لەگەڵ زیادبوونی هێرشەكانی داعش؛ بندیوار و كەموكوڕی پێشمەرگە شەكەت دەكەن

08-12-2021 06:55
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش. 8-12-2021

پەرەگراف- فەرمان سادق

لە فیشخابورەوە تا خانەقین، هێزەكانی پێشمەرگە بە دەست بندیوار و كەموكوڕی سەربازییەوە دەناڵێنن، هەر ئەوەش هۆكارێكە بۆ زۆریی ژمارەی قوربانییان لە شەڕی دژ بە داعش.

كەمی پێداویستیی سەربازی و كەموكوڕییەكانی دیكەی سەنگەری پێشمەرگە، لە خاڵە سەرەكییەكانی ڕاپۆرتێكی مەیدانی پەرلەمانی كوردستانن و چاویان لەوەیە حكومەت دەستبەجێ هەوڵی چارەسەركردنی بدات.

ئەو بەدواداچونەی پەرلەمان هاوكاتە لەگەڵ چڕبونەوەی جموجۆڵی داعش و هێرشەكانی بۆ سەر پێشمەرگە لە ناوچەكانی جێناكۆك.

"كەموكوڕییەكان زۆرن، بەڵام سێ خاڵ گرنگن ئەوانیش كەلوپەلی سەربازی لەناو بارەگاكاندان نەك لە بەرەكانی جەنگ، هەبونی بندیواری زۆر و نەبونی مەرجەكانی توندوتۆڵی لە سەنگەرەكاندا بە تایبەت لەڕوی سەربازییەوە" بەوتەی ڕزگار حەمەد مەحمود، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە بۆ پەرەگراف.

بندیوار، بەو كەسانە دەوترێت موچەی مانگانە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ دەوام و ئەركێكیان هەبێت، ئەوەش لە وەزارەتی پێشمەرگەدا زۆرینەیە بەراورد بە وەزارەتەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم.

ڕزگار دەڵێت، كەموكوڕی و كێشەی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان لە هەموو میحوەرەكاندا خاڵ بە خاڵ لە فیشخابورەوە تا خانەقین لە ڕاپۆرتێكدا دوای سەردانی مەیدانی نوسیووە، ڕادەستی وەزیری پێشمەرگە كراوە.

هەر لەناو راپۆرتەكەدا باسی پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریی كراوە لەنێویاندا دابینكردنی دوربینی حەراری.

دۆسیەی كەموكوڕی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە دوو هەفتەی ڕابردودا بابەتی گەرمی میدیا و كۆبونەوەكانە؛ بەوپێیەی تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 20 پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید بون لە ناوچەكانی سنوری نەینەوا، كەركوك و دیالە، بەهۆی هێرشی ڕاستەوخۆی چەكداری داعش و بۆمبی چێنراوەوە.

ئەو هێرشانە زۆرترین قوربانی لە گوندی خدرجیجەی دامێنی چیای قەرەچوغی مەخمور بوو لە نەینەوا، پێشتر لە كوڵەجۆی كفری و دوایینجاریش لە ناوچەی شێخ بزێنی لە كەركوك.

سەعدی عەلی بڕنەو، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی هەولێر بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەدا، داعش هێرشیان نەكردووەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەڵكو بە پێ دزەیان كردووە بۆ ئەو گوندانە و هێرشیانكردووەتەسەریان، "داعش توانای ئەوەی نییە ڕووبەڕوو لەگەڵ پێشمەرگە شەڕ بكات، ئەوەی هەیەتی هێرشی پارتیزانییە" بەوتەی ناوبراو.

ئەو باسی گوندی لهێبانی ناحیەی سەرگەڕانی كەركوك دەكات كە هیچ پێشمەرگەیەكی لێ نەبووە و دەڵێت، لە خدرجیجە بارەگای نافەرمی پێشمەرگە هەبووە تەنیا بۆ هاوكاری خەڵكی ناوچەكە، بەوپێیەی داعش پێشتر هەڕەشەی لێكردون.

گوندی لهێبان دوای چەند هێرشێكی داعش چۆڵكرا و دواتر هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق تیایدا جێگیربون تا خەڵكەكەی بگەڕێنەوە.

پەرلەمانی كوردستان، سێشەممە 7ی كانونی یەكەمی 2021 باسی گەرمی لەسەر پێشمەرگە بوو، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لێپرسراوانی دیكەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ لیژنەكاندا بۆ چوار كاتژمێر لە پەرلەمان تاوتوێی ڕوداوەكانی دوو هەفتەی ڕابردویان كرد.

وەزیری پێشمەرگە لەوێ بە ڕۆژنامەنوسانی وت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوربینی حەراری-یان بە پێشمەرگە نەداوە، لەگەڵ عێراقیش لە هەوڵدان ڕێگەنەدەن داعش ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكات.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە چەك و كەرەستەی سەربازی و هاوكاری دارایی و ڕاوێژ و ڕاهێنان هاوكاری هێزە عیراقییەكان لە نێویاندا پێشمەرگە دەكەن.

