شیكاریی پەرەگراف
بە سێ ساڵ تەمەنو نەبوونی بنكەو بارەگای حزبیی لە شارو شارۆچكەكانو ژمارەیەكی كەم و ڕەمزیی مووچەخۆر، جوڵانەوەی نەوەی نوێ توانی لە چوار بازنەی پارێزگای سلێمانی دەنگی یەكەم بەدەست بهێَنێتو لە بازنەیەكی دیكەش دووەم بوو بە جیاوازییەكی كەم لەگەڵ یەكێتی.
لە چوار بازنەی هەولێریش لە سێ بازنە كاندیدەكانی سەركەوتنو لەو بازنەیەش كە كاندیدەكەی سەركەوتوو نەبووە، دەنگەكانی زیادی كردووە، بەوەش جوڵانەوەكە لە دوای پارتی بوو بە خاوەنی دووەم زۆرترین پەرلەمانتار لە هەولێرو پێش یەكێتی نیشتمانیو حزبەكانی دیكەش كەوت.
لە سێ بازنەی دهۆك نەوەی نوێ هیچ كاندیدێكی سەركەوتوو نەبوو، لە دوو بازنە بە ڕێژەیەكی كەم دەنگەكانی كەمی كردووە، بەڵام لە بازنەیەك زیاتر لە دوو هێندە زیادی كردووەو ئەوەش وایكردووە دەنگەكانی جوڵانەوەكە لەسەر ئاستی ئەو پارێزگایە زیاد بكات.
لە كەركوك نەوەی نوێ هاوشانی پارتیو یەكێتی چووە ناو هاوكێشەكانی ئەو شارەوە، بۆ یەكەمجار لەناو حزبە كوردییەكاندا كاندیدێك لە دەرەوەی پارتیو یەكێتی كورسییەكی پەرلەمان لە كەركوك دەباتەوە ئەویش كاندیدی نەوەی نوێ یە.
بەم ئەنجامانە، نەوەی نوێ بوو بە موفاجەئەی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق لەناو حیزبە كوردستانییەكان لە پارێزگاكانی هەرێمو كەركوك، لە كۆی 14 كاندید 9 كاندیدی دەبنە پەرلەمانتار.
بە زیاتر لە 230 هەزار دەنگ، نەوەی نوێ سەركەوتنی تۆمار كرد لە پڕۆسەیەكدا كە زۆرینەی دەنگدەران بایكۆتیان كردو ئەنجامەكەیش بە دڵی زۆربەی حزبە كوردییەكانی دیكە نەبوو.
دەنگەكانی جوڵانەوەكە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا بە جۆرێكن لە هەندێك بازنە ئەگەر نەوەی نوێ دوو كاندیدیشی هەبووایە و دەنگەكانی بە شێوەیەكی نزیك لە یەكدی دابەش بوونایە بەسەر دوو كاندیدەكەدا، ئەوا دوو كورسیی ئەو بازنەیەی دەبردەوە.
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكە، 9 كاندیدە سەركەوتووەكەی نەوەی نوێ 192 هەزار و 419 دەنگیان بەدەست هێناوە كە دەكاتە 83.6%ی كۆی دەنگەكانی جوڵانەوەكە، پێنج كاندیدە دەرنەچووەكەیشی 37 هەزار و 835 دەنگیان بەدەست هێناوە كە دەكاتە 16.4%ی كۆی دەنگەكان و بە دەنگی سووتاوی نەوەی نوێ حیساب دەكرێن.
نەوەی نوێ بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق سێ هێندە زیادی كردووە، لە 3 كورسی بۆ 9 كورسی (2018 نەوەی نوێ چوار کورسیی ھێنا، یەکێکیان ھی تەڤگەری ئازادی بوو کە پێکەوە ھاوپەیمان بوون، تەڤگەر نزیکەی 22 ھەزار دەنگی بەدەستھێنا).
ستراتیژی نەوەی نوێ بۆ ئەم هەڵبژاردنە بانگەشە بوو بۆ لیست نەك كاندید، ئەویش بۆ لۆگۆی جوڵانەوەكە كە گڵۆپێك بوو، لە هەر بازنەیەك یەك كاندیدی هەبوو، داوای لە دەنگدەران دەكرد لەسەر كارتی دەنگدان "دەنگ بە گڵۆپەكە بدەن"، ئەوەش ناسینەوەی جوڵانەوەكەی بۆ دەنگدەران ئاسان كردبوو.
