ئەنجامی وردی هەڵبژاردن لە پەرەگراف؛ هۆكاری شكست و سەركەوتنی لایەنەكان چی بوو؟

26-10-2021 12:45

پەرەگراف

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ هەندێك لایەن شۆكهێنەر و بۆ هەندێكیش دڵخۆشی و موفاجەئەیەكی گەورە بوو. شێوازی جیاوازی هەڵبژاردنی ئەم جارە كە فرەبازنە بوو، هاوكات هونەری بەشداریكردنی لایەنەكان و ئاستی بەشداری خەڵك لە دەنگدان، لە هۆكارە دیارەكانی شكست و سەركەوتنی لایەنەكان بوون. پەرەگراف لەم ڕاپۆرتە شیكارییەدا وردەكاریی ژمارەی كاندید و دەنگی لایەنەكان و هۆكارەكانی شكست و سەركەوتنیان دەخاتە ڕوو.

بەشێك لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕەخنەیان لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن گرتووە و ڕەتی دەكەنەوە. ئەو لایەنانە پێیان وایە ساختەكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردندا كراوە و ڕێكارەكانی كۆمیسیۆنیش بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كەمكورتیی تێدا بووە. بە پێچەوانەشەوە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن ئەنجامەكانیان پەسەند كردووە و پێیان وایە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، خاوێنترین هەڵبژاردن بووە كە لە عێراق بەڕێوە چووە.

لەم ڕاپۆرتە شیكارییەی پەرەگرافدا قسە لەبارەی بوون یاخود نەبوونی ساختەكاری و كەموكووڕی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران ناكرێت، بەڵكو ئەنجامە بەراییەكان و شێوازی بەشداریی لایەنەكان لە هەڵبژاردن لەبەرچاو گیراوە.

هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی

پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا براوەی یەكەمی ناو لایەنە كوردییەكان بووە، بە جۆرێك تەنیا خۆی زیاتر لە هەموو لایەنەكانی دیكە كورسیی بەدەست هێناوە. پارتی كە بە ٥١ كاندید بەشداریی كردبوو، توانیی ٣٣ كورسی بەدەست بهێنێت کە هەڵبژاردنی پێشوو ٢٥ كورسیی بەدەست هێنا بووكۆی دەنگی كاندیدەكانی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا ٧٨٥ هەزار و ١٦٧ دەنگ بووە. ژمارەی دەنگی كاندیدە دەرچووەكان ٦٦٣ هەزار و ٧٥٧ دەنگ بووە، كە دەكاتە 84.5%ی كۆی دەنگەكانی ئەو حیزبە، لە بەرانبەردا كاندیدە دەرنەچووەكان ١٢١ هەزار و ٤١٠ دەنگیان بەدەست هێناوە، واتە دەنگی سووتاوی ئەو حیزبە 15.5%ی كۆی دەنگەكانی بووە.

هۆكارێكی دیاری زیادكردنی كورسییەكانی پارتی، دابەزینی ئاستی بەشداریی خەڵك بوو لە هەڵبژاردندا، كە بەپێی ئەنجامەكانی كۆمیسیۆن تەنیا لەسەدا ٤١ی خەڵك بەشدارییان كردووە، تایبەت بە هەرێمیش، ئاستی بەشداری لە پارێزگای سلێمانی لەسەدا ٣٧ و لە پارێزگای هەولێر لەسەدا ٤٦ و لە پارێزگای دهۆك لەسەدا ٥٤، لە كەركووكیش لەسەدا ٤٤ بووە.

زۆرینەی ئەو كەسانەی بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، دەنگدەرانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی پێشوو بوون كە لە ئەدای ئەو حیزبانە و دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات ناڕازی بوون، هەرچی دەنگدەرانی پارتەكانی سەر بە دەسەڵاتە، بەشدارییەكی كاراتریان لە هەڵبژاردندا كردووە، ئەمە وای كردووە ئەگەرچی دەنگەكانی پارتی كەم بكەن، بەڵام بەراورد بە حیزبەكانی دیكە ڕێژەی بەشداریی دەنگدەرانی هەر زیاتر بوون.

