حوكمدراوانی بـادینان لە بەردەم مەترسی فەسڵكردندان؛ "پەشیمان نین و لە بەرەی بەرگریدا دەمێنینەوە"

31-10-2021 05:01

پەرەگراف- فەرمان سادق

چالاكوانانی حوكمدراوی بادینان، ڕوبەڕوی مەترسی دەركردن و دورخستنەوە لە پلە وەزیفییەكانیان دەبنەوە، بەهۆی سزادانیانەوە لەلایەن دادگاوە.

پڕۆسەی دادگاییكردنی 12 دەستگیركراوی چالاك و ڕۆژنامەنوسی دەڤەری بادینان یەكلاییكراوەتەوە لە كۆی زیاتر لە 70 دەستگیركراو بە تۆمەتی جیاواز.

لەو 12 دەستگیركراوەكەی بادینان؛ پێنجیان یەكی بە شەش ساڵ زیندانی، شەشیان یەكی بە ساڵێك زیندانی حوكمدراون و یەكێكیان بێتاوانیی لە دادگا سەلمێنراوە.

ئەو حوكمەی دادگا؛ كێشەیەكی دیكەی ڕوبەڕویان كردۆتەوە، بە تایبەت ئەوانەی فەرمانبەری حكومی بون.

بەشدار حەسەن، پارێزەری تیمی بەرگری لە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە، بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، بەشی سێیەمی یاساكە تایبەتە بە سزادانی فەرمانبەران لە مادەی هەشت تا مادەی 11 دەگرێتەوە، هەر فەرمانبەرێك ساڵێك تا سێ ساڵ بەهەر تاوانێك بگیرێت ئەوا دوور دەخرێتەوە لە فەرمانبەرێتی.

لە دوایین پڕۆسەدا؛ دادگای تاوانەكانی هەولێر 21ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەریەك لە سلێمان كەمال سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد، فرسەت ئەحمەد سەعید و جەمال خەلیل مەجید-ی یەكی بە ساڵێك زیندانی سزادا و بڕیاری بێتاوانیی بۆ عامر خالد عەگید دەركرد و ئازادكرا.

ئەو چوار چالاكوانەی بادینان بەوپێیەی زیاتر لە ساڵێكیان بە دەستبەسەركراوی بەسەربردووە و ئەو ماوەیە لەلایەن دادگاوە بۆیان هەژماركراوە، بۆیە دەستبەجێ ئەوانیش ئازادكراون.

تۆمەتەكانی ئەوان "تێكدانی ئاسایش" بوو بەپێی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 بەڵام دادگا لەسەر داوای پارێزەران ماددەكەی گۆڕی بۆ 56ی یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بەو كەسانەی لە ئەنجامدانی تاوان و كەتنێكدا بەشداردەبن ئەگەر تاوان و كەتنەكە ئەنجامیش نەدرابێت.

"ئێمە بە بێ تاوانی دەستگیركراین، تاوانی ئێمە بەرگریكردن بوون لە مافی خەڵك و قسەی حەق كە نابێت كەس لەسەر ئەمە بێدەنگ بێت، لەمەش پەشیمان نین كە كردومانە و لە داهاتووشدا بەرگریكاری مافی خەڵك دەبین" سلێمان كەمال، یەكێك لە چالاكوانە ئازادكراوەكانی بادینان بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو لە ساڵی 2009 خانەنشین كراوە و بەپێی یاسا موچەكەی نابڕدرێت ئەگەرچی لەلایەن دادگاوە حوكمدرابێت، خۆیشی وتی، ئەو ماوەیەی لە گرتووخانە ڕاگیراوە موچەكەی نەبڕاوە.

سلێمان لە ڕێگەی (پەرەگراف)ـەوە سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد كە پشتیوانی چالاكوانانی بادینانیان كردووە، وتی "هەموو خەڵك وەك پەرلەمانتاران ناتوانن بێنەناو هۆڵی دادگا، من قەرزارباری ئەوانەم هاتوونەتە بەردەم دادگاش و سوپاسی ئەوانەش دەكەم كە بە دوعایەكیش بێت لە ماڵەكەی خۆیاندا پشتیوانییان كردووین".

بەپێی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1991ی هەمواركراوی بەرزەفتی فەرمانبەران، جگە لە سلێمان كەمال بەوپێیەی خانەنشینە، عامر عەگید بەهۆی بێتاوانبونیەوە، ئەوانیتر هەر كەسێكیان فەرمانبەربن ڕوبەڕوی مەترسیی لێپرسینەوەو ئەگەری دوورخستنەوە لەكار دەبنەوە بەهۆی حوكمدانیانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی هێشتا پشوو دەدەن و نەگەڕاونەتەوە سەركار، نازانن سزادراون یان دەدرێن یاخود نا.

19ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دادگای تاوانەكانی هەولێر سزای یەك ساڵ زیندانی بۆ هەریەك لە بەدەل بەرواری، چالاكوان و ئومێد بەرۆشكی، ڕۆژنامەنوس دەركرد، بۆیە بەرواریی بەهۆی بەسەربردنی زیاتر لەو حوكمە لەكاتی دەستبەسەركردنیدا ئازادكرا، بەڵام بەرۆشكی ڕەوانەی زیندانی دهۆك كرا بەوپێیەی لە دۆسیەی دیكەدا دوو ساڵ و شەش مانگ سزای زیندانیی هەیە.