عوسمان كەریم سوارە، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمان، دوای كۆبونەوە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە بۆ پەرەگراف وتی، لە خاڵە لاوازەكانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و چارەسەر ئەوەیە؛ قەدەغەی ڕووماڵی میدیایی سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە بكرێت، سەنگەرەكان تۆكمە بكرێن و مەشق و ڕاهێنان هەبن، لەگەڵ دابینكردنی پێداویستی سەنگەرەكاندا.

"كۆبوونەوەیەكی زۆر زۆر باش بوو، توانرا لێكتێگەیشتن دروست بكەین و كەموكوڕیش هەیە و وەزیری پێشمەرگە ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات" ئەو پەرلەمانتارە وای وت.

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا بە قەدەغەی ڕوماڵی میدیایی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و باسكردنی وردەكاریی چەك و كەرەستەی سەربازی و بابەتی دیكەی ئەمنی تایبەت بە سەنگەر لە میدیاكاندا.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە، ئامادەنەبوو باسی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەیان بكات لەبەرئەوەی پرسێكی تایبەتی سەربازییە و ناكرێت لە میدیادا قسەی لەسەر بكرێت، وتی "توانیمان پەنجە بخەینە سەر كەموكوڕییەكان و ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەسەر بكرێن".

عوسمان كەریم سوارە جەختیكردەوە شوێنی ئێستای جێگیربونی پێشمەرگە، سەنگەری ناچارین، بە ویستی پێشمەرگە نەبون و دوای ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 (عێراق گەڕایەوە بۆ ناوچەكانی جێناكۆك) لەوێ جێگیربون تا ڕێگری لە پێشڕەویی زیاتری سوپای عێراق بكەن.

هێرش و جموجۆڵەكانی داعش لە ناوچەكانی نێوان جێگیربونی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقدایە كە هەندێك بە بۆشایی ئەمنی ناوی دەبەن.

هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەوڵی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی سەربازیدان تا ئەو ناوچانە پڕبكاتەوە كە هێزی هەردولای تێدانییەو گوماندەكرێت ببنە حەشارگەی داعش.

عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەوان ڕەزامەندییان لەسەر هەندێك داواكاری پێشمەرگە نیشانداوە، وەك چاودێری سەربازی و بۆردومانی ئاسمانی لەو ناوچانەی داوای دەكەن. ئەوەش دوای كۆبونەوەیەكیان لەگەل شاندێكی پێشمەرگە، كە شەممە 4ـی كانونی یەكەم لە بەغدا بەڕێوەچوو.

هێرشەكانی داعش لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشدا هەڵمەتێكی لە ناڕەزایی لێكەوتەوە و تەنانەت خودی پێشمەرگە و پلەدارەكانیش بە وتار و بۆچونی جیاواز باسیان لە كەموكوڕییەكانی پێشمەرگە كرد.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخمووری هێزەكانی پێشمەرگە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ قادر نادر چالاكی مەدەنیی كورد لە سوید، باس لە كەموكووڕییەكان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت كە پێویستیان بە ٢٢ سەنگەر هەبووە لەو سنوورە، بەڵام تا بوودجەكەی تەواو بووە دوو ساڵ و نیوی پێ چووە.

سیروان بارزانی ئاماژە بەوەش دەكات كە داعش دووربینی حەراریی پێیە كە لە شەودا بەكار دەهێنرێت، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت، پێشمەرگە یەك دوربینی لەو شێوەیەی پێ‌ نییەو كێشەی ڕێگەوبان و چەندین كێشەی دیكەی هەیە كە چەند ساڵە چارەسەر نەكراون.

هێزەكانی پێشمەرگە تائێستا بەشێكیان یەكنەخراون و بەسەر حزب و كەسایەتی سەربازیی ناو حزبەكاندا دابەشبون و لەوانەوە فەرمان وەردەگرن هەرچەندە موچەیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دووشەممە 6ی كانونی یەكەمی 2021 لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان و میحوەرەكاندا كۆبۆوە و بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆتایی فەرمانی دەركردووە؛ پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكرێن، دۆخی بەرەكانی پێشەوەو خاڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوە ڕێكبخرێنەوە و كەموكوڕی و كەلێنەكان پڕ بكرێنەوە.

ئەو كەموكوڕییەی سەرۆكی هەرێم باسیدەكات لە پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتیشدا ئاماژەی پێدراوە و دەڵێت "پێداچوونەوە بە دۆخ و توانا سەربازییەكاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووكەیی بۆ هەماهەنگیی كاراتری سوپای عێراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە".

