پەرەگراف- راپۆرتی: درەو (بە سپۆنسەری رێكراوی نێدی ئەمریكی)
جگە لەوەی کۆمپانیا نەوتییەکانی تورکیا لە (8) کێڵگەی نەوتی هەرێمدا کاردەکەن بە جۆرێک کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە بلۆکەکانی (تاوکێ (25%)، بیر بەهر (40%)، دهۆک (40%)، بنەباوێ (44%)، تەق تەق (44%)، میران (75%)، چیا سورخ (60%)) پشکی هەیە، هاوکات کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)یش لە کێڵگەکانی (چیا سورخ و پەڵکانە) بە ڕێژەی (20%) پشکی هەیە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی (75%) بۆری نەوتی کوردستان بەخاکی تورکیادا تێپەڕ دەبێت و کۆمپانیای وزەی تورکی خاوەندارێتی دەکات، بەشێکی کرێی گواستنەوەی نەوتیشی بۆ دەمێنێتەوە.
زیاتر لەوانەش پارەی فرۆشی نەوتی کوردستان بە فلتەری بانکە تورکیەکاندا تێپەڕ دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
یەکەم: بایەخی نەوت و وزەی هەرێم بۆ تورکیا
هه‌رێمی کوردستان له چه‌ندین روانگه‌وه پێگه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و تاقانه‌ی هه‌یه بۆ دۆخی ئێستای تورکیا. به‌بێ سامانی سروشتی کوردستان، تورکیا ناتوانێت له گه‌شەکردن به‌رده‌وامبێت، به‌بێ بازاڕی کۆنترۆڵکراوی کوردستان، ئابووری تورکیا له قه‌یراندا ده‌بێت. به‌بێ په‌یوه‌ندی لەگه‌ڵ هه‌رێمدا، کێشه‌ی بێ‌کاری له ناوچه کوردییەكان زیاتر ده‌بێت، په‌که‌که چه‌کداری زیاتر ده‌بێت، به‌بێ په‌یوه‌ندی لەگه‌ڵ هه‌رێمدا، تورکیا له نه‌وتی عێراق بێبه‌ش ده‌بێت و داهاتووی پڕ قهیرانتر ده‌بێت، کاتێک که ده‌ستی نه‌گاته کانه نەوت و غازه‌کانی هه‌رێم.
که‌واته هه‌رێم بۆ تورکیا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یه، که تورکیا له هه‌موو روویه‌که‌وه به‌هێز ده‌کات. ئه‌گەرجاران مه‌ترسی تورکیا له‌وه‌بوو، که په‌یوه‌ندی لەگه‌ڵ هه‌رێمدا ره‌نگه ببێته هۆی دابه‌شبوونی تورکیا، ئه‌وا ئەمڕۆ ترسه‌که جودایه. ئه‌وه‌ی مایه‌ی ترسه، دەستەبەسەرداگرتنی نەوت پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
بۆ ئەوەی لەم پەیوەندییە تێبگەین دەبێت ئاماژە بە چەند هۆارێک بدەین، لەوانە؛
1. تورکیا خۆی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئەوتۆی وزه‌ی نیه، هه‌موو وزه‌ی پێویستی له ده‌ره‌وه ده‌هێنێت. چه‌ند هۆکارێک هه‌یه وه‌ك: گه‌شه‌ی ئابووری، گه‌شه‌ی دانیشتوان، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بژێوی، که هه‌مویان پێکه‌وه هۆکارن لەسەر زیادبوونی خواستی وزه له ده‌ره‌وه.
2. وزه یه‌كێکه له هه‌ره بواره گرنگه‌کانی سیاسه‌تی ئابووری، ناوخۆ، ده‌ره‌وه‌ی تورکیا. به‌بێ وزه تورکیا ناتوانێت ببێته خاوه‌ن ئابووری گه‌شاوه، که بنه‌مای بوونیه‌تی وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی کاریگه‌ر له ناوچه‌که‌دا.