یاسای نوێی هەڵبژاردن كە فرەبازنە بوو، پێویستی بە پلانی ورد هەبوو بۆ بەشداری، كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەری دەخات پارتی وردتر لە لایەنەكانی دیكە پلانی بەشداری لە هەڵبژاردن و دابەشكردنی كاندید و دەنگەكانی باشتر داڕشتووە.

پارتی سەرەڕای دانانی ژماری پێویستی كاندید لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن، بەپێی پلانی پێشوەختە دەنگدەرانیشی لەو بازنانە دابەش كردووە، تا دەنگەكان بەسەر هەموو كاندیدەكاندا دابەش ببن، نەك كاندیدێك دەنگی زۆر و كاندیدەكانی دیكە دەنگی پێویست بەدەست نەهێنن، ئەمە وای كردووە زۆرینەی كورسییەكان لە پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و نەینەوا بباتەوە و لەو سێ‌ پارێزگایە 29 كورسی بەدەست بهێنێت.

لە پارێزگای سلێمانییش كە پارتی دەنگی كەمترە، بە پێنج كاندیدی ئافرەت بەشداریی كرد، بەو شێوەیە پلانی بردنی كورسیی كۆتای بازنەكانی دانابوو، لەوێش توانیی دوو كورسی بباتەوە. لە كەركووكیش لە كۆی شەش كورسیی كورد، دوو كورسییان بۆ پارتی بوو.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ناڕەزایەتییەكان لە بادینان بە تایبەت بەهۆی كەیسی دەستگیركراوانی بادینانەوە، پێگەی پارتیی بە ئاستێكی بەرچاو لاواز كرد و زۆرترین دەنگی لەو پارێزگایە كەم كرد، بەڵام پلانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانی هەرێم بۆ هەڵبژاردن لەو پارێزگایە، ورد نەبوو، هەر بۆیە جگە لە یەكگرتوو كە دوو كورسیی بەدەست هێنا، نەوەی نوێ‌ نەیتوانی كورسی ببات و كۆمەڵی دادگەرییش هیچ كاندیدێكی نەبوو.

پارێزگاریی یەكێتی لە نزیكەی ژمارەی كورسییەكانی پێشووی

هاوپەیمانیی كوردستانی یەكێتی + گۆڕان، بە سەركەوتنی یەكێتی و شكستی بێپێشینەی گۆڕان كۆتایی هات. بە جۆرێك یەكێتی توانیی ١٦ كاندیدی خۆی سەربخات و گۆڕان تاكە كاندیدێكیشی دەرنەچوو.

یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا بە ٣٤ كاندید بەشداریی كرد، لەو ژمارەیە ١٦یان توانیویانە دەنگی پێویست بۆ دەرچوون بەدەست بهێنن کە هەڵبژاردنی پێشوو ١٨ كورسیی بەدەست هێنا بوو، ١٨یشیان شكستیان هێناوە.

كۆی گشتیی دەنگەكانی یەكێتی ٣٥٥ هەزار و ٢٩٧ دەنگ بووە، كۆی كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی ٢٣١ هەزار و ٨٤٣ دەنگیان بەدەست هێناوە كە دەكاتە 65.3%ی كۆی دەنگەكانی ئەو حیزبە، هەروەها ١٨ كاندیدە دەرنەچووەكەی یەكێتی ١٢٣ هەزار و ٤٥٤ دەنگیان بەدەست هێناوە، واتە 34.7%ی كۆی دەنگەكانی ئەو حیزبە سووتاوە.

ئەنجامی هەڵبژاردن وای دەردەخات كە دەنگدەرانی یەكێتیش هاوشێوەی دەنگدەرانی پارتی، بەراورد بە دەنگدەرانی حیزبەكانی دیكە بەشداریی كاراتریان لە هەڵبژاردندا هەبووە. بە پێچەوانەوە، دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمانی یەكێتی گەورەترین بایكۆتیان كردووە، ئەمەش وای كردووە لە زۆرینەی بازنەكان كە هەردووكیان كاندیدیان هەبووە، تەنیا ئەوانەی یەكێتی سەركەوتن بەدەست بهێنن.

لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی بەهۆی ئەوەی زانیاریی وردی سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەرانی خۆی نەبووە، لە ژمارەیەك بازنە دوو كاندیدی كە دەنگی زۆریان بەدەست هێناوە، دەنگەكانیان بەهۆ نەگەیشتنە كورسی سووتاوە، لەوانە بازنەی یەكی سلێمانی و بازنەی یەكی كەركووك. لە كاتێكدا ئەگەر یەكێك لە كاندیدەكان نەبوایە، دەرچوونی ئەوی دیكە نزیك بوو لە مسۆگەر،

لە بازنەی یەكی سلێمانی، یەكێتی سێ‌ كاندیدی هەبووە لەگەڵ بوونی كاندیدێكی گۆڕانیش، ئەمە وای كردووە دەنگەكانیان دابەش ببن و تەنیا یەك كاندید دەنگی پێویست بۆ دەرچوون بەدەست بهێنێت، لە كاتێكدا هەریەك لە دانا ئەحمەد ٦٦٦٩ دەنگ و شاسوار ئەمین ٦٣٦٨ دەنگیان بەدەست هێناوە، كە بە نەبووی یەكێك لە كاندیدەكان دەرچوونی ئەوی دیكە مسۆگەر دەبوو.

لە بازنەی یەكی هەولێریش فەیسەڵ كەریم خان، كاندیدی یەكێتی، سەرەڕای ئەوەی ٢٧ هەزار و ٦٠٤دەنگی بەدەست هێنا، نەیتوانی كورسی مسۆگەر بكات، بەهۆی ئەوەی سێ‌ كاندیدی پیاوی پپارتی دەنگی زیاتریان هێنابوو، لە ئەگەری ئەوەی یەكێتی كاندیدێكی ئافرەتی هەبوایە، كورسیی ئەو بازنەیەی مسۆگەر دەكرد، بەوپێیەی كورسیی كۆتای ئافرەتایش هەر بۆ پارتی بووە بە ١٢هەزار و ٨٤٣دەنگ.

بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان تووشی شكستی گەورە هات؟

بزووتنەوەی گۆڕان بە حەوت كاندید و لەگەڵ یەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی كوردستان بەشداریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، كە هیچكام لە كاندیدەكانی نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی كورسی بەدەست بهێنن، ئەمەش وای كرد بزووتنەوەكە كە لە هەڵبژاردنی پێشوو پێنج كورسیی بەدەست هێنابوو، ئەم هەڵبژاردنە هیچ كورسییەك نەباتەوە.

كۆی دەنگی حەوت كاندیدەكەی گۆڕان ٢٤ هەزار و ٥٧٢ دەنگ بووە، كە ئەوەش شكستێكی گەورە بوو و لە یەكەم كاردانەوەشدا ڕێكخەر و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەكە دەستیان لە كار كێشایەوە.

هۆكاری سەرەكیی شكستی گۆڕان، بایكۆتی دەنگدەرانی بزووتنەوەكە بوو كە لە ئەدا و سیاسەتی چەند ساڵی ڕابردووی حیزبەكەیان ناڕازین. بە تایبەت كە گۆڕان بە ئامانج و بەڵێنی چاكسازی و باشكردنی ژیانی خەڵك بەشداریی كابینە حكومییەكەی مەسروور بارزانی كرد، بەڵام دەنگدەرانی گۆڕان لە ئەدای حیزبەكەیان و حكومەتیش ناڕازین.

هۆكارێكی دیكەی شكستی گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردن بوو لەگەڵ یەكێتی، بەو پێیەی دەنگدەر و لایەنگرانی گۆڕان كە یەكێتی بە بەشێك لە هۆكاری بارودۆخی خراپی دارایی و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان دەزانن، لەگەڵ هاوپەیمانیكردنی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی نەبوون.

