سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی: ڕەنگە دەسەڵاتدارانی کورد بەرپرس بن لە ڕفاندن و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان
پەرەگراف
سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا لەبارەی دۆسیەی ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەڵێن "لێکۆڵینەوەکەمان نیشانە و ئاماژەی باوەڕپێکراوی دۆزییەوە کە ڕەنگە دەسەڵاتدارانی کورد بەرپرس بن لە ڕفاندن و تیرۆرکردنی سەردەشت، و دواتر دەستیان هەبووە لە فشارخستنە سەر ئەندامانی خێزان و هاوڕێیانی سەردەشت و هەڕەشەکردن لێیان بۆ ئەوەی بێدەنگ بن".
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە لە لێکۆڵینەوەکەیاندا، چەندین كەلێن و کەموکورتییان لە لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی دۆسیەی سەردەشت عوسمان دا ئاشكرا كردووەو داوای دووبارە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفاف دەکەن، داواش دەکەن وڵاتان سزا بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنن كە رێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و شەفاف، لە دۆسیەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا.
ئەمڕۆ ١٢ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە شاری هەولێر کە ڕۆژێک دواتر تەرمەکەی لە شەقامێکی موسڵ دۆزرایەوە، خێزان و کەسوکاری سەردەشت و چالاکانی مافی مرۆڤ و بەشێک لە ڕێکخراوەکان ڕازی نین لەو لێکۆڵینەوەو ڕێکارە یاساییانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبارەی ئەو دۆسیەیە گرتوویانەتەبەرو داوای لێکۆڵینەوەی بێلایەن و شەفاف دەکەن.
هەریەك لە رێكخراوی رۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنور (FPU)، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور (RSF) و كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئایاری 2022 لە ئەمیستردامی پایتەختی هۆڵەندا لێكۆڵینەوەیەکیان بە ناونیشانی "تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان: پەردەهەڵدانەوە لەسەر بێبنەمایی گوتاری فەرمی"، بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە "دژبەیەكیی لە چیرۆكە فەرمییەكە لەم ڕووانەوە بەدیدەكرێت: رفاندنی سەردەشت، گواستنەوەی سەردەشت (یان تەرمەكەی) لەهەولێرەوە بۆ موسڵ، راپۆرتی فەرمی توێكاری تەرمەكە، ئەو قسانەی كە گوایە ئەنجامدەرانی تاوانەكە سەر بە گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام بوون، هەروەها ئەو هۆكار و پاڵنەرانەی خراونەتەڕوو سەبارەت بە تیرۆركردنەكە".
دوای كوشتنی سەردەشت عوسمان، دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر "دانپێدانان"ی چەند كەسێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی "گروپێكی تیرۆریستی پەیوەندییان بە سەردەشت عوسمانەوە کردووە و چەندین جار داوایلێکراوە کاریان لەگەڵدا بکات، بەڵام دوای ئەوەی داواكەی رەتكردونەتەوە، كوشتویانە"، بەڵام هەرزوو ئەو "دانپێدانانە" لەلایەن کەسوکاری سەردەشت، رێکخراوەکان و چالاکوانان وەکو سیناریۆی دەسەڵات بۆ ونکردنی تاوانباری سەرەکی کەیسەکە لێکدرانەوە.
لە لێكۆڵینەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە "رۆژنامەنووسانی وەك سەردەشت، لە شوێنێك كاردەكەن ئازادیی رۆژنامەگەریی تیایدا سنوردارە بۆیە زۆربەی كات ناچاردەكرێن سانسۆر بخەنە سەر خۆیان، تا ئەو هێڵە سورانە نەبەزێنن كە لەوانەیە كاردانەوەی توندوتیژ لەلایەن دەسەڵاتەوە بوروژێنێت".
لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو: بە پێی داتای لیژنەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان CPJ ، لە دوای تیرۆرکردنی سەردەشت لە ئایاری ٢٠١٠ەوە تا ئێستا لانیکەم ٢٢ ڕۆژنامەنووس لە عێراق بەهۆی کارەکانیانەوە کوژراون. سەنتەری میرتۆ دەڵێت: هەشت لەو ڕۆژنامەنووسانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کوژراون. ٢١ لەو ٢٢ کەیسە بە بێ سزادان مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لە دۆسیەی کوشتنی ڕۆژنامەنوس (کاوە گەرمیانی)دا تەنیا دادگەرییەکی نیوەچڵ بەدەستهات چونکە گومانلێکراوی سەرەکی - کە فەرماندەیەکی سوپا و ئەندامی یەکێتی نیشتامنی کوردستان بوو- دواتر بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازادکرا. ئەو ژمارەیەی سەرەوە سەدان رۆژنامەنوسی تێدا نییە کە کوژراون لە کاتی ئەرکی مەترسیدار یان ئاگربارانی چەندلایەنە. وەک سەردەشت عوسامن و سۆران مامە حەمە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی ناوچەکە گیانیان لەدەستداوە یان هێرش کراوەتە سەریان لە هەلومەرجێکی نادیاردا، و نەبوونی لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینە و سەربەخۆ گومانی تێوەگالنی دەسەاڵتداران (بە دەزگا نهێنیەکانیشەوە) بەهێزتر دەکات.
جوڵز سوینكڵز، توێژەری سەرەكی ئەو لێكۆڵینەوەیە لە رێكخراوی رۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنور (FPU) دەڵێت "كەیسی سەردەشت هێمایەكە بۆ ئەو شتانەی رەنگە رووبدەن كاتێك رۆژنامەنووسان سنورەكانی ئەو ئازادیی دەربڕینە ببەزێنن كە بۆیان دەستنیشانكراوە. سەردەشت بابەتێكی تەنزئامێزی لەسەر كەسانی خاوەن بەهێزترین دەسەڵاتی كوردستان نوسیبوو، دواتر بەهۆی ئەوەوە رفێنرا و تیرۆركرا. بەداخەوە، ئەم كەیسە دەریدەخات كە نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ ئاشكراكردن و لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژ بەرۆژنامەنووسان لەناوخۆدا، هۆكاری سەرەكی دەربازبوونە لە سزا".
سەردەشت عوسمان بابەتی لەسەر گەندەڵی و واستەكاری دەنوسی، لەكانونی یەكەمی 2009ـدا بابەتێكی تەنزئامێزی بڵاوكردەوە بەناونیشانی "من عاشقی كچەكەی بارزانیم"، كە تیایدا بەراوردێكی كردووە لەنێوان ژیانی پڕ خۆشگوزەرانی خێزانی مەسعود بارزانی و ژیانی پڕ نەهامەتی هاوڵاتیانی ئاسایی كورد. دوای ماوەیەكی كورت، چەند جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو.
"خۆشحاڵم، كە هەمیشە شتێكم هەیە بۆ وتن و كەسانێك نایانەوێت بیبیستن، بەڵام هەركاتێك ئێمە بە چرپە قسە دەكەین ئەوا ئەوان گوێچكەكانیان نائارام دەبن. تا ئەو شوێنەی كە ماوین دەبێت قسەبكەین، لەو شوێنەش، كە تەمەنمان كۆتاییهات با هاوڕێكەم خاڵێكم بۆ دابنێت و بێتەسەر دێڕێكی نوێ و سەرلەنوێ دەستپێبكاتەوە"، ئەمە وەڵامی سەردەشت بوو بۆ هەڕەشەكان بەرلەوەی تیرۆر بكرێت.
ئەو سێ رێكخراوە لە لێكۆڵینەوەكەیاندا زنجیرەیەك راسپاردەی "كۆنكرێتی" بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵاودەكەنەوە و تیایدا هاتووە "پێویستە دەسەڵاتدارانی كورد دەستبەجێ كۆتایی بە هەراسانكردن و تۆقاندن و هەڕەشەكردن بەرامبەر كەسوكاری سەردەشت عوسمان و هاوڕێكانی بهێنن، دوبارە لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و بێلایەن لە كەیسەكەی سەردەشت عوسمان دەستپێبكەنەوە".