3. تورکیا له پێگه‌یه‌كی سه‌یردایه له‌م باره‌وه، له کاتێکدا زۆر نزیکه له سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و غازه‌وه، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا سه‌رباری نزیکیهكهی هێنده سودمهندنیه لێی. چونکە تورکیا زۆر نزیکه له سه‌رچاوه‌ی زیاتر له (70%)ی غازی دونیا، وه نزیکه‌ی (73%)ی نه‌وتی یه‌ده‌گ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌ریای قهزوینن.
ئه‌م هۆکارانه راسته‌وخۆ کاریگه‌ریان هه‌یه لەسەر داڕشتنی شێوازی په‌یوه‌ندی تورکیا به هه‌رێمه‌وه. تورکیا له رێگای په‌یوه‌ندی به هه‌رێمه‌وه ده‌خوازێت جۆرێک له په‌یوه‌ندی بهێنێته ئاراوه، که به‌به‌راورد به په‌یوه‌ندییه‌کانی تر، زیاتر له قازانجی تورکیابێت، بۆ ئەوەی تورکیا وه‌ك کارتێکی فشار به‌کاریبهێنێت لەسەر ئه‌وان. به‌م پێیه ده‌بێت له زۆر رووه‌وه گرێبه‌ستی نێوان تورکیا‌و هه‌رێم وه‌هابێت، که زیاتر له قازانجی تورکیا بێت و باڵاده‌ستی تورکیا پێشاندات به‌سه‌ر شێوازی گرێبه‌سته‌کاندا، له به‌رامبه‌ر ئه‌و گرێبهستانەی لەگه‌ڵ ئێران و روسیا که تورکیا وه‌ك لاوازێک ده‌بینرێت. ئه‌مه‌شه پاڵنه‌ری ئه‌و هه‌موو سه‌رکێشیه‌ی، که تورکیا ئاماده‌یه بیکات له گرێبه‌ستی لەگه‌ڵ هه‌رێمدا، له به‌رامبه‌ر عێراق و ئه‌مریکا و ئێرانیش.
ئەمە سەرڕای گرنگی ووزه‌ی هه‌رێم بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ بڕی ووزه‌ی هه‌رێم و نزیکی ووزه‌ی هه‌رێم بۆی و ئاسانکاری فشارکردن لەسەر هه‌رێم، ئاماده‌بوونی مه‌رجه‌کانی تورکیا وه‌ک به‌رده‌وامی هه‌رزانی و ئاسانی فشاری سیاسی و، بوونی توانا بۆ دارشتنی، جۆرێک له په‌یوه‌ندی، که بڕی زۆری پاره‌ی ووزه بگەڕێته‌وه بۆ تورکیا.
دووەم: پێویستی تورکیا بە نەوت
تورکیا لەماوەی نێوان ساڵانی (2002 - 2017) گەشەیەکی ئابوری گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک ئەو گەشەسەندنە کردیە سیازدەیەمین وڵاتی خاوەن ئابووریی گەورە لەسەر ئاستی جیهان. بە گوێرەی داتای "OECD" تورکیا لە ڕوانگەی پێویستی بە وزەوە لە ڕیزبەندییەکەدا لە پلەی یەکەمدا دێت بۆ ئەوەی ئابووری لە گەشەکردن بەردەوام بێت، دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ پچڕان وزەی پێویست بۆ ئەو سێکتەرانە دابین بکرێت کە گەشەکردنی ئابووری دەستەبەر دەکەن. تورکیا بە هۆی ئەو گەشەکردنانەی کە لە ڕووی ئابوورییەوە بەدەستی هێناوە، بەکاربردنی وزەی زیاتر کردووە. سەبارەت بە بەکاربردنی وزە لە تورکیا بڕوانە (چارتی ژمارە (1))
چارتی ژمارە (1)
ەمە سەرەڕای ئەوەی یەدەگی نەوتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ دا بە (٣٦٦) ملیۆن بەرمیل خەمڵێنراوە. ئەم یەدەگە، بە بەراورد بە ڕێژەی بەکارهێنانی ساڵانە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی (١٨) ساڵدا بەکۆتا بێت. کۆنیی کەرەستە و تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی نەوت لە تورکیادا، کاریگەریی لەسەر خێرایی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە. بە هۆی بەتەمەنیی کێڵگە نەوتییەکانەوە لە تورکیا، بە تێپەڕبوونی کات بەرهەمیان ڕووی لە دابەزین دەکات. لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە تورکیا بەنزیکەیی (٢٢) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەر هەمهێنراوە، لە بەرامبەردا نزیکەی (٢٥٠) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەکار براوە. لە ساڵی ٢٠١٩ دا، بەرهەمهێنان و بەکاربردنی نەوتی خاوی ناوخۆیی ڕێژەی (٨.٨ %)ی پێک هێناوە.