هاوكات بەپێی دابەشكردنی كاندیدانی یەكێتی و گۆڕان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە زۆنی دەنگی گۆڕان بووە لە پێشتردا، دەردەكەوێت لە هیچ بازنەیەك كورسیی نزیك لە مسۆگەر بۆ گۆڕان دانەنراوە، بە جۆرێك یەكێتی لە هەموو بازنەكان جگە لە بازنەی سێ، زیاتر لە دوو كاندیدی داناوە و لەگەڵ بوونی یەك كاندیدی گۆڕان، ئەمەش وای كردووە لە ڕووی دەنگەوە گۆڕان جگە لە زیان هیچ سوودێك لەو هاوپەیمانییە نەبینێت. لە بازنەی سێیش كە یەكێتی یەك كاندیدی هەبووە، گۆڕان كاندیدی دانەناوە، ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی هەماهەنگیی یەكێتی لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵ.

نەوەی نوێ‌؛ موفاجەئەی هەڵبژاردن

نەوەی نوێ‌ بەراورد بە ڕێژەی بەشداریی خەڵك لە دەنگدان، دەنگی زۆری بەدەست هێنا، بە جۆرێك كاندیدەكانی لە زۆرینەی بازنەكان دەنگی یەكەمیان بوون.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا ١٤ كاندیدی هەبووە، نۆ لە كاندیدەكانی توانییان سەركەوتن بەدەست بهێنن و پێنج كاندیدی شكستیان هێناوە.

كۆی دەنگی كاندیدەكانی جوڵانەوەكە ٢٣٠ هەزار و ٢٥٤ دەنگ بووە، نۆ كاندیدە سەركەوتووەكەی ١٩٢ هەزار و ٤١٩ دەنگیان بەدەست هێناوە كە دەكاتە 83.6%ی كۆی دەنگەكانی جوڵانەوەكە، پێنج كاندیدە شكستخواردووەكەیشی ٣٧ هەزار و ٨٣٥ دەنگیان بەدەست هێناوە كە دەكاتە 16.4%ی كۆی دەنگەكان و بە دەنگی سووتاوی جوڵانەوەكە حیساب دەكرێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی كورسییەكانی زیاتر لە دوو هێندە زیادیان كردووە، بە جۆریك لە چوار كورسی بۆ نۆ كورسی زیادیان كردووە.

نەوەی نوێ‌ لەناو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكاندا زۆرترین دەنگدەری بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد، ئەمەش بەو جۆرە لێكدانەوەی بۆ دەكرێت كە وەكوو پارتێكی نوێی ئۆپۆزیسیۆن، هێشتا جێگای متمانەی خەڵك و دەنگدەرانی خۆیەتی.

یەكگرتوو؛ هەستانەوە پاش شكست

یەكگرتووی ئیسلامی كە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دەنگی زۆری لەدەست دا و تەنیا دوو كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنابوو، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی بۆ دوو هێندە زیادی كرد.

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختە، یەكگرتوو لە كۆی شەش كاندید، چوار كاندیدی سەركەوتنیان بەدەست هێناوە. كۆی كاندیدەكانی ١٠٨ هەزار و ١٠ دەنگیان بەدەست هێناوە، بە جۆرێك كاندیدە دەرچووەكانی ١٠٤ هەزار و ٢٠ دەنگیان بەدەست هێناوە كە دەكاتە 96.3%ی كۆی دەنگەكانی حیزبەكە، دوو كاندیدە دەرنەچووەكەیشی سێ‌ هەزار و ٩٩٠ دەنگیان بەدەست هێناوە كە دەكاتە 3.7%ی كۆی دەنگەكانی حیزبەكە، واتە كەمترین دەنگی سووتاوە.

لە بازنەی یەكی دهۆك، جەمال كۆچەر، كاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی ٥٦ هەزار و ٧٠٢ دەنگی بەدەست هێناوە و لەسەر ئاستی عێراق دەنگی یەكەم بووە، هاوكات كاندیدەكانی دووەم و سێیەمی ئەو بازنەیە كە پارتین، بە هەردووكیان ٥٥ هەزار و ٥٧٠ دەنگیان بەدەست هێناوە.

