چیرۆكی زارا محەمەدی؛ ئەو مامۆستا كوردەی زیندانی هەڵبژارد و جێهێشتنی نیشتمانی ڕەتكردەوە

08-01-2022 06:20

پەرەگراف

"چركە بە چركەی ئەو ساتگەلەی كە لە زیندانم، قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی كە دەستبەسەر كراوم و دواتر هاتوومەتە دەرەوە، بەردەوام وتوومە ئەو كەسەی لە بەندیخانەدایە، بە دڵنیاییەوە لەوێ‌ باوەڕمەندتر دەبێت بە كار و بیروباوەڕەكانی"، ئەمە دوایین قسەكانی زارا محەمەدی، چالاكی دیاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان و مامۆستای زمانی كوردییە كە سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە.

زارا كە بەهۆی چالاكییەكانی و دواتر سزادانی "بە تۆمەتی ناڕەوا و بێبەڵگە" و خۆڕاگری لە بەرانبەر گوشارەكاندا، ناوێكی دیاری ناو میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكانیشە، ئەمڕۆ بە خەندەوە بەرەو زیندانی سنە بەڕێ‌ كەوت بۆ بەسەربردنی ئەو سزایەی كە بەسەریدا سەپێندراوە.

زارا كە لە دامەزرێنەرانی (ئەنجوومەنی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی نۆژین)ـە و یەكێك لە كارە دیارەكانی ئەنجوومەنەكە فێركردنی زمانی كوردییە، ئەمڕۆ لە وتەیەكدا بەر لە خۆڕادەستكردنی بە دادگا وتی "كاتێك قسە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەكەین، گاڵتەیان پێ‌ دێت كە ئێمە هێشتا لەسەر زمانی دایكیمان شەڕ دەكەین. زمانی دایكی یەكێك لە بنەڕەتیترین مافەكانمانە".

زار محەمەدیی تەمەن 30 ساڵ، لە گوندی سەراوڵەی شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنە لەدایك بووە. بڕوانامەی (كارناسیی باڵای جیۆپۆلەتیك)ی لە زانكۆی بیرجەند وەرگرتووە. 11 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ژمارەیەك چالاكی دیكەی كورد، ئەنجوومەنی نۆژینیان دامەزراند. چالاكیی سەرەكیی ئەنجوومەنەكە كردنەوەی خولی فێركردنی زمانی كوردی لە شار و شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای سنەیە.

زارا كە ئەنجوومەنەكەیان بە "ئاڵاهەڵگری فێركردنی زمانی كوردی" وەسف دەكات، لە لایڤێكدا لە شەوی 6-1-2022 لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام جەختی كردەوە كە "یەكێك لە داواكارییەكانی ئەنجوومەنەكەمان پەروەردەیە بە زمانی دایكی، واتا پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانە ببێت بە كوردی، ئەوە داخوازیمان بووە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "زارا محەمەدی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ٢٧١٩ی كوردی، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵیان، هاوكات لەگەڵ دوو كەسی دیكەی ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین دەستبەسەر و دوای شەش مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی كاتی تا ڕاگەیاندنی ئاكامی كۆتایی دۆسیەكەی، ئازاد كرا".

دواتر لەلایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی پێكهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای 10 ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا. سزاكە لە (ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠) لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆكایەتی دادوەر (مستەفا تەیاری)، بۆ پێنج ساڵ زیندانیكردن كەم كرایەوە.

سزادانی زارا محەمەدی لە كاتێكدایە تەنیا ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجوومەنەی لە هەموو تۆمەتەكان بە بێتاوان ناساندبوو. زارا دەڵێت "هەر لە دەستپێكی چالاكییەكانمەوە لە ئەنجوومەنی نۆژیندا بووم و تەنیا لەوێ‌ كارم كردووە. چالاكییەكانمان ڕوونە و هیچ شتێكی نهێنیمان نەبووە".

جوامێر عەبدوڵڵایی، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەكەی زارا محەمەدی، دەڵێت "زارا بە ماددەی 498 و تۆمەتی دروستكردنی گرووپ و تاقم بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران" تۆمەتبار و دواتر سزار دراوە.

"وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕی دۆسیەكەیم خوێندەوە، یەك بەڵگەم نەدی، وتم: بچووكترین بەڵگەم نیشان بدەن من خۆم لەبریی خاتوو زارا دەچمە زیندان، بەڵام هیچ نەبو. هەر بەو یاسای كە سزا دراوە، لەڕاستیدا نەك پێنج ساڵ، تەنانەت پێنج ڕۆژیش سزا نادرێت"، پارێزەرەكەی زارا محەمەدی وا دەڵێت.

ئەو پارێزەر ئاماژەی بەوەش كرد كە "سێ‌ جار دادگای پێداچوونەوە داوای بەڵگەی لە لایەنی سكاڵاكار كردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نەهات، دوای ئەوە یەكێك لە دادوەرەكانی دادگای پێداچوونەوە وتی: لەبەر نەبوونی بەڵگە من بڕوام بە بێتاوانیی تۆمەتبار هەیە".

جوامێر عەبدوڵڵایی باس لە دانیشتنەكانی بەڕێوەچوونی دادگا و ئەو تۆمەتانە دەكات كە ئاراستەی زارا محەمەدی كرابوون و دەڵێت "تاوانبار دەكرا بە لایەنگریی حیزبێك،كەچی لە كاتی دادگاییەكەدا ناوی حیزبێكی دیكەیان دەهێنا. دەیانوت گرووپی نەوژینی دروست كردووە بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران، دواتر دەیانوت گرووپێكی دیكەیە، گرووپێك كە ناوی دیار بوو نە ئەندام. دەیانوت: جامانەی لەبریی سەرپۆش پۆشیوە!".

یەكێك لەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی زارا محەمەدی كراوەتەوە، بەكارهێنانی شیعرێكی شاعیری ناوداری ئێران (ئەحمەد شاملوو) بووە، كە بە قسەی پارێزەرەكان نەیشیانزانیوە ئەوە شیعرە هی شاملووە و بۆ كوردی وەرگێڕدراوە. شیعرەكە دەڵێت (دانیشتووی خاكێكم، خاكی من نییە...)، وتوویانە "ئەم شیعرە جیاخاوازییە.

ئەنجوومەنی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی نۆژین لە بەیاننامەیەكدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام دەڵێت "پاش لەبەرگرتنی هەموو ڕێگا بەناو یاساییەكان لە قۆناغەكانی دادگای سەرەتایی، دادگای پێداچوونەوە، دیوانی باڵا و ماددەی 477 بۆ ڕێگریكردن و هەڵوەشاندنەوەی حوكمی سەرەڕەوانە، نادادپەروەرانە و بێبەڵگەی پێنج ساڵ زیندانیی سەپاو بەسەر خاتوو زارا محەمەدی، دیسانەوە ئەو حوكمە لەلایەن بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنەوە داسەپا".

زارا محەمەدی ماوەی ١٠ ساڵە لە گوندەكانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی كوردی دەڵێتەوە.

هەڵبژاردنی زیندان و ڕەتكردنەوەی جێهێشتنی نیشتمان

لە دوای ئەوەی زارا محەمەدی شەش مانگ دەستبەسەر دەبێت و دواتر بە بارمتەی 700 ملیۆن تمەنی ئێرانی ئازاد دەكرێت تا ڕۆژی دادگاییكردنی، چەندین كەس پێشنیاری بۆ دەكەن كە ئێران جێبهێڵێت و ئەوان ئامادەن ئەو بارمتەیە دابین بكەن، بەڵام زارا ڕەتی دەكاتەوە.

زارا دەڵێت "بە شێوازی جۆراوجۆر پێشنیارم بۆ كراوە كە ئەو بارمتەیە دابین دەكرێت و من لە وڵات بچمە درەوە، بەڵام لە ڕاستیدا كێشەی من كێشەی دارایی نەبووە، لەناو بنەماڵەكەی خۆیشمدا دەتوانرا دابین بكرێت".

"ئەو شتەی كە ناهێڵێت من كۆمەڵگاكەم جێبهیڵم، باوەڕمەندبوونە بە تێكۆشان و خەباتی 10ساڵەی خۆم و هاوڕێكانم، كە بە باوەڕەوە ئەو هەنگاوانەمان هەڵگرتووە، ئێستا پشتكردن لەم باوەڕگەلە، بێباوەڕبوونە بە كارێك كە خۆم كردوومە"، زارا محەمەدی وا دەڵێت.