ئۆفەرێك لە بەردەڕەش؛ هاوسەرگیری بكە و زەوییەك لە ئاغاوە دیارییە

17-02-2022 03:06
ئاغاو گەنجانی گوندەکە

پەرەگراف- عەممار عەزیز

ئاغای گوندێكی بەردەڕەش؛ دەرفەتێكی دەگمەن بۆ هاوگوندییەكانی دەڕەخسێنێت، ئەوەی هاوسەرگیری بكات و ئەوانەیشی شوێنی مانەوەیان گونجاو نییە، بێبەرانبەر پارچەیەك زەوی نیشتەجێبون وەردەگرن.

ئۆفەرەكەی زەید محەمەد فارس ئاغا لە ساڵی 2010ـەوە بەردەوامە، لەوكاتەوە 115 پارچە زەوی نیشتەجێبونی بەسەر گەنجاندا دابەشكردووە، زەوییەكان موڵكی خۆیەتی و هیچ بڕە پارەیەك لە كەسیان وەرناگرێت.

ئەو گوندە دەكەوێتە قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆك، ناوی دۆلیجان-ـە، دانیشتوانەكەی ئێستا گەیشتۆتە 410 خێزان كە لە دوو هەزار و 250 كەس پێكهاتون.

ئوسامە ماجد، وانەبێژە لەخوێندنگایەكی بەردەڕەش و لەگەڵ برایەكیدا سودمەندبووی ئۆفەرەكەی ئاغا بون، دەڵێت "هەر كەسێك لە گوندەكەمان هاوسەرگیری بكات یان شوێنەكەی لەماڵدا تەسك بێت، ئاغای گوند پارچە زەوییەكی پێدەدات، ئەمەش لە هیچ شوێنێك نییە، ئەم هەنگاوە وایكردووە هاوسەرگیری لەبەردەم گەنجاندا ئاسان و تێچوی كەمتر بێت".

ئەو گەنجە لە ساڵی 2019ـدا هاوسەرگیری كردووە و باوكی منداڵێكە، بەڵام چەند هەفتەیەك لەمەوبەر پارچەیەك زەوی 250 مەتری وەرگرتووە، "جێگەمان لەماڵدا تەسك بوو، چونكە چوار براین، بۆیە چوینە لای ئاغا و ئەویش بۆ تەرخانكردنی زەوی وتی بەسەرچاو".

ئوسامە دەڵێت وەك بەڵێنیان وەرگرتبوو، ئاغا و موختاری گوند زەوییان بۆ تەرخانكردن و بێبەرانبەر 600 مەتر زەوییان بۆ گۆڕەپانی خوێندنگەی گوندەكەش دابینكردووە، "ئەگەر ئەو زەوییەم پێنەدرایە دەبوو بە پارە بیكڕم كە لانیكەم زەوییەكی ئاوا بایی پێنج هەزار دۆلارە" ئوسامە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو دەرفەتەی ئاغای گوند لەكاتێكدایە چەندین ساڵە بە پاساوی قەیرانی ئابوری سولفەی عەقار و پێدانی زەوی نیشتەجێبون و سولفەی هاوسەرگیریش نەماون.

سەلمان محەمەد چاڤشین، موختاری گوندی دۆلیجان بۆ پەرەگراف وتی "مێژووی دابەشكردنی پارچە زەوی بێ‌ بەرامبەر لەلایەن ئاغای گوندەوە كۆنە ... لەمەودواش هەر گەنجێك هاوسەرگیری بكات و داوا لە ئاغای گوند بكات بەبێ‌ دودڵی پارچە زەوییەكی پێدەدات".

گوندی دۆلیجان

ئۆفەرەكە جگە لەوەی هاندانی گەنجانە بۆ هاوسەرگیری لە هەمانكاتدا كاریگەری لەسەر ئاوەدانكردنەوەی زیاتری گوندەكە دەبێت و ڕێگری دەكات لە كۆچی گەنجان و لەدەستدانی تواناكانیان بەرەو شار.

"ئەگەر ئەم هاوكارییە نەبوایە ئێستا ئەو گەنجانە ماڵی خۆیان دەگواستەوە بۆ شوێنێكی تر یان بە پارە پارچە زەوییەكیان دەكڕی" موختاری گوندەكە دەشڵێت "ئەم كارەی ئاغای گوندەكەمان.. ڕێژەی هاوسەرگیری زۆر كردووە و ئەو كچانەی لە هاوسەرگیری دوادەكەون كەم بوونەتەوە".

هەموو گەنجێك كە داوای زەوی بكات بێ جیاوازی و دوای دیاریكردنی شوێنەكە ڕوبەری 250 مەتری پێدەدرێت.

سەلمان محەمەد چاڤشین وتی "هەر پارچە زەوییەك كە دەدرێت لەلایەن حكومەتەوە تۆماردەكرێت، .. ئاغای گوند  تەنازول لە خاوەندارێتییەكەی دەكات و لێپرسراوانی حكومەتیش لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەدا دەیانجار سوپاسی ئاغایان كردووە".

گوندی دولێجانی مەزن لەساڵی 1962 لەلایەن محەمەد فارس ئاغاوە لە موڵكدارەكانی عەرەب كڕدراوە، دوای كۆچی دوایی محەمەد ئاغا، كوڕەكانی سەرپەرشتی گوندەكە دەكەن، كە ڕوبەرەكەی هەزار و 300 دونمە، لە ساڵانی 2000 تەنیا 160 ماڵ لە ناو گونددا بوون و ئێستا چەند هێندە زیاتر بون.

زەید محەمەد فارس، ئاغای گوندی دۆلیجان بۆ پەرەگراف وتی "ئەو كارەی من دەیكەم تەنیا بۆ خوایە، هاوكارییەكی بچوكە بۆ ئەو گەنجانەی تازە هاوسەرگیری دەكەن یان ئەو كەسانەی لەماڵدا شوێنیان تەسكە، زۆر دڵخۆشم ئەو موڵكەی دەیبەخشم بەو كەسانە ئێستا خانویان لەسەر دروستكردووە و بێ‌ هیچ كێشەیەك لە گوندەكەدا دەژین".

ئەو بەڵێنیدا "ئەم بەرنامەیە بەردەوام دەبێت تا لە ژیاندا بین، هەر كەسێكی ناو گوند لە هەر كات و ساتێكدا داوای پارچە زەوییەك لە من بكات، بەبێ‌ دوودڵی پێشكەشی دەكەم".

زەید محەمەد فارس وتیشی "پێكهێنانی ژیانی هاوبەش پێویستی بە پارەیەكی زۆرە، یان ئەگەر كەسێك پارچە زەوییەك بكڕێت گرانە، دەمەوێت ئەو بارە قورسە لەسەر ملی گەنجان سوك بكەم، زۆر حەزم لەهاوكارییە بەتایبەت بۆ ئەو گەنجانەی خوێندنیان تەواو كردوە و هیچ داهاتێكیان نییە، پێویستە هەموانیش هاوكاری یەكتری بكەین تا پێكەوە بەخۆشی و بێ‌ كێشە بژین".