بەو پێیە ئەگەر یەكگرتووی ئیسلامی دوو كاندیدی لەو بازنەیە هەبوایە و دەنگەكان بە شێوەیەكی نزیك لە یەكدی دابەش بوایە، بۆ نموونە: كاندیدێكیان ٣٠ هەزار و ئەوی دی ٢٧ هەزار دەنگی بەدەست بهێنایە، ئەوا دوو كورسیی ئەو بازنەیەی دەبردەوە.

یەكگرتوو لە دوای پارتی، زۆرترین ئەندام و دەنگدەری لە سنووری پارێزگای دهۆك هەیە. لەم هەڵبژاردنەیشدا ناڕەزایەتییەكانی بادینان كاریگەریی گەورەی لەسەر كەمكردنی دەنگەكانی پارتی و زیادكردنی دەنگەكانی یەكگرتوو هەبوو وەكوو پاتێكی ئۆپۆزیسیۆن.

كۆمەڵی دادگەری؛ لە هەوڵی زیادكردنی كورسییەوە بۆ پاشەكشە

كۆمەڵی دادگەری كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا دوو كورسیی بەدەست هێنابوو، لەم هەڵبژاردنەدا ئامانجی بەدەستهێنانی سێ‌ كورسی بوو، بەڵام ئەنجامەكان بۆ ئەو حیزبە شۆكهێنەر بوون و تەنیا یەك كاندیدی حیزبەكە توانیی دەنگی پێویست بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بهێنێت.

هەرچەندە كۆمەڵ بەردەوام پاڵپشتیی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام هێشتا لە ئاستیی چاوەڕوانیی خەڵكدا نەبووە، بە تایبەت كە خەڵكی چاوەڕوانی سەركردایەتیكردنی ناڕەزایەتییەكان بوون لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەڵام كۆمەڵ وەكوو حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە سەركردایەتیی ناڕەزایەتیی خەڵك بكات، ئەمەش هۆكارێكی كەمكردنی دەنگەكانی بووە.

جگە لەوانە، كۆمەڵی دادگەری پلانی وردی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن و چۆنێتیی دابەشكردنی كاندیدەكانی لە بازنەكانی هەڵبژاردن نەبووە، بە تایبەت كە لە سنوور پارێزگای دهۆك هیچ كاندیدێكی نەبووە، لە كاتێكدا بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی بادینانەوە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێك بوو بۆ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكان تا لەو دەڤەرە دەنگی خەڵكی ناڕازی بەدەست بهێنن.

وردەكاریی ژمارەی كاندید و دەنگی حیزبەكان

پارتی دیموكرات

ژمارەی كاندید: ٥١
كاندیدی دەرچوو: ٣٣
كاندیدی دەرنەچوو: ١٨
ژمارەی دەنگ: ٧٨٥١٦٧
دەنگی كورسی: ٦٦٣٧٥٧ كە دەكاتە 84.5%ی كۆی دەنگەكان
دەنگی سووتاو: ١٢١٤١٠ كە دەكاتە 15.5%ی كۆی دەنگەكان