بەڵام فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "هیچ كەموكورتییەك لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نییە، بەڵام قەرەچووغ چیایەكی گەورەیە و كاتی خۆیشی پێشمەرگە لە شەڕی پارتیزانیدا لە چیاكانی قەرەچووغ و سەفین بوونی هەبووە و سوپای عێراقیش بەو هێزە زەبەلاحەی هەیبوو نەیتوانی كۆنتڕۆڵی بكات، بۆیە داعش ئێستا شەڕی پارتیزانی دەكات و ئاسان نیە كۆنتڕۆڵ بكرێن".

"لە ڕووی چەك‌و تفاقەوە دەتوانین تا ئاستێكی باش بەرگری بكەین و كەموكوڕیمان نییە".

سەعدی عەلی بڕنەو دەڵێت، دووربینی حەراری بۆ مەودای پێنج كیلۆمەتر باشە كە جوڵەی چەكدارانی داعش دەستنیشان بكات، "هەندێكمان هەیە، بەڵام لە هەموو سەنگەرەكان نییە"، ڕەتیشیكردەوە فەرمانی تەقەكردنیان لە داعش نەبێت، "چیای قەرەچووغ پێشمەرگەی لێیە و لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەڵام داعش شەڕی پارتیزانی دەكات و ئەمەش كۆنتڕۆڵ ناكرێت و خۆ ناكرێت تەواوی چیای قەرەچووغ سیم بكەین".

ژمارەی شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش (لە ناوەڕاستی 2014ـەوە تائێستا) لە دوو هەزار نزیدەبێتەوە لەگەڵ هەزاران بریندار.

بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە دەڵێت، وەزیری پێشمەرگە دانینا بە بوونی ئەو كەموكوڕییانەی هەن و وتی، توانای وەزارەتی پێشمەرگە هەر ئەوەندەیە كە هەیە و هاوپەیمانان وەك پێویست هاوكاری ناكەن، حكومەتی عێراقیش ڕێگە نادات هەندێك هاوكاری هەیە پێشكەشی پێشمەرگە بكرێت.

ڕزگار حەمەد باسی لەوەكرد وەزارەتی پێشمەرگە ویستوویەتی چەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان(درۆن)ی هەبێت، بەڵام وەزارەتی بەرگری عێراق ڕێگە نادات، "وەزارەتی پێشمەرگە دوو ملیار و 300 ملیۆن دینار پارەی لەبەردەست دایە كە دەتوانێت دووربینی حەراری بكڕێت، چونكە لە سەردانمان بۆ بەرەكانی جەنگ فەرماندە هەبووە لە ڕێگەی خەڵكی سەرمایەدار دووربینی حەراری و دۆشكەی كڕیووە".

"وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكە وتی ئەو پارەیەی لەبەردەستیاندایە مانگانە دەتوانن دوو دووربینی حەراری بۆ بەرەكانی پێشەوە بكڕن" بەوتەی ڕزگار حەمەد مەحمود.

جگە لە دۆسیەی كەموكوڕی سەنگەرەكانی پێشمەرگە؛ گومان لە جموجۆڵی چەكداری ناوچەكانی جێناكۆك و زیادبونی هێرشەكان هەیە، ئەوەش بەوتەی فەرماندە سەربازییەكان و لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو خودی وەزیری پێشمەرگە، كە ئەوەش دەبەستنەوە بە هەنگاوەكانی بەردەوامی تەعریب و هەوڵی دەركردنی هاوڵاتیانی كورد لەو ناوچانەدا.

هەر لەنێو ئەو گومانانەدا باس لەوەدەكرێت داعشی بیانی یان نەماون لە عێراق یاخود كەمترین ژمارەیان ماوە و ئەنجامدەرانی هێرشەكان زۆرینەیان ڕەنگە لە عەرەبی ناوچەكان بن.

بەوتەی بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە "وەزیری پێشمەرگەش هەمان گومانی ئێمەی هەبوو كە ئەوانەی هێرش دەكەنەسەر گوندە كوردییەكان داعش نەبن، بەڵكو عەرەبی شۆڤێنی بن بە مەبەستی داگیركردنی گوندەكان، بەڵام لەبەرئەوەی تا ئێستا هیچ پاشماوەیەكی ئەو چەكدارانە نەدۆزراونەتەوە ناتوانرێت ئەوە بسەلمێنرێت".

ئەوەش لەكاتێكدایە لە تەواوی ڕاگەیەندراوە ڕەسمییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە هێرشبەران بە داعش ناودەبرێن.

هەرچەندە لە كۆتایی ساڵی 2017دا كۆتایی خەلافەتی داعش ڕاگەیەندرا، كە پێشتر لە ساڵی 2014وە سێ یەكی خاكی عێراقی كۆنتڕۆڵ كردبوو، بەڵام هێشتا پاشماوە و شانە نووستووەكانیان لە زیادبووندان، بەتایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشیان لە ناوچە جیاوازەكان ئەنجام داوە لە دژی پێشمەرگەو سوپای عێراق‌و خەڵكی مەدەنی.