لە هەفتەیەكدا ٢٠ پێشمەرگە و ھاووڵاتی بە دەستی داعش شەھید بوون؛ هۆكاری بەردەوامیی هێرشەكان چین؟

03-12-2021 11:58
وێنەی بەشێك لە شەهیدانی دەستی داعش

پەرەگراف

لە ھێرشی تیرۆریستانی داعش لە گەرمیان و قەرەچووغ، لە ماوەی یەك ھەفتەدا ١٧ پێشمەرگە و سێ‌ ھاووڵاتیی مەدەنی كە بران، شەھید بوون. بەرپرسانی باڵای هەرێم لەگەڵ جەخت كردنەوە لەوەی كە بوونی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و داعش هۆكاری یەكەمی هێرشەكانە، بەڵام ئاماژەیش بۆ كەموكووڕی لە پێداویستی و جۆرێك لە كەمتەرخەمی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە دەكەن.

دواین پەلاماری داعش شەوی ڕابردوو بوو بۆ دوو گوندی بناری چیای قەرەچووغ، وەزارەتی پێشمەرگە شەھیدبوونی حەوت پێشمەرگە و سێ ھاووڵاتیی ڕاگەیاند، دواتر سەرۆكی حكومەتی هەرێم گوتی: ژمارەی شەھیدەكان بۆ ١٣ كەس بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ھێرشەكەی شەوی ڕابردوو دەڵێت "دووپاتی دەكەینەوە كە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەكەن، دەبێ باجێكی گەورە بدەن".

وەزارەتەكە جەختیش دەكاتەوە، هەماهەنگی و هاوكاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، "پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و بەبێ چاوەڕوانی كردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەست پێبكەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەكانیان وەك خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت".

تیرۆریستانی داعش كاتژمێر ١٠ی شەوی ڕابردوو پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، كوێرانە كەوتنە دەستڕێژی كردن لە خەڵكی مەدەنیی گوندەكە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و كە برای یەكترین و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

وەك وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هێزەكانی پێشمەرگە بەزوویی بەهانای خەڵكی گوندەكەوە چوون و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا، بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و تیرۆریستان ڕاو بنێن.

"دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنی بۆ ناوچەكە ئەنجامدا، لەوكاتەدا، یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی پێشمەرگە كەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون".

بەر لەو ھێرشە، لە ٢٧-١١ تیرۆریستانی داعش لە گەرمیان ھێرشیان كردەسەر سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە و شەڕ ڕووی دا، لە كاتی بەھاناوەچوونی پێشمەرگەدا بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی ھێزەكانی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون.

دوو شەو دواتر، داعش ھێرشێكی دیكەی لە ھەمان ناوچە ئەنجام دا و دوو پێشمەرگەی دیكە شەھید بوون.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێر-مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ قادر نادر چالاكی مەدەنیی كورد لە سوید، باس لە كەموكووڕییەكان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت كە پێویستیان بە ٢٢ سەنگەر هەبووە لەو سنوورە، بەڵام تا بوودجەكەی تەواو بووە دوو ساڵ و نیوی پێ چووە.

سیروان بارزانی ئاماژە بەوەش دەكات كە داعش دووربینی حەراریی پێیە كە لە شەودا بەكار دەهێنرێت، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت پێشمەرگە یەك دوربینی لەو شێوەیەی پێ‌ نییە و كێشەی ڕێگەوبان و چەندین كێشەی دیكەی هەیە كە چەند ساڵە چارەسەر نەكراون.

فەرماندەی میحوەری گوێر-مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگە نایشارێتەوە كە جۆرێك كەمتەرخەمی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە هەیە و دەڵێت "لە كاتی هێرشەكەی داعش من خۆم گەیشتمە ئەوێ و بە پێشمەرگەم وت: بە ئۆتۆمبێل نەڕۆن چونكە لوغم دادەنێن، بەڵام ئامر مەفرەزەكە سەركێشی كردووە و بە ئۆتۆمبێل ڕۆیشتووە، بۆیە ئۆتۆمبێلەكەیان تەقییەوە. لە چاكە و مەردایەتیی خۆی ئەوەی كردبوو، بەڵام سەری لەسەر دانا".