كاندیدە دەرچووەكانی پارتی

یادگار مەحموود - سلێمانی - ٩٤٧٧ دەنگ
شوان محەمەد - سلێمانی - ٩٥٢١
نەهرۆ مەحموود - هەولێر - ٤٤٩٢٨ دەنگ
سیپان عەزیز - هەولێر - ٣٧٠٩٩ دەنگ
موحەممەد سدیق - هەولێر - ٣٣٦٥٦ دەنگ
جوان عەبدوڵڵا - هەولێر - ١٢٨٤٣ دەنگ
خدر عەلی - هەولێر - ٢٥٣٧٣ دەنگ
ئامانج مەحموود - هەولێر - ٢٣٦٣٢ دەنگ
ڕێبوار هادی - هەولێر - ٢٣٠٩٣ دەنگ
لەیلا ئەكرەم - هەولێر - ٩٣٠٦ دەنگ
مەریوان قەرەنی - هەولێر - ٢٠٣٨٢ دەنگ
سەباح سوبحی - هەولێر - ١٦٩٦٢ دەنگ
نەهلە قادر - هەولێر - ١٣٨٧٢ دەنگ
خالید سەلیم - دهۆك - ٢٩٠٨٣ دەنگ
خەلیل غازی - دهۆك - ٢٦٤٨٧ دەنگ
ئەڤین سەلیم - دهۆك - ١٩٢٦٥ دەنگ
سەگڤان یوسف - دهۆك - ٢٨٠٠٣ دەنگ
زۆزان عەلی - دهۆك - ٢١٤٥٧ دەنگ
موەفەق شەهاب - دهۆك - ٢٩٩٩٠ دەنگ
چیایی تەیموور - دهۆك - ٢٥٨٤٦ دەنگ
ڤیان سەبری - دهۆك - ١٨٥٠٢ دەنگ
شاخەوان عەبدوڵڵا - كەركووك - ٣٧٧٤٤ دەنگ
نەجوە حەمید كاكەیی - كەركووك -١١٨٧٧ دەنگ
ئیخڵاس دلێمی - نەینەوا - ١٦٤٠٨ دەنگ
توعمە لهێبی - نەینەوا - ١٣٣٢١ دەنگ
كاڤین سەعید - نەینەوا - ١٥٦٢٥ دەنگ
شەریف سڵێمان - نەینەوا - ١٤٦٩١ دەنگ
شێروان دووبەردانی - نەینەوا - ١١٨٩٥ دەنگ
عەبدولسەلام شەعبان - نەینەوا - ٨٦٧١ دەنگ
مەحما خەلیل - نەینەوا - ١٧٧٩٠ دەنگ
ڤیان دەخیل - نەینەوا - ١١٩٨٣ دەنگ
ماجید خەلف - نەینەوا - ٨٥٥٦ دەنگ
ئیبراهیم محەمەد قەبۆ - نەینەوا - ١٦٤١٩ دەنگ

كاندیدە دەرنەچووەكانی پارتی

ئەشواق جاف - سلێمانی - ١١٠٧٣ دەنگ
ناسكە عەبدوڵڵا - سلێمانی - ١٥٢٤٠ دەنگ
شنۆ نووری - سلێمانی - ٩٥٨٠ دەنگ
فەهمی سەلمان - دهۆك - ٢٢٥٦٥ دەنگ
عەبدولواحید ئەحمەد - دهۆك - ٢٣٥٠٩ دەنگ
خەسرەو گۆران - دهۆك - ١٦٨٣٦ دەنگ
میرڤت ئەحمەد - دیالە - ١٥١٨ دەنگ
جوان مەحموود - دیالە - ٧٣٥٥ دەنگ
هیوا تاهیر - سەلاحەدین - ١٨٣٨ دەنگ
جاسم ئیبراهیم - ئەنبار - ٤٢٩ دەنگ
خالید عەزیز - نەینەوا - ٣٢٧ دەنگ
عودەی سابوور - نەینەوا - ٩٧٢ دەنگ
بەڵقیس ئەحمەد - نەینەوا - ١٦٣٦ دەنگ
ئازاد حەمید - بەغدا - ٣٠٩٥ دەنگ
جاسم موحەممەد - بەغدا - ١٧٧٦ دەنگ
فارووق خەڵەف - بەغدا - ٦٤٥ دەنگ
هیسەم عەبدولڕەحیم - كەربەلا - ١٠٨٤ دەنگ
حەیدەر عەلی - كۆتای پارێزگای واست - ١٨٦٩ دەنگ

 

هاوپەیانیی كوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان

ژمارەی كاندید: حەوت
كاندیدی دەرچوو: سفر
كاندیدی دەرنەچوو: حەوت
ژمارەی دەنگ: ٢٤٥٧٢
دەنگی كورسی: سفر
دەنگی سووتاو: ٢٤٥٧٢ كە دەكاتە 100%ی دەنگەكان

