كۆتاوە زیاتربێت.

پارتی پێیوایە ژمارەی دەنگەكانیان لەم بازنەیە زیاد دەكات، بەهۆی ئەوەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك هەڵسوڕاوی دیاری پێشووی گۆڕان وچەند كەسایەتییەكی دیكەی ناوچەی گەرمیان چونەتە ڕیزەكانی پارتی، ڕەنگە هەر ئەو هۆكارەش وایكردێت پارتی لەم بازنەیە پیاوێك كاندیدبكات.

كاندیدە سەربەخۆكان

لەسنوری بازنەی پێنج چەند كاندیدێكی سەربەخۆ هەن، بەهێزترینیان غالب محەمەد ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانە لە فراكسیۆنیگۆڕان، ئەو چاوەڕێیە بە بەدەستهێنانی بەشێكی دەنگەكانی گۆڕانە ناڕازییەكان، جارێكی دیكە بچێتەوە بەغداد.

یوسرا ڕەجەب خانمە كاندیدێكی دیكەی سەربەخۆیە و نزیكە لە پەكەكە، پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووە لەسەر لیستی نەوەی نوێ،ئێستاش دەیەوێت وەك سەربەخۆیەك بەشێكی دەنگەكانی نەوەی نوێ و لایەنگرانی پەكەكە ببات و هاوكات سود لە سیستمی كۆتای ژنانوەربگرێت بۆ ئەوەی چانسی دەرچونی زیاتر بێت.

یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری

لە سنوری بازنەی پێنجی هەڵبژاردن كۆمەڵی دادگەری زیاتر لە نۆ هەزار دەنگی هەیە، یەكگرتووی ئیسلامیش خاوەنی زیاتر لە چوار هەزار و500 دەنگە، بەڵام ئەوان هیچ كاندیدێكیان نییە لە سنورەكە، بۆیە كۆی گشتی دەنگەكانیان پێكەوە كە نزیكەی 14 هەزار دەنگە، یەكلاكەرەوەدەبێت بۆ هەر كاندیدێك بچێت، بەتایبەت پارتی و نەوەی نوێ و سەربەخۆكان.