كوشتنی سولەیمانی چۆن ستراتیژیەتی ئێرانی لە عێراق و ناوچەكە گۆڕی؟

04-01-2022 12:46

پەرەگراف

بەرەبەیانی ڕۆژی سێی كانونی دووەمی 2020، ئەمریكا لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە، ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت. ڕووداوەكە ناكۆكییەكانی ئێران و میلیشیا چەكدراەكانی عێراقی لەگەڵ ئەمریكادا گەیاندە لووتكە و بەڵێنی تۆڵەكردنەوەیان دا.

دوای چەند ڕۆژێك هێرشێكی مووشەكی كرایە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق كە سەربازانی ئەمریكای تێدا جێگیر كراوبوو، ئەوەش وەڵامی تاران بۆ ڕووداوەكە بوو.

دوای تێپەڕینی دوو ساڵ، هێشتا كوشتنی سولەیمانی بە گرنگترین بڕیاری سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت، كە تا ئێستا لێكەوتە و كاریگەرییەكانی بەردەوامە.

كاتی تیرۆركردنەكە

ڕەعد هاشم، توێژەر لە دۆخی عێراق، پێی وایە ئەمریكا بەردەوام چاودێریی جووڵەكانی سولەمانیی كردووە، بەڵام ئەبو مەهدی موهەندیس لەناو حسباتەكانیدا نەبووە. دوای هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كە چەند هاووڵاتییەكی ئەو وڵاتە بوونە قوربانی، بڕیاری كوشتنی جەنەراڵە ئێرانییەكە دەدرێت.

هاشم دەڵێت، ئەمریكییەكان سوور بوون لەسەر ئەوەی مەترسییەكانی قاسم سولەیمانی بوەستێنن، بڕیاریشیان دا لەو ڕێگەیەوە سزای ئێران بدەن، چونكە چەند هێڵێكی بەزاندبوو كە نەدەبوو تێیپەڕێنێت. هێرشەكەش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا پەتی هێوركردنەوەی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانی بڕی لە خاكی عێراقدا.

ئێران دوای تیرۆركردنەكە، دەیان كەسی تۆمەتبار كرد بەوەی یارمەتیی ئەمریكییەكانیان داوە، ئەو توێژەرەش پێی وایە ئەو وڵاتە زیادەڕۆیی دەكات و دەیەوێت تۆمەت بخاتە پاڵ چەند كەسایەتییەكی دیكە وەكوو مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیرانی ماوەتەواوبوو، لەگەڵ چەند ئەندامێكی دەزگای هەواڵگری و چەند كەسایەتییەكی دیكە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە ئەمریكا هیچ پێویستی بەوانە نییە، بەڵكوو بۆ كاری لەو شێوەیە توانا سیخوڕییەكانی خۆی بەكار دەهێنێت لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چاودێری و سیستمە جیاوازەكانی.

ڕەعد هاشم بە دووری دەزانێت حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەو كاتەدا ئاگاداری پلانی تیرۆركردنەكە بووبێت، بەڵام ئەگەر هەیە ڕەزامەندیی دابێت بە جووڵەی فڕۆكەكان، وەك ئەركی خۆیان.

كوشتنی سولەیمانی، كاریگەریی لەسەر تەواوی دۆخی عێراق دروست كرد، تا ئێستاش كاریگەرییەكانی بەردەوامە و بەشێكی لایەنەكان ئەو ڕووداوەیان قۆستووەتەوە.

ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان

لەبارەی ئەوەی تا ئێستا لێكۆڵینەوەكان پێی گەیشتوون، نەعیم عەبودی، ئەندامی كوتلەی سادیقون لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوە كردووە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان كە لیژنەی باڵای دادوەری ئەنجامی داوە، دەركەوتووە تاوانەكە بە چەند ستافێكی تەواوە ئەنجام دراوە.

لەبارەی ناسنامەی ئەوانەی هاوكار بوون، عەبودی باسی لەوە كردووە، ئەوە زۆر بە نهێنی ماوەتەوە و لەبەر دۆخی ئەمنی ئاشكرا ناكرێت، دەزگا ئەمنییەكانیش نایانەوێت ئەو زانیارییانە بدركێنن. جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە، دڵنیان لەوەی هاوكاریی هەواڵگری لە ناوخۆ و دەرەوە هەبووە، چونكە ئەگەر وا نەبوایە كردەوەكە ئەنجامی نەدەبوو.

كاریگەرییەكانی بەردەوامە

لای خۆیەوە حیسام بۆتانی، سەرۆكی ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی، دەڵێت "بە تیرۆركردنی ژەنەراڵ سولەیمانی، ستراتیژیەتی ئێران گورزێكی كاریگەری بەركەوت، چونكە ڕووداوەكە بووە هۆی نەمانی دوو بەهێزترین پیاوەكانی كە سولەیمانی و موهەندیس بوون، چونكە ئەوان ئەندازیاری ستراتیژیەتی ئێران بوون لە قۆناغی كۆتاییدا، بەتایبەت دوای ئەو دەستكەوتانەی لە جەنگی دژی داعش بەدەستیان هێنابوو، هەر ئەوانیش هۆكاری سەركەوتنی گەورەی ستراتیژی ئێران بوون لە ناوچەكەدا".

بۆتانی پێی وایە ستراتیژی ئێران دوای تیرۆركردنەكە، تووشی شكست بوو، بۆشایی دروست بوو، بەتایبەت كە ڕووداوەكە هەردوو كەسەكەی تێدا ڕۆشت، بەتایبەت ئەبو مەهدی موهەندیس كە لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ ئێران كۆنترە و شایەت و بەشدارە لە چەندین پرۆسە و ئۆپراسیۆن و دروستكردنی ئەو ڕێخراو و تۆڕانەی سەر بە ئێرانن.

بە ڕای سەرۆكی ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی، ئێران تا ئێستا نەیتوانیوە شوێنی ئەو دوو سەركردەیەی پڕ بكاتەوە، هیچ ئاماژەیەكیش نییە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو بۆشاییەی بۆ پڕ بكرێتەوە، تەنانەت ئەو شكستەی تووشی بووە، بە جۆرێكە ناتوانرێت پرۆژەكانی ڕابردووشی دووبارە بكاتەوە.

حوسام بۆتانی ئاماژەی بەوە كردووە كە تیرۆركردنەكە پێگەی ئێرانی لە هێرشكردنەوە بۆ بەرگری گۆڕی، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا تووشی پاشەكشێیەكی زۆر دەبێت، بەتایبەت دوای ڕێكەوتنی ئەتۆمی، چونكە لە سەردەمی ترەمپدا لە زۆر ئابڵوقە و قەیرانی گەورەتر هاتووەتە دەرەوە، بۆیە دەیەوێت چارەسەری ئەو لاوازییە ستراتیژییە بكات و ئەو ئاگرە بكوژێنێتەوە كە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەردەمی خۆیاندا كردبوویانەوە.