كاندیدە دەرنەچووەكانی گۆڕان

شوناس حسێن - سلێمانی - ٤٥٢٦ دەنگ
ڕێزان ئەحمەد هەردی - سلێمانی - ٥٢٤٢ دەنگ
برزو مەجید - هەولێر - ٢٢٣٧ دەنگ
عەبدولسەلام محەمەد - هەولێر - ٢٠٠٨ دەنگ
ئەبووبەكر بایز - سلێمانی - ٥١٩٧ دەنگ
محەمەد نەسرەدین - كەركووك - ٢٤٨١ دەنگ
هۆشیار عومەر - سلێمانی - ٢٨٨١ دەنگ

یەكێتیی نیشتمانی

ژمارەی كاندید: ٣٤
كاندیدی دەرچوو: ١٦
كاندیدی دەرنەچوو: ١٨
ژمارەی دەنگ: ٣٥٥٢٩٧
دەنگی كورسی: ٢٣١٨٤٣ كە دەكاتە 65.3%ی كۆی دەنگەكان
دەنگی سووتاو: ١٢٣٤٥٤ كە دەكاتە 34.7%ی كۆی دەنگەكان

كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی

نەرمین مەعرووف - سلێمانی - ٨٤٣٣ دەنگ
بڕیار ڕەشید - سلێمانی - ١٤٧٨٠ دەنگ
ئاسۆ فەرەیدون - سلێمانی - ١١٧٦٥ دەنگ
چرۆ حەمەشەریف - سلێمانی - ١٥٩٥٢ دەنگ
غەریب ئەحمەد - سلێمانی - ١٩٧١٤ دەنگ
بەدریە حسێن - سلێمانی - ١٧٣٠٧ دەنگ
سروە محەمەد - سلێمانی - ٧٨٥١ دەنگ
كاروان یاروەیس - سلێمانی - ٧٥٠٤ دەنگ
كوردۆ عومەر - هەولێر - ١٨٣٧٠ دەنگ
ئیمان عەبدولڕەزاق - دهۆك - ١٨٦٩٥ دەنگ
دیلان غەفوور - كەركووك - ٢١٥١٠ دەنگ
سەباح حەبیب - كەركووك ١٥٧٠٨ دەنگ
گەیلان قادر - كەركووك - ١٣٢٣٩ دەنگ
ئەحلام ڕەمەزان - نەینەوا - ٧١٣٥ دەنگ
سۆزان مەنسوور - دیالە - ٢١٧٢٢ دەنگ
كەریم شوكر - سەلاحەدین - ١٢١٥٨ دەنگ

كاندیدە دەرنەچووەكانی یەكێتی

دانا ئەحمەد مستەفا - یەكێتی - سلێمانی - ٦٦٦٩ دەنگ
شاسوار ئەمین - یەكێتی - سلێمانی - ٦٣٦٨ دەنگ
ڕزگار محەمەد - سلێمانی - ٧٤٧١ دەنگ
هەرێم كەمال ئاغا - هەولێر - ٩٠٦٩ دەنگ
فەیسەڵ كەریم خان - هەولێر - ٢٧٦٠٤ دەنگ
مژدە ئیسماعیل - هەولێر - ١٠٣٣٦ دەنگ
سەوسەن شاهین - دهۆك - ٦٣٤٥ دەنگ
ئاشتی مەهدی - كەركووك - ١٧١٦ دەنگ
موئەیەد غازی - كەركووك - ١١٣٤٨ دەنگ
سدیق عومەر - كەركووك - ٩٨٢١ دەنگ
ئالا عەبدولحەمید - نەینەوا - ٢٠٥٨ دەنگ
ڕونزی زیاد - نەینەوا - ٨٢٤١ دەنگ
مەجید ئەحمەد - نینەوا - ٧٤٥١ دەنگ
عەزیزە عەبدولعەزیز - نەینەوا - ٤٨٧٨ دەنگ
عەبدولستار عەبدولجەبار - نەینەوا - ٩٢ دەنگ
مەڕوان خەلیل - نەینەوا - ٣٨٤ دەنگ
محەمەد زافر مەجید - بەغدا - ٢٣٣٥ دەنگ
ئایات ئەدهەم - بەغدا - ١٢٦٨ دەنگ

