دۆڕانی حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردن، مەترسیی شەڕی ناوخۆی لێدەكرێت؟

19-10-2021 05:26
خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سەوزی بەغداد دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن

پەرەگراف

كەمبونەوەی ژمارەی كورسییەكانی هاوپەیمانی فەتح كە باڵی سیاسی حەشدی شەعبییە لە ئەنجومەنی نوێنەران مەترسی و نیگەرانیی دروستكردووەو لایەنگرانی حەشد دەستیان بە خۆپیشاندان لە بەغدادو چەند شارێكی دیكە كردووە، هەڕەشەو زمانی تووندی لایەنە دۆڕاوەكان كە خاوەنی هێزی چەكدارین، مەترسیی لای هەندێك كەس دروست كردووە كە سەربكێشێت بۆ شەڕو ڕوبەڕوبوونەوەی چەكداریی.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، فەتح 17 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بووە خاوەنی 48 كورسی و براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكە بوو.

ئەوەی مەترسی دروستكردووە ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانە لەلایەن فەتح و گروپەكانی دیكەی حەشدەوەو هەڕەشەكانیانە لەڕێی بەیاننامەو خۆپیشاندانەوە، بەتایبەت كە ئەوان خاوەنی هێزێكی چەكداریی بەهێزن كە حەشدی شەعبی یە.

هەرچەندە حەشد بەشێوەیەكی فەرمی سەر بە دەوڵەتە‌و مووچەی مانگانەو چەكی لەلایەن حكومەتەوە بۆ دابین دەكرێت، بەڵام بەتەواویی فەرمان لە سەركردەكانی وەردەگرێت كە ئەوانیش پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە.

چاودێرانی دۆخی عێراق پێیانوایە، ئەو هێزە چەكدارانە خۆیان بوونەتە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتدا، تەنانەت لە زۆر كات و حاڵەتدا دەسەڵاتیان لە حكومەت و سوپا و هێزە فەرمییەكان زیاترە.

دروستبونی هەر گرژیی و ئاڵۆزییەك یاخود ڕوبەڕوبونەوەی چەكداریی، ڕاستەوخۆ سوپا دەخاتە بەرامبەر حەشد، هاوكات چەكدارانی سەرایا سەلام كە باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدرەو ڕەوتەكە بە بردنەوەی زیاتر لە 70 كورسیی براوەی هەڵبژاردنەكانن، ڕەنگە ئەوانیش ببن بە بەشێك لە ڕوبەڕوبوونەوەكان، ئەوەش مەترسیی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ و تێكچونی زیاتری دۆخی ئەمنیی لێدەكەوێتەوە.

سەعد زوبەیدی چاودێری سیاسی، ئاماژە بەوەدەكات، واژۆكردنی ئەنجامە بەراییەكان و دانانی وەك ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، دۆخی وڵات تێكدەدات، چونكە "ئەنجامەكان پێچەوانەی پێشبینییەكان بوون، زۆرینەی لایەنە دۆڕاوەكان هێزی چەكداریان هەیە، ئەوان ڕوبەڕووی شكستێكی گەورە بونەتەوە لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی 2018 لە براوەكان بوون".

زوبەیدی باس لەوەش دەكات، زۆرینەی سەركردەی هێزە چەكدارەكان گومانیان لە خاوێنیی هەڵبژاردنەكە هەیە، چەندجارێك ئاماژەی بەكارهێنانی چەكیان كردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا دۆخەكە هێورببێتەوە، لەڕێی جیاكردنەوەی دەستیی ئەو سندوقانەی كێشەیان لەسەرەو بەوەش ژمارەی كورسییەكانی ئەوان زیاد بكات، "بێگومان ئەوەش لەسەر حسابی كوتلەی سەدرییەكان دەبێت".

"ڕەنگە هەندێك لایەن بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنیی وڵات سازش لەسەر هەندێك شت بكەن، بۆ ئەوەی دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبێت" سەعد زوبەیدی وادەڵێت.