هەروەها هەبوونی تەنها یەك كاندید لە هەر بازنەیەك وایكردبوو دەنگی جوڵانەوەكە لە بازنەكەدا بۆ یەك كەس كۆببێتەوەو دەنگەكان پەرت نەبنو نەسووتێن، بەهۆی هەبوونی زیاتر لە یەك كاندید لە بازنەیەكی هەڵبژاردن هەندێك حزب زیانی پێگەیشتو دەنگەكانی پەرت بوون.
نەوەی نوێ لە سلێمانی
پێگەی بەهێزی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ناویاندا نەوەی نوێ لە سلێمانییە، سورشتی ئەو شارە بە جۆرێكە هێزی جیاوازو ئۆپۆزسیۆن زیاتر تێیدا گەشە دەكەن، ئەمە بۆ نەوەی نوێش ڕاستەو زیاتر لە نیوەی كاندیدە دەرچووەكانی جوڵانەوەكە لەم هەڵبژاردنەدا لە سلێمانی بوون.
لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن لە سلێمانی نەوەی نوێ كاندیدێكی هەبوو، لە هەر 5 بازنەكە كاندیدەكانی سەركەوتن، لە بازنەی یەك كە گەڕەكەكانی باكوری سلێمانیو قەزاكانی شارباژێڕو ماوەت دەگرێتەوە، ڕێبوار عەبدولڕەحمان كاندیدی نەوەی نوێ 18 هەزارو 640 دەنگی بەدەستهێنا.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا لەم بازنەیە 14 هەزارو 852 دەنگی بەدەست هێناوە، بەپێی ئامارەكانی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، ئەوەش دەریدەخات جوڵانەوەكە لەم بازنەیە نزیكەی 4 هەزار دەنگدەری زیادی كردووە.
كاندیدەكەی نەوەی نوێ لە بازنەی یەكی سلێمانی، یەكەمی بازنەكەی خۆی بوو، نزیكەی دوو ئەوەندەی كاندیدی دوای خۆی بەدەستهێناوە كە پارتییە. یەكێتی كە حزبی دەسەڵاتداری سلێمانییە لەم بازنەیە بە كۆی دەنگی سێ كاندیدی كەمتر لە 3 هەزار دەنگ زیاتری لە تاكە كاندیدەكەی نەوەی نوێ بەدەست هێناوە.
بازنەی دووی سلێمانی
گەڕەكەكانی باشوری سلێمانیو قەزای قەرەداغو ناحیەی بازیان دەگرێتەوە، بەدریە ئیبراهیم كاندیدی نەوەی نوێ بوو لەم بازنەیە، بە بەدەستهێنانی 25 هەزارو 22 دەنگ یەكەمی بازنەكەی خۆی بوو، نزیكەی دوو ئەوەندەی كاندیدی دوای خۆی بەدەستهێناوە كە یەكێتییە، یەكێتی لەم بازنەیە بە دوو كاندید كە هەردووكیان دەرچوون، هەزارو 523 دەنگی زیاتر هێناوە لە تاكە كاندیدەكەی نەوەی نوێ.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی 2018دا لەم بازنەیە 11 هەزارو 140 دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیە لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە دوو ئەوەندە دەنگەكانی لەم بازنەیە زیادی كردووە.
بازنەی سێی سلێمانی
بازنەی سێ هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادقو شارەزوور دەگرێتەوەو ململانێی تووند لەم بازنەیە هەبوو، بەتایبەت لە نێوان هەردوو لایەنی ئیسلامیی كۆمەڵو یەكگرتوو لەگەڵ پارتی دیموكرات، بەڵام نەوەی نوێ یەكێك لە سێ كورسییەكەی ئەم بازنەیەی بردەوەو كۆمەڵو پارتی سەركەوتوو نەبوون.