بە مانایەکی دیکە ڕێژەی هاوردەی نەوت لە ساڵی ٢٠١٩دا بریتی بووە لە (91.2%) تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بەم ڕێژانە هاوردەکاری نەوت بووە لەم وڵاتانەوە، بڕوانە چارتی ژمارە (2)):
چارتی ژمارە (2)
سێیەم: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی )٢٠٠٦)ەوە بە هۆی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامی دا، بەشێوەیەکی خێرا دەستی بە چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین کرد و لە کۆی (١٠) بیرە نەوت، (٨)یان ئەنجامێکی ئەرێنیی هەبوو.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، لە کێڵگەکانی شێخان لەنزیک سنوورەکانی تورکیا، لە ئەنجامی گەڕانەکانی لە ناوچەکەدا، ناوچەیەکی بەرفراوانی نەوتی دۆزییەوە کە بە گوێرەی پێشبینییەکان بڕی خەمڵێرناو لەنێوان (١٢ بۆ ١٥) ملیار بەرمیل نەوتدایە، پێشبینی دەکرێ بڕی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق دۆزرابێتەوە، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ ئەو نەوتەی کە لە ناوچەی شێخان دۆزراوەتەوە، وا پێشبینی دەکرێت بڕی یەدەگی نەوت (٦٠-٦٥) ملیار بەرمیل نەوت ببێ. بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەش بووە، بڕوانە (خشتەی چارتی ژمارە (3)).
چارتی ژمارە (3)
چوارەم: چنگی تورکیا لە نێو پرۆسەی نەوتی هەرێم
1. بۆری نەوتی هەرێم لە خاکی تورکیادا
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (450) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی وڵاتی دەرەوە دەکات سەرجەم ئەو بڕەش لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوەیە کە بە خاکی تورکیادا تێپەڕدەبێت.
بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەرەتای ساڵی (2014) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پێشتر تەنها لە ڕێگەی تانکەر و بڕێکی کەم نەوت هەناردە دەکرا. بەڵام لەسەرەتای سەرپێکەوتنی بۆری نەوتی هەرێم، گۆڕنکاری گەورە بەسەر بڕو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هات.
ئه‌م هێڵه له سه‌رەتادا پلان وههابووە که بۆ غازبێت، چونکه هێڵی نەوتی عێراق بوونی هه‌بووە. به‌ڵام لەبەر قه‌یران لەگه‌ڵ حکومه‌تی ناوهندیداو دواکه‌وتنی ده‌رهێنانی غاز، بڕیاردرا بۆرییه‌كان بگۆڕدرێن بۆ نه‌وت. ته‌واوبوونی ئەو پڕۆژەیە بۆ تورکیاش گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی پێویستیی بە نەوت و غازی سروشتی ئێران و رووسیا کەم کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، پرۆژەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە لە سنوری هەرێمی کوردستاندا.
(60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهات (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار.
درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆ مەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)ی‌دا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆ مەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە.
ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی دەگەڕێتەوە کۆمپامیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان لەماوەی (18) مانگی (2020 - 2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (476) ملیۆن دۆلاری تەنها بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی خەرج کردووە لە بری خەرجی گواستنەوەی نەوت کە سنوری تورکیا تا بەندەری جەیهانی تورکی.
راکێشانی بۆری نه‌وت لە کوردستانه‌وه بۆ تورکیا، به سه‌ربه‌خۆ له تورکیا، کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هەیە لەسەر دۆخی وزه، دۆخی ئابووری، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و تورکیا، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا‌و عێراق.
2. کۆمپانیا تورکییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
دوو گەورە کۆمپانیای بواری وزەی تورکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لە سەرەتاکانی دەستکردن بە پرۆسەی نەوت و پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی (2005) لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەکارکردن کردووە بە جۆرێک، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پوولخانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو پێش ئەو ڕێککەوتە ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی پێشتری هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی و لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا هەمواری گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم/ ئیدارەی سلێمانی کردەوە.
لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە لە چەند کێگەیەکی کانزایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم گرێبەست و پشکیان هەیە، بە جۆرێک؛
ا. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛
- بلۆكی تاوكێ: لە پارێزگای دهۆک، ده‌كه‌ویته قه‌زای زاخۆوهو به‌گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌زاكه ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (594) كیلۆمه‌تر دووجایه‌و به‌پێی ڕاپۆرتی سكۆتیا كاپیتاڵ بڕی (1.9) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پشکی (25%)ی لە کێڵگەی ناوبراو هەیە.
- بلۆكی بیر بههر: لە پارێزگای دهۆک، باكوری شاری دهۆك ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ری (350) كیلۆمه‌تر دووجایه و به پێی ڕاپۆرتی و گوڵف كیستۆن بڕی (1.9) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (40%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی دهۆك: قه‌زای مه‌ركه‌زی دهۆك و باشوری شاری دهۆك و قه‌زای سمێل ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (162) كیلۆمه‌تر دووجایه. بڕی (2.2) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكه‌كانی (40%) دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی).
- بلۆكی بنه باوێ: لە پارێزگای هەولێر، له ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپانه‌وه تا ناوچه‌ی هیران و نازه‌نین ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (240) كیلۆمه‌تر دووجایه و زیاتر له ملیارێك به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (44%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی ته‌ق ته‌ق )كێوه چه‌رمه‌ڵه(:ده‌كه‌وێته قه‌زای كۆیه‌و ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق و ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵه‌وه، بڕی زیاتر له یه‌ك ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی تێدایه، ڕووبه‌ره‌كه‌ی (951) كیلۆمه‌تر دووجایه وبەپێی زانیارییەکان بڕی (1.5) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (44%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی میران: لەپارێزگای سلێمانی، لهتاسلوجهوه ده‌ست پێده‌كات ڕۆژئاوای ڕێگای دووكان –سلێمانی و به شێك له ناحیه‌ی ئاغجهلهرو شارۆچكه‌ی بازیان و سه‌یرانگای چه‌می ڕه‌زان ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (1015) كیلۆمه‌تر دووجایه و دوو كێڵگه‌ی گه‌وره‌ی تێدایه میران ڕۆژهه‌ڵات بڕی (1.637) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه و میران ڕۆژئاوا بڕی (4.808) ملیار نه‌وتی تێدایه. پشكی (75%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری سیروان و ناحیه‌كانی قۆره‌توو مه‌یدان له قه‌زای خانه‌قین ده‌گرێته‌وه تا سنوری ئێران و ڕووبه‌ری (938) كیلۆمه‌تر دووجایه و به پێی ڕاپۆرتی سكۆتیا كاپیتاڵ بڕی (5.656) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشكی (60%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی.