عەسائیبی ئەهلی حەق یەكێكە لە لایەنە دۆڕاوەكانی حەشد لە هەڵبژاردنەكە، سەعد سەعدی ئەندامی مەكتەبی سیاسی عەسائیب، جەخت لەوە دەكاتەوە "حكومەت و كۆمسیۆن هیچ چارەسەرێكیان لەبەردەستدا نییە جگە لە ڕاستكردنەوەی دۆخەكە، ئەگەر نا وڵات دەچێتە ڕێڕەوێكی تاریكەوە، كۆمەڵێك كێشە ڕوودەدەن كە ئەنجامی باشیان نابێت".

ڕوبەڕوبونەوەی شیعەو شیعە ڕوودەدات؟

ئەیاد عەناز چاودێری سیاسی باسلەوە دەكات، خودی هەڵبژاردنەكە لەكاتێكدا ئەنجامدرا كە ململانێیەكی سیاسی گەورە هەیە‌و لەگەڵیدا گرنگی پێدانێكی نێودەوڵەتی هەبوو، نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چاودێریی پڕۆسەكەی كرد.

عەناز جەخت دەكاتەوە لەوەی، بەرژەوەندی لایەنەكان و ململانێی حزبی و پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو و ڕێككەوتنەیان دیاری دەكات.

كێشەی سەرەكیی نێوان شیعەكان‌و ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان لەلایەن دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و ڕۆڵ‌و پێگەی ئەو لایەنانە تێیدا.

ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیری سیاسی لە عێراق، بەدووری دەزانێت ئەنجامی هەڵبژاردن ململانێی شیعە و شیعەی لێبكەوێتەوە، پێیوایە چەند لایەنێك هەن لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق ڕێگری لەوە دەكەن.

"مەترسییەكانی دروستبونی ڕوبەڕوبونەوە بەردەوام دەبێت، بەڵام نابێتە ڕاستیی ئەوەش لەبەر سێ هۆكار، یەكەمیان لایەنەكان خۆیان ڕێگە نادەن ئەوە ڕوبدات، چونكە دەزانن هەڵبژاردەی چەك دەبێتە كۆتایی بوونیان لە عێراق، دووەم ئێران كە ڕێگە نادات هاوپەیمانەكانی شەڕی شیعە و شیعە بكەن، چونكە ئەوە دەبێتە كۆتایی هەژمونی خۆی لە عێراق، هۆكاری سێهەمیش مەرجەعی باڵای شیعەكان عەلی سیستانییە كە ڕێگە بە كارێكی لەو شێوەیە نادات" شمەری وادەڵێت.

هەڵوێستی ئەمریكا

ئەحمەد یاسری سەرۆكی ناوەندی عەرەبی-ئوستورالی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەكان، لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكا لە دۆخی ئێستای عێراق باس لەوە دەكات، هەڵوێستی ئەمریكا لەگەڵ ئێران جیاوازی نییە و نایەوێت ڕوبەڕوبونەوەی شیعە و شیعە ڕوبدات، چونكە سەقامگیری عێراق بەشێكە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، هەرچەندە ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكا گرنگییەكی زۆریان بە ڕوماڵی هەڵبژاردنەكان نەداوە.

"هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە لەلایەن ئەمریكا و ئێرانیشەوە گرنگی زۆری پێنەدرا، پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو كە ئێران وەك ئەوەی بەشێك بێت لە هەڵبژاردنەكە ڕووماڵی دەكرد، هەروەها ڕاگەیاندنەكانی سعودیە و كەنداویش هیچ كەسێكیان بەشدارییان نەكرد، ئەوەیان بۆ چاودێرە نێودەوڵەتییەكان جێهێشت كە لە پشتی پەنجەرەوە چاودێریی دۆخەكەیان دەكرد" یاسری وادەڵێت.

سەرۆكی ناوەندی عەرەبی-ئوستورالی، پێشبینی دەكات ئەوە شێوازی بونیادی ستراتیژی داهاتووی ئەمریكاو ئێران بێت لە عێراق، بەتایبەت ئەمریكا كە سەقامگیری عێراقی زۆر لا گرنگە، چونكە پەیوەندی بە بڵاوبونەوەی سەربازیی هێزەكانییەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.