ئەو دوو دەستگیركراوەش بەپێی یاسای ژمارە 21 دەستگیركرابون، بەڵام ماددەكەیان گۆڕا بۆ 222ی یاسای سزادان كە تایبەتە بەو كەسانەی گردبونەوەو خۆپیشاندان ڕێكدەخەن یان بەشداری دەكەن لە ناڕەزایەتییەكدا كە ئامانج لێی تاوان یاخود كەتنە.

جەمال خەلیل، یەكێك لە چالاكوانانی بادینان دوای ئازادكردنی بە پەرەگراف-ـی وت "پەشیمان نیم، چونكە هیچ هەڵەیەكم نەكردووە تا لێی پەشیمان بم، با خەڵكی كوردستان ببنە حەكەم ئەگەر تاوانێكم كردووە"، زیاتر وتی "هیچم نەكردووە تا بە هەڵوێست بە خەڵكی بفرۆشمەوە، ئەوەی كردووە خزمەتی خەڵك بووە، لەناو هەموو ماڵباتێكی زاخۆ قوتابی من هەن كە لە زاخۆ یەك دوو مامۆستای وانەی فیزیا هەبوو، بۆیە پێمخۆشە خەڵك خۆی بەرگری لە مافی خۆی بكات و ئێمەش بەردەوام دەبین لەسەر خزمەتی خەڵكی كوردستان".

ناوبراو ماستەری لە فیزیادا هەیە، مامۆستایە لە ئامادەیی زاخۆ، خزمەتی زیاتر لە 15 ساڵ فەرمانبەرێتی هەیە، بەڵام لە ماوەی دەستبەسەركردنیدا بەوتەی ئیبراهیم خەلیل-ی برای، كەمتر لە موچەی بنەڕەتیی بۆ خەرجكراوە.

جەمال خەلیل خۆی لەبارەی موچەكەیەوە دەڵێت، ئەو ماوەیە موچەی بنەڕەتیی بۆ خەرجكراوە، "ئەوەیشی پەیوەندی بە دوورخستنەوەی ئێمە لە خزمەت هەیە، هێشتا هەر قسەیە و هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە، چاوەڕێدەكەین بگەڕێینەوە سەر پیشەی مامۆستایەتی خۆمان و بزانین چی ڕوودەدات".

ئەو جارێكیتر جەختی لە بێتاوانیی خۆی و دەستگیركراوەكانی تر كردەوە، وتی "ئەگەر ئێمە بێتاوان نەبووینایە، ئەوا خەڵكی كوردستان و ڕەوەندی كوردی لە دەرەوە پشتگیری ئێمەیان نەدەكرد، ریَِكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوە بیانییەكان و كونسوڵخانە بیانییەكان و پەرلەمانتاران و ِرۆژنامەنووسان نەدەهاتنە سەر خەت".

دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بەدەر لە ناڕەزایی ناوخۆیی، ڕوبەڕوی ڕەخنە و ناڕەزایی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەرانی وڵاتانیش بووەوە.

جەمال خەلیل مامۆستای ئامادەییە، فرسەت ئەحمەد ئەندازیارە، سلێمان موسا بەڕێوەبەری خوێندنگەیە لە دینارتە، عامر عەگید مامۆستای زانكۆ و بەدەل بەرواری مامۆستایە لە خوێندنگەی بەهدینانی بنەڕەتی لە دهۆك.

بەدەل بەرواری كە 28 خزمەتی هەیە، لەماوەی دەستبەسەركردنیدا تەنیا موچەی بنەڕەتی پێدراوە و چەند ڕۆژێك دوای ئازادكردنی گەڕایەوە سەر پیشەكەی لە قوتابخانە.

ئاریان بەدەل بەرواری، لەبری باوكی بۆ پەرەگراف قسەیكرد و وتی، لە پەروەردەی دهۆك هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە نەكراوە و ئەوەی پێیانگوتون ئەوەیە كە ئەگەر حوكمەكەیان لە ساڵێك زیاتر بێت ئەوا دادەبڕدرێن لە دەوام.

پەرەگراف هەوڵیدا لەگەڵ بەدەل بەرواری قسە بكات، بەڵام ناوبراو ڕەتیكردەوە و لەڕێی كوڕەكەیەوە وتی، ماوەیەك پشوو دەدات و دواتر هەر پەیامێكی هەبێت بۆ هەموو میدیاكان پێكەوە قسە دەكات.

پێشتر و لە شوباتی ئەمساڵدا هەریەك گۆهدار محەمەد، ئەیاز كەرەم، شێروان شێروانی، شڤان سەعید و هاریوان عیسا یەكی بە شەش ساڵ زیندانی و بەپێی ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە 21 حوكمدران.

لە 20ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵیشدا جارێكیتر دادگاییكردنی چوار دەستگیركراوی بادینان دواخرا و هێشتا زیاتر لە 50 چالاكوان و ڕۆژنامەنوسی دیكە چاوەڕێی پڕۆسەی دادگایی دەكەن كە بەشێكیان لە كەرتی حكومی یان تایبەتدا فەرمانبەرن و كاریان هەیە، زیاتر لە ساڵێكە لێی دابڕاون.