ئاریان تاوگۆزی كاندیدی نەوەی نوێ لەم بازنەیە 12 هەزارو 82 دەنگی بەدەست هێنا، تەنها 3 هەزارو 870 دەنگ كەمتری لە كاندیدەكەی یەكێتی بەدەستهێناوە كە بە یەكێتیو بزووتنەوەی گۆڕان بانگەشەیان بۆ دەكردو یەكەمی بازنەكە بوو.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی 2018 لەم بازنەیە 8 هەزارو 782 دەنگی بەدەستهێناوە، بەپێی ئەنجامەكان دەردەكەوێت لەم بازنەیەش دەنگەكانی جوڵانەوەكە زیادیان كردووە.
بازنەی چواری سلێمانی
ئەم بازنەیە قەزاكانی ڕانیە، دوكان، پشدەر دەگرێتەوە، كاندیدەكەی نەوەی نوێ جگەلەوەی دەنگی یەكەمی بازنەكەی بەدەستهێنا، هاوكات لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لەناو كاندیدە ژنەكانی هەڵبژاردنەكەداو پلەی یەكەمی گرت.
سروە عەبدولواحید 28 هەزارو 987 دەنگی بەدەستهێناو بە جیاوازیی 3 هەزارو 871 دەنگ پێش دووەمی بازنەكەی كەوت.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی 2018 لەو سنورە 18 هەزارو 58 دەنگی هەبووە، لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی 11 هەزار دەنگی زیادی كردووە.
بازنەی 5ی سلێمانی
ئەم بازنەیە؛ چەمچەماڵ، كەلار، كفریو دەربەندیخان دەگرێتەوە، كاندیدەكەی نەوەی نوێ لێرەش سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا، مۆفەق حسێن بە 21 هەزارو 587 دەنگ یەكەمی بازنەكەی بوو، زیاتر لە دوو ئەوەندەی دووەمەكەی بەدەستهێنا كە كاندیدێكی پارتییە.
یەكێتی لەم بازنەیە بە كۆی دەنگی سێ كاندید كە دووانیان دەرچوون، تەنها یەك هەزارو 239 دەنگ لە تاكە كاندیدەكەی نەوەی نوێ زیاتری بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، نەوەی نوێ لەم بازنەیە 12 هەزارو 402 دەنگی بەدەستهێنا، دەردەكەوێت لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانی نزیكەی دوو ئەوەندە زیادی كردووە.
نەوەی نوێ لە هەولێر
هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانەو حزبی باڵادەست پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لە هەر چوار بازنەكەی ئەو پارێزگایە كاندیدی دەرچووە، نەوەی نوێ لە دوای پارتی تاكە حزبە كە لە سێ بازنەی ئەو پارێزگایە كاندیدی دەرچووە، لە بازنەیەك كاندیدەكەی یەكەم بووەو لە دوو بازنەی دیكەش دووهەم بوون.
بازنەی یەكو دووی هەولێر
بازنەی یەكی هەولێر، هەریەكە لە سۆران، شەقڵاوە، چۆمان، ڕواندزو مێرگەسۆر دەگرێتەوە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا پارتی پشت بەم بازنەیە دەبەستێت و زۆرترین دەنگی لەوێیەو لەم هەڵبژاردنەشدا هەرچوار كورسییەكەی ئەم بازنەیەی بردەوە، كوردەوان جەمال كاندیدی نەوەی نوێ 16 هەزارو 237 دەنگی بەدەستهێناو نەیتوانی كورسییەك بباتەوە.
هەرچەندە نەوەی نوێ لەم بازنەیە كورسیی نەبردەوە، بەڵام دەنگەكانی زیادی كردووە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018، ئەوكات نەوەی نوێ 11 هەزارو 438 دەنگی بەدەست هێنابوو.
بازنەی دووی هەولێر
قەزاكانی كۆیەو خەباتو دەشتی هەولێر دەگرێتەوە، كاندیدی نەوەی نوێ لەم بازنەیە وەزیرە ئەحمەد 24 هەزارو 626 دەنگی بەدەستهێناو دووەمی بازنەكەی بووە.
نەوەی نوێ لەم بازنەیە ژمارەی دەنگەكانی زیاتر لە دوو ئەوەندەی 2018 زیادی كردووە، ئەوكات 12 هەزارو 233 دەنگی بەدەستهێناوە.