لە پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتیشدا ئاماژەی بوونی كەموكوڕی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەكان بەدی دەكرێت، كە دەڵێت "لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاك و نیشتیمان، پێویستە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و، ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، دەڵێت "هێرش و پەلاماری ڕۆژانەی تیرۆرستانی داعش، ئیتر كاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێكاری بەرگری و سەربازیی تۆكمەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەوێت".

سەرۆكی هەرێم جەختیش دەكاتەوە كە "پێداچوونەوە بە دۆخ و توانا سەربازییەكاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووكەیی بۆ هەماهەنگیی كاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە".

هەرچی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە جەخت لەسەر نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق وەكو هۆكاری هێرشەكانی داعش دەكاتەوە و دەڵێت "پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆكمەتر بكرێت و ڕێكاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی كۆتایی بە خۆڕێكخستنەوە و گەشەكردنی تیرۆریستانی داعش و هێرش و پەلامارە دڕندانەكانیان بهێنرێت".

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانیش باس لەوە دەكات كە چەندین جار هۆشداری دراوە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و كۆتایی نەهاتنی مەترسییەكانی و، هەمیشە دووپات لە مەترسیی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكان لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی كراوەتەوە.

لەو ڕووەشەوە پەرلەمان داوا دەكات حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق هەماهەنگی و پەیوەندییەكانیان زیاتر بكەن و، لەژێر چاودێریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە پەلە ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بكرێتەوە.

پەرەسەندنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە لەناو میدیا عێراقییەكانیش دەنگدانەوەی گەورەی هەیە. كەناڵی سكای نیوز لە ڕاپۆرتێكدا بە ناونیشانی "بۆچی كوردەكان بوونەتەوە ئامانجی داعش؟"، لە زاری تارق جەوهەر، چاودێری سیاسییەوە باسی لەوە كردووە، ئەو هێرشە چڕانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە بۆشاییەكی جەوهەری هەیە لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆرستییە.

"كوا هاوكارییەكان و پلانە سەربازییە پێكەوتووەكان كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە پێشكەش كراون؟ ئەو ڕاهێنانەی بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كراوە گونجاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شێوازە هێرشانە؟ كە ئەوان تەكتیكی هەڵهاتن و بە گرووپی بچووك و شانەی نووستوو لە شوێنێكەوە دەچنە شوێنێكی دیكە"، تارق جەوهەر وا دەڵێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە پێی سەیرە كە بۆچی هێزەكانی پێشمەرگە كامێرای حەراری بۆ زانینی جووڵەی تیرۆرستان بەكار ناهێنن؟ ئەو جۆرە كامێرانە كە چەكدارانی داعش هەیانە. جگە لەوانە چەندین تێبینیی دیكە هەیە كە وا دەكات پێداچوونەوە بە پلان و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش زۆر پێویست بێت.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی كوردی بۆ كەناڵەكە دەڵێت، داعش ناهەمواریی دۆخی ئەمنیی ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێمی قۆستووەتەوە، هەروەها دەستوەردانی خێڵ و عەشرەتەكانی ئەو ناوچانە تا دەگاتە سنوورەكانی عێراق و سووریا، هۆكارێكی دیكەیە بۆ دروستبوونی ئەو دۆخە.

"خەم خواردن و داوای هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغداد دوای هەر هێرشێك، بەس نییە، ئێمە لەبەردەم مەترسییەكی جدیداین، كۆمەڵێك قوربانی هەیە لە هێزەكان و كەسانی مەدەنی، چەندین شار و گوند بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر لەسەر سنووری مووسڵ و دیالە بە تەواوی لەژێر هەڕەشەی گوللـەی داعشدان، ئەو ناوچانەش هێڵی تەماسی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراقە"، سەرچاوە ئەمنییەكە وا دەڵێت.

هەرچەندە لە كۆتایی ساڵی 2017دا كۆتایی خەلافەتی داعش ڕاگەیەندرا، كە پێشتر لە ساڵی 2014وە سێ یەكی خاكی عێراقی كۆنترۆڵ كردبوو، بەڵام هێشتا پاشماوە و شانە نووستووەكانیان لە زیادبووندان، بەتایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشیان لە ناوچە جیاوازەكان ئەنجام داوە.