ب. کۆمپانیای پیت ئۆیڵ، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛
- بلۆكی په‌ڵكانه: لە ناوچەی گەرمیان، قه‌زای دووزخورماتو ناحیه‌ی جه‌باره و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ره‌كه‌ی (529) كیلۆ مه‌تر دووجایه، بڕی (1.58) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه، پشكی (20%)ی دراوه‌ته (پیت ئۆیڵ)ی توركی.
- بلۆكی چیا سورخ: جگە لەوەی کۆمپانیای (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی لەم بلۆکەدا پشکی هەیە بەهەمان شێوە، پشكی (20%)ی دراوه‌ته (پیت ئۆیڵ)ی توركی.
3. پارەی نەوت و هالک بانک
پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژمارەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکەکانی تورکیا، هەر بۆیە بینیمان لە ساڵی (2015) ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز بەنوسراوی ژمارە (٥٥٣) لەبەرواری (٣١ ی ئایاری ٢٠١٥)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدواین کۆبونەوەی خۆی کە (١٥ی ئەیلولی 2015) ئەنجامیدا بەنوسراوی ژمارە (٩٨٣) بڕیاریدا:
1. پێویستە گشت داهاتەکانی هەناردەکردن وفرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کەلەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت ڕاستەوخۆ لەحسابی بانکی کڕیاری نەوتی هەرێمەوە بخرێتە سەرتەنها حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبانکی (هاڵک بانک) لەوڵاتی تورکیا بەبێ نێوەندگیری بانکی سێهەم، جگە لەوحسابەش نابێت هیچ حسابێکی بانکی تری هەبێت بۆ داهاتی هەنادەکردن وفرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە وەزارەتی دارایی وئابوری زانیاری تەواو لەسەر ئەو حسابە بەنوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکات بەزووترین کات
2. لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئاماژە پێدراولەسەرەوە، وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێم (ڕێباز محمد حملان) کەسی ڕێگاپێدراو دەبێت بۆ ڕەفتارکردن وجوڵاندنی نەقدی لەسەر ئەوحسابە بەناوی حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسا‌و ڕێنماییە داراییە کارپێکراوەکان لەهەرێم .
3. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی وئابوری ئەم بڕیارە جێبەجێدەکەن لە ماوەیەکدا بەشێوەیەک کەلەبەرواری ١-١٠-٢٠١٥ تێپەڕ نەکات.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2015) دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرجەمی پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی تورکیا کۆدەکرێتەوە، چەند جارێکیش ئەم پرسە لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە فشاری لەسەر دروست کراوە بەڵام پرۆسەکە بە هەمان شێوەی خۆی ماوەتەوە
سەرچاوەکان
- د. زولفو داغدەڤیرەن، پەیوەندییە وزەییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستانی عێراق، وەرگێڕانی لە تورکییەوە: ڕەنجە عەبدوڵا، گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە (12) ئازاری 2022، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی دەریدەکات، لا 64-95.
- د. سەردار عەزیز، توركیا‌و هەرێمی كوردستان: چ جۆره پەیوەندییەك؟، چاپخانەی پیرەمێرد، چاپی یەكەم 2015، سلێمانی. (بەرهەمی ژوری توێژەینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان).
- عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، دیسانەوە هاڵک بانک، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کومەڵایەتی فەیس بووک؛
https://ar-ar.facebook.com/1497770880440978/posts/1658359767715421/
- ڕێبین فەتاح، چۆن نەوتی هەرێم کەوتە دەست “کۆمپانیا پڕوپووچەکانەوە؟"، ماڵپەڕی کوردستان تایمز؛
https://kurdistantimes.org/2020/09/03/%DA%86%DB%86%D9%86-%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85-%DA%A9%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%95-%D8%AF%DB%95%D8%B3%D8%AA-%DA%A9%DB%86%D9%85%D9%BE%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7-%D9%BE%DA%95/
- درەو میدیا، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، لینکی ماڵپەڕ؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9734
- درەو میدیا، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا، لینکی ماڵپەڕ؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680