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ

ژمارەی كاندید: ١٤
كاندیدی دەرچوو: نۆ
كاندیدی دەرنەچوو: پێنج
ژمارەی دەنگ: ٢٣٠٢٥٤
دەنگی كورسی: ١٩٢٤١٩ كە دەكاتە 83.6%ی كۆی دەنگەكان
دەنگی سووتاو: ٣٧٨٣٥ كە دەكاتە 16.4%ی كۆی دەنگەكان

كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ‌

ڕێبوار عەبدولڕەحمان - سلێمانی - ١٨٦٤٠ دەنگ
بەدریە ئیبراھیم - سلێمانی - ٢٥٠٢٢ دەنگ
ئاریان تاوگۆزی - سلێمانی - ١٢٠٨٢
سروە عەبدولواحید - سلێمانی - ٢٨٩٨٧ دەنگ
موەفەق حسێن - سلێمانی - ٢١٥٨٧ دەنگ
وەزیرە ئەحمەد - سلێمانی - ٢٤٦٢٦ دەنگ
ڤیان عەبدولعەزیز - هەولێر - ١٤١٦٨ دەنگ
موحەممەد ئیسماعیل - هەولێر - ٢٤٢١٧ دەنگ
ئومێد موحەممەد - كەركووك - ٢٣٠٩٠ دەنگ

كاندید دەرنەچووەكانی نەوەی نوێ‌

كوردەوان جەمال - هەولێر - ١٦٢٣٧ دەنگ
ئارام حسێن - هەولێر - ١١٢٢٨ دەنگ
فاروق عومەر - دهۆك – ٤١٧٢ دەنگ
ڕیمان زهیر - دهۆك – ٣٨٩٢ دەنگ
ئامینە فازڵ - كەركووك – ٢٣٠٦ دەنگ


یەكگرتووی ئیسلامی

ژمارەی كاندید: شەش
كاندیدی دەرچوو: چوار
كاندیدی دەرنەچوو: دوو
ژمارەی دەنگ: ١٠٨٠١٠
دەنگی كورسی: ١٠٤٠٢٠ كە دەكاتە 96.3%ی كۆی دەنگەكان
دەنگی سووتاو: ٣٩٩٠ كە دەكاتە 3.7%ی كۆی دەنگەكان

كاندیدە دەرچووەكانی یەكگرتوو

دارا سێكانیانی - سلێمانی - ٨١٥٧ دەنگ
موسەننا ئەمین - سلێمانی – ١٤٧١٩ دەنگ
جەمال كۆچەر - دهۆك - ٥٦٧٠٢ دەنگ
عومەر كۆچەر - دهۆك - ٢٤٤٤٢ دەنگ

كاندیدە دەرنەچووەكانی یەكگرتوو

پەخشان ڕەشید - هەولێر - ١٤٧٣ دەنگ
زوهەیر محەمەد ئەمین - هەولێر - ٢٥١٧ دەنگ

كۆمەڵی دادگەری

ژمارەی كاندید: پێنج
كاندیدی دەرچوو: یەك
كاندیدی دەرنەچوو: چوار
ژمارەی دەنگ: ٦٤١٥٦
دەنگی كورسی: ٢٥١١٦ كە دەكاتە 39.1%ی كۆی دەنگەكان
دەنگی سووتاو: ٣٩٠٤٠ كە دەكاتە 9.60%ی كۆی دەنگەكان

كاندیدی دەرچووی كۆمەڵ

سۆران عومەر - سلێمانی - ٢٥١١٦ دەنگ

كاندیدە دەرنەچووەكانی كۆمەڵ

مرواری موحەممەد - سلێمانی - ٨٠٩٢ دەنگ
ئەحمەد حاجی ڕەشید - سلێمانی - ١١٤٣١ دەنگ
قومریە بەرزنجی - هەولێر - ٤٧٠٨ دەنگ
عەبدولستار مەجید - هەولێر - ١٤٨٠٩ دەنگ