بەدەل بەرواری؛ مامۆستا بەهەڵوێستەكە شیشەكانی زیندان بەجێدەهێڵێت

19-10-2021 08:34

پەرەگراف

دوای بەسەربردنی 14 مانگی ڕەبەق لە زیندان، دادگای هەولێر كۆتایی بە چاوەڕوانییەكان بۆ ئازادكردنی مامۆستا بەدەل بەرواری چالاكی مەدەنیی لە دهۆك هێنا، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئازاد دەكرێت.

ئەمڕۆ لە دادگای هەولێر هەریەكە لە بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشكی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی بادینان دادگایی كران، دادگا بڕیاری ساڵێك زیندانیكردنی بۆ ھەریەكەیان دەركرد، ئەوان ساڵەكەیان لە زیندان بەسەر بردووەو لەو دۆسیەیەدا ئازاد دەكرێن، بەڵام ئومێد بەرۆشكی لە دۆسیەی دیكەدا حوكمی زیندانیی لەسەرە.

پارێزەر ھەرێم ڕەفعەت لە تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان، دوای دادگاییەكەی ئەمڕۆ، لە بەردەم دادگای ھەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم خراوەتەپاڵ دەستگیركراوان بێ بەڵگەو بێ بنەمابوون.

ئەو پارێزەرە وتیشی: توانیمان ماددەی یاسایی دۆسیەكە بگۆڕین لە ماددەی 2ی یاسای 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایشی ھەرێم بۆ ماددەی 222ی یاسای سزادانی عێراقی.

ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی" خستووەتە پاڵ ئەو دەستگیركراوانە كە گوایە خۆپیشاندانی بێمۆڵەتان كردووەو ھاوكاریی پەكەكەیان كردووە.

"تەنانەت شاھیدانی سەلماندنی پەڕاوەكە ھاتنە بەردەم دادگاو ئینكاری ئەوەیان كرد ئەو كەسانە ھیچ تاوانێكیان ئەنجام دابێت" پارێزەر ھەرێم ڕەفعەت وای وت.

ھاوكات پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح كە لە دادگایی دۆسیەكانی چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان ئامادەیی ھەیە، ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای ھەولێر، وتی، سەرباری ھەندێك سەرنج دەستخۆشی لە بڕیارەكەی دادگا دەكەین و داوادەكەین دۆسیەی دەستگیركراوانی دیكەش یەكلایی بكرێنەوەو ئازاد بكرێن.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، بەدەل بەرواری ڕاستەوخۆ ئازاد دەكرێت، بەڵام ئومێد بەرۆشكی دۆسیەی دیكەی لەسەرە.

ئومێد بەرۆشكی مانگی ڕابردوو لە دوو دۆسیەدا لە دادگای دهۆك سزای ساڵێك زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، مانگی شەشی ئەمساڵیش بە هەمانشێوە لە دوو دۆسیەی دیكەدا هەریەكەیان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەدەل بەرواری ڕۆژی ١٩-٨-٢٠٢٠ بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندانی بێمۆڵەت دەستگیر كرا، دوای ٥٦ ڕۆژ، دادگا بڕیاری بێتاوانیی دەركرد و دەبوو لە ١٢ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ ئازاد بكرێت، بەڵام ئاسایش كەیسێكی دیكەی لە دژی كردەوە و لە كاتی ئازادكردنیدا ڕاستەوخۆ دەستگیری كرد.

هەروەها ئومێد بەرۆشكی لە هەمان ڕۆژ دەستگیر كراوە و پاش ماوەیەك مانەوە لە زیندان و ئازادكردنی، هاوشێوەی بەدەل بەرواری دەستگیر كرایەوە.

هەریەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، بڕیار بوو ڕۆژی 15-2-2021 لەگەڵ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكەی دیكەی بادینان دادگایی بكرێن، بەڵام دادوەر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ تۆمەتباركردنیان و ناتەواویی پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان، كەیسەكەیانی گەڕاندەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش، پاشان چەند جارێك دادگایی كردنیان دواخرا تا زیاتر لە ساڵێكیان لە زیندان بەسەر برد.

بەدەل بەرواری لە چاوەڕوانیی ئازادیدا

بەدەل بەرواری هاواری بۆ ئازادیی دەكرد كە دواتر لە خۆی زەوت كرا؛ ئەو مامۆستایە ژمارەی پێوانەیی لە زیندانی هێزە ئەمنییەكان شكاندووە لەناو ئەوانەی كە تەنیا بەهۆی خۆپیشاندان بۆ داوای مووچەو چەند تۆمەتێكی نەسەلمێنراو، دەستگیركراون.

"تاكە داواكاریی ئەوەبوو لەڕێی ڕێكخراوەكان و كونسوڵخانەكانەوە هەوڵی ئازادكردنی بدەین، نەك دەسەڵاتداران، چونكە وتی بە ناهەق دەستگیركراوەو هەر ئازاد دەبێت" ئاری كوڕی بەدەل بەرواری پێشتر لەسەر دیدارێكی خۆی و باوكی بۆ پەرەگراف وای وت.

بەرواری لە 19ی ئابی 2020، لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنو‌وس و چالاكوانانی بادیناندا ڕاپێچی زیندان كرا، ئەوەش دوای ئەو خۆپیشاندانەی بەهۆیەوە دەیان كەس كەوتنە زیندان؛ كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربون، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ خراپیی گوزەرانی خەڵك و كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نێویاندا دواكەوتن و لێبڕینی مووچە.

"باوكم ئەمە پێنجەمین جارە دەستگیربكرێت.. وائێستا لە زینداندایە بەهۆی داوای مووچەی خەڵكەوە" ئاری كوڕی وای وت.

بەدەل بەرواری لەو پێنج جارەی خراوەتە زیندان؛ لە هەر یەكێكیاندا 22 ڕۆژ، 16 ڕۆژ، دوو جاری سێ ڕۆژی و ئێستا زۆرترین ماوەیە كە لە زیندان ماوەتەوە.

هۆكاری هەموو ئەو كاتەی خراوەتە زیندان خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بووە.

بەدەل بەرواری باوكی دوو كچ و سێ كوڕە.

"نەبونی باوك كاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەبووە، بە تایبەت لەڕوی داراییەوە، بێ ئەوەی هیچ كەس و لایەنێك هاوكاریمان بكات" كوڕەكەی وای وت.

بەدەل عەبدولباقی، ناسراو بە بەدەل بەرواری، ساڵی 1965 لە دهۆك لەدایكبووە و دەرچوی كۆلێژی پەروەردەی بنیات بەشی زمانی كوردییە لە زانكۆی دهۆك، 29 ساڵە مامۆستایە‌و جێگری بەڕێوەبەری خوێندنگەی بەهدینان لە دهۆك و لێپرسراوی ڕێكخراوی میللیی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە، تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا لە دوای ناوەڕاستی مانگی ئابەوە، لە بادینان نزیكەی 100 كەس دەستگیر كراون.

ئەو بارودۆخەی لە دهۆك گوزەرا، گەنجانی شارەكە بە ڕەشبگیری ناویان برد، چونكە وەك ئەوان دەڵێن؛ بە بێ فەرمانی دادوەر هەڵدەكوتنە سەر خەڵك.

لە ماوەی دەستگیركردن‌و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان، چەندینجار كەمپەین‌و خۆپیشاندان بۆ ئازادكردنیان لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم ئەنجام درا، ئەوە سەرباری ڕەخنەو فشاری وڵاتانی دەرەوەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێیان بەو ڕەخنەو فشارانە نەدا.