بازنەی سێی هەولێر
گەڕەكەكانی خۆرئاوای قەزای ناوەندی هەولێر دەگرێتەوە، لەسێ كورسیی ئەم بازنەیە دوویان بۆ پارتیو یەكێكیان بۆ نەوەی نوێ بووەو كاندیدی هیچ حزبێكی دیكە سەركەوتوو نەبوو.
ڤیان عەبدولعەزیز كاندیدی نەوەی نوێ لەم بازنەیە، 14 هەزارو 168 دەنگی بەدەستهێناوەو دووەم دەنگی بازنەكەی بووە. لەم بازنەیەش نەوەی نوێ دەنگەكانی زیادی كردووە، بەوپێیەی لە 2018دا 12 هەزارو 179 دەنگی هەبووە.
بازنەی چواری هەولێر
گەڕەكەكانی (حەسارۆك، شۆڕش، باداوە، زانكۆ، روناكی، برایەتی، سەیداوە، راپەڕین و ناوەوەی شەقامی 30 مەتری شاری هەولێر) دەگرێتەوە.
ئەم بازنەیە ململانێی تووندی تێدابوو، 16 كاندیدی كێبڕكێیان لەسەر چوار كورسیی دەكرد، لە 2018 نەوەی نوێ سێیەمی ئەم بازنەیە بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا كاندیدەكەی دەنگی یەكەمی هێنا.
محەمەد ئیسماعیل كاندیدی نەوەی نوێ، 24 هەزارو 217 دەنگی بەدەستهێناو پلەی یەكەمی گرت.
نەوەی نوێ لەم بازنەیە نزیكەی 8 هەزار دەنگی زیاد كردووە بەراورد بە 2018، ئەوكات 16 هەزار و 238 دەنگی بەدەستهێناوە.
نەوەی نوێ لە دهۆك
دهۆك ناوچەی قەڵەمڕەوی پارتییەو بە دڵی ئەو حزبە لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دۆخی پارتی لەو پارێزگایە باش نەبوو، یەكگرتووی ئیسلامیی كە ڕكابەری سەرەكیی پارتییە لە دهۆك، توانی دوو كاندیدی سەربخات بۆ پەرلەمانی عێراقو جەمال كۆچەر كاندیدی یەكگرتوو لە بازنەی یەكی دهۆك بە 56 هەزارو 702 دەنگ زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەدەستهێنا.
نەوەی نوێ لە دهۆك هیچ كاندیدێكی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، لە دوو بازنەی دهۆك دەنگەكانی كەمی كردووە، بەڵام لە بازنەیەك زیاتر لە دوو هێندە دەنگەكانی زیادی كردووەو بە گشتیی لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك نەوەی نوێ دەنگەكانی زیادی كردووە.
بازنەی یەكی دهۆك
لە بازنەی یەكی دهۆك كە قەزای ئامێدیو ناوەندی شاری دهۆك دەگرێتەوە، ڕیمان زاهیر كاندیدی نەوەی نوێ 3 هەزارو 892 دەنگی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی 2018 نەوەی نوێ 5 هەزار و 918 دەنگی بەدەست هێنابوو، بەوەش زیاتر لە 2 هەزار دەنگی لەدەستداوە.
بازنەی دووی دهۆك
قەزاكانی زاخۆ و سێمێل دەگرێتەوە، فاروق عومەر كاندیدی نەوەی نوێ 4 هەزارو 172 دەنگی بەدەستهێناوە، لە 2018دا نەوەی نوێ 4 هەزار و 350 دەنگی لەم بازنەیە هەبووە، بەوپێیە 178 دەنگی كەم كردووە.
بازنەی سێی دهۆك
پێكهاتووە لە قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش و شێخان، نەوەی نوێ لەم بازنەیە لەگەڵئەوی كاندیدەكەی سەركەوتوو نەبووە، بەڵام بەڕێژەیەكی بەرچاو دەنگەكانی زیادی كردووە بەراورد بە 2018 كە ئەوكات 5 هەزار و 468 دەنگی هەبووە.