لە دووەم راسپاردەدا بەپێویستی دەزانن داكۆكیكاران و ئەوانەی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابورییان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان "فشاری بەردەوام بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی كورد بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەڕەشەكردن و كوشتنی رۆژنامەنووسان، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان".
كەیسی سەردەشت عوسمان بەڵگەیە لەسەر چارەنووسی چەندین رۆژنامەنووسی رەخنەگر لە كوردستانی عیراق، لەوانە "ئاسۆس هەردی، كاوە گەرمیانی، ویداد حسێن و سۆرانی مامە حەمە". لەدوای كوشتنی سەردەشت عوسمان لانیكەم 22 رۆژنامەنووسی تر لە عێراق بەهۆكاری پەیوەندیدار بەكارەكەیانەوە كوژراون، هەشت حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستانی عیراق بوون.
"ئەو هەڕەشە و پەلامارانەی دەكرێنە سەر ئەم رۆژنامەنووسانە بەدەگمەن لێكۆڵینەوەیان تیادا دەكرێت بەشێوەیەكی خێرا، ورد و كاریگەر" بەپێی لێكۆڵینەوەكە.
راسپاردەیەکی دیکەی لێكۆڵینەوەكە بۆ وڵاتانە و دەڵێت "پێویستە وڵاتان سزا بەسەر ئەو لێپرسراو و دەسەڵاتدارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بسەپێنن كە رێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا، ورد، كاریگەر، بێلایەن و شەفاف دەربارەی ئەو تاوانانەی دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون".
یێگانە ریزایان، توێژەری باڵا لە كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) دەڵێت "پێویستە رۆژنامەنووسان بتوانن راستییەكان بە دەسەڵات بڵێن، گەندەڵی ئاشكرا بكەن، دەسەڵاتداران بخەنەبەردەم لێپرسینەوە، تەنز لەكەسایەتییە گشتییەكان بدەن بەبێ ترس لە تۆقاندن، توندوتیژی و كوشتن".
"كاتێكیش دەسەڵاتداران ئەجیندای داپڵۆسین دژ بە رۆژنامەنووسان پەیڕەو دەكەن و دەستدرێژیكاران لەسزا دەرباز دەكەن، پێویستە رێگەیان پێنەدرێت خۆیان لە یاسا بدزنەوە و درێژە بەهەڵمەتی سانسۆری توند بدەن، ئەم راپۆرتە نەخشەرێگەیەكی روونە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسی سەردەشت و زامنكردنی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی زیاتر لەداهاتوودا" ریزایان وادەڵێت.
سابرینا بێنۆی، لێپرسراوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور (RSF) دەڵێت "12 ساڵ دوای تێرۆركردنی سەردەشت عوسمان، هێشتا دەسەڵات پێداگری لەسەر چیرۆکە فەرمییەكەی خۆی دەكات -كە كەسانی چواردەوری رۆژنامەنووسەكە هەرگیز بڕوایان پێی نەبووە-، سەبارەت بەنوسینە رەخنەئامێزەكانی لەسەر حكومەت. لێكۆڵینەوەكە هێندەی تەمومژاویی بوو هێندەش پەلەپروسكێی پێوە دیاربوو، روونیشە كە راستییەكانی ئاشكرا نەكردووە لەبارەی ئەنجامدەران و پاڵنەری راستەقینەیان".
ئەو سێ رێكخراوە داوادەكەن پشتیوانانی رۆژنامەگەریی ئازاد بچنە پاڵ ئەوان تا داوا لە دەسەڵاتدارانی كورد بكرێت میكانیزمێكی فەرمیی و سەربەخۆی سەلامەتی دابنێن، كە ئەركی چاودێریكردن و كاركردن بێت لەسەر ئەو هەڕەشە و پەلامارانەی دەكرێنە سەر رۆژنامەنووسان لە كوردستانی عیراق.
ڕێکخراوەکان پێیانوایە لەڕێی فەراهەمكردنی رێوشوێنی بەرگریکردن و پاراستن، هەموان پێكەوە دەتوانن دەست بە شكاندنی بازنەی دەربازبوون لەسزا بكەن.
دەقی لێكۆڵینەوەكەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە بە زمانی کوردی لێرە بخوێنەرەوە