لەم هەڵبژاردنەدا ئارام حسێن كاندیدی نەوەی نوێ 11 هەزارو 228 دەنگی بەدەستهێنا، بەوپێیە جوڵانەوەكە لەم بازنەیە زیاتر لە دوو ئەوەندەی 2018 دەنگەكانی زیادی كردووە.
نەوەی نوێ لە كەركوك
كەركوك بۆ حزبە كوردییەكانی گرنگییەكی تایبەتی هەیەو ململانێكە لەوشارە جیاوازە، كورد بەرامبەر كاندیدی پێكهاتەكانی دیكەش لە كێبڕكێدایە، بەشێك لە موفاجەئەكەی ئەمجارەی نەوەی نوێ لە كەركوكە.
جوڵانەوەكە لە دوو بازنەی كەركوك كاندیدی هەبوو، لە بازنەیەك كاندیدەكەی سەركەوتو ژمارەیەكی بەرچاو دەنگی بەدەستهێنا.
بازنەی یەكی كەركوك زۆربەی ناوچە كوردنشینەكان دەگرێتەوە، ئومێد محەمەد كاندیدی نەوەی نوێ لەم بازنەیە 23 هەزارو 90 دەنگی بەدەستهێناو دووەم زۆرترین دەنگی بازنەكەی بوو، بەوەش بۆ یەكەمجار كاندیدی حزبێك لە دەرەوەی پارتیو یەكێتی لە كەركوك سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق.
لە بازنەی دووی كەركوك كە بەشێكی ناوچە كوردنشینەكان دەگرێتەوە، نەوەی نوێ هاوشانی پارتیو یەكێتی كاندیدی هەبوو، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ئامینە فازڵ كاندیدی نەوەی نوێ لەم بازنەیە 2 هەزارو 306 دەنگی بەدەستهێنا.
نەوەی نوێ بە دڵێكی خۆش لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر هاتەدەرەوە، ئەو جوڵانەوە تەمەن 3 ساڵە، هەرچەندە لە دوو ساڵی ڕابردوودا تووشی چەند قەیرانێكی ناوخۆیی بوو، بەوهۆیەوە پەرلەمانتارانی عێراقی جوڵانەوەكەو نیوەی پەرلەمانتارانی كوردستانی وازیان لە نەوەی نوێ هێناو بەشێكیان سەنگەریان لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە گرتو تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستە كرد، بەڵام ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەی دەرخست كە ئەو دۆخە ناوخۆییە كایگەریی خراپی لەسەر پێگەی جەماوەریی نەوەی نوێ نەبووە.
شاسوار بەرەو سیاسەت
شاسوار عەبدولواحید سەرمایەداری پێشووی سلێمانی، ئێستا ناوێكی دیارە لە كوردستان، ئەو خاوەنی كەناڵەكانی ئێن ئاڕتیو چەند پڕۆژەیەكی بازرگانی بوو، بەڵام دوای ڕووكردنە سیاسەت، بەوتەی خۆی دەستبەرداری كاری سەرمایەگوزارییو كۆمپانیاكانی بووە.
چۆنیەتی پێگەیشتنو دەوڵەمەندبوونی شاسوار تاڕادەیەك ڕوونە، ئەویش وەك زۆر سەرمایەداری دیكە سوودمەندبووە لە یاسای وەبەرهێنانو وەرگرتنی قەرز لە حكومەت بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنانو لەو ڕێیەوە بووە بە سەرمایەدار.
وەك خۆی دەڵێت، ئێستا شاسوار عەبدولواحید خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەیەو دەیەوێت ببێت بە هێزی یەكەمی كوردستان، بۆئەوەش لە بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاوی ناوە، یەكەم دەركەوتنی سیاسییانەی شاسوار ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بوو كە داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان دەكرد.
هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنران، بەڵام ئەوان دەیانوت، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانەو بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستانو ناڕازی لە دۆخی حوكمڕانی خۆیان دەناساند.
دوای كۆتایی هاتنی ڕیفراندۆم، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ هەمان ئەوكەسانەی لە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" پێكەوەبوون، خۆیان ڕێكخستو نەوەی نوێیان وەك حزب ڕاگەیاند، بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمو عێراقو مۆڵەتی فەرمییان وەرگرت.